Print WWW.SBEIY.COM
 گۆڕان و دروستكردنی‌ هێزی‌ چه‌كدار!
سیروان ره‌شید
23/04/2015

چی‌ له‌وه‌ زه‌رورتره‌ به‌دامه‌زراوه‌یكردنی‌ جه‌نگ ده‌سپێبكه‌ین؟ كه‌ له‌ئێستادا ژێرخانی‌ سه‌ربازیمان كۆڵه‌واره‌، ئه‌گه‌ر هاوكاری‌ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان نه‌بوایه‌ له‌مێژبو مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ هه‌ولێر و دهۆك و کەرکوک و ... دروستببو!

مرۆڤ له‌كاتی‌ نه‌خۆشیدا په‌نا بۆ چاره‌سه‌ر ده‌بات. وێنه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ حكومڕانی‌ هه‌رێمیش وه‌ك جه‌سته‌ی‌ مرۆڤێكی‌ نه‌خۆش وایه‌، ئه‌گه‌ر ئێستا به‌كرده‌وه‌ له‌بواری‌ به‌دامه‌زراوه‌یكردنی‌ جه‌نگدا ده‌ست به‌چاكسازی‌ راسته‌قینه‌ نه‌كات ئه‌ی‌ كه‌ی‌ ده‌یكات؟

ئێوه‌ سه‌رنج بدن:
* ده‌قی ماده‌ی 15ی‌ یاسای پارت و رێكخراوه‌كان كه‌ له‌ ساڵی (1993) دا له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌رچوه‌ ده‌ڵێ؛ "نابێت حیزب هیچ رێكخستنێكی سه‌ربازیی یان نیمچه‌ سه‌ربازیی هه‌بێت و قه‌ده‌غه‌یه‌ چه‌كی هه‌بێت".
* له‌ عێراقیشدا به‌پێی ماده‌ی (9)ی ده‌ستور نابێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت هیچ حیزبێك هێزی چه‌كدار و میلیشیای هه‌بێت و ده‌قی‌ ماده‌ ده‌ستورییه‌كه‌ ده‌ڵێ: "قه‌ده‌غه‌یه‌ میلیشیای سه‌ربازیی دروستبكرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی حكومه‌ت".
* یاسای‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ ساڵی‌ (2007) له ‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌رچوه‌ و داوای‌ رێكخستنه‌وه‌ی هێزی چه‌كدار له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام تائێستا ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌.
*په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌كۆی‌ ده‌نگی‌ سه‌ده‌ر سه‌دی‌ هه‌مو فراكسیۆنه‌كان بڕیاری‌ ژماره‌ (9)ی‌ ساڵی‌ 2014ی‌ تایبه‌ت به‌ به‌نیشتمانیكردن و یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌په‌سه‌ند كرد.
*داواكردنی‌ رایگشتی‌ كورد و ته‌نانه‌ت دۆسته‌كانمان له‌ده‌ره‌وه‌ به‌نمونه‌ ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مەریكاو فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیاو بۆیه‌كخستنه‌وه‌ و كۆكردنی‌ هه‌مو هێزه‌كان له‌ژێر یه‌ك مه‌رجه‌عدا.
* نامه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ڕێز بارزانی‌ بۆ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ 14/12/2014دا، داوا ده‌كات پرۆسه‌ی‌ یه‌كخستنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجامبدرێ و په‌له‌ی‌ تێدا بكرێت.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌یه‌ك دو كۆبونه‌وه‌ی‌ رابردوی‌ به‌ڕێز بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم به‌خه‌مساردیه‌وه‌ وتویه‌تی‌ "یه‌كخستنه‌وه‌و به‌دامه‌زراوه‌یكردنی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ له‌م قۆناغه‌دا زه‌حمه‌ته‌".

مانیڤێستی‌ سیاسی‌ و كۆی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ئاستی‌ كوردستان وعێراقدا، جه‌غت له‌ پێناسه‌كردنی‌ خۆی‌ ده‌كات، وه‌ك هێزێكی‌ دیموكراتی‌ و مه‌ده‌نی‌ و دور له‌په‌نابردن بۆ چه‌ك و توندوتیژی‌ سیاسی‌.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ك هێزی‌ دوه‌می‌ هه‌رێم، هه‌ڵسوڕاوه‌كانی‌ و بنه‌كه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌شی‌ پڕپڕیه‌تی‌ له ‌توانستی‌ گه‌وره‌ی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ و سه‌ربازی‌، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌نجامی‌ دوا هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم و عێراقه‌، كه‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ گۆڕان نزیكه‌ی‌ 30%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ له‌ناو هێزه‌چه‌كداره‌كان و له‌سنوری‌ هه‌ولێر و دهۆكیش نزیكه‌ی‌ 10%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ربای‌ به‌بونی‌ زه‌بروزه‌نگ و ته‌زویر و ترس و فشارێكی‌ زۆر، كه‌ له‌لایه‌ن قیاده‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌وه‌ بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر هێزه‌چه‌كداره‌كان كه‌ ده‌نگ به‌پارتی‌ و یه‌كێتی‌ بده‌ن!

گۆڕان له‌ماوه‌ی‌ 6ساڵی‌ رابردوی‌ دروستبونیدا به‌رده‌وام له‌پێناوی‌ بنیاتنانی‌ ژێرخانی‌ ده‌وڵه‌تیمان داوای‌ به‌نیشتیمانیكردن و یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كردوه‌، ته‌نانه‌ت له‌دۆخێكی‌ وه‌ك ئێستاشدا كه‌ نزیكه‌ی‌ 20 مه‌رجه‌ع بۆ هێزه‌چه‌كداره‌كانی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، گۆڕان به‌بونی‌ ئه‌و توانسته‌ مرۆییه‌ گه‌وره‌یه‌شی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ له‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ربازی‌، رێگه‌ی‌ به‌خۆی‌ نه‌داوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ چوارچێوه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵسوراوه‌كانی‌ خۆی‌ داوای‌ دروستكردنی‌ هێزی‌ حیزبی‌ بكه‌ن و سه‌ره‌نجام ئه‌م لانه‌دانه‌ له‌ پره‌نسیپه‌ ئه‌ساسیه‌كانی‌ خۆی‌ هه‌ندێك هه‌ڵسوڕاوی‌ دیاریشی‌ لێ زویرو دوركه‌وتۆته‌وه‌ و به‌كورتیه‌كه‌ی‌ باجێكی‌ بچوكی‌ له‌وروه‌وه‌ داوه‌.

ئاخر ره‌وایه‌ ئه‌م هێزه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌ (گۆڕان) كه‌ به‌نه‌فه‌سی سه‌بری‌ ئه‌یوب ئاساوه‌ بۆ بنیاتنانی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ دیموكراتی‌ تێده‌كۆشی‌، به‌ڵام هێزه‌كانی‌ به‌رامبه‌ری‌ نه‌ك هه‌ر رێز له‌وجۆره‌ ئیشكردنه‌ی‌ ناگرن، به‌ڵكو تادێت مه‌سه‌له‌ی‌ به‌ دامه‌زراوه‌یكردنی‌ جه‌نگ و سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ زیاتر به‌حزبی‌ ده‌كه‌ن! تازه‌ش ئاشكرابوه‌ هێزێكی‌ بچوكی‌ سیاسی‌ سه‌دان ئه‌ندامی‌ خۆی‌ چه‌كداركردوه ‌و به‌سه‌رپه‌رشتی‌ هێزێكی‌ هه‌رێمی‌ ته‌مویل و ته‌جهیز و ته‌دریب ده‌كرێن!

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌بێت سنورێك بۆ ئه‌و لاموبالاتیه‌ی‌ بڕیار به‌ده‌ستانی‌ هه‌رێم دابنێت له ‌پشتگوێخستنی‌ به‌نیشتمانیكردن و یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌گه‌ر مل بۆ ئه‌و خواسته‌ی‌ رای‌ گشتی‌ ناده‌ن. لەبەرامبەردا، گۆڕان كه‌ خاوه‌نی‌ توانستێكی‌ سه‌ربازی‌ مرۆیی‌ گه‌وره‌یه‌، وه‌ك كارتێك له‌به‌رامبه‌ر بونی‌ هێزه‌كانی‌ 70 و 80ی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی (هێزی‌ 90)ی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ دروست بکات؟ دڵنیام لەوەی هه‌رگیز گۆڕان ده‌ست بۆ كارتی‌ له‌وشێوه‌یه‌ نابات و له‌ پرنسیپه‌ نه‌گۆڕه‌كانی‌ خۆی‌ لانادات، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا گۆڕان چی بکات؟