تورکیا: له‌شکرکێشی و هه‌ڵبژاردن
 نه‌خشه‌ی‌ سیاسیی‌ توركیا




Wednesday, July 18, 2007
 
ئا: زریان محه‌مه‌د
*پارتی‌ عه‌داله‌ت ‌و په‌ره‌پێدان (ئه‌كه‌په‌):
پارتی‌ عه‌داله‌ت ‌و په‌ره‌پێدان له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌ جیابووه‌كانی‌ حزبی‌ فه‌زیله‌ی‌ ئیسلامییه‌وه‌ دامه‌زرا، كه‌ به‌ بڕیارێكی‌ دادگای ده‌ستووری‌ له‌ 22ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2001 هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌. ئه‌م ئه‌ندامانه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ باڵی‌ نوێكه‌ره‌وه‌ی‌ پارته‌كه‌یان ده‌كرد. له‌ڕۆژی‌ 14ی‌ ئابی‌ 2001 دامه‌زراوه‌ ‌و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی‌ پارتی‌ عه‌داله‌ت ‌و په‌ره‌پێدانه‌. له‌دوایین هه‌ڵبژاردندا 34.43 رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ ‌و 365 كورسی‌ له‌پارله‌ماندا هه‌یه‌. ئه‌ردۆگان كه‌ پێشتر سه‌رۆكی‌ شاره‌وانیی‌ ئه‌سته‌نبوڵ‌ بووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌هه‌ڵسوڕاوه‌ ناسراوه‌كانی‌ جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ توركیا، یه‌كه‌م سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌یه‌ ‌و پارتی‌ عه‌داله‌ت 193 پارته‌ كه‌ به‌شداریی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ ئه‌و وڵاته‌ بكات.
بۆچوونی‌ فیكری‌ ئه‌م پارته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ باڵی‌ ئیسلامی‌ میانڕه‌و ده‌كات. سووره‌ له‌سه‌ر به‌كارنه‌هێنانی‌ دروشمی‌ ئایینی‌ له‌ وتاره‌ سیاسییه‌كانیدا. هه‌میشه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ نایه‌وێت وه‌كو پارتێكی‌ ئیسلامی‌ گوزارشت له‌ خۆی‌ بكات. بڕوای‌ به‌ ئازادیی‌ ئایینی‌ ‌و فیكریی‌ هه‌یه‌‌و پارتێكی‌ كراوه‌یه‌. سیاسه‌ته‌كانی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ لێبورده‌یی‌ ‌و دیالۆگ بنیاتده‌نێت. جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دژایه‌تی‌ عه‌لمانی‌ ‌و ئه‌و بنه‌مایانه‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ كۆماری‌ توركیای‌ له‌سه‌ر دروستكراوه‌. پشتیوانی‌ له‌بوونه‌ ئه‌ندامی‌ توركیا له‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا ده‌كات. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002دا، 34.43%ی‌ ده‌نگه‌كان ‌و 365 كورسیی پارله‌مانی‌ به‌ده‌ستهێنا ‌و به‌ ته‌نیا حكومه‌تی‌ پێكهێناوه‌.
*پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماریی‌ (چه‌هه‌په‌):
پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ له‌لایه‌ن مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركه‌وه‌ له‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 1923وه‌ دامه‌زرێنراوه‌. دوای‌ مردنی‌ ئه‌تاتورك، عیسمه‌ت ئینونۆ بووه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌. تا 1946 ته‌نیا پارتی‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ توركیا بووه‌. له‌و ساڵه‌دا سیستمی‌ فره‌حزبی‌ جێبه‌جێكراو له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ پارله‌ماندا زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام ساڵی‌ 1950 له‌به‌رامبه‌ر پارتی‌ دیموكراتی‌ كه‌ عه‌دنان مه‌نده‌رس سه‌رۆكی‌ بوو، شكستی هێنا.
ساڵی‌ 1972 بوله‌ند ئه‌جه‌وید بووه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌ ‌و دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 1973 له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ سه‌لامه‌تی‌ نیشتمانی‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد، حكومه‌تێكی‌ ئیئتلافییان پێكهێنا. ساڵی‌ 1978 جارێكی‌ تر ده‌سه‌ڵاتی‌ كه‌وته‌وه‌ ده‌ست.
دوای‌ كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ 12ی‌ ئه‌یلولی‌ 1980، كوده‌تاچییه‌كان باره‌گای‌ گه‌لی‌ كۆمارییان وه‌كو هه‌موو پارته‌كانی‌ تر داخست. دوای‌ دوانزه‌ ساڵ‌ ‌و ساڵی‌ 1992 پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌نیز بایكاڵ‌، هاته‌وه‌ نێو گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002دا، 19.41% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ ‌و 177 كورسی‌ له‌پارله‌ماندا هه‌یه‌، پارتێكی‌ چه‌پڕه‌وه‌.
له‌دواهه‌ڵبژاردندا 19.41% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ ‌و 177 كورسی‌ له‌پارله‌ماندا هه‌یه‌.
*پارتی‌ رێگای‌ راست (ده‌یه‌په‌):
پارتی‌ رێگای‌ راست، پارتێكی‌ راستڕه‌وه‌، له‌ 23ی‌ حوزه‌رانی‌ 1983 دروستبووه‌. یه‌كه‌م رابه‌ری‌ پارته‌كه‌ ئه‌حمه‌د نه‌سره‌ت تونا بوو. رابه‌ره‌كانی‌ تری‌ ئه‌مانه‌بوون: یه‌لدیریم ئوجی‌، حسامه‌دین جیندوروك، سلێمان دیمیریل، محه‌مه‌د كولهان ‌و تانسۆ چیله‌ر.
له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا كه‌ به‌شداریی‌ كرد، 19.14% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا‌و 59 كورسی‌ له‌پارله‌ماندا پێبڕا. دوای‌ ئه‌وه‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كاندا ده‌نگێكی‌ زۆری‌ به‌ده‌ستهێنا. له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارله‌مانی‌ ساڵی‌ 1991، به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دیمیریل، پارتی‌ رێگای‌ راست هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌ ‌و 27% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا، بووه‌ خاوه‌نی‌ 182 كورسی‌ پارله‌مان، له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ گه‌لی‌ دیموكراتی‌ سۆسیالیستی‌ حكومه‌تی‌ پێكهێنا.
دوای‌ مردنی‌ تۆرگۆت ئۆزال، دیمیرل له‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستی‌ له‌كاركێشایه‌وه‌ ‌و تانسلۆ چیله‌ر وه‌كو یه‌كه‌م ژن له‌ مێژووی‌ توركیادا ئه‌و پۆسته‌ی‌ وه‌رگرت ‌و بووه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 1995دا، 19.18% ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا ‌و بووه‌ پارتی‌ سێیه‌می‌ ناو پارله‌مان. له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ ره‌فادا كه‌ نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد، حكومه‌تی‌ پێكهێنا، به‌ڵام دوو ساڵ‌ دواتر ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ژێر فشاری‌ سوپا هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چالاكیی‌ سیاسی‌ له‌ ئه‌ربه‌كان قه‌ده‌غه‌كرا. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ پێنج ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ردا 9.54% ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.
* پارتی‌ نیشتمانی‌ دایك (ئه‌ناپ):
پارتی‌ نیشتمانی‌ دایك له‌ 20ی‌ ئایاری‌ 1983 به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ تۆرگۆت ئۆزال دامه‌زراو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 1983، زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ پارله‌مان ‌و 45.14%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا ‌و به‌ته‌نیا خۆی‌ حكومه‌تی‌ پێكهێنا. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 1987دا، جارێكی‌ تر رێژه‌ی‌ 36.31% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا ‌و جارێكی‌ تر به‌ ته‌نیا حكومه‌تی‌ پێكهێنایه‌وه‌. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 1989 ئۆزال به‌ سه‌رۆكی‌ كۆمار هه‌ڵبژێردرا ، یه‌ڵدرم ئاك بولوت بووه‌ سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌.
له‌ 15ی‌ حوزه‌یرانی‌ 1991ه‌وه‌ مه‌سعود یه‌ڵماز سه‌ركرده‌ی‌ پارتی‌ نیشتمانی‌ دایكه‌ و رۆژ به‌ڕۆژ جه‌ماوه‌ریی‌ له‌ده‌ستده‌دات، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 20ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 1991، 24% ده‌نگه‌كانی‌ برده‌وه‌ ‌و دوای‌ پارتی‌ رێگای‌ راست، بووه‌ دووه‌م پارتی‌ ناو پارله‌مان. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 1995دا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ 19.66%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ برده‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ رێگای‌ راست كه‌ تانسلۆ چیله‌ر رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كرد حكومه‌تی‌ پێكهێنا ‌و یه‌ڵماز بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیران. له‌ هه‌لًبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002 5.11%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا.
*پارتی‌ كاری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ (مه‌هه‌په‌):
پارتی‌ كاری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ بیری‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ تورك ده‌كات، هه‌ندێك له‌ چاودێران پێیانوایه‌، سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م پارته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 1999 ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ نائومێدبوونی‌ توركه‌كان، له‌ حزبه‌كانی‌ تر.
ئه‌م پارته‌ له‌ 9ی‌ شوباتی‌ 1969دا دروستبووه‌ ‌و درێژبووه‌وه‌ی‌ جوڵانه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ ئه‌لب ئه‌رسه‌لان له‌و كاته‌وه‌ تا مردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد. جوڵانه‌وه‌ ناسیونالیسته‌كان له‌ژێر چه‌تری‌ پارتی‌ جۆراوجۆر چالاكییه‌كان نواندووه‌، تا له‌كۆتاییدا له‌ناو پارتی‌ كاری‌ نه‌ته‌وه‌ییدا كۆبوونه‌وه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 1999 زۆرترین رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ ‌و بووه‌ خاوه‌نی‌ 129 كورسی‌ پارله‌مان. له‌دوای‌ پارتی‌ چه‌پی‌ دیموكراتی‌ بووه‌ پارتی‌ دووه‌م، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 2002دا، 8.35%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌لب ئه‌رسه‌لان توركیش به‌ سه‌رۆكی‌ بیری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ توركیا داده‌نرێت. دوای‌ مردنی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی‌ بووه‌ سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌ و گه‌وره‌ترین لایه‌نی‌ به‌شداربووی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ ئیئتلافییه‌ بوو كه‌ ساڵی‌ 1999 له‌نێوان پارتی‌ چه‌پی‌ دیموكراتی‌ ‌و نیشتمانی‌ دایك ‌و كاری‌ نه‌ته‌وه‌ییدا پێكهێنرابوو. ئه‌م پارته‌ زۆر به‌ توندی‌ دژایه‌تی‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ توركیا ده‌كات.
چاكسازییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی‌ وه‌كو پێدانی‌ مافی‌ كه‌لتوری‌ به‌ كورده‌كان له‌ په‌خش ‌و راگه‌یاندن ‌و فێربووندا ره‌تده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ك دژایه‌تی‌ لابردنی‌ له‌ سێداره‌دان ‌و گوێدان به‌ داواكانی‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا ده‌كات.
*پارتی‌ سه‌عاده‌ت (سه‌په‌):
به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ پارتی‌ فه‌زیله‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌ بڕیارێكی‌ دادگای ده‌ستوری‌ له‌ 22ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2002، دوو پارتی‌ به‌ مۆرك ئیسلامی‌ له‌ ژیانی‌ حزبایه‌تی‌ توركیا ده‌ركه‌وتن، كه‌ یه‌كه‌میان پارتی‌ عه‌داله‌ت ‌و په‌ره‌پێدان بوو كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ باڵی‌ نوێكه‌ره‌وه‌ی‌ پارتی‌ ئیسلامی‌ ده‌كات. دووه‌میان پارتی‌ سه‌عاده‌ت بوو، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ باڵی‌ ته‌قلیدی‌ ده‌كات ‌و نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان له‌پشت په‌رده‌وه‌ رابه‌رایه‌تی‌ پارته‌كه‌ ده‌كات. ئه‌ندامانی‌ پارته‌كه‌ له‌ 20ی‌ ته‌مووزی‌ 2001، ره‌جایی‌ كوتان-یان وه‌كو رابه‌ر هه‌ڵبژارد.
ئه‌م پارته‌ پشتیوانی‌ له‌ بوونه‌ئه‌ندامی‌ توركیا له‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا ‌و فراوانكردنی‌ ئازادییه‌ دیموكراتییه‌كان ده‌كات بێئه‌وه‌ی‌ ئه‌و له‌سه‌ر حسابی‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ بێت كه‌ كۆماریی‌ توركیای‌ له‌ عه‌لمانییه‌ت ‌و سیستمی‌ كۆماری‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌.
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002دا، 2.49%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا.

*پارتی‌ چه‌پی‌ دیموكراتی‌ (ده‌سه‌په‌):
ئه‌م پارته‌ رۆژی‌ 14ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 1985 له‌لایه‌ن بوله‌ند ئه‌جه‌ویده‌وه‌ دامه‌زرا، سه‌رۆكی‌ یه‌كه‌می‌ پارته‌كه‌ ره‌هشان ئه‌جه‌ویدی‌ هاوسه‌ری‌ بوو، كاتێكیش قه‌ده‌غه‌كردنی‌ كاری‌ سیاسی‌ له‌سه‌ر ئه‌جه‌وید هه‌ڵگیرا، كه‌ به‌هۆی‌ كوده‌تاكه‌ی‌ 1980 خرابووه‌سه‌ری‌، ئه‌جه‌وید بوو به‌ سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌ ‌و هاوسه‌ره‌كه‌یشی‌ جێگریی‌ بوو.
له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییدا ئه‌جه‌وید له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دا بوو، كه‌ چه‌په‌كانی‌ توركیا له‌ده‌وری‌ خۆی‌ كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌و هه‌وڵانه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 1995دا، 14.64% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا ‌و 75 كورسی‌ پارله‌مانی‌ پێبڕا. دوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌ ئیتلافییه‌كه‌ی‌ پارتی‌ رێگای‌ راست ‌و پارتی‌ ره‌فا، ساڵی‌ 1997، ئه‌م پارته‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ نیشتمانی‌ دایك حكومه‌تێكی‌ ئیئتلافییان پێكهێنا.
ده‌ستگیركردنی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان له‌ شوباتی‌ 1999، بووه‌مایه‌ی‌ خێروبێر‌و رژا به‌سه‌ر ئه‌جه‌وید‌و پارته‌كه‌ی‌، له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ ئه‌و ساڵه‌دا 22.19% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا‌و بووه‌خاوه‌نی‌ 136 كورسی‌. هه‌مان ساڵ‌ ئه‌جه‌وید له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ كاری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نیشتمانی‌ دایكدا حكومه‌تی‌ پێكهێنا‌و هه‌ندێك چاكسازیی‌ له‌ده‌ستووردا كرد، به‌ڵام ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ی‌ شوباتی‌ 2001 توركیای‌ گرته‌وه‌، هه‌موو حساباته‌كانی‌ هه‌ڵگێڕایه‌وه‌‌و حكومه‌ت جه‌ماوه‌ریی‌ له‌ده‌ستدا‌و زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانیشی‌ له‌كیسچوو.
له‌دوا هه‌ڵبژاردندا (ده‌سه‌په‌) ته‌نیا 1.22% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا.
*پارتی‌ توركیای‌ نوێ‌ (یه‌ته‌په‌):
ئه‌م پارته‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌وه‌ دروستكرا كه‌ له‌ پارتی‌ چه‌پی‌ دیموكراتی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئیسماعیل جه‌می‌ وه‌زیری‌ پێشووتری‌ ده‌ره‌وه‌‌و حسامه‌دین ئوزكان جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌و ده‌سه‌ڕاستی‌ ئه‌جاوید‌و كه‌مال ده‌روێش وه‌زیری‌ پێشووی‌ ئابووری‌ ‌و حه‌وت وه‌زیری‌ تر جیاببوونه‌وه‌.
ئه‌م كه‌سانه‌ بانگه‌شه‌ی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ پارتی‌ چه‌پی‌ دیموكراتی‌‌و وازهێنانی‌ ئه‌جه‌وید-یان له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارته‌كه‌دا ده‌كرد به‌ڵام كاتێك ئه‌جه‌وید داواكه‌یانی‌ ره‌تكرده‌وه‌، له‌پارتی‌ چه‌پ جیابوونه‌وه‌‌و پارتێكی‌ نوێیان به‌ئامانجی‌ بوونه‌ئه‌ندامی‌ توركیا له‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا‌و فراوانكردنی‌ ئازادییه‌ سیاسیی‌ ‌و كه‌لتورییه‌كان ‌و به‌ره‌وپێشبردنی‌ ره‌وشی‌ ئابووری‌ دامه‌زراند.
له‌سه‌ره‌تاوه‌ ناوبانگێكی‌ باشی هه‌بوو، به‌ڵام دوای‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ كه‌مال ده‌روێش لێیان، ئه‌و ناوبانگه‌یان نه‌ماو له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2002 دا ته‌نیا 1.15% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا.

*پارتی‌ ئیتیحادی‌ گه‌وره‌ (به‌به‌په‌):
ئه‌م پارته‌ رۆژی‌ 29ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 1993 دامه‌زرا‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ موحسین یازیجی‌ ئوگلۆیه‌. له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا، له‌ساڵی‌ 1999 ته‌نیا 1.46%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا‌و نه‌یتوانی‌ رێژه‌ی‌ پێویستی‌ بوونه‌ئه‌ندام له‌ په‌رله‌مان بۆ خۆی‌ مسۆگه‌ر بكات. له‌ دواهه‌ڵبژاردندا 1.02% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا.
*پارتی‌ گه‌لی‌ دیموكراتی‌ (ده‌هه‌په‌):
پارتی‌ گه‌لی‌ دیموكراتی‌ له‌ 24ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 1997 دامه‌زراوه‌ وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤی‌ پارتی‌ كوردی‌ (هاده‌پ). ئه‌ندامه‌كانی‌ ئه‌م پارته‌ به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی‌ لێپێچینه‌وه‌ی‌ یاسایی‌ بوونه‌ته‌وه‌. له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002، 6.14% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا. زۆرجار به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گوایه‌ باڵی‌ سیاسیی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانه‌، پۆلیسی‌ تورك هه‌ڵی‌ كوتاوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاكانی‌ ‌و ئه‌ندامه‌كانی‌ ده‌ستگیركردووه‌.
سه‌رچاوه‌:

جه‌زیره‌ نێت
 
     Print     Send this link     Add to favorites
 
له‌ ئه‌گه‌ری له‌شکرکێشی تورکیا‌دا
له‌شكركێشی توركیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر چاره‌نووسی ناوچه‌ ئارامه‌كه‌
هێزه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا و تواناكانی‌
توركیا؛ سوپا له‌ نێوان سێكولاریزم ‌و دێموكراسیدا
پانۆرامای‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان
نه‌خشه‌ی‌ سیاسیی‌ توركیا
هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌که‌ی‌ 22ی‌ ته‌مموزی‌ توركیا و كاریگه‌رییه‌كانی‌
جه‌نگی‌ داهاتوو له‌ عیراق
بۆچی‌ سوپای‌ توركیا خوازیاری‌ له‌شكركێشییه‌؟
ئه‌گه‌ری هێرشی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان
ئارام عه‌لی‌: ئه‌و هێزه‌ی‌ توركیا له‌ سه‌ر سنوری‌ عیراق چاوه‌ڕێی‌ كاتژمێری‌ سفره‌ بۆ سنور به‌زاندن

Sbeiy.com © 2007-2011 All rights reserved    
ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌نده‌ی‌ راسته‌وخۆمان هه‌یه‌ مامۆستایانی هاوبه‌ش ستایشی سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات به‌غدا؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمبه‌وه، 70 كه‌س بون به‌ قوربانی‌ به‌هۆی‌ كوشتنی‌ خوشكه‌زاكه‌یه‌وه‌، میرێكی كوه‌یتی‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێت چوارقوڕنه‌؛ كارمه‌ندانی به‌شی سیانه‌ی كاره‌با مانیانگرت بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێم، نوێنه‌ری‌ 22 زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێرن سوریا؛ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 14 كه‌س كوژراون هه‌ولێر؛ چه‌ندین كه‌س ناویان له‌ناو ليستى (دامه‌زراوان) و (دانه‌مه‌زراوان)دا نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانی‌ لیبیا: قه‌زافی له‌ شاری‌ سیرته‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌ هۆشیار زێباری‌: بونی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ 5 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ شاره‌كاندا بۆ هێزه‌كانی ناوخۆ دروستده‌كرێت ئه‌ڵمانیا؛ تارا جاف و داریوشی‌ ئیقبالی‌ كۆنسێرتێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ سلێمانی؛ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بانگهێشتی دادگا کراو به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌خسی ئازاد کرا شانۆگه‌ری‌ گێژه‌ن نمایش ده‌كرێ