Print WWW.SBEIY.COM
 هه‌شت مانگ و به‌رپرسیاریه‌تی‌ مێژویی‌
سیروان ره‌شید
04/09/2012

په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ده‌ر له‌ وه‌رزه‌ پشوه‌كانی‌ داهاتوی‌ ته‌نها هه‌شت مانگ له‌كاركردنی‌ ماوه‌. په‌رله‌مانتاران له‌به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ مێژویدان كه‌ به‌ر له‌ته‌واوبونی‌ ئه‌وهه‌شت مانگه‌ی‌ واده‌ی‌ كاركردنیان پێویسته‌ هه‌مواری ئه‌و یاسایانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ مێژو وه‌ك خاڵێكی‌ ره‌ش بۆ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌ینوسیته‌وه‌.

په‌رله‌مانی‌ كوردستان باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌شریعی‌ و چاودێرییه‌ له‌ هه‌رێمدا، ئه‌ندامه‌كانی‌ به‌وپێیه‌ی‌ حه‌سانه‌یان هه‌یه‌، تاكه‌ كه‌سن كه‌ به‌پێی‌ یاسا، هیچ هێزو لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێت ‌و بۆی‌ نییه‌:
*ده‌ستگیریان بكات.
 *بیانخاته‌ زیندانه‌وه‌.
* موچه‌كه‌یان ببڕێت.
* له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ لایان بدات.

مانگی ته‌مموزی ساڵی‌ 2009 خه‌ڵك به‌ ‌په‌رۆشێكی زۆر و به‌ هیوایه‌كی گه‌وره‌وه‌ به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ سێیه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیان كرد، كه‌ سه‌ره‌نجام حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات، به‌ دیاریكراوی پارتی و یه‌كێتی، هه‌مو رێگایه‌كیان به‌كارهێنا، بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به ‌قازانجی خۆیان، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی‌ كوردستان ئومێدیان به‌وه‌بو لیستی‌ ده‌سه‌ڵات له‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كورستاندا به‌خۆیدا بچێێته‌وه ‌و سود له ‌ئه‌زمونی‌ رابردوی‌ خولی‌ دوه‌می‌ په‌رله‌مان وه‌ربگرێ‌ و دوربكه‌وێته‌وه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ سته‌مكار و ده‌ركردنی‌ یاسا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزب، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات خراپتر له‌ خولی‌ رابردوی‌ په‌رله‌مان له‌م خوله‌دا و به‌ وجودی‌ ئۆپۆزسیۆنێك كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كات، كۆمه‌ڵێك یاسای‌ وه‌ك (یاسای‌ ده‌زگای‌ ئاسایش و ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان و یاسای‌ خۆپیشاندان)ی ده‌ركرد، كه‌ مێژو وه‌ك خاڵێكی‌ ره‌ش بۆ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌ینوسێته‌وه‌.

جگه‌ له‌وه‌ی‌:
* له‌ماوه‌ی 3 ساڵی رابوردودا زیاتر له‌ 35 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ بودجه‌ی گشتی عێراقه‌وه‌ هاتۆته‌ سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌ داهاتی ناو هه‌رێم خۆی. كوردستان به‌ درێژایی مێژوی خۆی بودجه‌ی وا گه‌وره‌ی به‌ خۆیه‌وه‌نه‌ دیوه‌. بۆچی رۆژی له‌ رۆژان ئه‌ندامانی‌ لیستی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌رله‌مان پێیان دانه‌گرت بڵێن: ئه‌و ده‌یان ملیار دۆلاره‌ كێ‌ سه‌رفی كردوه‌ و چۆن و له‌ چیدا سه‌رف كراوه‌؟

* له‌ ماوه‌ی 3 ساڵی رابوردودا گه‌نده‌ڵی به‌هه‌مو جۆره‌ دزێوه‌كانیه‌وه‌ له‌ ناو وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه‌كاندا به‌ئه‌ندازه‌ی زیادبونی بودجه‌كه‌ زیادی كردوه‌. بۆچی رۆژی له‌ رۆژان په‌رله‌مانتارانی‌ ده‌سه‌ڵات پێیان دانه‌گرت بڵێن: سه‌رۆك وه‌زیران و فڵانه‌ وه‌زیر و به‌رپرس بانگ بكه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌سه‌ر كاروباری حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر بو متمانه‌ی‌ لێ بسێننه‌وه ‌و حه‌واڵه‌ی دادگای بكه‌ن؟
 
هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی‌ ئێستا نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ په‌رله‌مانێكی‌ ئه‌كتیڤ، كه‌ نوێنه‌ر و داكۆكیكه‌ر بێت له‌خواست‌ و داوا و مافه‌كانی‌ خه‌ڵك، به‌ڵكو خۆی‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ بوه‌ بۆ سه‌ر ماف‌ و ئازادییه‌كان ‌و چه‌ندین یاسای‌ ترسناكی ده‌ركردوه‌.

له‌چه‌ند رۆژی‌ داهاتودا كه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دوای‌ پشوه‌ 60 رۆژیه‌كه‌ی‌ ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌، ته‌نها هه‌شت مانگ له‌كاركردنی‌ ماوه‌، پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌ڵێنه‌كانیان كه‌ به‌ر له‌چه‌ند مانگێك پێش ئێستاداویانه‌ بیبه‌نه‌ سه‌رو ئه‌م وه‌رزه‌ی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن به‌؛ وه‌رزی‌ ته‌شریعی‌ هه‌مواری‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ ره‌هه‌ندی‌ نیشتمانیان هه‌یه‌.

ئه‌گه‌ر بڕیاریشه‌ په‌رله‌مان خاوه‌نی به‌رپرسیاریه‌تی خۆی بێت به‌تایبه‌ت له‌بواری یاسادانان، كه ‌تائیستا كه‌مترین ئه‌ركی له‌وبواره‌دا جێبه‌جێ كردوه‌، ئه‌گه‌ر یاسایه‌كیشی ده‌ركردبێ زیاتر بۆ پاراستنی خواستی ده‌سه‌ڵات بوه‌، ره‌نگه‌ هه‌ندێ یاساش ده‌رچوبێ باشیش بێ، به‌ڵام حكومه‌ت جێبه‌جێی‌ نه‌كردوه‌...

ئه‌و هه‌شت مانگه‌ی‌ په‌رله‌مان له‌م خوله‌یدا ماویه‌تی‌ له‌به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ مێژویدان، كه‌ به‌ر له‌ته‌واوبونی‌ ئه‌و هه‌شت مانگه‌ی‌ واده‌ی‌ كاركردنیان پێویسته‌ هه‌مواری ئه‌و یاسایانه‌ بكه‌نه‌وه‌ پێویستیان به‌ ئیجماعی‌ نیشتمانی‌ هه‌یه‌ و داواكاری‌ شه‌قامیان له‌سه‌ره‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌... ئه‌و یاسایانه‌ش بریتین له‌: (گه‌ڕانه‌وه‌ی پرۆژه‌ی‌ ده‌ستور، هه‌مواركردنی یاسای خۆپیشاندان، هه‌مواركردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، هه‌مواركردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی داده‌وه‌ری، دانانی‌ په‌یڕه‌وێكی‌ پێشكه‌وتو بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، هه‌مواركردنی‌ یاسای‌ داواكاری گشتی، له‌بواری چاودێری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنیشدا بانگێشت كردن و لێپێجینه‌وه‌ له ‌وه‌زیر و وه‌زاره‌ته‌كان بكات به‌ ئه‌وله‌ویاتی‌ كاره‌كانی‌ خۆی.

به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر لیستی‌ ده‌سه‌ڵات مل بۆ خواسته‌كانی‌ شه‌قام و رای‌ گشتی‌ نه‌دات بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاسایانه‌، مێژو وه‌ك خاڵێكی‌ ره‌ش بۆ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌ینوسیته‌وه‌.