Print WWW.SBEIY.COM
 بۆچی‌ پێویسته‌، یاسای‌
ده‌سته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دوا بخرێت؟

سیروان ره‌شید
19/10/2010

نزیكه‌ی‌ مانگێكه‌، به‌هۆی‌ ململانێی‌ نێوان ده‌سه‌ڵات ‌و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، هه‌رێمی‌ كوردستان روبه‌ڕوی‌ ته‌نگژه‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ بوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵات له‌پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان‌ و تێكنه‌چونی‌ بارودۆخه‌ سیاسییه‌كه‌دا، ده‌ست له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كانی‌ هه‌ڵنه‌گرێت، مه‌ترسیی‌ خوڵقاندنی‌ قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسیی‌ به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت، چونكه‌ ئێستا:

1-په‌رله‌مان، نزیكه‌ی‌ مانگێكه‌ به‌هۆی‌ یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌كاركه‌وتوه‌، له‌كاتێكدا چه‌ندین پرۆژه‌یاسای‌ دیكه‌ هه‌ن كه‌ وه‌لاخراون ‌و په‌سه‌ند ناكرێن.

2- وه‌ك له‌لێدوانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ په‌رله‌مانتارێكه‌وه‌ بڵاَوكرایه‌وه‌ لایه‌نی‌ سه‌ره‌كیی‌ ئۆپۆزسیۆن «گۆڕان»، چالاكیی‌ خۆی‌ له‌ ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كورستانییه‌كان له‌به‌غدا، هه‌ڵپه‌ساردوه‌.

3- سێ‌ هێزه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن، سورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێست، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات مل بۆ داواكارییه‌ «نیشتمانییه‌كانیان» نه‌دا، به‌تایبه‌ت له‌كاتی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم.

هۆكاری‌ دروستبونی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی‌ ئێستا له‌ هه‌رێم دروستبوه‌، لایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌ویش به‌هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ دروستكردنی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێم كه‌ وه‌ختێك چاودێریی‌ ره‌وشی‌ ناكۆكی‌ نێوان ده‌سه‌ڵات ‌و ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ین له‌مڕوه‌وه‌، به‌ڕونی‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ لایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ نییه‌، له‌پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌، نیشتمانی ‌‌و پاراستنی‌ ئه‌و مرونه‌ته‌ سیاسییه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌دوای‌ دروستبونی‌ فراكسیۆنی‌ ئیئتیلافه‌ كوردستانییه‌كان هاتوه‌ته‌ كایه‌وه‌، ته‌نازول له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كانی‌ بكات‌ و گوێ‌ له‌ داواكارییه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن بگرێت.

كلیلی‌ چاره‌سه‌ر بۆ ده‌ربازبون له‌و قه‌یرانه‌ی‌ ئێستا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێكهێنانی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم بوه‌ستێنرێت‌ و كار له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردن ‌و ئه‌نجامدانی‌ كۆمه‌ڵێك چاكسازیی‌ سیاسیی‌ بكرێت كه‌ دومانگ به‌ر له‌ ئێستا له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ڕێز، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لیژنه‌یه‌كی‌ بۆ چاكسازیی‌ سیاسیی له‌ هه‌رێم له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دروستكرد و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش له‌م روه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ بۆ چاكسازیی‌ سیاسیی‌ له‌ هه‌رێم پێشكه‌شكردوه‌.

ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ بزانین كه‌ تا لایه‌نه‌كان رێكنه‌كه‌ون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ كۆمه‌ڵێك چاكسازیی‌ سیاسیی ‌‌و ئیداریی‌ گرنگ وه‌ك پاكیجێك، دۆخی‌ سیاسیی‌ هه‌رێم ناكه‌وێته‌ سه‌ر سكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ خۆی‌، كه‌ دیاره‌ كۆمه‌ڵێك پرسی‌ گرنگ هه‌ن په‌یوه‌ندییان به‌چاره‌نوسی‌ نیشتمانیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه ‌‌و پێویستی‌ به‌ كۆده‌نگیی‌، یان به‌لایه‌نی‌ كه‌مه‌وه‌ ته‌وافوقی‌ نیشتمانیی‌ هه‌یه‌ وه‌ك پرسی‌؛ سیاسه‌تی‌ نه‌وت ‌و غازی‌ هه‌رێم، پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم، دابینكردنی‌ بودجه‌ی‌ جیزبه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ عادیلانه‌، قه‌ده‌عه‌كردنی‌ رێكخستنی‌ حیزبیی‌‌ و دروستكردنی‌ هێزێكی‌ ئه‌منیی‌ نیشتمانیی‌ له‌كوردستان.

له‌راستیدا، ئه‌گه‌ر پێكهێنانی‌ ده‌سته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم به‌و شێوه‌یه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات داوای‌ ده‌كات، له‌ په‌رله‌مان تێبپه‌رێنرێت، ده‌بێته‌ خه‌ته‌رێك بۆ سه‌ر ژیانی‌ سیاسیی ‌‌و ئیحتیكاری‌ ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن پارتی ‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌.

ئێستا، له‌عێراقدا كۆمسیۆنێك بۆ به‌ڕێوه‌بردن ‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسییه‌كان هه‌یه‌‌ و سه‌رپه‌رشتی‌ هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات به‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیی ‌‌و لۆكاڵییه‌كانی‌ هه‌رێمیشه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، په‌كمان له‌سه‌ر دروستكردنی‌ ئه‌م ده‌سته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌كه‌وتوه ‌‌و ده‌كرێت له‌پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی‌ وڵاته‌كه‌ماندا، وه‌ك دواخستنی‌ راپرسی‌ له‌سه‌ر ده‌ستور، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش بۆ كاتێكی‌ تر دوای‌ بخه‌ین، تا ئه‌وكاته‌ی‌ كۆده‌نگییه‌ك، یان ته‌وافوقێكی‌ نیشتمانیی‌ بۆ دروست ده‌بێت.