Print WWW.SBEIY.COM
 ئایا گۆڕان له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌؟
سیروان ره‌شید
27/01/2011

شتێكی‌ سروشتییه‌ بۆ هه‌رهێزێكی‌ سیاسیی‌ كه‌ باوه‌ڕی‌ به‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ئازاد و دیموكراسییانه‌ هه‌بێت، كێرڤی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ هه‌ڵكشان ‌و داكشان به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، چونكه‌ دنیای‌ سیاسه‌ت وایه‌، ئه‌مڕۆ بۆ تۆیه‌ ‌و سبه‌ی‌ بۆ نه‌یاره‌كانته‌.

له‌دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامی‌  هه‌ڵبژاردنی‌ نوێنه‌ران بۆ كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایان ‌و سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیی له‌ ناوه‌ندی‌ رۆژنامه‌وانی ‌و سیاسییدا باس له‌ پاشه‌كشه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌كرێت به‌ به‌راورد به‌ پارتی‌ ‌و یه‌كێتی‌ ‌و زیاتریش به‌ به‌راورد به‌ كۆمه‌ڵ‌ ‌و  یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی، به‌وپێیه‌ی‌ كه‌ لیستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیی‌ (سه‌رده‌م)، نه‌یتوانیوه‌ ده‌نگی‌ پێویست مسۆگه‌ر بكات.

بۆ باسكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مامۆستایان ‌و ته‌ندروستكاران، به‌ر له‌ هه‌ر شت ده‌بێت باس له‌ شێوازی‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ گۆڕان بكه‌ین له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ ‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانیان، كه‌ به‌لای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ «وه‌ك هه‌ڵسوڕاوانیان باسیانكردوه‌» له‌ بنه‌مادا ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنانه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ مه‌به‌ست لێی‌ به‌شداری سیاسی ‌و دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات ‌و هاوبه‌شی‌ بڕیاری سیاسی ‌و مه‌ده‌نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ مه‌به‌ست لێی‌ مۆنۆپۆڵكردنیان نییه‌، كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بینیمان گۆڕان راسته‌وخۆ وه‌ك لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ نه‌چوه‌ته‌ ناو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌وه‌ و ته‌نیا پشتیوانی‌ لێكردون به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وتوێژانه‌ خۆیان نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان هه‌ڵبژێرن، نه‌ك مه‌كته‌ب سیاسی حیزبه‌كان بۆیان دابنێن.

له‌ ئێستادا مشتومڕه‌كه‌ له‌ناو گۆڕان‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ گۆڕانیش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێك پێیانوایه‌؛ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی كه‌وتوه‌ته‌وه‌، نیشانه‌ی‌  پاشه‌كشه‌ی‌ گۆڕانه‌، هه‌ندێكیش پێیانوایه‌؛ نه‌خێر راسته‌ ئه‌نجامه‌كه‌ بۆ گۆڕان دڵخۆشكه‌ر نه‌بو، چونكه‌ به‌ره‌وپێشچونی‌ پێوه‌دیارنه‌بو.

به‌ بۆچونی‌ من، ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ بوه‌ هۆی‌ كورتهێنانی‌ ده‌نگی‌  لیستی‌ «سه‌رده‌م» ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: له‌ناو ئه‌و دو توێژه‌دا یه‌كه‌مجاره‌ لیستێك به‌ناوی‌ جیاو به‌دیدی‌ جیاوه‌، وه‌ك (لیستی‌ سه‌رده‌م) ده‌چێته‌ ناو ململانێیه‌كه‌وه‌، كه‌ ئه‌زمونی‌ كاركردنی‌ پێشوی‌ نییه‌، بۆ جێخستنی‌ مۆدێلێكی‌ نوێی‌ جیاواز له‌ قورغكردنی‌ حیزبی  تاوه‌كو نیشانی‌ بدات كه‌ ده‌توانێت خزمه‌ت به‌و دو توێژه‌ بكات.
دوه‌م: له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌و دو رێكخراوه‌دا، لیستی‌ سه‌رده‌م له‌ پارێزگای‌ دهۆك دانه‌به‌زی‌، كه‌ ئه‌وه‌ بوه‌ هۆی‌ بێبه‌شبونی‌ ده‌نگی‌ له‌ بازنه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كیدا و دابه‌زینی‌ كورسییه‌كانی‌ ‌و له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌رزبونه‌وه‌ی‌ كورسی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر، هه‌رچه‌نده‌ مه‌نتیقی‌ ژماره‌ پێمان ده‌ڵێت؛ كه‌ ئه‌وه‌ ناخرێته‌ سه‌ر رێژه‌ی‌ گشتییه‌كه‌.
سێیه‌م: ده‌شێت بوترێت ئیداره‌ی‌ كه‌مپه‌ینی‌ ئیعلامی ‌و رێكخستنی‌ گۆڕان له‌ناو ئه‌و دو توێژه‌دا، سه‌ركه‌وتو نه‌بو به‌پێی‌ پێویست، هه‌م به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ ئۆرگانیزه‌كردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و هه‌م به‌هۆی‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بونی‌ ستاف، یان لیژنه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتی‌.
چواره‌م: بردنه‌وه‌، یاخود به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگێكی‌ زۆر له‌ناو فیئه‌یه‌كی‌ موچه‌خۆرو كارمه‌ندی‌ حكومه‌تدا بۆ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن كارێكی‌ هه‌روا ئاسان نییه‌، له‌ كاتێكدا فشاری‌ ده‌سه‌ڵات ئێستا له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، جیاوازه‌ له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆن.

پێش هه‌ردو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ (مامۆستایان ‌و ته‌ندروستكاران) به‌ هاوڕێ‌ رۆژنامه‌وانه‌كانم وتبو، كه‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ناو ئه‌م دو توێژه‌دا به‌هێزن، چونكه‌ ئه‌زمونێكی‌ باشی‌ پیشه‌ییان هه‌یه‌ كه‌ جێگه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی هاوپیشه‌كانی‌ خۆیانه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ده‌رئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌ك دو رێكخراو ‌و سه‌ندیكا پێوه‌ر نییه‌ بۆ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری لایه‌نێك، یان شكستی‌ هێزێكی‌ دیكه‌ له‌ ئاسته‌ گشتییه‌كه‌دا، چونكه‌ بۆ نمونه‌ به‌ درێژایی‌ ده‌یان ساڵ‌ زۆر كات ئیخوان موسلمین له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ (سه‌ندیكای‌ پارێزه‌ران)ی‌ میسردا بردویانه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گه‌لدا (په‌رله‌مان)  ئیخوانه‌كان توشی‌ گه‌وره‌ترین شكست هاتن له‌ مێژوی‌ كاركردنیاندا.

هه‌ر له‌ كوردستانیش بۆ نمونه‌؛ یه‌كێتی‌ كه‌ قورسای جه‌ماوه‌ری له‌ پارتی‌ كه‌متره‌، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ نوێنه‌ران بۆ كۆنگره‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ پارتی‌ زیاتر نوێنه‌ری‌ بۆ كۆنگره‌ سه‌ركه‌وتوه‌.

راسته‌ ئه‌نجامه‌كه‌ بۆ گۆڕان دڵخۆشكه‌ر نییه‌، كه‌ پێویسته‌ ببێته‌ زه‌نگێكی‌ هۆشیاركه‌ره‌وه‌ بۆی‌، چونكه‌ پاشه‌كشه‌كردنی‌ به‌ری‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌تایبه‌ت «بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان»، خه‌ته‌ره‌ بۆسه‌ر پاشه‌كشه‌كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌دیموكراسیكردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ واقعی‌ پێشوی‌ حوكمڕانیی‌ ده‌سه‌ڵات.