(سبه‌ی):
ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، هه‌میشه حیزب وه‌ك بۆنه‌ی خۆی سه‌یری بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی كردوه‌و ده‌ڵێت: حیزبه‌كان یاده نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌كاردێنن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی به خۆیان بده‌ن.
د. فاروق ره‌فیق، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی له لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: یادكردنه‌وه‌ی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان زۆر گرنگه، ئێمه له ئه‌نجومه‌نی كاتی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه و چاكمان بۆ داڕشت، كۆمه‌ڵێک خه‌ڵكی زۆر هه‌یه له‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا سه‌ربازی ونه، هه‌مو چالاكانه ئیشیان كردوه بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه، هه‌رچه‌نده كه یادی هه‌ڵه‌بجه ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه ناپاكی گه‌وره به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان كراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ڵه‌جه ئیهمالكراوه و سازش له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا كراوه، هه‌روه‌ها خوێنی هه‌ڵه‌بجه فرۆشراوه و كراوه به قه‌سرو قسور.
ئه‌وه‌شی وت: حیزبه‌كان یادی هه‌ڵه‌بجه به‌كاردێنن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی به خۆیان بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئێمه له سه‌رای ئازادی یادی هه‌ڵه‌بجه‌مان كرده‌وه، له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزب‌و ئایدولۆژیا، توانیمان ئه‌م یاده له چنگی حیزب ده‌ربهێنین، چونكه هه‌مومان هه‌ڵه‌بجه‌ین، ئێمه كه یادی هه‌ڵه‌بجه‌مان كرده‌وه په‌یوه‌ستمان كرد به ئه‌نفال و بهخۆشمانهوه كه بۆچی ئێمه له‌سه‌ر شه‌قامین؟ بێگومان بۆ دژایه‌تی كردنی ئه‌و فۆرمه له‌حوكمڕانی كوردی كه 20 ساڵه شكستخواردوه‌و گه‌نده‌ڵی ته‌نیویه‌تی، ئه‌وان 20 ساڵه تێنه‌گه‌شتون له په‌یامه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، به‌ڵام ئێمه به‌ویژدانێكی ئاسوده‌وه یادێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌مان كرده‌وه.
هه‌روه‌ها له باره‌ی یادی نه‌ورۆزیشه‌وه فاروق ره‌فیق وتی: نه‌ورۆز بۆنه‌یه‌كی نیشتیمانیه، به‌ڵام هه‌میشه حیزب وه‌ك بۆنه‌ی خۆی سه‌یری كردوه، به‌هۆی ئه‌م فۆرمه له حیزب كه ستالینیه و ره‌فتار فاشیه، شتێكیان نه‌هێشتوه‌ته‌وه به‌ناوی نیشتیمان، هه‌مو شتێكیان به‌حیزبی كردوه، به‌ڵام ئێمه هاتین یادی نه‌ورۆزمان كرده‌وه، یادێك كه شایه‌نی ئه‌و بۆنه نیشتیمانیه بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پهیوهستكردنهكهی ئێمه زۆر مانادار بو، ده‌سه‌ڵات موراههنهی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد كه‌خه‌ڵك ماندوبێت، به‌ڵام شه‌قام شه‌پۆلی ده‌دا له خه‌ڵك، ئه‌مه‌ش وه‌ڵامێك بو بۆ ده‌سه‌ڵات به‌وه‌ی كه ئێمه ماندو نابین.
ناوبراو ده‌رباره‌ی نه‌مانی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، که "یه‌كێتی و پارتی له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه شكستیان خوارد، چونكه وڵاتیان فیفتی به فیفتی دابه‌شكرد، كه‌ڵه‌كه بونی ئه‌م شكستانه بوه هۆی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكانێكی زۆر وڵات به‌جێ بهێڵێت، من پێشتریش وتومه ئه‌م به‌جێهێشتنه تۆران نیه له‌نیشتیمان، به‌ڵكو دوركه‌وتنه‌وه‌یه له‌و شێوازه شكستخواردوهی حوكمڕانی، زۆرجار ده‌وترا گه‌نج ئینتیمای نیه، به‌ڵام ئه‌م خۆپیشاندانانه ده‌ریخست كه ئه‌و قسه‌یه دوره له راستیه‌وه، چونكه ئه‌و خه‌ڵكه بۆ كۆمه‌ڵێ به‌ها و پره‌نسیپ له‌وێیه، ئه‌مه ئینتیمای نیشتیمانی به‌هێزكرد، به‌ڵام نیشتیمانی حیزب نا، به‌ڵكو نیشتیمانی هه‌موان".