Print WWW.SBEIY.COM
 وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ی‌ هه‌مومان به‌دوایدا وێڵین!
سیروان ره‌شید
10/11/2008

پێناچێت ئێستا میلله‌تێك هه‌بێت هێنده‌ی‌ كورد گیرۆده‌ی‌ ده‌ستی‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی‌ بێت، چونكه‌ ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌:
* بڕیاره‌كان له‌ ژوری‌ تاریك‌و له‌پشتی‌ په‌رده‌وه‌ ده‌رده‌كات.
* تاكڕه‌وانه‌ بڕیار ده‌دا‌و پرس به‌ خه‌ڵكانی‌ شاره‌زاو میلله‌ت ناكات.
* زانیاریی‌ له‌ میلله‌ت ده‌شارێته‌وه‌‌و شه‌فافیه‌تی‌ سیاسی  نییه‌.

مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ زۆر گرنگ كه‌ رۆژانه‌ له‌ زهنی‌ هه‌مو كوردێك‌و به‌تایبه‌تیش كه‌ركوكییه‌كان خول ده‌خواته‌وه‌، پرسیارێكی‌ بێ وه‌ڵامه‌ كه‌ ئایا چاره‌نوس‌و ئاینده‌ی‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان چی‌ لێدێت؟.

روبه‌ری‌ گشتیی‌ خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 82 هه‌زارو 620 كیلۆمه‌تر دوجایه‌، به‌ڵام نزیكه‌ی‌ 40 هه‌زارو 567 كیلۆمه‌تر دوجای‌ ئه‌و روبه‌ره‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ماده‌ی‌ 140دا چاره‌نوسی‌ نادیاره‌، كه‌ ده‌كاته‌ 48%ی‌ روبه‌ری‌ خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌: كه‌ركوك، شه‌نگال، زومار، ته‌لعه‌فه‌ر، شێخان، حه‌مدانیه‌، مه‌خمور، دوزخورماتو، خانه‌قین، شاره‌بان، مه‌نده‌لی‌‌و به‌دره‌وجه‌سان پێكدێت.

بۆ به‌لاداخستی‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك، ئێستا 3 ئه‌جێندا له‌ئارادایه‌:
 1- عه‌ره‌ب به‌ سوننه‌و شیعه‌وه‌ داواده‌كه‌ن كه‌ركوك وه‌ك ئێستا پارێزگایه‌ك بێت سه‌ر به‌ مه‌ركه‌ز.
 2- به‌شێكی‌ توركمانه‌كان به‌ پشتیوانی‌ ده‌ره‌كی‌ ده‌یانه‌وێت كه‌ركوك بكرێته‌ هه‌رێمێكی‌ سه‌ربه‌خۆ.
 3- كورد ده‌یه‌وێت كه‌ركوك بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان.

سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد له‌ پێنج ساڵی‌ رابردودا شكستی‌ هێنا له‌وه‌ی‌ بتوانێت كه‌ركوك بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌ره‌تای‌ ئه‌و شكسته‌شیان له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ هه‌ر پێنج نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ حوكم (تاڵه‌بانی‌، بارزانی‌، د. مه‌حمود عوسمان، سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین‌و حاكم دارا نوره‌دین) له‌ قانونی‌ ئیداره‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2003دا قبوڵیان كرد، كه‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و ناوچانه‌ بێت كه‌ پێش 9ی‌ نیسانی‌ 2003 به‌ده‌ست هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بون.

 ئێستا ئه‌گه‌ری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی‌ تر بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان خه‌ریكه‌ له‌ مه‌حاڵ‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌.

 هه‌مو ئاماژه‌كانیش رو له‌وه‌ن كه‌ركوك بكرێته‌ هه‌رێمێكی‌ سه‌ربه‌خۆ، ئه‌م رێگه‌چاره‌یه‌ش وه‌ك پێشنیازی‌ داهاتوی‌ ستیڤان دیمستۆرای‌ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق، به‌ ناچاری‌ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی‌ كورده‌وه‌ قبوڵ‌ بكرێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌ حوزه‌یرانی‌ رابردودا دیمستۆرا له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وتی‌: "پێشنیازه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان وه‌ك عیلاجی‌ دكتۆر وایه‌ بۆ نه‌خۆش، كه‌ هه‌ندێكجار مرۆڤی‌ نه‌خۆش حه‌زناكات ئه‌و عیلاجانه‌ بخوات، به‌ڵام له‌ ناچاریدا ده‌بێت به‌كاری‌ بهێنێت".

گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، پێویستی‌ به‌ هه‌وڵدانێكی‌ به‌پلان‌و به‌رنامه‌داڕێژراوی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد هه‌یه‌، له‌م هه‌وڵه‌شدا پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد پرس به‌ شاره‌زایانی‌ بواره‌كه‌و  رۆڵی‌ زیاتر به‌ كه‌ركوكیان بدات، كه‌ له‌ رابردودا حساب بۆ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك نه‌كراوه‌و له‌بری‌ ئه‌وان هه‌ولێری‌‌و سلێمانی‌‌و بادینییه‌كان بڕیاریان له‌ كێشه‌كه‌ داوه‌.

ئێستا نزیكه‌ی‌ نیوه‌ی‌ خاكی‌ كوردستان (48%) له‌به‌رده‌م چاره‌نوسێكی‌ نادیاردایه‌.

* ئایا سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد له‌به‌ر سه‌ڵاحیه‌تی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان ته‌نازول له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ خاكی‌ خۆی ده‌كات؟

* ئایا به‌هۆی‌ نزیكبونه‌وه‌ی‌ كوردو توركیا، كورد رازی ده‌كرێت به‌ كردنی‌ كه‌ركوك به‌ هه‌رێمی‌ سه‌ربه‌خۆ؟

بۆچی‌  سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد هیچ شتێك له‌باره‌ی‌ چاره‌نوسی‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تر به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و كه‌ركوكییه‌كان ناڵێت؟

ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ هه‌مومان به‌دوای‌ وه‌ڵامه‌كه‌یدا وێڵین!