كاوه جه‌لال
1
گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی رواڵه‌تی بڕوانین، ده‌بینین هه‌رێمی كوردستان له گشت رویه‌كه‌وه له گه‌شانه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه: سیسته‌مێكی سیاسیی دیموكراتی هه‌یه، واتا گه‌ل نێوه‌ندی چێكردنی بڕیاره: به ده‌نگی خۆی نوێنه‌ره‌كانی بۆ په‌رله‌مان و سه‌رۆكێك بۆ هه‌رێمه‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێت، ئه‌وجا له روی شكۆفه‌ی هه‌رێمه‌وه بیناسازی ته‌قیوه‌ته‌وه و شارێتی له ته‌شه‌نه‌ی خێرادایه، "حكومه‌ت" له هه‌مو ڵایه‌ك گۆڕان به ئینفراستروكتور ده‌دات، ژماره‌ی فێرخوازان یه‌كجار زۆر په‌ره‌ی سه‌ندوه و گه‌رچی چه‌ندین زانكۆ هه‌ن، كه‌چی هێشتا ئه‌و رێژه زۆره‌ی ده‌رچوانیان پێوهرناگیرێن، جگه له‌مه زۆرینه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم وه‌ك موچه ده‌درێت به فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و ...هتد.
ئه‌م رواڵه‌ته ده‌شێت به شهوارهمان بخات، بۆیه چاك ده‌كه‌ین گه‌ر به‌رهه‌ڵستی بكه‌ین و له هه‌قیقه‌تی ئه‌م هه‌رێمه بڕوانین. بێگومان نه‌شیاو نییه به‌رانبه‌ر به هه‌وڵدان بۆ پیشاندانی هه‌قیقه‌ت په‌رچه‌كرداری توڕه نه‌نوێنرێت، بۆیه ده‌بێت سه‌ره‌تا بپرسین، كه له‌به‌ر چ هۆیه‌ك په‌رچه‌كرداری به‌و چه‌شنه رو ده‌دات؟ هۆی ئه‌وه، به تێڕوانینی ئێمه، له‌لایه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڵاوازیی هزری ره‌خنه‌یی، له‌لایه‌كی دی ئه‌و هۆیه مێژوییه، واتا بریتییه له حسسیبونی كه‌س به‌دوی تێكشكانی به‌ها ترادیسیۆنییهكاندا، ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران و چالاكوانانی پارته پیره‌كان ده‌گرێته‌وه. مرۆڤ به‌گشتی هه‌ڵپه‌ی ساتاركردنی پێداویستییه‌كانی خۆی ده‌كات، ئه‌وجا هه‌ر ده‌ربڕینێك پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بن، ئه‌و به‌توندی وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه، یان ته‌نانه‌ت ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ركردنی كه‌سی ره‌خنه‌یی له پۆسته‌كه‌ی یان سیاسه‌تی نانبڕین له‌دژی به‌گه‌ڕده‌خات. به‌ڵام ئه‌مه لوتكه‌ی جوبنه. كه‌سانێك كه ئه‌وه‌نده ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، چۆن خۆیان هێنده نزم ده‌كه‌نه‌وه و نان ده‌بڕن؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌مه ده‌بێت بڵێین، مرۆڤی حسسی نا-كه‌سێكی پسیكۆلۆژیزهبوه و وه‌ك ئه‌مه‌ش كوێره، كه‌واته دیدێكی بابه‌تییانه‌ی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی شوێنه‌وار نییه، بۆیه ده‌شێت ئه‌وه‌نده كورتبینی لێده‌ربچێت كه له‌دژی هه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كی په‌یوه‌ندییه رواڵهتیهكهی خۆی جه‌نگ رابگه‌یه‌نێت.
ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته، ئه‌مه‌ش به ئه‌ندازه‌ی دۆخه‌كه: ئه‌و دۆخه چه‌ند داڕزاو و بێبنج بێت، ره‌خنه ئه‌وه‌نده توند ده‌بێت، چونكه چۆنیه‌تی ئاوهڵابونی ره‌خنه خواستێكی خۆیی نییه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هزری ره‌خنه‌یی هه‌میشه پابه‌ند به ریالێتیی دراوه‌وه ئاوه‌ڵا ده‌بێت، ئه‌وا خودی ئه‌و ریالێتییه له‌نێویدا دهپهرچێتهوه.
2
گه‌ر هه‌وڵ بده‌ین به‌نێو رواڵه‌تی بهههقیقهتكراودا رۆبچین، چاومان له سیسته‌می سیاسی، په‌یوه‌ندیی ئابوری، فێركاری و ته‌نینه‌وه‌ی شارێتی دابخه‌ین، ئه‌وسا به‌م كێشانه ده‌گه‌ین:
1) له هه‌رێمدا سیسته‌می سیاسی نییه، به‌ڵام به رواڵه‌ت و له ئه‌قڵیه‌تی لاساییكه‌ره‌وه‌ی خۆههڵاتییهوه باس له سیسته‌م ده‌كرێت. ئه‌م قه‌واره سیاسییه‌ی هه‌رێم دیموكراتی نییه، هه‌روه‌ها دیكتاتۆریش نییه، جگه له‌مه نه ئۆلیگارشییه و نه ئهریستۆكراتییه. ئه‌ی چی هه‌یه؟ باش ده‌بێت بۆ نزیككه‌وتنه‌وه له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره خۆمان به ناوه‌وه خه‌ریك نه‌كه‌ین و له په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بڕوانین. له هه‌قیقه‌تدا دو تۆڕی پاشینه‌یی نیمچه شاراوه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌ن كه هه‌ریه‌كه‌یان له‌لایه‌نی خۆیه‌وه و بۆ خاتری خۆی ده‌سكه‌لای به‌نێو سه‌رجه‌م بواره‌كاندا: سیاسی و ئابوری، یاسایی و فێركاریی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، به‌گه‌ڕخستوه. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا چ دو پارته سیاسییه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه و چ حكومه‌ت، ئامرازی ئه‌وانن، واتا نه پارت و نه حكومه‌تی راسته‌قینه‌ن: پارت نین، چونكه رێكخه‌ری ویست نین، حكومه‌تیش حكومه‌ت نییه وه‌ك ئۆرگانێكی بهجێگهیهنهر پابه‌ند به یاساوه، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ردوكیان ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و دو تۆڕه نیمچه شاراوه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات بپارێزن و فه‌رمانه‌كانیان به‌جێبگه‌یه‌نن. ئه‌م دو تۆڕه نزیكه‌ی سه‌رجه‌م پرۆژه ئابورییه‌كانی هه‌رێمیان بۆ خۆیان قۆرخ كردوه، پارتی سیاسی‌یان وهرگۆڕیوه بۆ ئامرازێكی به‌جێگه‌یاندنی مه‌به‌سته‌كانیان: ئه‌ندامان ته‌نیا كاتێك بۆیان هه‌یه به ئیمتیاز و رابواردن و كهشخهیهتی شاد ببن، گه‌ر داواكارییه ره‌ش له‌سه‌ر سپی تۆماركراوه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نیمچه شاراوه‌یه به‌دیبهێنن.
له پرنسیپدا هه‌مو ملكهچكردنێك به‌زۆر تاوانه له‌دژی مافی مرۆڤ، به‌ڵام ئێمه ده‌بێت لێره‌دا، پابه‌ند به‌و تاوانه‌وه، ره‌چاوی حاڵه‌تێك بكه‌ین: هه‌ندێك كه‌س له ره‌وتی به كۆمهڵایهتیكردندا نا-كه‌سێكی بێكهرامهتیان لێده‌رچوه و "پاره له‌كۆی بێت، پێی ئه‌وان له‌وێیه"، بۆیه خۆیان ده‌خه‌نه ژێر ركێفی هه‌مو كه‌سێكه‌وه، ته‌نانه‌ت ژێر ركێفی قۆنتهراچیی عه‌سكه‌رییه‌وه و به‌زۆر ده‌یكه‌ن یان ده‌یانكه‌ن به باڵاترین نیشتمانپه‌روه‌ر. كه‌واته ئه‌مان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دهسكهلایهكی چاكی تاوانه‌كه‌ن له‌دژی زۆرینه‌یه‌ك له‌نێو پارتدا. ئه‌م تاوانه بریتییه له ناچاركردنی كه‌سان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری كه‌رامه‌تیان ببن، ئه‌وانیش بۆیه تێده‌كه‌ون، چونكه بێكاری هه‌ڕه‌شه له ژیانی خۆیان و خێزانه‌كانیان ده‌كات، ئه‌وجا گه‌ر "پارتێك" هه‌بێت به‌پێی راده‌ی چالاكبونیان موچه‌یان بۆ ببڕێته‌وه، ئه‌وان مه‌منونن. ئێمه لێره ده‌ستبه‌رداربونی كه‌رامه‌تمان هه‌یه له ناچاریی ئابورییه‌وه. ئه‌م جۆره كه‌سانه "دا-ما‌و-ن" و ده‌رونیان له په‌ژاره‌یه‌كی به‌رده‌وامدایه كه ته‌نانه‌ت پێكه‌نینیان ناتوانێت ناخی پڕژانیان بشارێته‌وه.
له‌م په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌ی هه‌رێمدا حاڵه‌تێكی دیكه‌ی سته‌م هه‌یه كه راسته‌وخۆ به‌نده به كاره‌كته‌ری هه‌ردو تۆڕی نیمچه شاراوه‌وه و وه‌ك پرسیار به‌ره‌نگاری كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته‌وه: دوژمنانی خودی گه‌ل، واتا قۆنته‌راتچییه عه‌سكه‌ریه‌كان خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵێ ته‌نانه‌ت سه‌روه‌رییان هه‌یه، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی كرۆكییه، چونكه له‌لایه‌ك هه‌بونی "هه‌ر قۆنتهراتچییهكی عه‌سكه‌ری" له بواری ده‌سه‌ڵاتدا شكاندنی كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه، به‌ڵام له‌لایه‌كی دی رێگرێكی سه‌ره‌كییه له پرۆسه‌ی به دیموكراتیكردن، چونكه قۆنته‌راتچیی عه‌سكه‌ری ته‌نیا له‌نێو په‌یوه‌ندیی ناڕه‌وای دێسپۆتییانهدا ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت.
به‌م شێوه‌یه روتێتییهكی سیاسی له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌ركه‌وتوه و شیاوی داپۆشین نییه. ئه‌م روتێتییه چییه؟ مرۆ به ئاشكرا ده‌ڵیت ‘من دیموكراتیخوازم‘، كه‌چی به‌كردار سه‌رسه‌خترین دوژمنی دیموكراتییه. به‌ڵگه‌مان بۆ ئه‌م ده‌ربڕینه كۆبونهوهكانن كه ناوده‌نرێن كۆنگره. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارت ته‌نیا دهسكهڵای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و دو ده‌سه‌ڵاته نیمچه شاراوه‌یه‌ن، ئه‌وا "پارت" به هیچ شێوه‌یه‌ك شوێنی رێكخستنی ویست نییه و نوێنه‌رانی له كۆنگره‌دا ره‌وایه‌تی به سه‌ركردایه‌تییه‌ك بده‌ن، به‌ڵكو ئه‌و به‌ناو كۆنگرانه ته‌نیا تهمسلییهی سیاسین: یه‌ك ئه‌ندام ناتوانێت هاڤركێ بكات بۆ هه‌ڵبژاردنی خۆی وه‌ك سه‌رۆك یان سكرتێری گشتیی پارت، به پێچه‌وانه‌وه هه‌مو بڕیاره‌كان بۆ باڵاترین پۆسته‌كان له پشت په‌رده‌وه ئه‌نجام دراون. له‌م روانگه‌یه‌وه به‌شداربوانی به‌ناو كۆنگره ناچارن (ده‌یانه‌وێت) ده‌نگ به‌و نوێنه‌رانه بده‌ن كه تۆڕی نیمچه شاراوه دایناون. ئه‌وان وه‌ك داماوی ده‌نگ-نه‌بو و بێهه‌ڵوێست، وه‌ك ملكهچكردو، له نێواندان. ئاخر وه‌ك گوتمان، "پارت" ده‌یانژێنێت.
نمونه‌یه‌كی دی بۆ ته‌نینه‌وه‌ی روتێتیی سیاسی له سه‌ره‌وه، بریتییه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم. دهسكهلاكانی هه‌ردو تۆڕی نیمچه شاراوه به فه‌رمانی سه‌رانیان ته‌زویر بۆ سه‌ران و نوێنه‌رانی سه‌رانیان ده‌كه‌ن، ئه‌وجا هه‌مو رایده‌گه‌یه‌نن: "هه‌ڵبژاردنمان برده‌وه!". به‌ڵام ئایا سه‌روه‌رانیان به‌ڕاستی قه‌نائه‌ت ده‌كه‌ن كه هه‌ڵبژاردنیان بردۆته‌وه؟ ئه‌مه زه‌حمه‌ته، چونكه ئه‌وان هێنده ساویلكه نین، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیواییان بۆته‌وه، ئه‌وا گرنگی به‌و درۆ گه‌وره‌یه ناده‌ن. گرنگ مسۆگه‌ركردنی ته‌ختی ده‌سه‌ڵاته! نمونه‌ی دیكه بۆ روتێتیی سیاسی بریتین له: مرۆ باسی نیشتمان ده‌كات، كه‌چی له‌دژی نیشتمانێكی شیمانه‌یی هه‌نگاو ده‌نێت، چونكه نایه‌ڵێت ئه‌م قه‌واره سیاسییه‌ی ئه‌مڕۆ به‌باشی پێبگات؛ مرۆ مێژو ته‌زویر ده‌كات و به كه‌یفی خۆی به نوسینه‌وه‌ی ده‌دات، لێره‌شدا نه‌شیاو نییه كه كتوپڕ سهرۆكجاش ببێت به مه‌زنی هه‌رگیز نه‌مری نیشتمان! نمونه‌كان زۆرن بۆ روتێتیی ده‌سه‌ڵاتداران، به‌ڵام با به‌م نمونه‌یه كۆتایی پێبهێنین: ده‌سه‌ڵاتداری روت به‌سوكی له دادگا ده‌ڕوانێت، هه‌ر به هیچی نازانێت، پۆستاڵ له‌سه‌ر سه‌ری داد و ماف داده‌نێت، كه‌چی به‌بێ شه‌رم ده‌چێت له دادگا شكات له رۆشنبیران و رۆژنامه‌وانانی ئازادیخواز ده‌كات (ئه‌مه وه‌ك روتێتی یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین مههزهلهكانی ئه‌م هه‌رێمه).
له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤی روت سیوایی بۆته‌وه، ئه‌وا به هیچ شتێك ته‌ریق نابێته‌وه. ئه‌و ئیززهتی نه‌فسی له‌ده‌ست داوه، بۆیه هیچ تێڕوانینێكی به‌لاوه گرنگ نییه جگه له مسۆگه‌ركردنی ده‌سه‌ڵات، یان "پایه‌گا" كه به پۆست ده‌ینرخێنێت، به‌ڵام له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا سه‌روه‌ر و بنده‌ست پێكه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی نێویهكییان هه‌یه: سه‌روه‌ر به‌بێ بنده‌سته‌كانی سه‌روه‌ر نییه، بنده‌ستان به‌بێ سهوهر هیچ كهشخهیهتییهكیان نییه. لێره گه‌ل ته‌نیا وشه‌یه‌كه، هاوڵاتیان ته‌نیا كاتێك هاوڵاتین، گه‌ر گوێرایه‌ڵی داواكارییه‌كانی ئه‌وان بن، ئه‌گینا وه‌كو دی هاوڵاتی نین و له به‌زه‌یی ئه‌وانه‌وه ده‌رفه‌تیان هه‌یه له‌م هه‌رێمه‌دا بژین، ئه‌وجا گه‌ر دژیان بوه‌ستنه‌وه، ئه‌وسا مرۆڤكوژهكانیان بۆ ده‌ستڕێژ ده‌نێرنه پێشه‌وه (وه‌ك چۆن 17/2/2011 له سلێمانی بینیمان).
له‌پاڵ "به‌ناو پارت"دا حكومه‌ت هه‌یه وه‌ك بهجێگهیهنهری خواسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی نیمچه شاراوه. كه‌واته گه‌وره‌ترین هه‌ڵه ده‌بێت گه‌ر بگوترێت "حكومه‌ت" ئه‌م كار یان ئه‌و كاره بۆ گه‌ل ئه‌نجام نادات. ئه‌و نه ده‌توانێت و ده‌یه‌وێت ئه‌م هه‌مو كاره‌بایه كه له هه‌رێم به‌رهه‌مده‌هێنرێت و به‌ئاسانی به‌شی هه‌مو دانیشتوانی هه‌رێم ده‌كات، به یه‌كسانی دابه‌ش بكات و به‌فیڕۆدانی كاره‌با به‌گوێره‌ی یاسا غه‌رامه بكات، نه ده‌توانێت رێ له به‌هه‌ده‌ردانی ئاوی وڵات بگرێت كه سامانێكی سروشتییه و ئایندهی ئه‌م وڵاته‌یه، نه ده‌توانێت گه‌شه به پیشه‌سازی و كشتیاری و بازرگانی ئازاد بدات، یان به‌گوێره‌ی پلان رێ له بازرگانی ناڕه‌وا بگرێت، به‌ڵام له‌مه‌ش زیاتر: حكومه‌تی راسته‌قینه ئه‌ركی سهرهكیتری هه‌یه و بریتییه له په‌روه‌رده‌ی هاوڵاتیان بۆ تێگه‌یشتن له یاسا و ماف و ئه‌ركه‌كانیان، ئه‌ركی دیكه‌ی بریتین له دابینكردنی هه‌لی كار بۆ هه‌موان، پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری تۆكمه، پاككردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی نه‌خۆشكه‌وت و به ژه‌هری ئۆتۆمۆبیل، كه راسته‌وخۆ مرۆڤ ده‌گرێته‌وه، چونكه مرۆڤ خۆی به‌شێكه له سروشت و لێی جیانابێته‌وه.
2) له هه‌رێمدا په‌روه‌رده نییه، چونكه ژماره‌ی په‌روه‌ردكاران زۆر كه‌مه و ناتوانن ئه‌ركه‌كانیان به‌گونجاوی به‌جێبگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها به‌گشتی له دهسهڵاتخراون، چونكه فێرگه و زانكۆكان بون به فیرمی به‌خشینه‌وه‌ی بڕوانامه له ڵایه‌ن دهسكهڵاكانی "پارته‌وه". له فێرگه و زانكۆكاندا به‌تایبه‌تی "به‌خێوكردن" هه‌یه: "خوێندكاران" له‌لایه‌ك و "قوتابییان" له‌لایه‌كی دی (ئه‌مه‌ش مه‌هزه‌له‌یه‌كی ئه‌م هه‌رێمه‌یه) فێرده‌كرێن بابه‌ته‌كانی وانه ده‌رخ بكه‌ن، واته ئه‌وان پێناگهیهنرێن، به‌ڵكو ناچار ده‌كرێن نوسراوی سه‌ر كاغه‌ز بده‌نه‌وه. جگه له‌مه سه‌روه‌ربونی به جێگهیهنهرانی "پارت" له‌نێو فێرگه و په‌یمانگه و زانكۆكاندا كه به‌ئاسانی ماسته‌ر و دكتۆرایان كردوه، به‌ئاسانی ته‌رقیه ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌مترین مۆركی زانایان هه‌بێت، وایكردوه زانكۆ ته‌نیا به ناو زانكۆ بێت (وه‌ك گوتمان كه‌مینه‌یه‌كی په‌روه‌ردكاری باش هه‌ن، به‌ڵام وه‌لاوه‌نراون). له‌لایه‌ك هه‌مو ساڵێك سوپایه‌ك له خوێندكار و قوتابی پێنهگهیهنراو ره‌وانه‌ی زانكۆكان ده‌كرێن، له‌لایه‌كی دی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له زانكۆ زۆرینه‌یه‌كی ته‌مه‌ڵ و غه‌بی به واسیته و خواستی به‌رپرسانی حیزبی خوێندنی باڵایان ته‌واوكردوه و چێژ له ناونیشانی مامۆستای زانكۆ ده‌بینن به‌بێ ئه‌وه‌ی توانایان به‌سه‌ر زانسته تایبهتییهكهیاندا بشكێته‌وه، ئه‌وا وه‌ك سه‌ره‌نجام هه‌مو ساڵێك چه‌ندین هه‌زار گه‌نجی فێرنهكراو بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له بواره زانستییه‌كاندا وه‌رده‌گرن به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌یان بتوانێت له بواره زانستییه‌كه‌یدا به‌گونجاوی كار بكات. كه‌واته دامه‌زراوی په‌روه‌رده ته‌نیا به‌ناو دامه‌زراوه، له كرۆكدا نێوه‌ندێكه بۆ شه‌یداكانی "كورسی" به هه‌مان شێوه كه له‌لای سه‌روه‌ران و بنده‌ستانی سه‌روه‌ران ده‌یبینین. په‌یوه‌ندییه‌كان به‌م چه‌شنه له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕده‌بنه‌وه. "كورسی" بریتییه له هێمای ده‌ركه‌وتن و سه‌ندنی هه‌یمه‌نه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی(!)، مایه‌ی جیابونه‌وه‌یه له هه‌ڤاڵان، له زه‌میلی خۆ، ئه‌مه‌ش یه‌ك پاڵهێزی پسیكۆلۆژیانهی هه‌یه: تێپه‌ڕین له هیچێتی خۆ و ده‌ركه‌وتن – وه‌ك گوتمان به كورسی نه‌ك به كه‌سێتی و توانای خۆ. بێگومان "وه‌زاره‌ت"ی خوێندنی باڵا هه‌وڵی باش ده‌دات، به‌تایبه‌تی پرۆگرامی تواناسازیی به‌گه‌ڕخستوه، به‌ڵام ئه‌مه ستراتیژییه‌كی درێژخایه‌نی پێگه‌یاندنه، بۆ ئێمه ئه‌وه گرنگه كه بزانین ئه‌مڕۆ چیمان هه‌یه و تاوانه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌رهه‌ق به گه‌ل و ئایندهی گه‌ل چین – ئاخر زانكۆ رۆڵی له هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و كو‌لتوردا هه‌یه و گه‌ر گۆج كرا، ئه‌وسا ئه‌و رۆڵه‌ی پێنانوێنرێت. ئه‌مه تاوانه له‌دژی گه‌ل و كو‌لتور، چونكه كه‌سێك بۆ خاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان په‌ره به رواڵه‌تگه‌رایی و ملدانه‌به‌ر ده‌ده‌ن.
3) له‌پاڵ نه‌خۆشخستنی ژینه‌گه‌دا، هاورده‌كردنی خۆراكی پله چوار و ته‌نانه‌ت ئێكسپایه‌ر، كوتاڵی چنراو له به‌رهه‌مه كیمیاییه‌كانی پیشه‌سازیی چنین و كردنیان به پۆشاك، رۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌یه له ته‌نینه‌وه‌ی نه‌خۆشییه ترسناكه‌كاندا. كه‌واته بازرگانانی ئه‌م خۆراكانه (داخۆ كێ بن؟)، له سه‌روی ئه‌وانیشه‌وه "به‌ناو-حكومه‌ت"، تاوانێكی گه‌وره له دژی هاوڵاتیانی هه‌رێم ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
4) له هه‌رێمی كوردستان نه به‌ته‌واوی گوند ماوه و نه شار له واتایه‌كی راسته‌قینه‌دا هه‌یه. گه‌وره‌ترین تاوان كه له‌دژی مرۆڤ و سروشت ئه‌نجام ده‌درێت، بریتییه له ته‌نینه‌وه‌ی خانوی دروستكراو له بلۆكی چیمه‌نتۆ، كه ئیتر مرۆڤ زستانان له‌نێویدا هه‌ڵده‌له‌رزێت و هاوینان له نێویدا دهپروكێت، ئه‌وجا بۆ ئه‌وه‌ی رێ‌یان لێبگرێت، ئه‌وا هه‌میشه پتر وزه سه‌رف ده‌كات. له‌م روانگه‌یه‌وه ئێمه پێكه‌وه‌ژیانی مرۆڤ و ماڵ و سروشتمان نییه. بێگومان راسته كه ئه‌قڵییه‌تی خه‌ڵكی ناوچه‌كه سروشتێتیی له‌بیرچۆته‌وه یان هه‌رگیز له نامۆبونی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه نه‌یناسیوه، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یی "حكومه‌تێكی كارا" ده‌بو كه هاوڵاتیانی بۆ ناسینی سروشتێتی خۆیان پێبگه‌یاندایه، فێری بكردنایه كه چۆن خۆیان رێ له سه‌رفكردنی له سنور ده‌رچوی ئاو و كاره‌با بگرن، هه‌روه‌ها تێیبگهیاندنایه كه بۆیان نییه به كه‌یفی خۆیان ئاو و كاره‌با سه‌رف بكه‌ن و ژینگه نه‌خۆش بخه‌ن. ئه‌وان خۆیان به‌و رێیه‌وه ده‌بون به ژینگه‌پارێز، نه‌ك رواڵه‌تییانه ده‌مه‌زراوه‌ی ژینگه چێبكرێت و پیشانی وڵاتان بدرێت كه "له‌م هه‌رێمه پڕگهشاوه دیموكراتییهدا" ته‌نانه‌ت ئه‌و جۆره دامه‌زراوانه هه‌ن!
تاوانێكی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتداران سڕینه‌وه‌ی شوناسی شاره‌كانه، ئه‌مه بێگومان له سه‌رجه‌م هه‌رێمدا ته‌نیوه‌ته‌وه، به‌ڵام زۆر ریشه‌یی و به‌تایبه‌تی شاری سلێمانی گرتۆته‌وه. ئێمه بۆ پیشاندانی ئه‌و تاوانه به‌تایبه‌تی رودهكهینه سلێمانی وه‌ك شێواوترین (بێگومان به‌واتای: شێوێنراوترین) شاری هه‌رێم.
گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كان كه گه‌واهیده‌ری شێوازی ژیان و چێژی نه‌وه‌كانی رابوردون، خه‌ریكن نامێنن، بلۆكی چیمه‌نتۆ هه‌ڵمه‌تی بردوه بۆ نێو مه‌ڵكه‌ندی و كانیئاسكان و سابونكه‌ران، به‌ڵێ له سلێمانی ته‌نانه‌ت گه‌ڕه‌كی ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌كه كه گه‌ڕه‌كی شێخان بو، بوه به گه‌وره بازاڕی كۆنه! شوێنی ماڵه‌كه‌ی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب بوه به ریزه دوكان! به‌رانبه‌ر به مزگه‌وتی گه‌وره بینایه‌كی لاساییكه‌ره‌وه‌ی ته‌لارسازیی پۆست‌مۆدێرن دروستكراوه و ئه‌و جێیه شوێنی ئه‌و بینایه نییه، چونكه دژبه‌ری ئه‌و ناوچه كۆنه‌یه كه ده‌بو بپارێزرایه و گه‌ر پێویست بوایه، ته‌نیا نۆژه‌ن بكرایه‌ته‌وه. سینه‌ما ره‌شید وه‌ك دامه‌زراوێكی كولتوری پریڤات روخێنرا و كرا به شوێنی بازرگانی، جاده‌ی سالم كه نزیكه‌ی ناوجه‌رگه‌ی شاره، به ته‌لاری به‌رز ته‌نراوه و ئه‌و ته‌لارانه ناوچه‌كه‌یان ئه‌تك كردوه. جگه له‌مه نه‌ك ته‌نیا تهلارسازییهكه ئاوێنه‌ی هزرینێكی ئێستێتیكییانه‌ی مرۆڤ‌ناس و سروشتناس نییه و كۆپیی ته‌لارسازیی دوبه‌یی و توركییه، به‌ڵكو هاوكات "پلانی شار" نییه و گه‌ر هه‌بێت، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه ئه‌و پلانه‌ی پێشێل كردوه. به‌م شێوه‌یه خودی شار به دهروروبهرییهوه "پڕكراوه‌ته‌وه"، به چه‌شنێك كه مرۆڤ تێیدا ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بێت، به‌ڵێ ئه‌گره‌سیڤ (عدوانی) ده‌بێت. ئاخر گه‌ر له هه‌مو جێیه‌ك خان‌و دروست بكرێت، ئه‌ی دانیشتوانی شار له‌كوێ ببزوێن؟
ئایا بۆچی مێژوی بیناسازی و ژیانی شارێك ده‌سڕرێته‌وه؟ ئایا دانیشتوانی سلێمانی بۆیان نییه داوا بكه‌ن كه ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و بینا به‌رزانه‌ی نێو جه‌رگه‌ی شاره‌كه‌یان بڕوخێنرێن و ده‌بێت شار وه‌ك خۆی دروست بكرێته‌وه؟ ئێمه سه‌رله‌نوێ به‌ندین به كێشه‌ی حسسیهتی په‌ره‌سه‌ندوی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه كه گه‌یشتوه‌ته راده‌ی به-گورگ-بون. ده‌سه‌ڵاتدارانی حسسی كوێرن، كه‌واته هیچ له‌باره‌ی فه‌زای ژیان نازانن، بۆ ئه‌وان ته‌نیا بازرگانی گرنگه و بیر ناكه‌نه‌وه كه ئه‌وان تاوانی گه‌وره دژی دانیشتوانی شاره‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ره‌نگه هه‌ر گاڵهتهیان به موئاناتی ئه‌وان بێت و بڵێن "ئێمه شاره‌كانمان مۆدێرنیزه كردوه". به‌ڵام ئه‌وان سه‌هون، چونكه مۆدێرنه له فه‌زا جیانابێته‌وه. كێ ئاگابونی فه‌زای نه‌بێت، بۆی نییه له مۆدێرن و مۆدێرنه بدوێت.
به پێچه‌وانه‌ی "ته‌نگیی بێفهزای شاره‌كانه‌وه"، فه‌زای ژیان ده‌رفه‌ت بۆ ئاوهڵابونی هێزه ناخه‌كییه‌كانی تاكه‌كه‌س ده‌ڕه‌خسێنێت، ئارامیی پێده‌دات و ئه‌مه‌ش كارده‌كاته سه‌ر ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و. گه‌ر مرۆڤ له سروشته‌وه پێویستی به‌م ژیانه هه‌بێت: به ئارامی، ره‌فتاری سۆسیال، ئاوهڵابونی كه‌سێتی و ...هتد، ئه‌وا رێگرتن له‌م ژیانه تاوانه له‌دژی مافه‌كانی مرۆڤ. ژیانی راسته‌قینه له‌نێو رواڵه‌تدا به‌دینایه‌ت، بۆیه ده‌بێت شار و ته‌لارسازیی شار ئاوێنه‌ی ئه‌و ئاوهڵابونه كه‌سییه بن كه فه‌زا ده‌رفه‌تی بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت.