Print WWW.SBEIY.COM
 نه‌خشه‌ سیاسییه‌كه‌ گۆڕا
سیروان ره‌شید
10/08/2009

بیهێنه‌ره‌ به‌رچاوی‌ خۆت دیمه‌نی‌ كورسییه‌كانی‌ دو هێزه‌ فه‌رمانڕه‌واكه‌ی‌ كوردستان (پارتی‌‌و یه‌كێتی‌) چۆن له‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردو له‌ كورتیداوه‌.

 هه‌ڵبژاردنی‌ (1992)= (50) به‌ (50) كورسی‌
 هه‌ڵبژاردنی‌ (2005)= (39)  به‌ (39) كورسی‌،
 هه‌ڵبژاردنی‌ (2009)= (29) به‌ (29)كورسی‌.

كورسییه‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ (2009)= گۆڕان (25)، خزمه‌تگوزاری‌ (13)، بزوتنه‌وه‌(2)، لیستی‌ عه‌داله‌ت (1)، رافیده‌ین (2)، توركمان (1)، (ئه‌و سێ‌ كورسییه‌ی‌ مه‌سیحی‌‌و توركمان ئه‌و دو لیسته‌ن، كه‌ ركابه‌رایه‌تیان له‌گه‌ڵ‌ لیسته‌ دروستكراوه‌كه‌ی‌ پارتی‌ كردوه‌)، سه‌ره‌نجام ئه‌گه‌ر ئه‌م لیستانه‌ نه‌چنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ كۆی‌ كورسییه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن بریتی‌ ده‌بێت له‌ (44) كورسی‌.

هه‌ڵبژاردنی‌ (25)ی‌ ته‌مموز پێوه‌ر نه‌بو بۆ ده‌رخستنی‌ قه‌باره‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ هێزه‌ ركابه‌ره‌كانی‌ كوردستان، چونكه‌ نابه‌رابه‌رییه‌كی‌ زۆر له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان  ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌سه‌ڵات به‌دیكرا له‌ روی‌:
 ئیمكانیاتی‌ مادی‌‌و ئیعلامی‌‌و به‌كارهێنانی‌ پۆستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ بۆ لیستی‌ ده‌سه‌ڵات، جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌وڵاتێكدا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ وه‌فا بۆ حیزب نزیكه‌ی‌ (700) هه‌زار كه‌س له‌لایه‌ن حكومه‌ت‌و حیزبه‌وه‌ موچه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ كۆی‌ نزیكه‌ی‌ (ملیۆنێك‌و دوسه‌د هه‌زار) موچه‌خۆر، كه‌ ده‌كاته‌ (72%)ی‌ كۆی‌ گشتیی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم.

لێره‌دا ده‌كرێت ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك له‌و گۆڕانه‌ گرنگانه‌ بكرێت، كه‌ له‌ خه‌ریته‌ی‌ سیاسی‌ كوردستاندا رویداوه‌.

یه‌كه‌م: راسته‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌یتوانی‌ ده‌سه‌ڵات بباته‌وه‌، به‌ڵام هه‌یمه‌نه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كه‌مكرده‌وه‌‌و ئیتر لێره‌ به‌دواوه‌ چه‌مك‌و ده‌سته‌واژه‌ی‌ دو (هێزه‌ گه‌وره‌كه‌)، یاخود (دوزلحیزبه‌كه‌) له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ چوارساڵی‌ دادێ‌ به‌كارنایه‌، چونكه‌ ئه‌م دو هێزه‌ هه‌ریه‌كێكیان ته‌نیا له‌ سنوری‌ (یه‌ك له‌سه‌رچوار)ی‌ كۆی‌ (سه‌دو یانزه‌) كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

دوه‌م: لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن (مه‌به‌ست بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌) گه‌وره‌ترین پارێزگای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و چواره‌م گه‌وره‌ پارێزگای‌ عێراق، كه‌ سلێمانییه‌ بردوه‌ته‌وه‌و كه‌ دیاره‌ ئه‌م پارێزگایه‌ له‌ روی‌ فه‌رهه‌نگی‌‌و سیاسییه‌وه‌ ناتوانرێت رۆڵ‌‌و كاریگه‌ریی‌ نادیده‌ بگیرێت، كه‌ ئێستاش به‌شێكی‌ گرنگه‌ له‌ سه‌نته‌ری‌ بڕیاردانی‌ سیاسیی. كه‌ ده‌توانین بڵێین به‌ له‌ ده‌ستدانی‌ سلێمانی‌ كه‌ وه‌ك قه‌ڵای‌ یه‌كێتی‌ حساب ده‌كرا، خه‌ریته‌ سیاسییه‌كه‌ گۆڕا، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌م هێزه‌ له‌ هه‌رێمی‌ زه‌ردیش پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆی‌ داكوتیوه‌و دوه‌م ده‌نگی‌ هێناوه‌.

سێیه‌م: دوای‌ (18) ساڵ‌ چاوه‌ڕوانی‌، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هێزێكی‌ نوێی‌ هێنایه‌ گۆڕێ‌، كه‌ له‌ روی‌ ریزبه‌ندییه‌وه‌ ئه‌م هێزه‌ ئه‌گه‌ر هێزی‌ یه‌كه‌م نه‌بێت دوه‌مه‌، چونكه‌ پارێزگایه‌كی‌ گرنگی‌ له‌ژێر ده‌ستدایه‌‌و به‌ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن یان یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت باڵانسی‌ هێز له‌ كوردستان بگۆڕێت.

چواره‌م: دروستبونی‌ هێزی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان هه‌روا روداوێكی‌ سه‌رپێی‌ نییه‌، كه‌ دیاره‌ به‌بێ‌ بونی‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ كارا ناتوانین به‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بڵێین دیموكراسی‌‌و له‌ ئێستاشدا ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ وه‌كو هه‌ناسه‌ بۆ كوردستان زه‌روره‌، كه‌ ئێستا زیاتر له‌ (یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌) ده‌نگه‌كانی‌ مسۆگه‌ر كردوه‌، كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ش كیفایه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ بتوانێت فشار بخاته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانی‌ دو حیزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌یان، كه‌ بریتییه‌ له‌ ئه‌جێندای‌ گۆڕان له‌ سیستمی‌ سیاسی‌‌و باشكردنی‌ لایه‌نی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ هاوڵاتیان.

ئیدی‌ لێره‌ به‌دواوه‌ سه‌ره‌تای مێژویه‌كی‌ نوێ‌ ده‌ستپێده‌كات‌و پێكهاته‌ی‌ سیاسی‌ كورد گۆڕا، نه‌وشیروان مسته‌فاو بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ كه‌ ئاڵا هه‌ڵگری‌ ئه‌و گۆڕانه‌بون، له‌ هاوكێشه‌ی‌ نوێی‌ كوردستانی‌‌و عێراقی‌‌و هه‌رێمایه‌تی‌‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ حسابی‌ جدی‌ بۆ ده‌كرێت، هه‌ر بۆ نمونه‌ سبه‌ی به‌پێی‌ ئیستیحقاقی‌ ئینتیخابی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ پشكی‌ كورد له‌ به‌غدا پۆسته‌ سیادییه‌كانی‌ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار یاخود په‌رله‌مان یان وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كان له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ش ده‌كات‌و چیتر بۆ ئه‌و دو هێزه‌ قۆرغ ناكرێن. هه‌روه‌ها چیدی‌ ئه‌مانه‌ به‌ ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد له‌ مه‌حفه‌لی‌ نێوده‌ڵه‌تیدا ناكه‌ن.