له عه‌ره‌بیه‌وه: عه‌بدول محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
نزیكه‌ی 420 هه‌زار سه‌رباز له‌لایه‌ن بازنه‌كانی دڵسۆزیه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن... بودجه‌كه‌ی له40%ی بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت پێكده‌هێنێت
له كاتێكدا كه خۆپیشانده‌ره میسریه‌كان له‌كاتی به‌رپابونی شۆڕشی میسردا له گۆڕه‌پانی ته‌حریری ناوه‌ڕاستی قاهیره بون له‌دژی حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكیان، ده‌ستله‌ملانی سوپای وڵاته‌كه‌یان ده‌بونو گوڵیان پێشكه‌ش ده‌كردن و برنجیان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌دان، سوریه‌كان به جۆشوخرۆشێكی زۆره‌وه له‌و دیمه‌نانه‌یان ده‌ڕوانی، له هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی وێنه‌یه‌كی هاوشێوه له‌كاتێكدا گه‌ر شۆڕش له وڵاته‌كه‌یاندا به‌رپابو.
به‌ڵام سوپای سوریا كاتێك هێزه‌كانیان به تانك‌و زریپۆشهكانیانهوه رویان لهشاروگوندهكانی سوریا كرد، وێنه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازیان له گۆڕه‌پانی ته‌حریر پێشكه‌ش كرد، كاتێك خۆپیشانده‌ران هوتافی، (سوپا‌و گه‌ل یه‌ك ده‌ست)یان ده‌گوته‌وه.
له‌سوریا، سه‌ربازه‌كانی وێنه‌یان له‌سه‌ر لاشه‌كان دهگرتو نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنیان له‌سه‌ریان به‌رزده‌كرده‌وه، هه‌ندێكی تریان به پێوه لاشه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كانیان پاندهكردهوهو مامه‌ڵه‌ی زۆر دڕندانه‌و دور له مرۆڤانه‌یان له‌دژ په‌یڕه‌و ده‌كرن.
له‌سه‌ره‌تاوه ئۆپۆزسیۆن هه‌وڵیدا له‌میانه‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ رژێمدا سوپا بێلایه‌ن بێت‌و سه‌رجه‌م تاوان و پێشێلكاریه‌كانی مافی مرۆڤ ببه‌ستێته‌وه به كۆڵی ئه‌ندامه‌كانی هێزه ئه‌منیه‌كان‌و شهبیحهوه، به‌و هیوایه‌ی ببێته پشتیوانیه‌ك بۆ هه‌ڵوێستی سوپا، له هاوشێوه‌ی هه‌ڵوێستی سوپای تونس‌و میسر.
به‌ڵام رژێمی سوریا توانی سه‌ركه‌وێت به تێكه‌ڵكردنی سوپا به‌و جه‌نگه‌ی كه له‌دژی خۆپیشاندهرانو هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ئاشتیخواز له‌و وڵاته‌دا، كه داوای سه‌ربه‌خۆی‌و دیموكراسی ده‌كه‌ن بۆ له‌سه‌ركارلابردنی به‌شار ئه‌سه‌د له وڵاته‌كه‌یان، ئه‌سه‌د سوپای هێنایه سه‌ر شهقامو روبه‌ڕوی خۆپیشانده‌ره توڕه‌كان،كه پێشتر گوێیی ئه‌ندامه‌كانی پڕكراوه به لێكدانه‌وه‌و ریوایه‌ته‌كانی وه‌ك چه‌كداره یاخیبوهكانو سهلهفیو ده‌ستی دهرهكیو كوده‌تاچیه‌كان به‌سه‌ر سوریاوه، دیاره له‌به‌رامبه‌ردا خۆپیشانده‌ران خۆیان ده‌بینیه‌وه له‌ڕیزی كوژراو برینداره‌كاندا، كه‌به ته‌قه‌و ده‌ستڕێژی سوپای وڵاته‌كه‌یان كه هه‌مویان سوێند درابون به پارێزگاری كردن له نیشتیمان، نه‌ك كوشتنی هاوڵاتیانی خۆیان.
راگه‌یاندنی ره‌سمی له‌سه‌ره‌تای شۆڕشه‌كه‌ی سوریا ئه‌و سینایۆریه دوپاتبكاتهوه كه ئه‌ندامانی سوپا له‌سه‌رده‌ستی چه‌كداره یاخیبوهكانو گروپه سهلفیهكاندا روبه‌ڕوی كوشتن‌و سهربڕینو شێواندنی لاشه‌كانیان ده‌بنه‌وه.
بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش ته‌له‌فزیۆنی سوریا مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی سه‌ربازه كوژراوه‌كانی كه له ئاڵای سوریایان تێوه پێچرابو نمایش دهكردو به‌ڵێنی سه‌ركردایه‌تی وڵاته‌كه‌ی بۆ دوپاتدهكرنهوه، به‌ڵام لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریا جه‌ختیانده‌كرده‌وه كه ئه‌و سه‌ربازانه له‌سه‌رده‌ستی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و چه‌كداره‌كانی شه‌بیحه كوژراون، نه‌ك گورپه چه‌كداره دروستكراوه‌كان، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانی سه‌روی خۆیان ره‌تكردۆته‌وه كه ته‌قه له خۆپیشانده‌رانی بێچهكو ئاشتیخواز بكه‌ن.
له‌مڕۆدا بودجه‌ی سوپای سوریا له40%ی بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆخۆی ده‌بات، دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی هه‌شتاكاندا ئه‌و رێژه‌یه له80% بوه، دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ناو ریزی هێزهچهكدارهكانی سوریادا بڵاوبۆته‌وه، به تایبه‌ت له ریزی ئهفسهرهكانیدا، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ندێ لهئهفسهرهكان كه له ساڵی هه‌شتاكاندا پۆستی هه‌ستاریان به‌ده‌سته‌وه بوه، ئێستا بونه‌ته خاوه‌نی پرۆژه‌ی وهبهرهێنانو ئابوری گه‌وره، له‌وانه شه‌فیق فه‌یاز كه پرۆژه‌كانی له ته‌واوی گونده‌كانی سوریا بڵاوبۆته‌وه.
بیرۆكه‌ی سوپای سوریا به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه پسپۆڕییه‌كان له‌سه‌ر كاروباری سه‌ربازی سوریا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1946ی مێژوی سه‌ربه‌خۆی سوریا، كاتێك ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌گری وده‌سته‌ی باڵای سوپای سوریا له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی فه‌ره‌نساوه پێكهێنرا، له‌و كاته‌دا هه‌ندێك چه‌ك له فه‌ره‌نسا كڕدران و سوپای سوریا به 12 هه‌زار سه‌رباز پێكهێنرا، كه‌له یه‌ك لیوا دو كه‌تیبه‌ی پیاده‌و زریپۆش پێكهاتبو.
ئه‌و لیوایه به‌شداریكرد له جه‌نگی 1948و روبه‌ڕوی زیانێكی زۆر بۆیه‌وه، ئه‌و سوپایه دوباره گه‌ڕایه‌وه بۆ جه‌نگی 1967، به‌ڵام دوای به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌له‌لایه‌ن حافز ئه‌سه‌دو وه‌زیری به‌رگریه‌وه ده‌ركرابو، پاشه‌كشه‌ی كرد له‌سه‌رجه‌م به‌ره‌كانی شه‌ڕ.
هه‌رله‌و ساڵه‌دا ژماره‌ی هێزه‌كانی سوپای سوریا زیادیكردبو بۆ 70 هه‌زار كهسو بوه خاوه‌نی 550 تانك‌و 300 تۆپی قورس كه‌به‌سه‌ر 16 لیواو 12 كهتیبهدا دابهشكرابو.
ئه‌سه‌دی باوك له‌دوای جه‌نگی 67 سوپایه‌كی لاوازی وه‌رگرت، بۆیه له‌دوای گه‌یشتنی به‌و دامه‌زراوه سه‌ربازیه كاریكرد له‌سه‌ر دوباره رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه به‌شێوه‌یه‌ك كه مانه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا مسۆگه‌ر بكات، دیاره ئه‌وه‌ش به پشتیوانی سیستمی سۆسیالیستی ئه‌وكاته.
سوپای سوریا له سێ فه‌یله‌ق پێكهاتوه كه ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی ده‌گاته 420 هه‌زار كه‌س، گه‌وره‌ترینیان فه‌یله‌قی یه‌كه كه‌به فه‌یله‌قی دیمه‌شق ناسراوه‌و، ئه‌ركی پاراستن‌و پارێزگاری كردنه له پارێزگای دیمه‌شق تا به‌رزاییه‌كانی جۆلان‌و درعا، ئه‌و هێزه‌ش بۆخۆی له فریقه‌ی زرپۆشی یه‌ك كه (لیوای ته‌كنیكی 21و هه‌ردو لیوای زریپۆشی 51و81 پێك دێت)، فریقه‌ی زریپۆشی سێیه‌م له(لیوای ته‌كنیكی 8و 62و دو لیوای تر پێك دێت)فریقه‌ی زریپۆشی نۆیه‌م له( لیوای زریپۆشی 67و،91لیوای ته‌كنیكی 85 ) پێك دێت، هه‌رئه‌و فریقهیهش بو كه به‌شداریكرد له جه‌نگی كه‌نداوی 1991.
هه‌رله چوارچێوه‌ی ئه‌و فهیلهقهدا فیرقه‌ی زریپۆشی 4و فریقه‌ی زریپۆشی 73 كه به‌شداریكردوه له جه‌نگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1973دا، فریقه‌ی ته‌كنیكی 7، لقی بروسكه كه له 4 فه‌وج پێك دێت كه هێزهتایبهتهكانو هێزی په‌ره‌شوت له‌خۆده‌گرێت.
فه‌یله‌قی دوی سوپای سوریا له ناوچه‌ی زه‌بدانی جێگیركراوه، ئه‌و فه‌یله‌قه ناوچه‌كانی باكوری دیمه‌شق تاسنوری شاری حمیسو لوبنان له‌خۆ ده‌گرێت، فه‌یله‌قی 2 له 10 فریقه‌ی تهكنیكیو 7 فه‌وجی سه‌ربه‌خۆ له‌یه‌كه تایبهتهكانو هێزی په‌ره‌شوت پێك دێت.
به‌ڵام فه‌یله‌قی 3 كه‌به فه‌یله‌قی باكور ناسراوه، سهكردایهتیهكهی له شاری حه‌له‌به، كه ناوچه‌ی حه‌ما تاسنوری سوریا-توركیا، سوریا-عێراق تا كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌و فه‌یله‌قه به‌رپرسه له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشی كیمیاوی‌و بایۆلۆجی و دورستكردنی موشه‌ك، په‌یوه‌ندی هه‌یه له‌گه‌ڵ پرۆسه سه‌ربازیه ده‌ریاییه‌كان، فریقه‌ی 5ی زریپۆشه‌كان كه له رۆژی ره‌شی ئه‌یلولی ساڵی 70دا چوه ناو خاكی ئوردنه‌وه، كه‌له فریقهكانی زرپۆشی 6و 8 و 11 پێك دێت.
4 لیوای پیاده‌ی سه‌ربه‌خۆ و 10 كه‌تیبه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌سوپای سوریادا هه‌یه، جگه له 2 لیوای تۆپی دورهاوێژو 2 لیوای دژه زریپۆش‌و 3 لیوای موشه‌كی زه‌مین به زهمینو 3 لیوای موشه‌كی دژه ئاسمانی.
به ته‌نها شاری دیمه‌شق فریقه‌ی زریپۆشی4 (كه به سریه‌كانی به‌رگری ناسراون)و فریقه‌ی زریپۆشه‌كانی گاردی كۆماری دهیپارێزیو بۆیی داینكراوه.
هێزی ئاسمانی پێكدێت له فڕۆكه‌و موشه‌كی دژه ئاسمانی، سوریا خاوه‌نی فڕۆكه‌ی جهنگیو ستونیو روبهڕوبونهوهشه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای هێزی ده‌ریایی كه سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی له شاری لازقیهیهو له‌سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی لازیقیهو به‌یزاو تهرهتوس بانیاس كارده‌كات، كه‌له 10 هه‌زار چه‌كدار پێكدێن‌و خاوه‌ندی 2 ژێر دهریاییو دو كه‌شتی دژه ژێرده‌ریاییو 4 كه‌شتی مین چاندنی دهریاییو 3 گوێزه‌ره‌وه‌ی دهریاییو وشكانی‌و 25 كه‌شتی ده‌ریایی سه‌ربازیه به چه‌ندین قه‌باره‌ی جیاواز.
سوپا روی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه له‌سه‌رجه‌م كوده‌تا سهربازیهكاتدا كه له سوریا روده‌ده‌ن، ناسنامه‌ی ئایدیۆلۆجی سوپا له ساڵی 1963و له‌دوای كوده‌تای پارتی بهعسو گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات یه‌كلابۆته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر ئه‌فسه‌رێك كه‌سه‌ربه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی بێت ده‌بێت ئه‌ندام بێت له‌پارتی به‌عسداو باوه‌ڕی به‌بنه‌ماكانی هه‌بێت.
یه‌كێك له توێژه‌ره‌وه‌كانی بواری سه‌ربازی سوریا بۆ شه‌رقلئه‌وسه‌تی ده‌گێڕێته‌وه كه كوده‌تای به‌عسیه‌كان‌و گه‌یشتنی ئه‌فسه‌ره وهحدهویو عوروبهییهكان به ده‌سه‌ڵات، بوه هۆی دزه‌كردنی ژماره‌ك له ئه‌فسه‌ره‌كانی تایفه‌ی عه‌له‌وی بۆناو ریزه‌كانی سوپا، له‌دوای كوده‌تای ئه‌فسه‌ره وهحدهویه ناسریه‌كان كه به سه‌رۆكایه‌تی جاسم عه‌لوان بهپاكراو لوئه‌ی ئهتاسیان له ساڵی 1963 له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هێنایه خواره‌وه، راسته‌وخۆ محه‌مه‌د عیمران بوه سه‌رۆكی لقی رێكخستنی به‌ڕێوه‌بردنی گشتی، سه‌لاح جه‌دید سه‌رۆكی رێكخستنی سه‌ربازی و حافز ئه‌سه‌د فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی، پاشان ئه‌مانه هه‌ستان به هێنانی ئه‌مین حافز وه‌ك دوا ئه‌فسه‌ری سونه مه‌زهه‌ب له حه‌له‌به‌وه بۆ پێسپاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش وه‌ك رویهك بۆ جێبه‌جێكردنی پلان‌و نه‌خشه‌كان كه دواتر رونده‌بنه‌وه.
توێژه‌ره‌كه ده‌ڵێت: له ساڵی 1965دا حافز ئه‌سه‌د توانی شكست بهێنێت به هه‌وڵێكی سه‌میر حاتوم كه فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی موغاویر بو، بۆ كوده‌تایه‌ك به‌سه‌ر دهسهڵاتو كۆنترۆڵكردنی سوریا، ئه‌سه‌د وه‌ك پاڵه‌وانێكی وڵات پارێز نمایشكرا، ئه‌وكات به‌هۆیه‌وه توانی بگاته پۆستی وه‌زیری به‌رگری، لهوكاتهوهو به هاوكاری سه‌لاح جه‌دید ده‌ستیكرد به كۆكردنه‌وه‌و به‌هێزی بازنه‌كانی ده‌وری خۆی‌و ده‌ستیكرد به پاكسازیكردنی حیزب له نانیشتیمانیهكان.
به‌ڵام كاتێك حافز ئه‌سه‌د له ساڵی 1968دا هه‌ستا بهلهوناوبردنی ئه‌فسه‌ر عه‌بدولكه‌ریم جوندی به‌رپرسی ئاسایشی نهتهوهییو كه به‌دوا ئه‌فسه‌ری ئیسماعیلیهكانی ناو سوپا داده‌نرا، سه‌لاح جهدیدو محه‌مه‌د عیمران هه‌ستیان به مه‌ترسه‌كانی ئه‌سه‌دو حه‌زه تایبه‌تیه‌كانیان كرد كه تاكڕه‌وانه ده‌ستی به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه گرتوه، بۆیه داوای به‌ستنی كۆنگره‌كی نوێی حیزبی به‌عسیان كرد بۆ دانانی سنورێك بۆ حه‌زو خواسته‌كانی ئه‌سه‌د.
له‌وكاته‌دا ئه‌سه‌د داوای له ریفعه‌تی برای ده‌كرد بۆ پێكهێنانی هێزی ده‌ستوه‌شێن (قوة ضاربة) له‌ناو سوپادا، كه‌به‌زۆری له دیمهشقو فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌زه جێگیر كرابونو سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی زۆر به وریایی لێزانانه‌وه له تایه‌فه‌یه‌ی عه‌له‌ویه‌كان ههڵدهبژێردیران.
پێكاته‌ی سوپای سوریا وا پێویست بو كههاوتهبا بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ش وایكرد پاڵ به ئه‌سه‌ده‌وه بنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌رجه‌م فیرقه‌كانی سوپا، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌لاح جهدیدو محه‌مه‌د عیمران له حیزبداو له‌گه‌ڵ یه‌كه تایبه‌ته‌كانی وه‌ك بروسهكهو حه‌ره‌س قه‌ومیه‌كان بمێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌سه‌د ململانێكه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلاكرده‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك به‌ناچاری كۆنگره‌ی حیزبی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، كه كۆتاییه‌كه‌ی به كوده‌تایه‌ك بو كه سه‌لاح جهدیدو سه‌رجه‌م سه‌ركرده ركهبهركانی ده‌ستگیر كرد، له رادیۆوه بڵاویكرده‌وه كه ئه‌مانه خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌یه‌كی راستڕه‌و فێڵكارن، بۆیه به‌پێی ده‌ستور ئه‌سه‌دی باوك بوه سه‌رۆكی وڵات.
توێژه‌ره‌وه‌یه‌كی سوریا كه 5 ساڵ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌سه‌د ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست وڵاتی جێهێشتن باس له‌وه ده‌كات له‌دوای گه‌یشتنی ئه‌سه‌د به‌ده‌سه‌ڵات، خۆی بوه سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری بهرگریو فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی‌و مسته‌فا تڵاس بوه سه‌رۆك ئهركانو ناجی جه‌میل بوه جێگری سه‌رۆكی هێزی ئاسمانی.
له‌وكاته‌دا یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كاری بۆ چه‌كداركردنی سوپای سوریا ده‌كرد به چه‌كی نوێ‌و پێشكه‌وتو، ئه‌سه‌د ده‌ستیكرد به پێكهێنانی یه‌كه‌ی تایبه‌تی سوپای سه‌ربه‌خۆی و ناوی یه‌كه تایبه‌ته‌كانی لێنراو سه‌رجه‌م فه‌رمانده‌كانی له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی سه‌ربه‌خۆی بون.
توێژه‌ره‌وه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت له گێڕانه‌وه‌كانی ده‌رباره‌ی گۆڕانكاریه‌كانی سوپای سوریا‌و ده‌ڵێت: دوای جه‌نگی 1973 كه ئه‌سه‌د له‌دژی ئیسرائیل ئه‌نجامیدا، توانی سودو پشتیوانیه‌كی مادی له ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو به‌ده‌ست بهێنێت، له‌وكاته‌دا ده‌ستبه‌رداری پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری بو بۆ مسته‌فا تڵاسو فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی سپارد به لیوا ناجی جه‌میل، پاشان پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری ئاسمانی پێكهێناو سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی سپارد به رائید محه‌مه‌د خولی.
لێره‌دا توێژه‌ره سوریه‌كه باس له ناجی جه‌میل ده‌كات كه‌له تایه‌فی سونه مهزههبوهو له‌به‌رامبه‌ریدا محه‌مه‌د خولی داناوه بۆئه‌وه‌ی سنورێك بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی جه‌میل دابنێت‌و له‌ژێر كۆنترۆڵیدا بێت، له‌م ساتانه‌دا ههژمونو ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ده‌سپێده‌كات به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی سوپا‌و دامه‌رزاندنی هه‌واڵگریی ئاسمانی‌و پۆلیسی سهربازیو چه‌ندین ده‌زگای تر كه‌به هێزه چه‌كداره‌كان ناسراوه، سوپا‌و سه‌رجه‌م ده‌زگا ئه‌منیه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت.
پاشان له ساڵی 1975 ریفعه‌ت ئه‌سه‌د وه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمایه‌تی حیزبی به‌عس هه‌ڵبژێردرا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كانی حافز ئه‌سه‌د كه متمانه‌و پشتی ته‌واوی به خێزانهكهیو تایه‌فه‌كه‌ی ده‌به‌ست.
روداوه‌كانی ئیخوان موسلمین هاتنه پێشه‌وه له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا به‌مه‌به‌ستی جێگری كردنی هاوكێشه‌یه‌كی نوێ له‌سوپای عه‌ره‌بی سوریدا ریفعه‌ت ئه‌سه‌د بوه فه‌رمانده‌ی سریه‌كانی به‌رگری، عه‌لی حه‌یده‌ر كرایه فه‌رمانده‌ی یه‌كه تایبه‌ته‌كان، شه‌فیق فه‌یاز بوه فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی سه‌ربازی سێیه‌م، ئیبراهیم سافی بوه فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی پێنجه‌م، بۆ چه‌سپاندنی بیرۆكه‌ی نه‌هێشتنی ته‌نها یه‌ك ئه‌فسه‌ری سونه مه‌زهه‌ب كه‌له سوپادا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، كێشه‌ی ئیخوانهكانیش به جێبه‌جێكردنی قه‌تڵوعامی ترسانكی شاری حه‌ما كۆتایی هات.
بارودۆخه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ئارام بۆیه‌وه، تا له ساڵی 1983دا به‌هۆی دوچاری بونی ئه‌سه‌د به جه‌ڵته‌یه‌كی مێشك بارودۆخه‌كه گڕی گرته‌وه، به‌وهۆیه‌وه ئه‌سه‌د بێهۆش مایه‌وه، ئه‌و روداوه خواستی لای ریفعه‌تی برای به‌هێزكرد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رۆكی سریه‌كانی به‌رگری تا ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست.
لێره‌دا ململانێیه‌ك له‌نێوان ریفعه‌ت ئه‌سه‌د لهلایهكو گه‌وره ئه‌فسه‌ره عه‌له‌ویه ده‌ستڕۆیشتوه‌كانی ناو سوپا ده‌ستیپێكرد، كه بریتی بون له عه‌لی دوباو ئیبراهیم سافی و شه‌فیق فهیازو عه‌لی حه‌یده‌ر، ململانێ‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی سارد له‌نێوان هه‌ردولادا ده‌ستیپێكرد كه تا 15 رۆژی خایاند، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی دروستكرد كه روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی بێنێته ئاراوه گه‌ر حافز ئه‌سه‌د به‌ئاگا نه‌هاتایه‌ته‌وه.
ئه‌و روداوانه وایانكرد ریفعه‌ت ئه‌سه‌د له هاوكێشه‌ی دهسهڵاتو سوپا بهێنرێته ده‌ره‌وه‌و حافز ئه‌سه‌د ده‌ستیكرد به پێكه‌وه‌نانی هێزی گاردی كۆماری‌و فیرقه‌ی 4ی له پاشماوه‌كانی سریه‌كانی به‌رگری بۆ ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی خۆی له ساڵانی داهاتودا جێگیر‌و دڵنیابكاته‌وه، كه دیاره تا مردنی‌و جێگریكردنی به‌شاری كوڕی به‌رده‌وام بو.
بنیات نانی سوپا عه‌ره‌بی سوری له‌سه‌رده‌ستی ئه‌سه‌دی باوك له‌سه‌ر ئه‌و شێواز‌و پێكهاته‌یه، كه چه‌ندین وێستگه‌ی مێژوی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنایه پێشه‌وه، به هه‌مان ئاراسته به‌رده‌وام بو له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه كه ئێستا ئه‌سه‌دی كوڕ درێژه‌پێده‌ریه‌تی، بۆیه ئه‌سته‌مه بتوانرێت چاوه‌ڕوانی رۆڵێكی ئیجابی له‌و سوپایه بكه‌یت له شۆڕشی گه‌لی سوریادا كه له‌دژی به‌شار ئه‌سه‌دو رژێمی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌رپابوه.
بۆیه ئه‌سه‌د پشت به تایه‌فه‌كه‌ی خۆی ده‌به‌ستێت بۆ به‌رده‌وام بون له روبه‌ڕوبونه‌وه، به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه سه‌ربازیه‌كان عه‌له‌ویه‌كان رێژه‌ی له 99%ی سه‌ركردایه‌تی باڵای سوپای سوریا پێك ده‌هێنن، كه له 90%ی ئهفسهرهكانو 70%ی ئه‌فسه‌ره پله نزمه‌كان پێك ده‌هێنن، ئه‌وه‌ی كه ده‌مێنێته‌وه به‌سه‌ر باقی تایه‌فه‌كانی تردا دابه‌ش ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌زۆربه‌ی سه‌ربازه‌كان له تایه‌فه‌ی سونه مهزهههبهكان پێك دێن.
به‌گوته‌ی ئه‌و چالاكوانانه‌ی ناوخۆی سوریا ناتوانرێت پشت به جیابونه‌وه‌ی ناو ریزه‌كانی سوپا ببه‌سترێت، چونكه تائێستا هیچ ئه‌فسه‌رێكی پله باڵا نیه كه‌له سوپا جیابونه‌وه‌ی خۆی راگهیاندبێو خاوه‌نی چهكو جبه‌خانه‌ی به‌رده‌ست بێت (تاكه ئه‌فسه‌ری جیابۆوه حسین ههرموشه كه پله‌ی موقه‌ده‌می هه‌یه‌و رژێمی سوریا توانی له‌ڕێگه‌ی سهوداونامهی تایبهتو دیاریكراوه‌وه ده‌ستگیری بكات).
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه زیاتر له 10 هه‌زار سه‌ربازی سوریا جیابونه‌وه‌ی خۆی له سوپای سوریا راگه‌یاندوه‌و چونكه ره‌تیانكردۆته‌وه كه ته‌قه له هاوڵاتیانی خۆیان بكه‌ن، زۆرێك له‌و بڕوایه‌دان كه پرۆسه‌ی جیابونه‌وه‌كان رێكخراو به‌به‌رنامه نییه كه ده‌رئه‌نجامه‌كانی كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سوریا‌و وایلێبكات پیاچونه‌وه به خۆیدا بكات، ئه‌وه‌سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌زگا ئه‌منیه‌كان چوته ناو هه‌ناوی سه‌رجه‌م یه‌كه سه‌ربازیه‌كانه‌وه هه‌ر وه‌ك چۆن چۆته ناو ریزی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌م ماوه‌یه‌ی دوایدا ئه‌و ده‌زگا ئه‌منیانه ده‌ستیانكردوه به پرۆسه‌ی لهناوبردنو تیرۆركردنی هه‌ر سه‌بازێك كه بیه‌وێت جیابونه‌وه‌ی خۆی رابگه‌یه‌نێ.
به‌گوته‌ی چالاكوانه سوریه‌كان گره‌وی براوه ئه‌وه‌یه كه سه‌ربازو ناوه‌نده‌كانی سوپا هه‌ست به بێزاری‌و بێ ئه‌نجامی ئه‌و گه‌مه‌یه بكه‌ن به رژێمه‌كه‌یان گیرۆده‌ی كردون پێوه‌ی، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌ربازه‌كان ماوه‌یه‌كی زۆره خێزانه‌كانیان نه‌دیوه، جگه له‌وه‌ش ئه‌وان جهنكێك له پێناوی مانه‌وه‌ی دكتاتۆرێكدا ده‌كه‌ن، نه‌ك بۆ رزگاری نیشتمان، كه‌ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له‌داهاتودا كاریگه‌ریان هه‌بێت.
چالاكوانه سوریه‌كان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه به ته‌نها ئۆباڵی روداو سهركوتكردنهكانی بخرێته ئه‌ستۆی ماهیر ئه‌سه‌د كهلهشارو گونده‌كانی سوریادا ده‌رهه‌ق به هاوڵاتیان روده‌دات، یه‌كێك له‌وانه كه‌نه‌یویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات ده‌ڵێت: (ماهیر ئه‌سه‌د ناتوانێ ئه‌و رۆڵه ببینێ كه ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بۆیان دروستكردوه، ئه‌و ته‌نها بریتیه له ئه‌فسه‌رێك به پله‌ی عه‌قید كه به‌رپرسه له فریقهكانی گاردی كۆماری و له‌كاتی تیرۆكردنی غازی كه‌نعاندا ناوی هاته ناو ناوانه‌وه، ناتوانرێت به ته‌نها به‌رپرسیارێتی كرده‌وه سه‌ربازیه‌كانی ئێستای ناوخۆی سوریای بخرێته ئه‌ستۆ، چونكه جۆرێك له پله به‌ندی هه‌یه بۆ بڕیاره‌كان، كه له سه‌رۆكایه‌تی ئهركانو وه‌زاره‌تی بهرگریو له هه‌موی گرنگتر سه‌ركردایه‌تی هێزه چه‌كداره‌كان كهبهشار ئه‌سه‌ده پێك دێت.
سه‌رچاوه: شه‌رقلئه‌وسه‌ت