(سبه‌ی):
بڕیاره ئێواره‌ی سبه‌ینێ (یه‌كشه‌ممه) یادی جه‌ژنی نه‌ورۆز، له سه‌رای ئازادی جیاواز له یادكردنه‌وه‌كانی رابوردوی جه‌ژنه‌كه له هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادیش ئاشكرایكرد له‌لایه‌ن برینداران و كه‌سوكاری شه‌هیدانی پاش روداوه‌كانی 17ی شوباته‌وه، مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆز داده‌گیرسێنرێت.
ناسك قادر، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی به (سبه‌ی) راگه‌یاند: هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له سه‌رای ئازادی كۆبوینهتهوهو كۆمه‌ڵێك داواكاریمان هه‌یه، له ئاست هاتنه پێشه‌وه‌ی بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بێ باك ناوه‌ستین، به تایبه‌ت جه‌ژنێكی وه‌ك نه‌ورۆز، كه شایه‌نی ئه‌وه‌یه هێمایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بده‌ینێ و یادی بكه‌ینه‌وه.
وتیشی: سبه‌ینێ مه‌شخه‌ڵی ئاگری نه‌ورۆز له سه‌رای ئازادی له‌لایه‌ن برینداران و كه‌سوكاری شه‌هیدانی خۆپشاندانهكانهوه داده‌گیرسێنرێت.
وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌را ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه: ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی دابه‌شكردنی شه‌قامی كوردی ده‌دات به یادكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌رۆز له شه‌قامی سالم.
له باره‌ی مه‌ترسی كه‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژی له سبه‌ینێدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی باس له‌وه‌ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت له سه‌رای ئازادی نزیكببێته‌وه، ناسك قادر ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو كه: ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی زۆریداوه بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژی دروست بكات، به‌ڵام ئێمه رێگه‌مان لێگرتون و ئه‌و هه‌وڵانه‌مان پوچكردوهتهوه، سبه‌ینێش هه‌ر توندوتیژیه‌ك روبدات، ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسه، چونكه ئه‌وان حكومه‌تن و ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكین له سه‌رای ئازادی، كه ته‌نها داواكاریمان هه‌یه، له 30 رۆژی رابردوشدا سه‌لماندومانه كه ئێمه به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و ئاشتیاته داكۆكی له مافی ره‌وای جه‌ماوه‌ری كوردستان ده‌كه‌ین.
جێی ئاماژه‌یه له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابوردو، ده‌سه‌ڵات هه‌وڵیدا یادی راپه‌ڕینی به‌هاری 91 بۆ بۆنه‌ی حیزبی بقۆزنه‌وه‌و به زۆره‌ملێ فه‌رمانبه‌ران و هێزه چه‌كداره‌كان به جل‌و به‌رگی مه‌ده‌نیه‌وه راپێچی كۆبونه‌وه حیزبیه‌كانیان بكه‌ن.