Print WWW.SBEIY.COM
 دوای‌ ساڵێك... ئایا ئه‌نجومه‌نی‌ پارته‌ سیاسییه‌كان پێویسته‌؟
سیروان ره‌شید
02/04/2008

جێی‌ خۆیه‌تی‌ دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ساڵێك به‌سه‌ر پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان، (رۆژی‌ 29/3). لێكدانه‌وه‌ بۆ ئه‌دای‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌و رۆڵی‌ له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان بكرێت.

پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان دوای‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ یاداشتێكی‌  پێنج حیزبه‌ كوردستانییه‌كه‌ هات كه‌ داوایان له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كردبوو كه‌ رۆڵیان هه‌بێت له‌ بڕیاردان له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كانی‌ هه‌رێم‌و شه‌فافیه‌ت پیاده‌ بكرێت‌و ئه‌و دوو حیزبه‌ به‌ ته‌نها له‌ پشت په‌رده‌وه‌ بڕیار له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان نه‌ده‌ن، دواجاریش پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ملیان به‌و داوایه‌ی‌ حیزبه‌كانداو ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پێكهات.

ئێستا كه‌ یه‌ك ساڵی‌ ته‌واو به‌سه‌ر پێكهێنانی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا تێده‌په‌رێت‌و هه‌ندێك جار حیزبه‌كان ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌یان  وه‌ك به‌ره‌ی كوردستانی‌ یاخود ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ ناوزه‌د كردووه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ ئاماژه‌كان له‌باره‌ی‌ ئه‌دای‌ كاركردنی‌ رابردووی‌  ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ جگه‌ له‌ شتێكی‌ رواڵه‌تیی‌‌و كارتۆنیی‌ هیچی‌ دیكه‌ نه‌بووه‌، چۆن؟.

په‌یڕه‌ویی‌ ناوخۆی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كه‌ به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ نووسراوه‌ له‌ پێناسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت (مهمات المجلیس: دراسه‌ الوضع السیاسی‌ و الاقتصادی‌ و الاستراتیجی‌ العام في‌ كوردستان العراق)، كه‌ مه‌به‌ست لێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ سیاسیی‌‌و ئابووریی‌‌و ستراتیژیی‌ كوردستان، به‌ڵام ئایا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ ستراتیژیی‌‌و ئابوورییه‌كانی‌ كۆڵیوه‌ته‌وه‌؟.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان كه‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێك له‌حیزبه‌كانی‌ به‌شدار له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پێیراگه‌یاندم،" تا ئێستا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارته‌ سیاسییه‌كان جگه‌ له‌ هه‌ندێ‌ مه‌سه‌له‌ی‌ سیاسی‌ ئاسایی‌، باس له‌ مه‌سه‌له‌ ئابوورییه‌ گرنگه‌كان وه‌ك ( گرێبه‌سته‌كانی‌ نه‌وت‌و بودجه‌و ژێرخانی‌ ئابووری‌ كوردستان) نه‌كراوه‌"، كه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ یه‌كلایه‌نه‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر ده‌ده‌ن؟ جگه‌ له‌وه‌ش ئایا تا ئێستا له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا باس له‌ مه‌سه‌له‌ ستراتیژییه‌كانی‌ كوردستان‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان كراوه‌، كه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ رێككه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ (شیعی‌- كوردی‌)‌و (كورد- حیزبی‌ ئیسلامی‌) ئیمزایان كردووه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا نه‌خێر.

 كه‌واته‌ به‌ پێكهێنانی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش پێنح حیزبه‌كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ پێشوو هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ كه‌ له‌پشتی‌ په‌رده‌و ژووره‌ تاریكه‌كاندا بڕیاره‌كان ده‌رده‌كران، كه‌ به‌حسابی‌ ئه‌م پێنج حیزبه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌بوو وه‌ك مه‌تبه‌خێكی‌ سیاسی‌ بوایه‌!، پێنج حیزبه‌كه‌ باش ده‌زانن كه‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ شوێنێك نییه‌ بۆ قه‌راردان، به‌ڵكو شوێنێكه‌ بۆ تێپه‌ڕبوونی‌ قه‌رارو شه‌رعیه‌تدان به‌ قه‌راره‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و حیزبانه‌ یاداشتیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و م. س پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌رز نه‌ده‌كرده‌وه‌!.

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ كه‌ وه‌ك له‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌یدا پێناسه‌ كراوه‌، له‌ سكرتێرو سه‌رۆكی‌ حیزبه‌ چالاكه‌كانی‌ كوردستان‌و نوێنه‌رانی‌ نه‌ته‌وه‌ كوردستانییه‌كانی‌ توركمان‌و ئاشووری‌‌و كلدان پێكدێت، به‌ڵام تا ئێستا توركمان‌و ئاشووری‌ جێگه‌یان بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا !؟، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ جگه‌ له‌ دوو سه‌ردانی‌ ئیجابی‌ بۆ توركیاو ئێران، چی‌ تری‌ كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ی‌ پێبكرێت!.

ئایا ئه‌و هه‌موو پێداگیریه‌ی‌ یه‌كگرتوو و شیوعی‌‌و سۆسیالیست‌و كۆمه‌ڵ‌و زه‌حمه‌تكێشان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌پێناو چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی‌ ته‌سكی‌ حیزبایه‌تی‌‌و مسۆگه‌ركردنی‌ ئیمتیاز نه‌بێ‌ چییه‌؟.
ئایا پێنج حیزبه‌كه‌ بۆ جارێكیش بوونه‌ته‌ كه‌ناڵی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵك بۆ لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات؟.
 یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌ مه‌به‌سته‌كه‌یان له‌ پێكهێنانی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ وایده‌ربخه‌ن، كه‌ له‌ كوردستان فره‌حیزبی‌ هه‌یه‌و مه‌به‌ستێكی‌ دیكه‌شیان بۆ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ نه‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن، چیتره‌؟.