هه‌ڵبژاردنه پارله‌مانییه‌که‌ی 22ی ته‌مموزی توركیا و كاریگه‌رییه‌كانی
Wednesday, July 18, 2007 |
|
|
زانای ئه‌حمه‌د چاوجوان (سبه‌ی):
شاره‌زا سیاسییه‌كانی توركیا پێیان وایه هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 22ی تهمموز له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 3ی 11ی 2002 جیاوازیی زۆره و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 22ی تهمموز زۆر گه‌رم و گوڕتر ده‌بێت له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پێشوو، چونكه ئه‌مه‌یان به سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پارتێك له‌و پارتانه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ده‌كه‌ن بار‌و دۆخی سیاسی و ئابووری ئه‌و وڵاته ده‌گۆڕێت، چونكه هه‌ر پارتێكیان ئامانجێكی هه‌یه و فیكری له فكری پارتێكی تر جیاوازه.
دیارترین ئه‌و پارتانه‌ی كه له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی ئه‌مساڵدا به‌شدار ده‌بن بریتین له پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په)، پارتی گه‌لی كۆماری (جه‌هه‌په)، پارتی بزاوتنی نه‌ته‌وه په‌رستی (مه‌هه‌په) و پارتی دیموكراتی (ده‌په).
پارتی داد و گه‌شه‌پێدان(ئاكه‌په): گه‌وره‌ترین پارتی توركیایه له ئێستادا، خاوه‌نی زۆرترین جه‌ماوه‌ره و زیاتر هه‌واداری ئاینی ئیسلامه، له مه‌سه‌له‌ی كوردا له هه‌موو پارته‌كانی تری توركیا باشتره.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی ئه‌م پارته‌یه و خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی نه‌رمونیانه و نه‌ته‌وه‌په‌رست و توندڕه‌و نییه و زیاتر كێشه‌كان به‌ڕێگه‌ی دیالۆك چاره‌سه‌ر ده‌كات، كه ئه‌م هۆیه‌ش وایكردووه (ئاكه‌په) جهماوهورێكی زه‌به‌لاح له وڵاتی توركیا بۆ خۆی په‌یدابكات و له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2002 ی توركیادا له پێشه‌وه‌ی پارته‌كان بوو كه توانی 365 كورسی له پارله‌مانی توركیا به‌ده‌ست بهێنێت و پێشبینیش ده‌كرێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بێنێته‌وه.
پارتی گه‌لی كۆماریی (جه‌هه‌په): پارتێكی عه‌لمانییه و دووه‌م گه‌وره پارته له توركیا دوای (ئاكه‌په)، خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێكی زۆره، هه‌موو هه‌وڵی ته‌واوی ئه‌وه‌یه كه له‌م هه‌ڵبژاردندا بتوانێت زۆرترین كورسی له پارله‌مانی ئه‌و وڵاته‌دا به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام ئه‌مه نه‌ك هه كارێكی قورسه به‌ڵكو ده‌گمه‌نیشه، چونكه له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئاكه‌په له سه‌ره‌وه‌یه.
سه‌رۆكی پارته‌كه (دێنیز بایكاڵ) ه، كه‌سێكی توندڕه‌وه و كێشه‌كان ئاڵۆز ده‌كات و پارتهكهشی له مه‌سه‌له‌ی كوردا هه‌ندێك چاویان نابینێت و بۆشیان بكرێت به ته‌واوی له مه‌سه‌له‌ی كوردا خۆیان خافڵ ده‌كه‌ن.
(جه‌هه‌په) دژی ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه (ئاكه‌په) به‌كاری ده‌هێنێت، ئه‌ویش بنه‌مایه‌كی ئیسلامییه و پێیوایه (ئاكه‌په) ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كاته ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی و شه‌ڕ بۆ ده‌وڵه‌تێكی عه‌لمانی ده‌كات.
پارتی بزاوتنی نه‌ته‌وه‌په‌رستی (مه‌هه‌په): هه‌ر له ناوه‌كه‌یه‌وه دیاره كه چ پارتێكه، پارتێكی ره‌گه‌زپه‌رستی توركیایه و به ته‌واوی مه‌سه‌له‌ی كورد لای ئه‌مان وه‌لا خراوه.
دێڤله‌ت باهچه‌لی سه‌رۆكی پارته‌كه‌یه، كه‌سێكی تا بڵێی ره‌گه‌زپه‌رست و توندڕه‌وه، ئه‌م له هه‌موو سه‌رۆك پارته‌كانی تری توركیا كوێرتره له ئاستی كێشه‌ی كوردا و به ته‌ڵخیش بێت ئه‌م كێشه‌یه نابینێت و پێی وایه له چوارچێوه‌ی سنووری توركیادا جگه له تورك هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر نییه، گه‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه له پۆسته‌كه‌ی لاده‌برێت.
پارتی دیموكراتی (ده‌په): له‌پێشدا ناوی پارتی رێگه‌ی راست بوو، به‌ڵام پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 22 ی تهمموز ناوی پارته‌كه‌یان گۆری بۆ پارتی دیموكراتی، پارتێكی دیموكراتییه و مه‌همه‌ت ئاغار سه‌رۆكی پارته‌كه‌یه، كه‌سێكی هه‌م میانه‌ڕه‌و و هه‌م توندڕه‌ویشه، له مه‌سه‌له‌ی كورده‌كانی توركیادا ئه‌میشیان چاوی باش نابینێت، گه‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت و كورسیه‌كی زۆر له پارله‌مانی ئه‌و وڵاته‌دا به‌ده‌ست نه‌هێنێت، له پۆسته‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی ده‌كشێته‌وه.
پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی ( ده ته‌په) كه پارتێكی كوردییه و ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكی پارته‌كه‌یه، كه‌سێكی میانه‌ڕه‌وه و كێشه‌كان ئاڵۆز و گه‌وره ناكات و هه‌ر له كاتی ده‌ست به‌كاربوونیه‌وه په‌یوه‌ندی نێوان (ده ته‌په) و حزبه‌كانی تری پته‌و كردووه و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رێكی زۆر له ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه كه هه‌موویان له شاره كوردییه‌كانن، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه 22/5 (ده ته‌په) بڕیاری كشانه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا دا و ته‌نها به كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و یاسایه‌ی كه هه‌ر پارتێكی توركیا 10% ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست نه‌هێنێت بۆی نییه بچێته پارله‌مانی ئه‌و وڵاته‌وه، به‌ڵام به‌شداریكردنیان به كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن تا راده‌یه‌ك ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كات، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت (ده ته‌په) 15 كورسی له پارله‌مانی توركیا به‌ده‌ست بهێنیت، كه ئه‌مه رێژه‌یه‌كی باشه بۆ كورده‌كان.
به‌پێی راپرسییه‌ك كه له رۆژنامه‌ی میللییه‌تی توركیادا بڵاوكراوه‌ته‌وه و په‌یامنێرانی ئه‌و رۆژنامه‌یه له هه‌موو شاره‌كانی توركیادا كه ماوه‌ی زیاتر له 2 مانگ خه‌ریكی سازدانی بوون و رای هه‌موو چینه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌یان وه‌رگرتووه و ده‌ركه‌وتووه كه ( ئاكه‌په ) یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا ده‌بێت و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت زیاتر له 367 كورسیی پارله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت، كه ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی هه‌ره گه‌وره‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانه بۆ گۆڕانكاریكردن له ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌دا.
به‌پێی راپرسییه‌كه (جه‌هه‌په) پله‌ی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنێت و ته‌نها نیوه‌ی ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانی (ئاكه‌په) به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌مه‌ش ناتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت و ئامانجه‌كانی بپێكێت، كه هه‌ره گه‌وره‌یان پێكهێنانی حكومه‌تێكی عه‌لمانییه.
(مه‌هه‌په) كه نه‌یتوانی كورسی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پێشوودا به‌ده‌ست بهێنێت، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگی باش به‌ده‌ست بهێنێت و له پله‌ی سێیه‌مدا خۆی ببینێته‌وه.
كاندیده سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نه‌كان له پله‌ی چواره‌مدا ده‌بن و پارتی دیموكراتیش له پله‌ی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیادا ده‌بێت.
به نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 22 ی تهمموز، كرژی و شه‌ڕی هه‌ڵبژاردن له نێوان پارته‌كان و كاندیده سه‌ربه‌خۆكاندا دروستبووه، نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان سه‌رۆكی پارتی ره‌فای هه‌ڵوه‌شاوه ره‌خنه‌ی توندی له پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانی گرت و وتی "ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانی (ئا كه په ) پولێكی قه‌ڵب ناهێنن، چونكه له بواری سه‌ربه‌ستی و سه‌رفرازی تاكی توركیدا هیچ هه‌وڵێكی جدیان نه‌داوه و له دیدی خۆیانه‌وه بۆ كێشه‌كان ده‌ڕوانن نه‌ك له دیدی خه‌ڵكه‌وه."
ئه‌ربه‌كان كه وه‌ك كاندیدێكی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات، ته‌نها به‌م ره‌خنه‌یه وازی له( ئاكه‌په) نه‌هێنا و له لێدوانێكی تری‌دا رایگه‌یاند " ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌نگ به (ئاكه‌په ) بدات وه‌ك ئه‌وه وایه بلیتی جه‌هه‌نه‌می بڕیبێت، چونكه دینی ئیستیغلال كردووه و ئاسانكاری له دیندا كردووه تا جه‌ماوه‌رێكی زۆر له خۆی كۆبكاته‌وه."
پارته‌كان سه‌باره‌ت به په‌كه‌كه چی ده‌ڵێن؟
پارته‌كانی توركیا له نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 22 ی ته‌مموزدا به‌یاننامه‌ی تایبه‌ت به خۆیان بڵاو كرده‌وه كه تیایدا كۆمه‌ڵێك په‌یمانیان داوه، له‌و په‌یمانانه‌دا كێشه‌ی په‌كه‌كه خۆی ده‌بینێته‌وه.
(ئاكه‌په ) له به‌یاننامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت " هیچ پارت و گروپێك بۆی نییه وڵاتانی دراوسێ وه‌ك بنكه‌یه‌كی تیرۆرستی بۆ هێرشكردنه سه‌ر توركیا به‌كاربهێنێت و به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان توركیا مافی خۆیه‌تی وڵاتی خۆی بپارێزێت له هه‌ر مه‌ترسییه‌كی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه."
(جه‌هه‌په) له به‌یاننامه‌كه‌یدا زۆر به توندی له به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام سه‌باره‌ت به كورد ده‌ڵێت " ئێمه دژی هه‌موو چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یین، كه ئه‌مه‌یان مه‌به‌ستی له كورده و په‌یمانی داوه كه په‌كه‌كه له‌ناو به‌رێت ،ئاسایشی وڵات و سنوور بپارێزێَت و په‌یوه‌ندی وڵاتانی دراوسێ به‌پێی كاردانه‌وه‌یان بۆ تیرۆر هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.
له به‌یاننامه‌كه‌شدا هاتووه كه هێرشكردنه سه‌ر تیرۆرستان به پرسی ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا نابێت و هه‌موو یارمه‌تییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی په‌كه‌كه راده‌گیرێت.
(مه‌هه‌په ) به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كه‌م كار كه به‌نیازه بیكات ئه‌وه‌یه ئۆجالان بخاته زیندانی تاكه كه‌سییه‌وه.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه تیرۆرستان سیاسیانه و سه‌ربازیانه له‌ناو ده‌برێن، بوونی په‌كه‌كه و میدیاكانیان له ئه‌وروپادا به‌رێگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیانه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و هه‌موو پشتگیرییه ده‌ره‌كییه‌كانی په‌كه‌كه له‌ناو ده‌برێت و هه‌ر تاوانێك ئه‌وان ئه‌نجامی بده‌ن به‌ر لێبوردنی گشتی ناكه‌وێت.
(ده په) له به‌یاننامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت" شه‌ڕ دژی تیرۆر به‌رده‌وام ده‌بێت و چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ كێشه‌ی په‌كه‌كه ده‌دۆزینه‌وه و كێشه‌ی پارته‌كانیش چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین و یاسای 10% ی هه‌ڵبژاردن ناهێڵین و سهركۆمار له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت."
سه‌باره‌ت به‌م به‌یاننامانه پرۆفیسۆر ئیبراهیم كابۆغڵو له زانكۆی مه‌ڕمه‌ڕه ره‌خنه‌ی له‌م به‌یاننامه و په‌یماننامه‌ی پارته‌كان گرت و وتی "(ئاكه‌په ) كه پارتێكی گه‌وره‌یه و چوار ساڵ و نیوه ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ستدایه، ته‌نانه‌ت له دێڕێكیشدا باسی كێشه‌ی كورده‌كانی نه‌كردووه و پێویست بوو باسی مافه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و كلتورییهكانیان بكرایه و (جه‌هه‌په)ش په‌یماننامه‌كانی كلاسیكیانهیه و هه‌ر ئه‌و په‌یماننامانه‌یه كه پێشتر بیستوومانه، ( مه‌هه‌په) له به‌یاننامه‌كه‌یدا ئازادیی تاكه كه‌سی به‌رته‌سك كردۆته‌وه و به‌یاننامه‌كه‌ی (ده په)ش جیاوازه له‌وانی تر و میانهڕهوانهتره." |
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|