Print WWW.SBEIY.COM
 مەترسییه‌کانی یاسای ئاسایش و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش
سیروان ره‌شید
07/07/2011

چەند رۆژێك پێش ئێستا، رۆژنامەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (وەقایعی كوردستان) یاسای مەترسیداری (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایشی هەرێم)ی خستە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش دوای تێپەڕاندنی لە پەرلەمان و ئیمزاكردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەم دو یاسایە، كە لەسەرەتای مانگی ئایاری رابردو لەلایەن فراكسیۆنی زۆرینە و دەسەڵاتداری ناو پەرلەمانەوە بەبێ ئامادەبونی «ئۆپۆزسیۆن» (لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی پەرلەمانیان كردبو)، پەسەندیكرد، ئەگەر بەوردیی سەرنجی هەردو یاساكە بدەین، هیچكامیان لەگەڵ سیستمە دیموكراسییەكاندا نایەنەوە و بەدەرن لەو مۆدێلە تازەیەی كاری ئاسایش، "كە ئێستا لەدنیای پێشكەوتو مۆدێرندا پیادە دەكرێت".

هیچ كەسێك لاریی لەوەنییە؛ كە بونی یاسایەك بۆ رێكخستنی كاری ئاسایش لە دەزگایەكی نیشتمانیدا بەمەبەستی پارێزگاری لەئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەمان، پێویستییەكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام مەترسییە گەورەكە لەوەدایە، ئەم دو یاسایە چەندین مادەو بڕگەی مەترسیداریان تێدایە، كە دەبێتە ئامرازێك بۆ سەركوتكردنی لایەنەكانی «ئۆپۆزسیۆن»و هەوڵی كۆنترۆڵكردنو چاودێریی خستنەسەر ژیانی تایبەت و ئازادیی هاوڵاتییان دەدات.

سەبارەت بە یاسای ئەنجومەنی ئاسایش، لە مادەی دوەمدا، كە باس لەپێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەكات، كە بریتییە لە: (دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرێتی گشتی هەواڵگری سەربازی، ئاژانسی پاراستن و زانیاری)، ئەم سێ دەزگایەی ئەنجومەنەكەیان لێپێكهاتوە؛ پێشتر بەپێی یاسا دروست نەكراون و شەرعییەتی یاساییان نییە، تا بكرێنە بەشێكی سەرەكی لەپێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەتایبەت دەزگای «پاراستن»و «زانیاری»، دو دەزگای حیزبین، بەڵام بەپێی ئەم یاسایە، لەمەودوا بەشێكی سەرەكی پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمن و تەواوی كارەكانیان چوارچێوەیەكی یاسایی وەردەگرێت، كە لەمەودوا جگەلەوەی پێشتر لەلایەن حیزبەوە تەمویلی دارایی و لۆجستیو هەواڵگیری كراون، لەمەودوا بەپێی یاساكە «ساڵانە لەبودجەی هەرێم بڕی پێویست بودجەیان بۆدابین دەكرێت»و دەسكراوەتر دەبن لەو كارانەی لەڕابردودا كردویانە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و دو ده‌زگایه (زانیاری و پاراستن) له‌سه‌ر بنه‌مای لێوه‌شاوه‌یی و دڵسۆزییان بۆ نیشتمان، ئه‌ندامه‌کانیان دانه‌مه‌زرێنراون و ئه‌وه‌یش کۆمیدیایه پێمانوابێت به یاسایه‌کی له‌وجۆره، ئیتر ئه‌و دو ده‌زگا هه‌واڵگرییه حیزبییه، ده‌کرێنه ده‌زگای نیشتمانی!

یەكێك لەگرفتەكانی رابردو، بونی دو دەزگای ئاسایش بو، بەڵام لەئێستادا بەپێی یاسای (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم) بەهیچ شێوەیەك باس لەیەكخستنەوەی دەزگا ئاسایشەكانی سلێمانی و هەولێر، ناكات، بەڵكو بەهەمان مانا حیزبییەكانیان كۆدەكرێنەوە و دەخرێنە ناو ئەنجومەنی ئاسایشەوە.

جگەلەوەی لە مادەی سێیەم: بڕگەی هەشتەمی كە باس لە «پاراستنی سیستمی زانیاری هەرێم دەكات»، روننەكراوەتەوە كە مەبەست چییە لە پاراستنی سیستمی زانیاری هەرێم؟، كە پێویستە ئەم چەمكە رونبكرێتەوە و دورنییە هەوڵ بدرێت لەڕێگەی دەزگای (IT)یەوە، كە ئێستا دروستكراوە كۆنترۆڵی رادیۆ، تەلەفزیۆن، مۆبایل، ئینتەرنێت و هەمو ناوه‌ندەكانی دیكەی گەیاندن، بكات.

هەروەها لە (مادەی سێ ــ بڕگەی نۆیەم)ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشدا، كە باس لە (پاراستنی ئاسایشی گەیاندن) دەكات: "بەپێی ئەم بڕگەیە و ئەو بڕگەیەی سەرەوەی یاساكە بێت، هەمو كارو چالاكییەكی سیاسی و حیزبی و پیشەیی و سەندیكایی لە هەرێمی كوردستاندا تەنانەت پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان دو هاوڵاتی ئەم هەرێمەش، قابیلی سانسۆر و كۆنترۆڵكردنە".

تێپەڕاندنی ئەو دو یاسایە و جێبەجێكردنی، بەبێ رەچاوكردنی رەخنە و تێبینییەكانی فراكسیۆنەكانی «ئۆپۆزسیۆن»، پێچەوانەی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم و بڕیاری ژمارە(2)ی پەرلەمانە، كە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە؛ پێویستە ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، كۆدەنگی نیشتمانییان لەسەربێت، لەكاتێكدا سەد دەرسەد، ئەم دو یاسایە پەیوەندییان بەشێوازی سیستمی سیاسییەوە هەیە لە هەرێمدا و پەسەندكردنیان بەم شێوەیەی ئێستا، دەچێتە چوارچێوەی خزمەتكردن بە سیستمێكی تاكحیزبی و دژ بە بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤە و هەرێمی كوردستان بەرەو دەوڵەتێكی ئەمنی ستەمكاری دەبات، لەكاتێكدا مۆدێلی بەئەمنییكردنی سیستم و دەوڵەت، ته‌نانه‌ت له دنیای عه‌ره‌بیشدا، به‌ره‌و داڕمان ده‌چێت.

پێویستە پەرلەمانی كوردستان بڕیاربدات بەڕاگرتنی یاساكە و جێبەجێنەكردنی، تا ئەو كاتەی وەك یاسایەكی مۆدێرن و هاوتەریب لەگەڵ ئەو مۆدێلە تازەیەی كاری ئاسایش «كە لەدنیای پێشكەوتو پیادە دەكرێت» هەموار بكرێتەوە.