Print WWW.SBEIY.COM
 یه‌كێتی‌ قه‌یرانه‌كه‌ قوڵده‌كاته‌وه‌، یان چاره‌سه‌ر؟
سیروان ره‌شید
09/11/2013

یه‌كێتی‌، له‌ جیاتی‌ به‌پیره‌وه‌هاتنی‌ داوای‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و زۆرینه‌ی‌ زۆری‌ رای‌ گشتی‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگاكه‌، بۆ پێكه‌وه‌ حوكمكردنی‌ "هاوبه‌شی‌" پارێزگاكه‌، شمشێر پیشانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و هاوڵاتییان ده‌دات، ئه‌ویش به‌ دروستكردنی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ باڵای‌ ئه‌منی‌ و خستنه‌ ئاماده‌باشی‌ داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه‌!

مرۆڤ سه‌ری‌ سوڕده‌مێنێت، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ئیداره‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ سلێمانی‌‌، خۆی‌ سه‌غڵه‌ت كردوه‌ به‌ئاماده‌باشی‌ كردنی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، له‌دژی‌ خواستێكی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ داوایه‌كی‌ شه‌رعی‌ و یاسایی‌ خه‌ڵك ئه‌ویش یان ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، یان هێزه‌كان به‌پێی‌ ئیستحقاقی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 21/9/2013، حوكمی‌ پارێزگاكه‌ بكه‌ن، نه‌وه‌كو ته‌نها یه‌كێتی‌ كه‌ له‌ 26%ی‌ پارێزگاكه‌ ده‌نگیان پێداوه‌ (به‌ ده‌نگدانی‌ گشتی‌ و تایبه‌ته‌وه‌) به‌ته‌نها حوكمی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بكات، له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ رێژه‌ی‌ 42%ی‌ ده‌نگی‌ پارێزگاكه‌ی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.
 
سه‌یره‌! ده‌بوایه‌ یه‌كێتی‌‌ له‌باتی‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگه‌چاره‌ی‌ یاسای‌ و سیاسی‌ بكردایه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش به‌ دروستكردنی چوارچێوه‌یه‌كی ئیداری‌ سیاسی له ‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی قبوڵكردنی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن و رێزگرتن له‌ پلورالیزمی سیاسی...
 
 له‌دوای سێ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردو (25/7/2009 و 7/3/2010 و 21/9/2013)وه‌، پارتی‌ و یه‌كێتی‌ و به‌تایبه‌تیش یه‌كێتی‌ ده‌بێت دان به‌و راستییه‌دا بنێت كه‌هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت به‌ته‌نها حوكم و نوێنه‌رایه‌تی نه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی‌ گه‌وره،‌ به‌ڵكو ناحیه‌یه‌كی‌ بچوكی‌ كوردستانیش بكات!

كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌ڕوی سیاسییه‌وه‌ پڕه‌ له‌ هێزی جیاواز و له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ پڕه‌ له‌ خه‌ونی جیاوازتر. هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م جاره‌ به‌ هه‌مو گرفت و كێشه‌ و كه‌موكورتییه‌كانییه‌وه‌ یه‌ك وێنای‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌رجه‌سته‌ كردین، ئه‌ویش فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌دا. هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م هارمۆنیه‌ته‌ سیاسییه‌ نوێیه‌ له ‌ئیداره‌دانی‌ كۆی‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ (جیهازی‌ باڵای‌ حكومه‌ت) و ئیداره‌ی‌ خۆجێی‌ پارێزگا و شاره‌ بچوكه‌كانیش ره‌نگ بداته‌وه...
 
كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ یه‌كێتی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ عیماد ئه‌حمه‌ده‌ وه‌ك په‌رچه‌كرداری‌ داواكه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له ‌كۆبونه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ باڵا ئه‌منیه‌كه‌دا وتی؛ ‌"پارێزگاری‌ سلێمانی‌، به ‌بڕیاری‌ حكومه‌ت داندراوه‌ و ته‌نها هه‌ڵبژاردنیش ده‌توانێت گۆڕانكاری‌ بكات"، به‌ڵام جه‌نابی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران دیاره‌ بێئاگه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ جه‌نابی‌ پارێزگار به‌ هه‌ڵبژاردن نه‌هاتوه‌ تا پێویست بكات به‌ هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاری‌ له‌وپۆسته‌دا بكرێت، به‌ڵكو به‌ بڕیاری‌ ژماره‌ 159ی‌ ساڵی‌ 1969ی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عس سه‌پێنراوه ‌و هه‌ر به‌ بڕیارێكیش ده‌بێت بڕوات!
 
سێ‌ هه‌ڵبژاردنه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هێزی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، به‌ڵام له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ راده‌ستبكرێت و رێز له‌ئیراده‌ی‌ خه‌ڵك بگیرێت، تا ئه‌م ساته‌ش هێزێكی‌ "كه‌مینه‌ی‌ خۆسه‌پێن" سزای‌ سیاسی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌دات كه‌ به‌ڵێیان بۆ گۆڕان كردوه‌.

ناكرێت هێزێكی‌ كه‌مینه‌ كه‌ خاوه‌نی‌ ته‌نها چاره‌كێكی‌ ده‌نگه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانیه‌، ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌سه‌دا سه‌دی‌ هه‌مو جومگه‌كانی‌ حوكمڕانی‌‌ ئه‌م پارێزگایه‌ی‌ له‌ده‌ستدابێت و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌و پێگه‌ لاوازه‌ش له‌ دابه‌شكارییه‌كی‌ حیزبیدا شه‌ریكه‌ به‌شی‌ ده‌سه‌ڵات و سامان بێت له‌گه‌ڵ پارتێكی‌ تر له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان، هێزێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ وه‌ك گۆڕانیش كه‌ به‌ته‌نیا خاوه‌نی‌ نزیكه‌ی‌ دو هێنده‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ ئه‌و بێت په‌راوێزبخرێت و لایه‌نگره‌كانیشی‌ له ‌داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تدا سزای‌ سیاسی‌ بدرێن...
 
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هێزێكی‌ مه‌ده‌نی‌ و خاوه‌ن ماڵه‌، له ‌ستراتیژی‌ كاركردنی‌ خۆیدا په‌نابردنی بۆ توندوتیژی‌ توڕ هه‌ڵداوه‌... هه‌ربۆیه‌ ئه‌وه‌ گۆڕان نیه‌ په‌نا بۆ توندوتیژی‌ ببات بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی،‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ خۆسه‌پێنانه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌م شاره‌وه‌ نییه‌ و هه‌وڵی دروستكردنی نائارامی ئه‌ده‌ن و له‌به‌رامبه‌ر داوایه‌كی شه‌رعی‌ و یاسایی گۆڕان، كه‌ له‌بری چاره‌سه‌ری سیاسی باس له‌رێوشوێنی ئه‌منی ده‌كه‌ن!
 
جگه‌له‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ته‌نها چاره‌كێكی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بردۆته‌وه‌، له‌كۆی 39 كورسیه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیش ته‌نها 8 كورسی‌ هه‌یه‌: (گۆڕان 14 كورسی، یه‌كێتی 8 كورسی‌، پارتی‌ 5 كورسی‌، یه‌كگرتو 5 كورسی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ 3 كورسی‌، گروپێكی‌ سه‌ربه‌خۆ 4 كورسی‌، پێكهاته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێكده‌هێنن). هه‌ربۆیه‌ یه‌كێتی‌ به‌م كه‌مینه‌ بچوكه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ ستراتیژی‌ گه‌وره‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌ په‌نابردن بۆ توندوتیژی‌ و هێزی‌ سه‌ربازی‌ وه‌ڵامی‌ داواكاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بداته‌وه‌، چونكه‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، به‌ڵكو رێگه‌ی‌ دروست ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌كه‌ به‌ دانیشتن و دانوستان له‌گه‌ڵ گۆڕان چاره‌سه‌ر بكات، نه‌ك قه‌یرانه‌كه‌ قوڵتر بكاته‌وه‌ كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م خۆی‌ ده‌بێت!