(سبه‌ی):
شه‌وی رابوردو هێزێکی ده‌مامکدار هێرشیان کرده سه‌ر مانگرتوانی سه‌رای ئازادی سلێمانی و چادرو که‌لوپه‌له‌کانیان سوتاندو ژماره‌یه‌ک هاوڵاتیان ده‌ستگیرکرد، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادیش ده‌ڵێت: ئاسایش به‌رپرسیاره.
ناسك قادر، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی له‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: شه‌وی (شه‌ممه)ی رابوردو هێزێکی ده‌مامکدار هێرشیان کرده سه‌ر مانگرتوانی سه‌رای ئازادی و سه‌ره‌ڕای سوتاندنی چادره‌کان و که‌لوپه‌له‌کانی خۆپیشانده‌ران، هه‌ڵمه‌تێکی ره‌شبگیرییان بۆ گرتنی ئه‌و هاوڵاتیانه ده‌ستپێکرد که له‌وێدا کۆببونه‌وه.
وتیشی: به‌رپرسیارێتی په‌لاماردانی مانگرتوان و سوتاندنی چادره‌کانی سه‌رای ئازادی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی ئاسایشی سلێمانی، چونکه به به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه هێرشه‌که ئه‌نجامدراوه.
وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که هێرشه‌که پێشتر ئاماده‌کاری بۆ کراوه‌و وتی: "(5) خوله‌ک به‌ر له هێرشه‌که، هێزێكی چه‌كداری ئاسایش به پێنج ئۆتۆمبێل له‌و ناوه‌دا بڵاوکرانه‌وه‌و گه‌مارۆی ناوچه‌که‌یان دا، بۆ ئه‌وه‌ی چوار ده‌وری هاوڵاتیان بگرن و هیچ كه‌سێک ده‌رنه‌چێت".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پاش ئه‌و کارانه له‌لایه‌ن هێزه دهمامکدارهکهوه هێرش و سوتاندنی خێمه‌کان و ره‌شبگیری ده‌ستپێکردو به‌پێی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌کان، زیاتر له30 که‌س ده‌ستگیرکراون.
فۆتۆ: ئاكام ئه‌بوبه‌كر
بێستون محه‌مه‌د