Print WWW.SBEIY.COM
 خه‌ڵكینه‌ په‌رله‌مان
ده‌یه‌وێت ده‌ممان داخه‌ین!

سیروان ره‌شید
22/09/2008

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ جارێكی‌ تر په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ بداته‌وه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی‌ فێڵزانانه‌ راپۆرت و پێشنیازه‌كانی‌ سه‌باره‌ت به‌چه‌ند ماده‌یه‌كی‌ یاساكه‌ پێشكه‌شی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كردووه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌نگ له‌سه‌ر دانی‌.

پرۆژه‌یاساكه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 11ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر دراو دواتریش بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم په‌سه‌ندی نه‌كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ په‌رله‌مان ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بداته‌وه‌، ده‌بێته‌وه‌ به‌ یاساو بارزانی‌ ناتوانێت ره‌تیبكاته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی‌ یه‌كجار مافی‌ ڤیتۆی‌ هه‌یه‌ یاساكه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.

یه‌كێك له‌ پایه‌ گرنگه‌كانی‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ بریتییه‌ له‌ ئازادی‌ نو‌وسین‌و قسه‌كردن‌و ده‌ربڕینی‌ بیروبۆچو‌ون، به‌ڵام وادیاره‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌م جاره‌ش ده‌یه‌وێت به‌ به‌هانه‌ی‌ پاراستنی‌ ده‌سته‌واژه‌ لاستیكیه‌كانی‌ "ئاسایشی‌ هه‌رێم"و "دابونه‌ریتی‌ گشتی‌"، قه‌یدوبه‌ندی‌ توند له‌ به‌رده‌م كاری‌ رۆژنامه‌نو‌وسی‌ دابنێت‌و دیسانه‌وه‌ ئه‌و په‌راوێزه‌ ئازادییه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌، له‌باری‌ به‌رێت.
ئه‌و ماده‌یه‌ی‌ كه‌ جێگه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌‌و ره‌خنه‌ی‌ رۆژنامه‌نو‌وسانه‌و چه‌ندین سزای‌ قورسی‌ به‌سه‌ر رۆژنامه‌نو‌وس‌و رۆژنامه‌كاندا سه‌پاندووه‌، ماده‌ی‌ "دووه‌م‌و ده‌یه‌مه‌"، كه‌ پێویستیان به‌ هه‌مواركردن‌و گۆڕینی‌ ریشه‌یی‌ هه‌یه‌.

په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی‌ كه‌ لیژنه‌ی‌ یاسای‌ په‌رله‌مان له‌ راپۆرته‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ سه‌ر ئازادی‌ رۆژنامه‌نو‌وسی‌ له‌ كوردستان ده‌بێ‌و دیموكراسی‌ هه‌رێمه‌كه‌شمان كه‌ ساڵانێكه‌ سیاسییه‌كانمان‌و به‌رپرسانی‌ باڵای‌ هه‌رێم بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌ر ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌ڵكو به‌ ته‌واوه‌تی‌ ئه‌و په‌راوێزه‌ ئازادییه‌ش كه‌ پێشتر هه‌بووه‌، له‌ بار ده‌بات!.

به‌داخه‌وه‌ هێشتا زۆرێك له‌ سیاسییه‌كان‌و په‌رله‌مانتاران له‌ عه‌قڵییه‌تی‌ تۆتالیتاری‌ رزگاریان نه‌بووه‌و ناتوانن له‌ مانا راسته‌قینه‌كه‌ی‌ ئازادیی‌ بگه‌ن.

راسته‌ له‌ هیچ شوێنێكی‌ دنیادا ئازادی‌ راده‌ربڕین ره‌ها نییه‌، به‌ڵام خه‌ڵكینه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ممان داخه‌ین‌و بێده‌نگ بین له‌ ئاستی‌:

* به‌رده‌وامبو‌ون له‌ گه‌وجاندنی‌ خه‌ڵك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.
* كپكردن‌و كوشتنی‌ ئازادی‌ نو‌وسین‌و راده‌ڕبڕین.
* چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌و شاردنه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.
* ده‌نگ هه‌ڵنه‌بڕینی‌ رۆژنامه‌نو‌وسان له‌سه‌ر ئاشكراكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و یاساشكێنی‌ به‌رپرسان.