(سبه‌ی):
له شه‌ڕوپێکدادانه‌کانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) شاری سلێمانی دا ده‌یان که‌س برینداربون.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی سه‌رای ئازادی، له فولکه‌ی ئاسکه‌کان و مزگه‌وتی گه‌وره‌و نزیک قائیمقامیه‌تی سلێمانی پێکدادان له‌نێوان ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ر و هێزه ئه‌منییه‌کاندا رویدا‌و ماوه‌ی زیاتر له 2 سه‌عاتی خایاند.
په‌یامنێرمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، که هێزێکی زۆری پێشمه‌رگه‌و ئه‌منی بڵاوکرابونهوهو بۆ بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌رانیش ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا کرد.
له سه‌عات (05:00)ی ئێواره به‌دواوه هێزێکی زۆر‌و سه‌دان چه‌کدار له سه‌رای ئازادی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری بڵاوکراونهوهو به‌وته‌ی چه‌ند شایه‌تحاڵێکیش، داوایان له ژماره‌یه‌ک له دوکانداره‌کانی ده‌وروبه‌ری سه‌رای ئازادی کردوه دوکانه‌کانیان دابخه‌ن و ناوچه‌که بهجێبهێڵن.
هاوکات د.هاوار حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتنی سلێمانی له‌لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی) وتی: 42 بریندار گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌که‌مان، که سه‌رجه‌میان به به‌رد و لێدان برینداربون و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نییه.
ئه‌وه‌شی وت: "هیچ بریندارێکی گوله نییه‌و له‌نێو برینداره‌کانیشدا، رۆژنامه‌نوسێک و دو هاوڵاتی و 39کهسله پۆلیسی چالاکییه مه‌ده‌نییه‌کان و هێزه ئه‌منییه‌کان هه‌یه".
له هه‌مان کاتدا ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ریش به‌هۆی لێدان و به‌کارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ریان، برینداربون و له‌ترسی گرتن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه، نه‌چونه‌ته نه‌خۆشخانه.
چه‌ند شایه‌تحاڵێکیش ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا، که ئۆتۆمبێله ئاوپرژێنهکانی پۆلیسی چالاکییه مه‌ده‌نییه‌کان ره‌نگیان تێکراوه‌و به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌کارهێنراون، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و ره‌نگه خۆپیشانده‌ران بناسرێنه‌وه‌و دواتر ده‌ستگیر بکرێن.