Print WWW.SBEIY.COM
 كێیه‌، كورد
په‌رت ده‌كات؟

سیروان ره‌شید
28/12/2010

ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌، پرسیارێكی‌ راسته‌وخۆ و راشكاوانه‌ له‌ خۆمان بكه‌ین؛ ئایا له‌ حه‌وت ساڵی‌ رابردودا ده‌سه‌ڵاتدار و نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا، هیچ ده‌ستكه‌وتێكی‌ نه‌ته‌وه‌ییان به‌ده‌ستهێناوه‌؟ یان ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ زیاتر ورد بكه‌ینه‌وه‌، ئایا هاوڵاتیی‌ كورد، هیچ قازانجێكی‌ له‌ پێدانی‌ پۆستی‌ باڵا و وه‌زاره‌ت به‌ پارتی‌ ‌و یه‌كێتی‌ له‌ به‌غدا كردوه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ لای‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان رونه‌، هیچ...، چونكه‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ باڵا به‌ته‌نیا سه‌ركه‌وتن نییه‌، به‌ڵكو سه‌ركه‌وتنی‌ سیاسیی‌ راسته‌قینه‌ی‌ له‌وه‌دایه‌، ئه‌وپۆستانه‌ بۆ كاریگه‌ریی‌ دروستكردن له‌خزمه‌تی‌ دۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا به‌كاربهێنرێن.

له‌ حوكومڕانیی‌ تازه‌ی‌ عێراقدا (په‌رله‌مان، حكومه‌ت، سه‌رۆكایه‌تیی‌ كۆمار)، ئه‌و پۆستانه‌ی‌ كه‌ بۆ پێكهاته‌ی‌ لایه‌نی‌ كوردستانی‌ دانراون له‌گه‌ڵ‌ قه‌باره‌ی‌ سیاسیی‌ كورد له‌ عێراق ‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا هاوته‌ریب نیین ‌و ناگونجێن. ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ش، نه‌ك خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ناكات، به‌ڵكو ئێستا بوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌، له‌ كاتێكدا چه‌ندین كێشه‌ی‌ هه‌ڵپه‌سێردراو له‌نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا ماونه‌ته‌وه‌.

پارتی‌ ‌و یه‌كێتی‌ كه‌ سه‌به‌بكاری‌ سه‌ره‌كیی‌ ئه‌و پاشه‌كشه‌پێكردنه‌ی‌ كوردن، نوێنه‌رایه‌تیی‌ كوردیشیان له‌ناو حكومه‌ت ‌و په‌رله‌ماندا زۆر بچوككردوه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك ئێستا سه‌نگی كورد له‌ حكومه‌تی‌ عێراقدا (16.5%)ه‌ كه‌ به‌به‌راورد به‌ كابینه‌ی‌ رابردو (21%)بوه‌، له‌ناو په‌رله‌مانیش له‌ (21%)ه‌وه‌ بۆ (17%) پاشه‌كشه‌ی كردوه‌.

به‌ڵێ، ئێوه‌ن نوێنه‌رایه‌تیی‌ كورد سوك ده‌كه‌ن ‌و ناوماڵه‌كه‌شی‌ په‌رت ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ حه‌وت ساڵی‌ رابردو نوێنه‌رایه‌تیی‌ كوردی‌ له‌ناو حكومه‌ت ‌و په‌رله‌ماندا هێنده‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌غدا بچوك نه‌بوه‌ته‌وه‌!

بڕیاربه‌ده‌ستانی‌ هه‌رێم، له‌سه‌روبه‌ندی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراقدا، له‌باتی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌خه‌می‌ یه‌كڕیزیی‌ كورد ‌و به‌هێزكردنی‌ سه‌نگه‌ سیاسییه‌كه‌یدا بن، كه‌چی‌ موئامه‌ره‌ی‌ «ژێربه‌ژێر» له‌ هاونه‌ته‌وه‌كانیان ده‌كه‌ن ‌و مه‌غرورانه‌ ته‌نیا خۆیان به‌نوێنه‌ری‌ كورد ده‌زانن!. كه‌ به‌سیاسه‌تی‌ «پیلانی‌ ژێر به‌ژیر، بۆ بێبه‌شكردنی‌ هێزێكی‌ كاریگه‌ری‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ئیستیحقاقی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ‌و هه‌ڵبژاردن، نوێنه‌رایه‌تیی‌ كوردیان له‌حكومه‌تی‌ به‌غدادا بچوككرده‌وه‌ و ناو ماڵه‌كه‌شیان په‌رت كرد.

ئاخر ئێوه‌ به‌ چ هه‌قێك، خۆتان به‌نوێنه‌ری‌ هه‌مو كورد ده‌زانن؟! به‌غه‌ش و ته‌زویر، به‌ئیستبداد و خۆسه‌پاندنتان، به‌په‌رتكردنی‌ ناوماڵی‌ كورد و بچوككردنه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تیه‌كه‌ی‌!..

نه‌خێر، ئێوه‌ به‌ته‌نیا مه‌رجه‌عی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان نین، به‌ڵكو به‌شێكن له‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ كورد و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش نوێنه‌رایه‌تیی‌ به‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ ده‌كات، بۆیه‌ ناتوانن به‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ هه‌مو كورده‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن، چونكه‌ گۆڕان:
* نوێنه‌رایه‌تیی‌ نیو ملیۆن ده‌نگده‌ری‌ كورد ده‌كات.
* خاوه‌نی‌ (25) كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌.
* دوه‌م هێزی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.
* له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ گه‌وره‌ترین هێزی‌ سیاسییه‌.
* شه‌قامی‌ كوردی‌ له‌ ئه‌وروپا به‌ده‌ست گۆڕانه‌وه‌یه‌.
مه‌نتیقی‌ به‌ته‌نیا خۆ به‌مه‌رجه‌ع زانین له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمه‌وه‌، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر هێزێكی‌ دیكه‌ی‌ كوردیی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی‌ ته‌نیا یه‌ك كورسی په‌رله‌مانیش بێت، نادروست ‌و ناڕه‌وایه‌.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بڕیارێكی‌ ژیرانه‌ی دا كه‌ ملكه‌چی‌ ‌و پاشكۆیه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ قبوڵنه‌كرد و سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی‌ خۆی‌ پاراست ‌و خیاری‌ ئۆپۆزسیۆنبونی‌ هه‌ڵبژارد، به‌م بڕیار و هه‌ڵوێسته‌ی، كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی‌ گه‌وره‌ مسۆگه‌رده‌كات:
یه‌كه‌م: له‌مێژوی‌ عێراقدا، یه‌كه‌م لایه‌نی‌ سیاسییه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ ‌و ده‌ستوریی‌ واقیعی‌ ئۆپۆزسیۆنبونی‌ چه‌سپاند.

دوه‌م: گۆڕان به‌م هه‌ڵوێسته‌ی، دینامیكییه‌تی‌ كورد له‌به‌غدا به‌هێز ده‌كات ‌و ده‌ستكراوه‌ ده‌بێت له‌چاودێریكردنی‌ ئه‌دائی‌ حكومه‌ت ‌و نوێنه‌رانی‌ كورد و ئاشكراكردنی‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانیان بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان.