هەڤاڵ سەید حەسەن
پەرلەمانی کوردستان گوێ بۆ دەنگە جیاوازەکان رادەگرێ، ئەوەی تا ئەمڕۆ زانراوە سەبارەت بە مێژوی جەلسەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی گروپی زاڵ، قەت وا بە موجامەلەو بە مولاتەفە و تۆلەڕانس نەبوە، رۆژگاری راپەڕینی ٩١ی هێنامەوە یاد، لە یەکێ لە گەرەکەکانی هەولێر رەفیق حیزبییەک هەبو بەر لە راپەڕین گەر بەناوی خۆی بانگیان کردبا، بەبێ گوتنی رەفیق فڵان توڕە دەبو، بەڵام دوای راپەڕینی یازدەی ئازاری ٩٢ بە چەند رۆژێ بەڕێکەوت لەدەرەوە بیندرابو، خەڵکەکەش وەک جاران بە رەفیق بانگیان کردبو، ئەویش بە ترس و حیرسێکی زۆرەوە، داوای لێبوردنی کردبو کە بەهەڵە ناویان بردوە، ئەو پێشناوەی پێ ناشیرن و شەرماوەرە، پێی خۆشنییە بەم شێوەییە ناوی بێنن.
ئەوەی کە سهرنج راکێشە سەرۆکی پەرلەمان بواری قسەکردنی دا بە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، ئەوانیش بۆچونی خۆیان بەڕاشکاوی دەربڕی، بەڵام سەرۆک یا بەڕێوەبەری دیوانی سانسۆرکراوی ئەنجومەنی گەل، بەردەوام سەری قسەکانیانی هەڵدەپاچی، بەهێمنی قینو سۆی ناحەزانەی دەردەخست، خێسەی دەکرد بە زەردەخەنەییەکی تاڵ، بەبڕینی دەنگ، یا وەڵامدانەوەی دیفاع و فەقیرانە گفتوگۆکانی بەڕێوە دەبرد. ئەوەی رۆژی ٢٣\٣ ئاشکراکرا، کە ساڵەهاییە سوکایەتی بە پەرلەمانتاران دەکرێ، بەشێوەییەکی مەبەستدار پۆلیسەکان، گیرفانیان دەگەڕێن بەر لەچونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەن، بە مەزەندەی من ئەم شێوازە مامەلەییە بۆ نیشاندانی بێ متمانەیی و سوکە نیشاندانێکی گەفو سانسۆرو دەسەڵاتی رەهایی پۆلیسییە، بەواتای ئەوەییە کە تا رۆژی ئەوڕۆ، دەستەواژەییەکی گونجاو بۆ رێکخستنی پەیوەندی ئەحزاب و فراکسیۆنەکان لەئارانییە، بەڵکو پلانی شێواندنی داڕێژراوە و هەمو شەتەکان بەکاردەهێندرێ بۆ مەبەستی بەردەوامبونی رەوشی نەخوازراوی ئەمڕۆ.
ئەمە بۆ راهێنانی نوێنەرانی خەڵکە و لەڕێگەی ئەوانیشەوە رامکردنی کۆمەڵانی خەڵکە بۆ قبوڵکردنی حوکمی موتلەقی پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی. ئەوە هیچ کە سانسۆری دەرچونی زانیاری دەکرێ رێگە بە میدیای ئازاد نادرێ تا بەوشێوەییەی کە خۆیان دەیانەوێ کاری راگەیاندنی خۆییان ئەنجامدەن، بەهەرحاڵ ئەو باسانەی کە لەلایەن فراکسیۆنی خەڵک دەوروژا، ئیسراحەت و ئۆقرەی لەچیکڵدانی هەندێ نەهێشتبو، بۆیە بەڕاشکاوی دەیانویست بچنەوە بۆ ماڵ و خپ و خەڕۆ لێی بخەون، کێشەو ویستە دەستبەجێکانی خەڵک پشتگوێخەن بۆ ئایندە. دڵنییام کە ئێوەش وەک من هەستتان بەبێخی گرژی هەندێ لە کۆنە پارێزان کردوە، گەر شەقامی کوردی بێ ویست و بزاڤ لێی خەوتباو بواری جارانیان هەبا لەنێو پەرلەمان، گولەبارانی ئەو نوێنەرانەیان دەکرد کە بەناوی شەقام دەئاخڤین.
بێگومان ئەمڕۆ ئەوەی گوترا لە دەربڕینی نارەزایەتی رێگەی پێدرا، بەڵام گرنگە بزاندرێ کە رێگەپێدانەکە بۆ چارەسەی گرفتەکانی خەڵک نییە ئەوەندی نوێنەرانی گەندەڵی و کۆنسەرڤاتیڤی کورد گەرەکیانە بە مانۆڕێکی وا شەفەهی، بەلفەیەکی نوێ دەرفەتێکی تازە بۆ درێژەدان بە باری مەوجود بێننە ئارا، تێبینی زۆرە لەسەر پرسو جوابەکانی ئەو رۆژە، دەزانم هێندە توڕەن لە دڵڕەقی دەسەڵات، هێندە ویست و خواستی رەواو ساکاری خەڵک هەیە لەوانییە نەکات و نەزمان لەبواری دانەبێ هێندە خۆی چڕکاتەوە تا پەیامەکان بگەن.
بۆییە دەشێ توشی هەندێ هەڵەی دەربڕین بن کاتێ خۆیان لەبەردەم بەیارێکی بەربڵاوی سیاسی خاوەن ویستدا دەدۆزنەوە، کە چاوەڕوانی کاری مەردانەییە لە هەمولایەک. بۆیە بەڕێز پەیمان عیزەدین زۆر قسەی بەجێی کرد چاوەڕوان بوم داستانی جەسارەت و ئازاییەتی و هەڵمەتی خۆپێشاندەران زیاتر بڵێ، بەڵام لەوە لێی حاڵی نەبوم کاتێ گوتی سلێمانی سروشتێکی دەستەمۆی نییە وەکو شوێنەکانی تر، پاشان دیاری نەکرد وەک کوێیندەرە، دەشێ بۆ باشە و هاندانی خەڵکی سلێمانی ئەم قسەیەی کردبێ، هەرچەندە شاری بوێری و زانین و هەست، پێویستی خۆی لە هاندان و و رەلە لە خەسلەتی ویست و بزاڤی خۆدروستکردنی خۆیدایە، بەکورتی پەیامەکانی خەڵکی خۆپێشاندەر بەقەد ویستو ورەی زۆربەی خەڵکی تێکۆشەری شارەکەییە و ئاستێکی باشی وەرگرتوە.
دڵنییابن کەشی شارەکانی تری کوردستان لەڕوی ویستی خەبات بۆ عەدالەت و خۆشگوزەرانی لەئاستێکی بەرز دایە و لە ئانوساتی هەڵگیرسانە و پێزانینی رەوشەکە گرنگی خۆی هەیە بۆ کۆتاکردن و راماڵینی خەوشوخاڵی نێو سیاسەت و ئابوری و ئیدارەو بێعەدالەتی و گەندەڵی نێو کۆمەڵگەکەمان.
گرنگی دەرکردن بە جیاوازی چڕی هێزی یاسا و پارێزەرانی گەندەڵی لە شارێک بۆ شارێکی تر، تەنانەت لە هەر گەڕەک و فەرمانگە و شوێنێکی کار ئەندازە و بڕی جیاوازی خۆی هەییە. هەربۆیە هاوبەشی و هاوکاری خەڵکی خۆپێشاندەری هەمو شارەکان، گەرەنتی و پشتو پەنای سەرگرتنی ویستە رەواکانە، ئەوەیە کە هەمومان پێکەوەگرێدەدا بۆ بەرگریکردن لە بەهاکانمان. ورەی سلێمانی ورەی هەولێرە، ورەی کەرکوک ورەی دهۆکە. دەرخستنی ویستەکانمان پێگەی هاوکاریمان بەهێزدەکات.