Print WWW.SBEIY.COM
 دیموكراسیه‌تی‌ ته‌وافوقی‌
له‌ كۆنگره‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووساندا

سیروان ره‌شید
10/12/2007

 

بڕیاروایه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان له‌ 27 ی‌ ئه‌م مانگدا له‌ شاری‌ هه‌ولێر دووهه‌مین كۆنگره‌ی‌ خۆی‌ ببه‌ستێت. 

سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان، كه‌ له‌ 12/12/2003، له‌ ده‌ره‌نجامی‌ یه‌كگرتنی‌ دوو سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ "ته‌وافوقی‌ حزبی‌ دروستبووه‌، ئێستا خاوه‌نی‌ زیاتر له‌ 3 هه‌زار ئه‌ندامه‌ و پێنج لقی‌ له‌ شاره‌كانی‌ سلێمانی‌، كه‌ركوك، دهۆك، موسڵ و به‌غدا، هه‌یه‌، به‌لاَم له‌ هه‌ولێر لقی‌ نییه‌!.

له‌ماوه‌ی‌ دوومانگی‌ رابردووشدا ئه‌نجومه‌نی‌ بالاَی‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژاردندا له‌سنووری‌ ئه‌و پێنج لقه‌ و هه‌ولێری‌ بێلق، له‌ نێو ئه‌ندامه‌كانیدا كه‌ وادانرابوو بۆ هه‌ر 12 كه‌سێك یه‌ك كه‌س بۆ كۆنگره‌ هه‌ڵبژێردرا، كه‌واته‌ له‌و 3 هه‌زار ئه‌ندامه‌ی‌ سه‌ندیكا 260 كه‌س له‌و پرۆسه‌یه‌دا، كه‌ چه‌ند رۆژێكی‌ خایاند بۆ كۆنگره‌ هه‌ڵبژێردران، به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ نه‌قیب و جێگر و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌سی‌ تریان به‌ته‌زیكه‌ بانگێشتی‌ كۆنگره‌كه‌ كردووه‌ و ئێستا ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌یان گه‌یاندۆته‌ نزیكه‌ی‌ 400 كه‌س، هه‌ڵبه‌ت ئاشكراشه‌ راكێشانی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ بۆ ناو كۆنگره‌ و به‌ته‌زكیه‌ی‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌، غه‌یری‌ بۆ ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌ نه‌بێت هیچی‌ ترنییه‌!، ئه‌گه‌ر وانییه‌  پێویسته‌ به‌ به‌یانێكی‌ ره‌سمی‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ رابگه‌یه‌نن!، كه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش دژی‌ پره‌نسیپی‌ هه‌ڵبژاردن و په‌یڕه‌ و پرۆگرامی‌ سه‌ندیكاكه‌شه‌!.

ئێستا له‌ كوردستاندا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر رۆژنامه‌نووسی‌ ناودار و سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌كان نه‌ك هه‌ر ئه‌ندامی‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌نین، به‌ڵكو پێیان شه‌رمه‌ ناسنامه‌ی‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌ بخه‌نه‌ گیرفانیانه‌وه‌، بۆ؟
 هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ بۆچوونی‌ من دوو هۆكار له‌ پشت ئه‌وه‌وه‌یه‌، یه‌كه‌م: "ئه‌م سه‌ندیكایه‌ سه‌ندیكای‌ حیزبه‌ و نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌وان ده‌كات نه‌ك رۆژنامه‌نووسان، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م پاساوه‌ش تائاستێكی‌ زۆر ره‌وایه‌ به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ بالاَی‌ سه‌ندیكاكه‌ پێكدێت له‌ 9كه‌س(2پارتی‌ 2 یه‌كێتی‌ 1 شیوعی‌ 1 یه‌كگرتوو  1سۆسیالیس 1زه‌حمه‌تكێشان 1ئاشووری‌) پێكهاته‌ی‌ لقه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه‌"، هۆكاری‌ دووهه‌م: "سوپایه‌ك له‌ عه‌ریزه‌ چی‌ و ئینشانووس كراونه‌ته‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌ و كوردستان چاره‌كێكی‌ ئه‌و 3000 هه‌زار رۆژنامه‌نووسه‌ی‌ تێدانییه‌ له‌ كاتێكدا ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 4 ملیۆنه‌".

له‌ كاتی‌ نووسینی‌ ئه‌م وتاره‌دا سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ بالاَی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌ولێره‌وه‌ پێی‌ راگه‌یاندم كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ نه‌قیب و ئه‌نجومه‌نی‌ بالاَی‌ سه‌ندیكاكه‌دا "لیستی‌ حیزبی‌ و ته‌وافوقی‌ دیموكراسی‌ په‌یڕه‌وده‌كرێت" سه‌رچاوه‌كه‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ته‌وافوقه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌كه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیه‌ كه‌ بڕیاریان داوه‌ بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك مونافه‌سه‌نه‌كرێت و به‌یه‌ك لیست به‌شداربن، ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد كه‌ یه‌كێتی‌ داوای‌ پۆستی‌ نه‌قیبی‌ سه‌ندیكا ده‌كات و پێده‌چێت پارتیش وا به‌ئاسانی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و پۆسته‌ نه‌بێت".

سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان كه‌ تائێستا نه‌بۆته‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان به‌فیعلی‌ به‌مه‌رجه‌عی‌ خۆیانی‌ بزانن، ته‌وه‌قوعی‌ ئه‌وه‌شناكرێت له‌م كۆنگره‌یه‌دا ئاڵوگۆڕی‌ جددی‌ به‌سه‌ردابێت! زۆرجار به‌رگوێم كه‌وتووه‌ له‌ زاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ بالاَی‌ سه‌ندیكاوه‌ كه‌ لقی‌ سلێمانی‌ زۆر ئه‌كتیڤه‌، به‌لاَم دیاره‌ ئاگایان له‌وه‌ نییه‌ یه‌ك دانه‌ ساڵه‌ لقی‌ ناوبراو كۆنه‌بۆته‌وه‌ و ئاگاداری‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌ندامی‌ نوێش نییه‌ كه‌ پێویسته‌ دوو ئه‌ندام لق ئیمزا له‌سه‌ر وه‌رگرتنی‌ ئه‌ندام بكات!، پرسیارێك كه‌ تائێستا وه‌لاَمه‌كه‌ی‌ لای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ هه‌ولێر نییه‌، ئه‌وه‌یه‌ بۆچی‌ چوار ساڵه‌ نه‌قیبی‌ سه‌ندیكاو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی‌ بڕیاری‌ كردنه‌وه‌ی‌ لقی‌ هه‌ولێریان نه‌داوه‌، ئایا هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ترسن به‌كردنه‌وه‌ی‌ لق ده‌سه‌لاَتتان كه‌متر ببێته‌وه‌ یاخود شتی‌ تر كه‌ ئه‌وه‌ش دژی‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌!.

پێویسته‌ كۆنگره‌ به‌شه‌فافانه‌ وه‌لاَمی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ش بداته‌وه‌ كه‌ تائێستا سه‌ندیكا دووبودجه‌ له‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر وه‌رده‌گرێت و چۆن سه‌رفكراوه‌؟، نه‌قیب و ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن چه‌ندین گه‌شتیان له‌سه‌ر حسابی‌ سه‌ندیكا و حكومه‌ت بۆده‌ره‌وه‌ كردووه‌ و بۆچی‌ بووه‌، كۆنگره‌ چ بڕیارێك له‌و سوپا رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌دات كه‌ سه‌دانیان ئینشاچی‌ و چایچی‌ و شۆفێرن و به‌ته‌زكیه‌ی‌ حزبی‌ و شه‌خسی‌ ئێستا ئه‌ندامی‌ كاران و باجی‌ نێوده‌وڵه‌تیشیان له‌ گیرفان ناوه‌!؟.