داعش و ساڵی نوێ
|
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
نه‌ك هه‌ر له مه‌خمور، بگره له جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌و له‌ملاشه‌وه له سنوری زنجیره چیای حه‌مرین، بۆنی داعش و هه‌ڕه‌شه‌كانی دێت، ئه‌و بۆنه مژده‌ی ساڵێكی باش ناده‌ن نه‌به‌كورد نه‌به‌كه‌سی تر، ئه‌وان به‌ئاره‌زوی خۆیان له ناوچه‌كه ته‌راتێن ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكا شاره زه‌رده‌واڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌م ناوچه‌یه وروژاند‌و خۆی تێیته‌قاند، ئێستا له به‌شێكی زۆری موسڵ، چه‌ندین ناوچه‌ی كه‌ركوك، زۆربه‌ی ناوچه‌كانی پارێزگای دیاله حوكمی شه‌و داعش ده‌یكات و بۆ خۆی به ئاره‌زوی خۆی سه‌رانه ده‌سه‌نێت، من ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و پارێزگایانه وه‌ستام كه نه‌ك هه‌ر هاوسنورن له‌گه‌ڵ هه‌رێم، بگره به‌شێكی زۆر له خاكی كوردستان پێك دێنن، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی كه‌ركوك وه‌ك پارێزگایه‌كی سه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی ماده‌ی 140وه كه ئێستا لای سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بیر‌و باسی نه‌ماوه.
داعش له سوریا تاڕاده‌یه‌كی زۆر شكستی هێنا ئه‌گه‌رچی ئاكپارتی له توركیاوه ده‌رگاكانی بۆ خستنه‌سه‌ر گازی پشت، بۆئه‌وه‌ی په‌لاماری كوردانی رۆژئاوا بده‌ن، به‌ڵام له ئه‌نبارو فه‌لوجه‌و ناوچه گه‌رمه‌كانی سونه، ئه‌وان له‌وپه‌ڕی به هێزیدان و به‌شێكی زۆری گه‌وره به‌رپرسانی سونه‌ش له پشتیانن، بۆیه ئێستا ده‌یانه‌وێت شه‌ڕبگوازنه‌وه بۆ سنورێكی فراوانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانیه، پێده‌چێت هه‌رێمی كوردستانیش نه‌ك ئه‌و پرسه‌ی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه ته‌نانه‌ت له رابردوشدا چاوپۆشیشی لێكردون، به‌تایبه‌ت له په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ رۆژئاوای كوردستان، جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی سنوری مه‌خموریش كه به كوشتن و سوتاندنی چه‌ندین خان‌و ده‌ستی پێكرد، ئه‌ویش وه‌ك پێویست پلانی به‌گژداچونه‌وه‌ی بۆ دانه‌نراوه، له كاتێكا داعش به‌رنامه‌و سیاسه‌تی خۆیان هه‌یه‌و دۆستی كه‌س نین، ساڵی 2014 ساڵی په‌لاماره تیرۆریستیه‌كانی داعش ده‌بێت ئه‌گه‌ر له ئێستاوه به‌ریان پێنه‌گیرێت، به بڕوای من توركیا‌و ئاكپارتی رۆڵێكی خه‌راپیان گێڕا له كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكان به‌ڕوی داعشدا تا بگه‌نه سوریا‌و له‌وێشه‌وه سنورێكی فراوانیان بكه‌وێته ده‌ست و ئازادانه له‌نێوان عێراق و سوریادا ته‌راتێن بكه‌ن، ره‌نگه توركیا و ئاكپارتی ئه‌مه‌یان به‌و نیازه كردبێت كه مالیكی پێ په‌لكێش بكه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیش بۆ سه‌ر پاوانگه‌ری ئێرانی له‌سه‌ر عێراق دروستبكه‌ن، له‌كاتێكا ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه بۆ داعش و قاعیده لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌و ره‌نگه دواجار زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی توركیا بێت، هه‌رنا له‌به‌رئه‌وه‌ی قاعیده بگاته هه‌ر شوێنێك گه‌را داده‌نێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌وه‌دا كه‌مته‌رخه‌میان نواندبێت كه پێشتر بنكه‌كانی تیرۆریان، به سه‌لامه‌تی هێشتوه‌ته‌وه، ئه‌وه توركیا له رێگه‌ی فراوانكردنی ئه‌و بنكانه‌وه، چاڵ بۆ خۆی لێده‌دات، چونكه قاعیده‌و داعش هاوپه‌یمانه‌تی و رێكه‌وتن نازانن و كار له‌سه‌ر به‌دیهێنانی پڕۆژه گه‌وره‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.
كورد چی بكات؟
ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام، ئه‌گه‌ر دوژمنه ئاشكراكانی ئه‌مه‌ریكاو ئێران و مالیكی و عه‌لمانیه‌كان بن وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن و ئه‌م بۆچونه كه‌مترین راستی تیایه، ئه‌وه خۆیان به دوژمنی سه‌رسه‌ختی كورد ده‌زانن و لایان وایه كورد ده‌بێته هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خاكی عه‌ره‌بی، كه‌خۆی له بنه‌ڕه‌تا خاكی عه‌ره‌بی خاكێكی په‌رت و پارچه پارچه‌یه، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی له‌ناو كوردیشا دۆخه‌كه تاڕاده‌یه‌ك ئه‌گه‌رچی كه‌میش بێت له‌باره بۆ دزه‌كردنی قاعیده بۆ نێو ماڵی كورده‌واری، جا له‌به‌ر ئه‌مه پێویسته كورد جگه له پاراستنی سنوره‌كانی، هۆشیاریه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هه‌روه‌ها مرۆیی له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌و یه‌كتر قه‌بوڵكردن و پێكه‌وه هه‌ڵكردن په‌ره‌پێبدات، بۆئه‌وه‌ی به‌ر به گه‌شه‌كردن و دزه كردنیان بگیرێت، هه‌روه‌ها بۆ هه‌مان مه‌به‌ست پێویسته یه‌كێتی زانایان و مامۆستایانی ئاینی و حیزبه ئیسلامیه‌كان، رۆڵێكی باش له‌وه‌دا بگێڕن كه جیهاد چیه‌و چۆنه‌و ده‌بێت بۆچی بكرێت، لانی كه‌م خه‌باتی رزگاری نیشتمانی كه كورد هێشتا له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و خه‌باته‌دایه بۆ خۆی جیهاده، كورد پێویسته خۆی بۆ هه‌مو ئه‌گه‌رێك ئاماده بكات و هێڵه‌كانی پاراستنی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك و پاراستنی ناوچه دابڕێنراوه‌كان له‌لایه‌كی دیكه تۆكمه بكات و بیانپارێزێ.
قاعیده‌و داعش بڕوایان به ئازادی كوردان نیه:
قاعیده وه‌ك رێكخراوێكی ئینته‌رناسیونالی توندڕه‌و بڕوای به ده‌وڵه‌تی قه‌ومی نیه جگه له ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، ئه‌و به‌به‌رنامه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات هه‌مو موسڵمانانی دنیا بخاته ژێر ركێفی عه‌ره‌ب و خزمه‌تی عه‌ره‌بیان پێبكات لانی كه‌م له عێراق و شام، له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌وان به هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نین كورد بچوكترین مافیان ده‌ستكه‌وێ، هه‌مو ئه‌و كوردانه‌ش كه ده‌چنه ریزه‌كانیانه‌وه، له كورد بون و كورده‌واری داده‌شۆرێن، به‌لای داعشه‌وه له سوریا نه سوپای ئازاد دوژمنی نمره یه‌كن نه‌ئه‌سه‌د نه كه‌سی دیكه جگه له په‌یه‌ده‌و كورد بۆیه زۆرترین فشاریان بۆ سه‌ر په‌یه‌ده‌و كورده، بۆ عێراقیش هه‌رواده‌بن به به‌رنامه‌ش ئه‌و ئه‌ده‌بیاته بڵاوده‌كه‌نه‌وه و كار له‌سه‌رئه‌وه ده‌كه‌ن كه كورد هه‌رگیز نه‌بێت به خاوه‌نی هیچ، ره‌نگه له‌مه‌دا داعش و توركیا "ئاكپارتی" خاڵی هاوبه‌ش و كۆكه‌ره‌وه‌یان هه‌بێت، بۆیه زۆر پێویسته كورد به وردی له‌مه تێبگات و ریزه‌كانی خۆی پته‌وبكات.
ناوه دابڕاوه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی زۆریان له‌سه‌ره:
داعش كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ته‌عریبی ناوچه دابڕێنراوه‌كان بكاته‌وه، به‌ر له دروستبونی رێكخستنی داعش، به‌عسیه‌كان و قاعیده‌و هاوپه‌یمانه‌كانیان له سه‌عدیه‌و جه‌له‌ولاو حه‌ویجه‌و شوێنه‌كانی تر به‌ربونه وێزه‌ی كورد‌و خه‌ڵكێكی زۆریان شوێنبه‌ده‌رو كوشت و بڕكرد، ته‌نانه‌ت له‌ناو قه‌زای حه‌ویجه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندنا زیاتر له هه‌زار ماڵی كوردیان ده‌ركردو ده‌یان كه‌سیان كوشت، له جه‌له‌ولاو سه‌عدیه زه‌رگوشیه‌كانیان كوشتوبڕ كرد، له ناوچه كوردیه‌كانی موسڵ به هه‌مان شێوه، ئێستاش به ئاشكرا له ناوچه و ده‌شتاییه‌كانی مه‌خمور و هه‌ڵه‌ته‌كانی حه‌مرین دێن و ده‌چن، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده بێباكن به نوێژی نیوه‌ڕۆ له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری حه‌ویجه به ئۆتۆمبێلی زۆر‌و چه‌ك و چۆڵه‌وه ده‌گه‌ڕێن و باج و سه‌رانه ده‌سه‌نن، دیاره هه‌ركاتێكیش بیانه‌وێ ده‌توانن ئه‌و قه‌زاو ناحیانه كۆنترۆڵ بكه‌ن.
ئێستا نزیكه‌ی سێ هه‌زار چه‌كداری قاعیده‌و داعش له نزیكی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه دابڕێنراوه‌كانن، ئه‌م ژماره‌یه رۆژ به رۆژ زیاد ده‌كات جگه‌له‌وه‌ی دو ئه‌و ژماره‌یه له سنوری ئه‌نبار، به‌قه‌د ئه‌و ژماره‌یه زیاتریش له سنوری تكریت، ژماره‌یه‌كی زۆرتریش له ناوچه‌كانی موسڵ هه‌ن، كه‌واته ده‌بێ دان به‌و راستیه‌دا بنه‌ین كه سوپایه‌كی شه‌ڕكه‌ر و چاو قایم لێمانه‌وه نزیكن، نه‌به‌زه‌یی ده‌ناسن نه‌بڕوایان به‌لێبوردن هه‌یه.
|
|
|