ناوه‌ند‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم
ته‌نگژه‌‌و قه‌یران
 ئیسماعیل شوكر: دواكه‌وتنی‌ بودجه‌ ته‌نها له‌به‌ر 17% نییه‌




Monday, February 11, 2008
 

سازدانی‌: نه‌وزاد سدیق- نه‌ژاد جه‌لال

كێشمه‌كێشمی‌ بوجه‌ و دواكه‌وتنی‌ واده‌ی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق، مه‌سه‌له‌ی‌ 17% ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ 13%، گلییه‌كانی‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تی‌ و كوتله‌ له‌ بودجه‌ و داوای‌ دواخستن و په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، دروستبونی‌ گروپێكی‌ نوێی‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ لێدانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد له‌ به‌غدا، شه‌فافیه‌ت له‌ دانان و خه‌رجكردنی‌ بوجه‌دا، به‌رده‌وامی‌ ناكۆكیه‌كان و ئاینده‌ی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوو كۆمه‌ڵێك پرسیارن، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ سایتی‌ سبه‌ی‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئیسماعیل شكور* جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌یی‌ دارایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق سازكردوه‌.


سبه‌ی‌: ئه‌مه‌ چوار ساڵه‌ عێراق رزگار كراوه‌ به‌ڵام بۆچی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئێستا بگره‌ و به‌رده‌ی‌ زۆری‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌؟

ئیسماعیل شوكر: ئه‌وانه‌ی‌ تائێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كایه‌ی‌ سیاسیی‌ بوون، ئێستا بوونه‌ كوتله‌یه‌ك له‌ناو حكومه‌ت و پارله‌مان، ئه‌وانه‌ نه‌ك هه‌ر دژی‌ 17%ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، به‌ڵكو به‌گشتی‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ تازه‌ ‌و فیدراڵیی‌ و بوونی‌ هه‌رێمی‌ سه‌ربه‌خۆن. دیاره‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش هه‌ندێك گوناهی‌ هه‌یه‌، له‌ یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان له‌سه‌ر وه‌به‌ر هێنان، ژماره‌یه‌كیان داوه‌ له‌ باره‌ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 9،3 واته‌ نزیكه‌ی‌ چوار ملیۆن، ئه‌وانیش ئێستا ده‌ڵێن به‌پێی‌ ئه‌و داتایه‌بێت كه‌ خۆتان داوتانه‌ به‌ رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان و ئێمه‌ش به‌پێی‌ ئه‌و ئاماره‌ی‌ هه‌مانه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان كورد ده‌كاته‌ چوار ملیۆن و عه‌ره‌ب ده‌كات 30 ملیۆن، ئه‌گه‌ر به‌و رێژه‌یه‌ش هه‌ژمار بكرێت ئه‌وكاته‌ 12.8% ده‌بێت. دیاره‌ ئه‌وان شتێكی‌ تریان له‌ یاد كردووه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵی‌ 2004 له‌ دابه‌شكردنی‌ بودجه‌ی‌ عیراقدا كه‌ له‌سه‌ر داهات بووه‌، 13% دراوه‌ به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جگه‌ له‌وه‌ی‌ مافی‌ به‌ سه‌ر نه‌فه‌قاتی‌ سیادیی‌ و حكومه‌ت و  شتی‌ تر ده‌بێت، پاشان له‌ 2005 بوو به‌ 17% بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مه‌ش قانونی‌ بۆ ده‌رچووه‌، راسته‌ ئه‌وكاته‌ پارله‌مان نه‌بووه‌، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادان ‌و جێبه‌جێكردن بووه‌. به‌پێی‌ یاساكه‌ 17% ی‌ ده‌درێت به‌ هه‌رێمی‌ كورستان تاوه‌كو  ئه‌و رۆژه‌ی‌ ژمێریارییه‌كی‌ ته‌واوی‌ سه‌رتاپای‌ عیراق ده‌كرێت، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ش ده‌بێت پێشه‌كی‌ مه‌رجه‌كه‌ی‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ین ئینجا یاساكه‌ هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ 2006 به‌هه‌مان شێوه‌ بووه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ جه‌عفه‌ری‌.
هۆكارێكی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا عه‌ره‌ب ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ره‌و به‌هێزیی‌ ده‌ڕوات، لێكتێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ له‌ نێوان شیعه‌ و سوننه‌،  بۆنمونه‌ ئێستا به‌ره‌یه‌ك پێكهاتووه‌ به‌ناوی‌ به‌ره‌ی‌ ئاشتیخوازی‌ عێراق كه‌ زیاتر له‌ 10 حیزبی‌ تێدایه‌ و هه‌موویان دژی‌ فیدراڵیی‌ كورد و مادده‌ی‌ 140 و دژی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ 17% و مه‌سه‌له‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ن.


سبه‌ی‌: له‌و دواییانه‌دا ئه‌ندام پارله‌مانێكی‌ كورد رایگه‌یاند "ره‌وتێكی‌ شۆڤێنیی‌ هه‌یه‌ له‌ به‌غدا و سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم كه‌مبكرێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دژی‌ مافه‌ ره‌واكانی‌ كورد ئه‌وه‌ستێته‌وه‌" ئه‌و ره‌وته‌ له‌ كێ‌ پێكهاتووه‌؟

ئیسماعیل شوكر: ئه‌گه‌ر به‌راشكاوانه‌ پێتان بڵێم، ره‌وتی‌ شۆڤێنیی‌ یان توندڕه‌و هه‌ر له‌ناو عه‌ره‌بدا نییه‌ به‌ڵكو له‌ ناو كوردیشدا هه‌یه‌، له‌ سیاسه‌تدا نه‌ دوژمنی‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌ نه‌ دۆستی‌ به‌رده‌وام، به‌رژه‌وه‌ندی‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لیستی‌ ئیئتیلاف زۆر كۆك و رێكین به‌ڵام هه‌موو كات وانییه‌، هه‌ندێك كات بیروبۆچوون دژ ده‌بێت و ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ش دژ ده‌بین، ده‌كرێت هه‌ندێك باڵ هه‌بێت، به‌ڵام ژماره‌شیان زۆر نییه‌، ئێستا خه‌ون به‌وه‌ ده‌بینن كه‌ حكومه‌تێكی‌ تاكڕه‌وی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ سوننی‌ عه‌ره‌ب بێته‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات. پێموایه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌ ژماره‌ی‌ په‌نجه‌كانی‌ ده‌ست تێپه‌ڕ ناكات.


سبه‌ی‌: هه‌ندێك پارله‌مانتار وه‌كو حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌ی‌ دانیشتوان بێت ئه‌وا به‌شی‌ هه‌رێم 13% ی‌ بودجه‌یه‌ ‌و 4%ه‌كه‌ی‌ تری‌ به‌شی‌ پارێزگاكانی‌ تره‌، ئێوه‌ وه‌كو جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌یی‌ دارایی‌ پارله‌مان چی ده‌ڵێن؟

ئیسماعیل شوكر: ئێمه‌ یاسامان هه‌یه‌، مه‌سه‌له‌كان به‌گۆتره‌ نابێت، ده‌بێت یان له‌ ده‌ستور ساغ كرابێته‌وه‌ یان به‌ یاسا، ئه‌و یاسایه‌ش كه‌ ئێمه‌ له‌ ژێر ده‌ستماندایه‌ له‌ ساڵی‌ 2005 وه‌ له‌ كاتی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ یاسایه‌كی‌ مه‌رجداره‌  و ده‌بێت به‌و شێویه‌ بمێنێته‌وه‌ تا ئه‌و رۆژه‌ی‌ سه‌رژمێرییه‌كی‌ گشتی‌ عیراق ده‌كرێت. له‌ ده‌ستوریشدا ده‌ڵێت: "داهاتی‌ عێراق بۆ هه‌موو  دانیشتوانی‌ عێراقه‌ له‌ هه‌رێم و پارێزگاكان به‌پێی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوان"، هه‌ركاتێكیش سه‌رژمێری‌ گشتیی‌ كرا، ئه‌وكاته‌ شیری‌ ده‌ستور له‌ هه‌موو شیرێك تیژتره‌ و ده‌بێت هه‌موومان سه‌ری‌ بۆ دابنه‌وێنین، ئه‌گه‌ر كورد 5% ده‌رچوو ئه‌وا رازین و ئه‌گه‌ر 30% ده‌رچوو ئه‌وا ده‌بێت وه‌ریبگرین.


سبه‌ی‌: ئه‌م كێشمه‌كێشی‌ بودجه‌یه‌ی‌ ئه‌مساڵ به‌كوێ‌ ده‌گات، ئه‌گه‌ر له‌ پارله‌مانیش تێپه‌ڕیكرد و كه‌مكرایه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی‌ كورد چی ده‌بێت؟

ئیسماعیل شوكر: سه‌ره‌تا مه‌سه‌له‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ بودجه‌ ته‌نها له‌به‌ر 17%ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نییه‌، یه‌كه‌م جار كه‌ بودجه‌ له‌22/11 گه‌یشته‌ پارله‌مان، ئێمه‌ له‌ 28/11 تێبینیمان نووسی‌ له‌سه‌ر هه‌ندێ‌ خاڵ به‌تایبه‌تی‌ مادده‌ی‌ 18، 19 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌كوردستان و وتمان به‌و شێوه‌یه‌ قبوڵ نییه‌ و پاشان له‌گه‌ڵ د.به‌رهه‌م ساڵح دانیشتین و دووباره‌ ئه‌ویش وتی‌ "به‌مشێوه‌یه‌ نه‌نوسرابوو، به‌ڵكو ده‌ستكاریی‌ كراوه‌، ئینجا دوو ماده‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر داڕشته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ 17%ی‌ بودجه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان بێت و خه‌رجییه‌كانی‌ بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ بێت، هه‌روه‌ها موسته‌حه‌قاتی‌ سه‌ر كوردستان له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ عێراقیش هه‌یه‌، ئه‌وانیش مافی‌ خۆیانه‌ داوا بكه‌ن و بزانن داهاتی‌ ئێمه‌ چه‌نده‌ و ئێمه‌ش ده‌بێت بزانین، به‌ڵام ئه‌وان نووسیبوویان ته‌نها له‌سه‌ر كوردستان پێویسته‌ داهاته‌كه‌ی‌ له‌ 2004 وه‌ بۆ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ ڕه‌وان بكات، به‌ڵام ئێمه‌ رازینه‌بووین و وتمان پێویسته‌ ئێوه‌ش روونكردنه‌وه‌مان بده‌نێ‌ له‌ 2004وه‌ تائێستا. پاشان جه‌ژنی‌ به‌سه‌رداهات له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ دووه‌مدا له‌ 7-8/12/2007، بڕیاردرا دانیشتنه‌كان رابگیرێت تا 3/1/2008، ئه‌وه‌بوو له‌ 2/1/2008 گه‌راینه‌وه‌ بۆ پارله‌مان، به‌ڵام حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌ 31 /12 خشته‌یه‌كی‌ نوێی‌ مووچه‌ی‌ دانا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌ریكرد بوو كه‌ ده‌یوت پابه‌ندی‌ سلم الرواتب بۆ فه‌رمانبه‌ر زیاد بكرێت به‌پێی‌ چه‌ند یاسایه‌ك، پاش لێكدانه‌وه‌ی‌ ئاشكرابوو كه‌ زیاتر له‌ ملیارێك و پێنج سه‌د هه‌زار دۆلار بوو، هه‌روه‌ها نوسرابوو كه‌ 17%ی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌سه‌ت و له‌ 1/1 پێویسته‌ سه‌رفبكرێت، داوایانكرد ئه‌و پاره‌یه‌یان بۆ بگێڕینه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش دوو هه‌فته‌ی‌ خایاند تا ئه‌م بڕه‌یان خسته‌ سه‌ر میزانییه‌كه‌ و ئه‌و ژمارانه‌ی‌ كوردستانیش به‌مه‌ گۆڕا، كه‌ هاته‌وه‌ بۆ پارله‌مان بانگێشتی‌ دكتۆر به‌رهه‌م و وه‌زیری‌ دارایی‌ كرا بۆ به‌رچاوی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ڕوونبكه‌ن له‌سه‌ر پرۆژه‌ گشتیه‌یكان و داهات و پاره‌ی‌ زیاد، ئه‌مه‌ش دوو رۆژی‌ خایاند، به‌ڵام دیاره‌ زۆربه‌ی‌ كوتله‌كان داوای‌ كۆمه‌ڵێك خاڵیانكرد، وه‌كو نه‌بوونی‌ شه‌فافییه‌ت له‌ داهاتی‌ عیراق، به‌گشتی‌ 75%ی‌ كوتله‌كانی‌ ناوپارله‌مان داوایان ده‌كرد كه‌ بزانن داهاتی‌ عێراق له‌ مده‌وه‌رات ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ته‌وه‌ و خه‌رج نه‌كراوه‌ 2004 تا 2007 چه‌نده‌، ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌ داواكارییه‌كان. دووه‌مینیان: ئه‌وه‌بوو وتیان تائێستا كه‌شفی‌ حیساباتی‌ خیتامی‌ نه‌كراوه‌. سێیه‌م: راسته‌ له‌ رووی‌ ژماره‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ دانراوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیی‌ زیادیكردووه‌، به‌ڵام پرۆژه‌كانی‌ كه‌ پاره‌كه‌ی‌ تیا خه‌رج ده‌كرێت نادیاره‌، بۆیه‌ پلانمان بۆ ڕه‌وان بكه‌ن تا بزانن له‌ بوارێك ئه‌و پاره‌یه‌تان زیاد نووسیوه‌ و خه‌رجكردووه‌، تاوه‌كو ئێمه‌ش وه‌كو پارله‌مان به‌دواداچوونی‌ بۆ بكه‌ین، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی‌ تره‌، جگه‌ له‌مانه‌ش 17%ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و مه‌سه‌له‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ش هۆكاری‌ تر بوون. هه‌ندێك له‌ میدیاكانی‌ عه‌ره‌ب و عیراقی‌ هه‌میشه‌ ده‌ڵێن هۆكاری‌ دواكه‌وتنی‌ بودجه‌ مه‌سه‌له‌كانی‌ كوردستانه‌ تاوه‌كو له‌ عه‌ره‌ب و هاوڵاتی‌ عیراقی بگه‌یه‌نن كه‌ دروستبوونی‌ هه‌رێم له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هیچ كه‌سێكدا نییه‌ و هه‌میشه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ نكۆڵیی‌ له‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ كێشه‌ی‌ 17% و پیشمه‌رگه‌ش یه‌كێك بوون له‌ هۆكاره‌كان به‌ڵام هه‌موو هۆكاره‌كان نه‌بوو، بۆ نموونه‌ له‌م دواییه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ دیاره‌كان و ئه‌كتیڤه‌كانی‌ ناو پارله‌مان مه‌هدی‌ حافز په‌نجا داواكاری‌ له‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ كردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان و دارایی‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ بۆ روون بكه‌نه‌وه‌ ئینجا ئێمه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه‌ ئه‌ده‌ین، خه‌ڵكێكی‌ زۆریشی‌ له‌گه‌ڵدایه‌. ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ هۆكارن بۆ دواكه‌وتنی‌ بودجه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ دژی‌ فیدراڵییه‌تن و دژی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردن هه‌میشه‌ هۆكاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، تاوه‌كو له‌ خه‌ڵكی‌ رابگه‌یه‌نن كه‌ ئه‌و فیدراڵییه‌ ده‌بێته‌ دواكه‌وتن و پارچه‌پارچه‌ بوونی‌ عیراق و ڕێگریی‌ پیشكه‌وتنی‌ عیراق و خه‌ڵكی‌ به‌م شێوه‌یه‌ تێبگه‌یه‌نن، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا وانییه‌.


سبه‌ی‌: نجێفی‌ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ جگه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ به‌شی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، خاڵێكی‌ تر هه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ چه‌ند ملیار دۆلارێك له‌ بودجه‌ كه‌ بۆ خه‌رجییه‌، به‌ڵام دیارینه‌كراوه‌ بۆ چ مه‌به‌ستێكه‌، ئێستا ئه‌وان داوای‌ ئاشكراكردنی‌ ئه‌و خه‌رجییه‌ ده‌كه‌ن؟

ئیسماعیل شوكر: ئه‌و خه‌رجیانه‌ لای‌ ئێمه‌ ڕوونه‌، له‌ مه‌سروفاتی‌ تردا نوسراوه‌، كه‌ بڕه‌ پاره‌ی‌ بۆ دانراوه‌ كه‌ 160 ملیۆن دۆلاری‌ بۆ  كێشه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140، پێموایه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ خاوه‌ندارێتی‌ و هه‌ندێكیشی‌ بۆ پشتیوانی‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ‌و شتی‌ تره‌. ئه‌م داواكارییه‌ش ره‌وایه‌.


سبه‌ی‌: باسی‌ شه‌فافیه‌تت كرد، ئایا شه‌فافییه‌ت هه‌یه‌ له‌ خه‌رجییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ 2004 – 2007؟

ئیسماعیل شوكر: ده‌كرێت بڵێین نه‌خێر، پێویسته‌ پرسیاره‌كه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر بكه‌یت و بڵێیت ئایا شه‌فافییه‌ت هه‌یه‌ له‌ رووی‌ داراییه‌وه‌ له‌ نێو په‌یوه‌ندیی‌ نێوان حكومه‌تی‌ عیراق  و هه‌رێم، وه‌ڵامیش بۆ هه‌ردوو لا نه‌خێره‌، چونكه‌ ئێمه‌ ناتوانین به‌شه‌فافی‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین كه‌ ئه‌وان شتمان لێ بشارنه‌وه‌، بۆنمونه‌: ئێمه‌ ناتوانین له‌ 2004 وه‌ مده‌وه‌راتی‌ پاره‌ی‌ عێراقی‌ چه‌نده‌، ئه‌و زیاده‌یه‌ی‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت ده‌بێت چه‌نده‌؟ هه‌رچه‌نده‌ تێكڕای‌ ساڵی‌ 2007 نه‌وت به‌زیاتر له‌ 68 دۆلار فرۆشراوه‌ كه‌ 8 دۆلاری‌ زیاد بووه‌، به‌ڵام تێكڕای‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتیش زۆر جار له‌ دوو ملیۆن به‌رمیل ده‌رچووه‌، به‌ڵام له‌ 1.8 كه‌متر نه‌بووه‌، ئه‌ی‌ ئه‌و زیاده‌یه‌ له‌ پاره‌ی‌ نه‌وته‌كه‌ له‌ كوێیه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ئێمه‌ی‌ نه‌ڵێن بۆ ئێمه‌ بیڵێین؟ ناكرێت ئێمه‌ شت روون بكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وانیش شتمان لێ‌ بشارنه‌وه‌.


سبه‌ی‌: باسی‌ ئه‌وه‌تكرد كه‌نرخی‌ به‌رمیلێك پارساڵ‌ به‌ په‌نجا و ئه‌مساڵیش به‌ په‌نجا و حه‌وت دۆلار دانراوه‌، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر چ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بودجه‌ داده‌نرێت؟

ئیسماعیل شوكر: یاسایه‌ك هه‌یه‌ له‌ دانانی‌ بودجه‌، كه‌ ده‌ڵێت مامناوه‌ند وه‌رگره‌ له‌ نێوان كه‌مترین نرخ و زۆرتریندا، تاوه‌كو ئه‌گه‌ر له‌ په‌نجا داشكا بودجه‌ توشی‌ كێشه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیادبوو ئه‌وا له‌ قازانجی‌ میلله‌ت و حكومه‌تیشه‌ و پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت بۆ ساڵی‌ ئاینده‌ یان ده‌بێته‌ پاشكۆی‌ بودجه‌.


سبه‌ی‌: باسی‌ ئه‌وه‌تكرد كه‌ راگه‌یاندنی‌ عه‌ره‌بی‌ جه‌خت  ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورد داوای‌ 17% ده‌كات، من تێبینی‌ لێدوانی‌ پارله‌مانتاره‌كانم كردووه‌ كه‌ كه‌متر پرۆژه‌ی‌ بودجه‌كه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن‌و زۆرترین جه‌خت ده‌كرێته‌وه‌ له‌سه‌ر 17%، به‌ڕای‌ ئێوه‌ كه‌موكوڕییه‌كانی‌ بودجه‌ی‌ 2008 چییه‌؟

ئیسماعیل شوكر: ئه‌و خاڵانه‌بوو كه‌ پێشتر ئاماژه‌م پێدا، نمونه‌یه‌كت بۆ دێنمه‌وه‌، ده‌وترێت بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ عێراق نزیكه‌ی‌ په‌نجا ملیار و نیو دۆلاره‌، ئه‌وه‌ی‌ داهاته‌ 43 ملیار دۆلاره‌، باقیاته‌كه‌ی‌ له‌ پاشه‌كه‌وته‌كه‌ خه‌رج ده‌كرێ، ئه‌ی‌ بۆ ناڵێن پاشه‌كه‌وته‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌یه‌؟ تائێستا زانیاری‌ ته‌واومان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ كه‌ نه‌وت رۆژانه‌ به‌چه‌ند فرۆشراوه‌ و چه‌ندی‌ داهاته‌و چه‌ندیشی‌ نێردراوه‌. من خۆم داوام له‌وه‌زیری‌ ئابووری‌ كرد و ئه‌ویش وتی‌: پێویسته‌ له‌ پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراقی‌ وه‌ربگرن، ئه‌ویش وتی‌ من ناتوانم هیچتان پێبڵێم، ده‌بێت حكومه‌ت پێتان بڵێت، كه‌واته‌ لێره‌دا جۆرێك شاراوه‌یی‌ هه‌یه‌ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌دا.


سبه‌ی‌: له‌ نه‌بوونی‌ ئه‌و شه‌فافییه‌تانه‌، تۆ پێت وایه‌ ته‌نها شیعه‌كان سودمه‌ند ده‌بن یان هه‌ندێك لایه‌نی‌ تریش؟

ئیسماعیل شوكر: من پێم وایه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م شیعه‌كان سوودمه‌ند ده‌بن، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ حكومه‌تیان پێكهێناوه‌.


سبه‌ی‌: باسی‌ ئه‌وه‌تكرد كه‌ نه‌بوونی‌ شه‌فافییه‌ت مانای‌ نه‌بوونی‌ بێمتمانه‌ییه‌، تاكه‌ی‌ ئه‌م بێمتمانه‌یییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟

ئیسماعیل شوكر: تاوه‌كو به‌ڕاشكاویی‌ داهاته‌كانمان بۆ ئاشكرا ده‌كه‌ن. ئێمه‌ی‌ هه‌قی‌ خۆمانه‌ كه‌ متمانه‌مان به‌هه‌موو شتێك نه‌بێت له‌ سیاسه‌ت و داراییدا، ئه‌وانیش نایانه‌وێت هه‌موو داهاته‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ قه‌رزاری‌ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تین و هه‌ندێك بیانووی‌ نادیار.


سبه‌ی‌: ئه‌گه‌ر هاتوو به‌م نزیكانه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه‌ نه‌درێت، ئایا عێراق رووبه‌ڕووی‌ كێشه‌ی‌ دارایی‌ نابێته‌وه‌؟

ئیسماعیل شوكر: ئه‌گه‌ر هاتو ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه‌ نه‌درا، له‌سه‌ر 13%، به‌ڕاستی‌ ئه‌وكاته‌ برایانی‌ عێراق تووشی‌ سه‌ر ئێشه‌ ده‌بن، چونكه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار، مام جه‌لال و عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ و تاریق هاشمی‌، هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ ڤیتۆی‌ بكات، واته‌ ڤیتۆیان هه‌یه‌. ئه‌وكاته‌ كه‌س قبوڵی‌ ناكات، مام جه‌لالیش قبوڵی‌ ناكات. كه‌ ڤیتۆی‌ یه‌كه‌می‌ كراو و بۆ ڤیتۆی‌ دووه‌م دێیینه‌وه‌ و ئه‌وسا ئێمه‌ پشومان هه‌یه‌، بۆیه‌ مافی‌ خۆمانه‌ كه‌ وه‌كو ده‌ڵێت فه‌سڵی‌ ته‌شریعی‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ بودجه‌ی‌ تێدابێت و كۆتایی‌ پێنایه‌ت به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر بودجه‌ نه‌بێت، كه‌ ده‌نگیشمان له‌سه‌ردا ئه‌وسا مافمان هه‌یه‌ ده‌وام نه‌كه‌ین و پشودانی‌ خۆمان وه‌ربگرین، كه‌ نزیكه‌ی‌ 25 رۆژی‌ ماوه‌ و ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ش نه‌قز ڤیتۆ ده‌كرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن مام جه‌لال، ئه‌مه‌ش زۆری‌ پێده‌چێت و درێژه‌ ده‌كێشێت، له‌وانه‌یه‌ بكه‌وێته‌ مانگی‌ چوارـ بۆی‌ هه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ش ڤیتۆی‌ دووه‌م بكات به‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌ مانگی‌ شه‌ش و ده‌بێته‌ سه‌رئێشه‌ بۆ پارله‌مان، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ پارله‌مان پێویستی‌ به‌ 5/3ی‌ ده‌نگه‌كان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش ده‌رچین 5/3ی‌ ده‌نگه‌كان كۆنابێته‌وه‌، بۆیه‌ ناچار ده‌بێت ئه‌وكاته‌ یان ملكه‌چ بكات بۆ 17% یان بڵێت له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ 2007 پاره‌كه‌ سه‌رف ده‌كه‌ین، ئه‌وكاته‌ش هه‌ر بۆ ئێمه‌ ده‌بێت، واته‌ هه‌ر 17% ده‌بێت، به‌ڵام پێم وایه‌ ناگاته‌ ئه‌و قۆناغه‌ و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و بۆ17%كه‌ش من دڵنییام جێبه‌جێ
ده‌كرێت.


 سبه‌ی‌: ئایا ئه‌ڵته‌رناتیڤ چییه‌، ئه‌كرێت هه‌موو ساڵێك له‌سه‌ر بودجه‌ كێشه‌ هه‌بێت؟

ئیسماعیل شوكر: نه‌خێر ئێمه‌ به‌سێ‌ خاڵ مادده‌ی‌ یه‌كه‌مان كورت كرده‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌: یه‌كه‌م 17%ی‌ میزانیه‌ی‌ عیراق بۆ 2008 بۆ كوردستانه‌، دووه‌م پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ ساڵی‌ 2008 سه‌رژمێرییه‌كی‌ گشتی‌ عیراق بكات، سێیه‌م ئه‌وكاته‌ میزانییه‌ به‌پێی‌ ژماه‌ری‌ دانیشتوان دابه‌شده‌كیرَت به‌پێی‌ ده‌رئه‌نجامی‌ ژمێریارییه‌كه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عیراقی‌ ئه‌و ژمێریارییه‌كه‌ی‌ كرد، ئه‌وكاته‌ ئه‌گه‌ر 50% ده‌رچووین پیرۆزمان بێت و ئه‌گه‌ر 5% ده‌رچووین پیرۆزیی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رژمێرییه‌كه‌ نه‌كرا ئه‌وه‌ 17% بۆ ئێمه‌یه‌.

پرۆفایل:
*ئیسماعیل ره‌سول شكور، له‌ به‌هاری‌ 1952 له‌ گوندی‌ سێبیرانی‌ سه‌ر به‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌ دایك بووه‌، له‌ ساڵی‌ 1959 چۆته‌ خوێندنگای‌ سه‌ره‌تایی‌ قورشاغلو، به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر خوێندن و پله‌كانی‌ خوێندنی‌ به‌ سه‌ركه‌وتووی‌ بڕیوه‌ تا له‌ ساڵی‌ 1990 بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ری‌ له‌ مێژووی‌ كورد له‌ سه‌رده‌می‌ عه‌باسییه‌كان وه‌رگرتوه‌، دواتر بۆته‌ مامۆستای‌ زانكۆ له‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین و بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرای‌ له‌ مێژووی‌ كوردی‌ هاوچه‌رخ له‌ ساڵی‌ 1999 وه‌رگرتوه‌ و ئێستا ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراقه‌ له‌سه‌ر لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان.

 

 
     Print     Send this link     Add to favorites
 
حكومه‌ت چی‌ له‌ 17%یه‌ی‌ بودجه‌ ده‌كات؟!
یاسای بودجه‌ی گشتی ئیتیحادی بۆ ساڵی 2008
پارله‌مان ‌و بوودجه‌ ‌و حكومه‌ت
ورده‌كــارییـه‌كــانـی‌ بـودجــه‌ی‌ ســاڵـی‌ 2008ی‌ عێــراق
ئیسماعیل شوكر: دواكه‌وتنی‌ بودجه‌ ته‌نها له‌به‌ر 17% نییه‌
به‌پێی‌ خه‌ملاَندن بودجه‌ی‌ هه‌رێم دیاری‌ ده‌كرێت
ناعه‌داله‌تی‌ له‌ دابه‌شكردنی ‌بودجه‌دا
رووناكیی‌ بودجه‌!
بودجه‌ و خه‌ڵك
بۆ به‌راوردکردن:
ده‌غیله‌ی حزب لێره‌ و له‌وێ !
پۆستی مه‌عنه‌وی و بودجه‌ی ملیاری !
بۆ به‌راورد كردن: موچه ی پارله‌مانتاران ووه‌زیره‌کانی وڵاتی هۆڵاند

Sbeiy.com © 2007-2011 All rights reserved    
ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌نده‌ی‌ راسته‌وخۆمان هه‌یه‌ مامۆستایانی هاوبه‌ش ستایشی سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات به‌غدا؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمبه‌وه، 70 كه‌س بون به‌ قوربانی‌ به‌هۆی‌ كوشتنی‌ خوشكه‌زاكه‌یه‌وه‌، میرێكی كوه‌یتی‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێت چوارقوڕنه‌؛ كارمه‌ندانی به‌شی سیانه‌ی كاره‌با مانیانگرت بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێم، نوێنه‌ری‌ 22 زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێرن سوریا؛ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 14 كه‌س كوژراون هه‌ولێر؛ چه‌ندین كه‌س ناویان له‌ناو ليستى (دامه‌زراوان) و (دانه‌مه‌زراوان)دا نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانی‌ لیبیا: قه‌زافی له‌ شاری‌ سیرته‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌ هۆشیار زێباری‌: بونی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ 5 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ شاره‌كاندا بۆ هێزه‌كانی ناوخۆ دروستده‌كرێت ئه‌ڵمانیا؛ تارا جاف و داریوشی‌ ئیقبالی‌ كۆنسێرتێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ سلێمانی؛ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بانگهێشتی دادگا کراو به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌خسی ئازاد کرا شانۆگه‌ری‌ گێژه‌ن نمایش ده‌كرێ