(سبه‌ی):
پێشنیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ (شه‌ممه) له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی سه‌رای سلێمانی ئاماژه‌ی به کار‌و چالاکییه‌کانیان و خۆپیشاندانه‌کانی رۆژانی رابوردوی مه‌یدانی سه‌رای ئازادی شاری سلێمانی کرد‌و تهئیکدیان له‌سه‌ر مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه، که هاوکاته له‌گه‌ڵ یادی راپه‌رینه مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی 1991.
له‌میانی کۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌که‌دا ناسك قادر، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی رایگه‌یاند: داخوازییه‌کانی جه‌ماوه‌ر رون و ئاشکران و هه‌ر لایه‌نێکیش داواکانیان جێبه‌جێ بکات، ئه‌وا ده‌توانێت ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و پشتیوانی جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی به‌ده‌ستبهێنێت.
وتیشی: ده‌سه‌ڵات له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابوردودا سیاسه‌تی دابه‌شكردن و داگیركردنی گرتوه‌ته‌به‌ر و به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌وڵی دامركاندنه‌وه و كپكردنی ده‌نگی ناڕازی خه‌ڵكی داوه، هه‌ربۆیه داواكاری سه‌رای ئازادی، داواكاری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه، نه‌ك ته‌نها ناوچه‌و شارێكی دیاریکراو .
وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی ئاماژه‌ی به په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم کرد‌و وتی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ڵامێك نه‌بو بۆ داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ر، ئه‌و ماوه‌یه‌ی تهرخانیشكرابو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه هه‌نوكه‌یی و بنه‌ڕه‌تییه‌كان، كۆتایی هاتوه".
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، له سیسته‌مه دیموكراسیه‌كانی جیهاندا كاتێك چه‌ند كه‌سێك داواكارییه‌كیان هه‌یه و دێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان، حكومه‌ت به‌رپرسیاره له‌وه‌ی به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه بچێت و كاری جدی بكات بۆ جێبه‌جێكردنی داواكانیان، به‌ڵام له كوردستان پێچه‌وانه‌یه‌و به هه‌زاره‌ها كه‌س رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و داواكارییه‌كانیان زۆر رون و ئاشكرایه، که‌چی ده‌سه‌ڵات تائێستا وه‌ڵامێكی گونجاوی نه‌داوه‌ته‌وه.
ناسک قادر، سه‌باره‌ت به شاری هه‌ولێریش رایگه‌یاند: هه‌ولێر به‌هێزێكی چه‌كدار گه‌مارۆدراوه، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌پێناو رێگرتن له داواكاری خه‌ڵكی هه‌ولێر و بچوكردنه‌وه‌ی خواستی خه‌ڵك و به‌ناوچه‌یی كردنی داواكاری خه‌ڵكه.
بێستون محه‌مه‌د