|
ئاڵۆزییه‌كانی عێراق (شه‌ڕه له دژی مالكی یان شه‌ڕی مالكییه دژی هه‌موان؟) محه‌مه‌د سه‌فه‌ر |
28/04/2013 |
حكومه‌تی ئێستای عێراقیی چۆنه؟
چیدیكه ته‌وافوقی سیاسی كه بنه‌مای سیسته‌می سیاسیه له عێراقدا، به ته‌واوه‌تی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، هاوسه‌نگی سیاسی له‌نێوان پێكهاته‌كاندا به‌ره‌و لارسهنگبونهوه رۆیشتوه، هه‌رچی پێكهاته‌ی سوننه‌یه، ئه‌ندامه‌كانیان له حكومه‌ت و په‌رله‌مانیشدا ئه‌ندامێتی خۆیان هه‌ڵپه‌ساردوه یان په‌یوه‌ست نین به سیاسه‌تی گشتی حكومه‌تی عێراقییه‌وه. هه‌رچی سه‌باره‌ت به كورده، ئه‌وه‌یه له‌سه‌ره‌تای ویلایه‌تی دوه‌می (نوری مالكی)یه‌وه، كێشه‌كانی نێوانیان گه‌یشتوه‌ته بنبه‌ست له‌باره‌ی هه‌ندێ پرسی تایبه‌ته‌وه له‌نێوان هه‌ردو حكومه‌تدا، وه‌كو چۆن سوننه‌كان به شه‌ڕی چه‌كداریی له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندیدا، گه‌یشتن به‌و قۆناغه‌یان راگه‌یاند.
كێشه‌كان له‌چییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتوه؟
تاڕاده‌یه‌ك كێشه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا ئومێدی چاره‌سه‌ركردنیان هه‌یه، پشتبه‌ستن به‌و بۆچونه‌ی كێشه‌ی نێوان هه‌ردولا زیاتر په‌یوه‌ندیی به‌باری ئابورییه‌وه هه‌یه‌و كه‌متر پرسه‌كه له‌سه‌ر ناكۆكی سیاسیه، ئه‌گه‌رچی كێشه‌ی خاكیش (ناوچه دابڕاوه‌كان) له‌نێوانیاندا هه‌یه، بەڵام هه‌م حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌میش ناوه‌ند بێده‌نگیان له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژاردوه.
پرسی سوننه‌كان له عێراقدا هه‌مو لایه‌نه‌یه، كه‌واته رۆژ له‌دوای رۆژ بۆشایی ناكۆكییه‌كانیان له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی شیعه له‌حكومه‌تی عێراقیدا به‌ره‌و زیاتر ده‌چێت، ئه‌وان جگه‌له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه، دژی دروستبونی فیدراڵیه‌تی ههرێمهكانن، له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی حكومه‌تی عێراقی كه به‌لای ئێران و سوریادا شكاوه‌ته‌وه، هه‌ڵوێستیان هه‌یه و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی سیسته‌می حوكمڕانییه‌وه پێچه‌وانه‌ی كورد و شیعه، له‌گه‌ڵ سیسته‌می مهركهزییدان.
گریمانه‌ی سیاسه‌تی مالیكی له ئێستادا چۆن ده‌بێ؟
مالیكی پێویستی به‌وه‌یه ته‌رازوی هێزی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی ناكۆكدا هاوسه‌نگ بكاته‌وه. له‌م نێوه‌نده‌دا كورد باشترین دوژمنێتی كه رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا سازبكاتهوه، به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی كورد ئاسانترن گفتوگۆیان له‌باره‌وه بكرێت تا هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی سۆزی سوننه‌كانی عێراق به‌لای خۆیدا كێشبكات، چونكه سوننه‌كان یه‌كڕیز نین و تا ئاستێك په‌رته‌وازه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ستن به ئه‌جێندای ده‌ره‌كییه‌وه به‌تایبه‌ت وڵاتانی كه‌نداو. به‌پێچه‌وانه‌وه كورد ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی تێدا نییه كه له عه‌ره‌بی سوننه‌دا هه‌ستی پێده‌كرێت. ئه‌مه‌ش وا له مالیكی ده‌كات حاڵی حازر كوردی پێ باشتر بێت تا سوننه‌كان. كه‌واته له هه‌مو حاڵه‌ته‌كاندا، كورد چانسی زۆرتری هه‌یه تا له‌گه‌ڵ مالیكی‌دا رێکكه‌وتن بكات.
بۆچی ئه‌گه‌ری رێكه‌وتنی مالیكی له‌گه‌ڵ سوننه‌دا ئه‌گه‌رێكی دوره؟
دوای سێ مانگ له داواكاری سوننه‌كان ناچاربون ستراتیژی كاری خۆیان له‌به‌رامبه‌ر مالیكییدا بگۆڕن، ئه‌وه‌بو له هه‌فته‌ی رابردوه‌وه له ناوچه‌كانی زۆرنشینی سوننه‌دا، ده‌ستیان داوه‌ته خه‌باتی چه‌كداری و له‌دژی حكومه‌ته‌كه‌یدا له جه‌نگدان.
ئاڵۆزی نێوان سوننه و حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی له‌خۆڕا سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه، به‌ڵكو هێزێكی ده‌ره‌كی له پشتییه‌وه ئاماده‌یی هه‌یه، واته سیاسه‌تی ناوچه‌كه رۆڵی هه‌یه لهپشێوییهكانی ناو عێراقدا، چونكه ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌رێت راسته‌وخۆ كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دراوسێكانی سوریا. مادام ئێران راسته‌وخۆ پشتگیری حكومه‌ته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی (حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی)یه‌وه كارئاسانی بۆ ده‌كرێت. له به‌رامبه‌ردا وڵاتانی دراوسێی عێراق به‌تایبه‌ت وڵاتانی كه‌نداو كه پشتگیری موعاره‌زه‌ی سوریا ده‌كه‌ن، لایه‌نه‌كه تری هاوكێشه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بەن. بۆ ئه‌م مه‌به‌ست باشترین مه‌له‌ف كه ده‌ستی بۆ ببه‌ن، جوڵاندنی سوننه‌كانه له عێراقدا و سه‌رقاڵكردنی حكومه‌ته‌كه‌ی (مالیكی)یه به‌كێشه‌ی ناوخۆییه‌وه تا نه‌یپه‌رژێته سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراقه و په‌یوه‌ندی به ئه‌جێندای ئێرانییه‌وه هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه حاڵی حازر عه‌ره‌به سوننه‌كانی (ئه‌هواز)یش ده‌ستیان داوه‌ته خۆپیشاندان تا له‌و رێگه‌یه‌وه پاڵپه‌ستۆ بخه‌نه‌سه‌ر حكومه‌تی ئێران.
كورد ئه‌گه‌ر به‌وریاییه‌وه نه‌جوڵێته‌وه له شهڕكهوه ده‌گلێت؟
كورد دراوسێیه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه، زۆربه‌ی سوپای عێراقیش له‌ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ره‌كان كوردن، ململانێی چه‌كداری سوننه‌ش له گه‌ڵ مالیكی‌دا له‌و ناوچانه‌یه، وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كردوه مالیكی كورد باشترین دوژمنه بۆی تا رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا بكات و خۆی بۆ سوننه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه، بەڵام ئه‌گه‌ر مالیكی و لیستی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه له مه‌وقیفێكی به‌هێزه‌وه بڕیاری سیاسی بده‌ن و بیانه‌وێت ته‌نازول نه‌كه‌ن، سه‌رباری ئه‌وه‌ش حیساب بۆ ئه‌وه بكه‌ن مالیكی ته‌نها ساڵێكی ماوه له پۆسته‌كه‌ی و كوردیش مه‌ترسی جیابونه‌وه‌ی له‌سه‌ر نییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی هیچ كارتێكی فشار نییه، ئه‌وكاته دۆخەكه ئێستا چۆنه به‌هه‌مان شێوه درێژه‌ی ده‌بێت، له‌وانه‌شه حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی سود له‌سه‌ر بازانی كورد وه‌ربگرێت و له‌دژی سوننه‌كان به‌كاریان بهێنێت، بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه بگۆڕێت بۆ شه‌ڕی كورد و سوننه، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی تائێستا كورد و عه‌ره‌بی سوننه له‌سه‌ر هیچ پرسێك له عێراقدا رێك نین، به‌تایبه‌ت سوننه‌كان دوژمنی سه‌رسه‌ختی داواكارییه‌كانی كوردیشن له عێراقدا.
كه‌واته شه‌ڕه‌كه هی كێیه له‌دژی كێ؟
تاوانی زۆری كێشه‌كانی عێراق له ئه‌ستۆی مالیكییدایه، ئه‌م زاته نه‌یتوانی له رێگه‌ی سیاسه‌تی حهكیمانهوه دڵسۆزی هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی سوننه له عێراقدا بۆ خۆی كێشبكات، تا كارێكی وه‌ها ئه‌نجام بدات په‌یوه‌ندی نێوان هاوڵاتیانی سوننه و سه‌ركرده‌كانیان له یه‌ك داببڕێت.
ئه‌وكات سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی سوننه‌ش نهیاتدهتوانی ناڕه‌زایی هاوڵاتیانی سوننه بقۆزننهوه و له دژی مالیكی و لیسته‌كه‌ی به‌كاری بهێنن، تاوانباریشی بكه‌ن به تایفه‌گه‌ری و بڵێن ئه‌وه‌تا مالیكی سه‌ركرده‌ی هه‌مو عێراقییه‌كان نییه وه‌ك یه‌ك.
ئه‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین كه وڵاتانی كه‌نداو پێشوه‌خته پلانی خۆیان بۆ عێراقی دوای سه‌ددام داڕشتبو، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌كیش هاوكاری ماددی و مه‌عنه‌وی سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی سوننه‌یان ده‌كرد، تا درێژه به جیاوازییه‌كانیان بده‌ن له‌گه‌ڵ شیعه‌ی عێراقدا به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی نه‌بادا سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری و ئاوه‌دانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه دابنێت، له‌هه‌موشی گرنگتر ئه‌وه‌یه حیزبه شیعه‌كانی عێراق په‌یوه‌ندیی دورودرێژ و پته‌ویان هه‌یه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، كه ئه‌مه‌ش بۆ عه‌ره‌به‌كانی كه‌نداو مایه‌ی قبوڵكردن نییه.
كه‌واته شه‌ڕه‌كه هی مالیكیه له‌دژی ئه‌وان و ئه‌وانیش له‌دژی مالیكی، له‌م نێوه‌نده‌دا ته‌نها كورد شه‌ڕی له دژی مالیكی و حكومه‌ته‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو ئه‌وە كوردیشه مافی خاك (ناوچه دابڕاوه‌كان)ی له‌لای مالیكیه. بەڵام ئه‌وه كورده پیاده له سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌ده‌كات و ناتوانێت سود له‌و وه‌زعه‌ی ئێستای عێراق وه‌ربگرێت، هه‌مو كێشه‌كانیشی ته‌نها له كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و هه‌ندێ ده‌سكه‌وتی پۆست و پاره‌دا كورت كردۆته‌وه.
ده‌نا كورد ئێستا ده‌توانێت بهسهربازهوه بچێته‌وه بۆ ناوچه كوردییه دابڕاوه‌كان و خۆی له‌و شوێنانه جێگیر بكاته‌وه، سیاسه‌تی ئه‌مری واقیع پیاده بكات. |
|
|