12/21/2024-9:49:50
   ئه‌نفال..20ساڵ چاوه‌ڕوانی..20ساڵ مه‌رگه‌سات
 جینۆساید له‌كوردستان




Monday, April 14, 2008
 

 ئا: هیڤاڵ هیلان
وه‌رگێڕانی‌: نه‌ریمان عه‌لی‌

ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ پێشكه‌شكراوه‌  بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ دیبلۆم له‌ خوێندنی‌ یاسادا (له‌زانكۆی‌ ئۆكلاند نۆڤه‌مبه‌ر 2000)

 
جینۆساید چییه‌؟
هه‌موو تراژیدیایه‌ك تراژیدیاكانی‌ ڕابردومان دوباره‌ بیرده‌هێنێته‌وه‌ .
له‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م‌و له‌كاتی‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌مدا ئه‌رمه‌نیه‌كان له‌ژێرده‌ستی‌ توركه‌كاندا ڕوبه‌ڕوی‌ كوشتار‌و په‌رته‌وازه‌كردن بونه‌وه‌ كه‌به‌هۆیه‌وه‌ پتر له‌ یه‌ك ملیۆن‌و نیو له‌ژن‌و پیاو‌و منداڵی‌ ئه‌رمه‌نی‌ له‌ناوچون.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تاوانی‌ جینۆساید تاوانیكی‌ كۆنه‌، به‌لاَم خودی‌ زاراوه‌ی‌ (جینوساید) تاڕاده‌یه‌ك چه‌مكیكی‌ نوێیه‌. 

ووشه‌ی‌ جینۆساید له‌ وشه‌ی‌ گریكه‌ كۆنه‌كان (جینۆ genos ) به‌واتای‌ ڕه‌گه‌ز یاخود خێڵ‌و, ووشه‌ی‌ لاتینی‌ (سایدcaedes  واتای‌ كوشتن دێت ئه‌م ووشانه‌ له‌ زاراوه‌ی‌ دیكه‌شدا ده‌بینرانه‌وه‌ وه‌كو (تیرینیسایدtyrannicide ) به‌واتای‌ كوشتنی‌ سته‌مكار‌و (هۆمۆساید homicide) به‌واتای‌ كوشتی‌ مرۆڤایه‌تی‌‌و (ئینفانیساید infanticide) به‌واتای‌ كوشتنی‌ منداڵ‌و هتد.

زاراوه‌ی‌ جینۆساید به‌ شێوه‌یه‌كی‌ تاڕاده‌یه‌ك نوێ‌ له‌لایه‌ن یاسادانه‌ر (رافیه‌ڵ لیمكین)وه‌ به‌كارهاتووه‌ كه‌هه‌نگاوێكی‌ گرنگی‌ نا به‌ره‌و ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ جینۆساید كه‌ هه‌رله‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 1933دا پێشنیارێكی‌ خسته‌ به‌رده‌م (كۆنفرانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ یه‌كخستنی‌ یاسای‌ تاوان) بۆ ناساندنی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌موو له‌ناوبردنێكی‌ ڕه‌گه‌زی‌‌و ئاینی‌‌و پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان, تاوانه‌ له‌ژیریاسای‌ نه‌ته‌وه‌كاندا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌موو كوشتنێكی‌ به‌كۆمه‌ڵ بارودۆخێكی‌ نائاسایی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، به‌لاَم كۆمه‌ڵێك بارودۆخ‌و مه‌رجی‌ تایبه‌ت له‌ زۆربه‌ی‌ جینۆسایده‌كاندا ده‌بینرێت, له‌ولاَتانی‌ نادیموكراسیدا واده‌بینرێت كه‌ گروپێكی‌ دیاریكراو ڕێگرو مه‌ترسین بۆسه‌ر مانه‌وه‌ی‌ ده‌سته‌لاَت یان سه‌پاندنی‌ ئایدۆلۆجیایه‌ك یان به‌ده‌ستهێنانی‌ چه‌ند مه‌به‌ستێكی‌ تر.

 هه‌روه‌ها زۆربه‌ی‌ جینۆسایده‌كان له‌كاتی‌ قه‌یرانه‌كاندا روده‌ده‌ن وه‌كو جه‌نگ. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت, شۆرش. و ئه‌نجامده‌رانیشی‌ قوربانیه‌كان تاوانبارده‌كه‌ن له‌سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌دا. هه‌روه‌ها حكومه‌تی‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ش ڕه‌نگه‌ ده‌ستێوه‌رده‌ن یاخود بێده‌نگ بن له‌ئاست جینۆساید له‌وڵاتیكی‌ تردا وه‌یا پشتگیری‌ له‌ئه‌نجامده‌رانی‌ بكه‌ن به‌ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌پێی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌ توانایاندا هه‌بێت.

باگراوندێكی‌ مێژوویی‌:
ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ ڕێگرتن‌و به‌دواداچونی‌ تاوانی‌ جینۆساید داده‌نرێت به‌یه‌كه‌مین ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ ناونه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ دۆسییه‌ی‌ مرۆیی‌ كه‌ له‌سالی‌ 1948 دا راگه‌یه‌نرا وه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی‌ كه‌نازییه‌كان ئه‌نجامیاندا له‌كاتی‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ دووه‌مدا.
بڕیاری‌ ژماره‌ (180)ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ 21-12-1947 دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان تاوانی‌ جینۆساید ده‌ناسێت وه‌ك (تاوانیكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی‌ كه‌سی‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ لێ‌ ده‌كه‌ویته‌وه‌).

ماده‌ی‌ (1) له‌و رێكه‌وتنه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ده‌ڵێت: (لایه‌نه‌ به‌شداربوه‌كانی‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ تاوانی‌ جینۆساید, له‌كاتی‌ شه‌ڕدا بیت یاخود ئاشتی‌, تاوانێكه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تیدا كه‌په‌یمان ده‌ده‌ن ڕێگری‌ بكه‌ن‌و روبه‌ڕووی‌ ببنه‌وه‌)
دادگای‌ دادی‌ نێوده‌وڵه‌تیش (ICJ) له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی‌ جینۆساید ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ ده‌ڵێت: (ناوه‌رۆكی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ مه‌به‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئیدانه‌‌و به‌دواداچونی‌ جینۆساید بكات، وه‌ك تاوانێك له‌ژێر سایه‌ی‌ یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تیدا, كه‌ هه‌موو ئه‌وشتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ئینكاری‌  له‌مافی‌ بونی‌ كۆمه‌ڵه‌ مرۆییه‌كان ده‌كه‌ن ئینكاریه‌ك كه‌ ویژدانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ ده‌هه‌ژێنێت‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ زیانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ مرۆیی‌ كه‌ ئه‌مه‌ش. پێچه‌وانه‌ی‌ یاسای‌ ئه‌خلاقی‌‌و ناوه‌رۆك‌و ئامانجی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌ (بڕیاری‌ 96 ی‌ كۆمه‌له‌ی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان, 11دیسه‌مبه‌ری‌ 1946).

یه‌كه‌مین ده‌ره‌نجامێك كه‌ ده‌ركه‌وتبێت له‌م چه‌مكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌, ئه‌و بنه‌مایانه‌ی‌ كه‌ په‌یماننامه‌كه‌ دیاریكردون بریتین له‌هه‌مان ئه‌و بنه‌مایانه‌ كه‌له‌لایه‌ن گه‌لانی‌ پێشكه‌وتوه‌وه‌ كاری‌ پێده‌كرێت به‌بێ‌ بونی‌ هیچ رێكه‌وتننامه‌یه‌ك كه‌ ملكه‌چیان بكات.

هه‌روه‌ها ده‌ره‌نجامی‌ دووه‌میش بریتییه‌ له‌ ڕوخساری‌ به‌جیهانیبوونی‌ ئیدانه‌كردنی‌ جینۆساید‌و ڕزگاركردنی‌ مرۆڤایه‌تی‌ له‌هه‌ركارێكی‌ ترسناك
له‌ كۆتایشدا, دادگای‌ تاوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ یوگوسلاڤیا (ICTY)و دادگای‌ تاوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ ڕواندا (ICTR), كاریگه‌ریه‌كی‌ گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌وه‌ی‌ كه‌ جینۆساید تاوانیكی‌ هه‌ره‌گه‌وره‌یه‌و كه‌ ده‌كرێت (ئه‌نجامده‌رانی‌)سزابدرین له‌ دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تاوانه‌كانی‌ جه‌نگ.

پێناسه‌كان:
ماده‌ی‌ (2)ی‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی‌ تایبه‌ت به‌جینۆساید, پێناسه‌ی‌ جینۆسایدی‌ كردوه‌ وه‌ك ئه‌م پێنج  كارانه‌ی‌ لای‌ خواره‌وه‌ كه‌ ئه‌نجام ده‌درێن به‌مه‌به‌ستی‌ له‌ناوبردنی‌ به‌شێك یاخود ته‌واوی‌ گروپێكی‌ قه‌ومی‌ یا ئه‌تنیكی‌ یاخود ئاینی‌ یاعیرقی‌.
كه‌ئه‌م كارانه‌ن:

1- كوشتنی‌ ئه‌ندامانی‌ گروپێك.
2- زیان گه‌یاندنی‌ جه‌سته‌یی‌‌و عه‌قڵی‌ به‌ئه‌ندامانی‌ گروپێك .
3- سه‌پاندنی‌ بارودۆخێك به‌سه‌رگروپێكدا كه‌ببێته‌ هۆی‌ له‌ناوبردنی‌ به‌شێك یاخود ته‌واوی‌ گروپه‌كه‌.                  
4- سه‌پاندنی‌ كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێن به‌مه‌به‌ستی‌ ڕێگرتن له‌ له‌دایك بوون(ولاده‌)له‌ناو گروپێكدا.
5- گواستنه‌وه‌ی‌ زۆره‌ملێی‌ منداڵان له‌ناو گروپێكه‌وه‌ بۆناو گروپیكی‌ تر.
   له‌ڕاستیدا هیچ وڵاتێك نییه‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ بكات كه‌ جینۆساید تاوان نییه‌, ئه‌وه‌ی‌ كه‌ناوه‌رۆكی‌ پێناسه‌كه‌یه‌ له‌ ماده‌ی‌ (2) ڕێكه‌وتننامه‌كه‌دا, واده‌بینرێت كه‌ به‌ستراوه‌ به‌یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و به‌ربه‌ستێكی‌ جیهانی‌ له‌وه‌ی‌ زیان به‌سه‌روه‌ری‌ وڵاتان ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌روه‌ها ناوه‌رۆكی‌ پێناسه‌ی‌ جینۆساید (ئه‌وه‌ی‌ كه‌له‌ ماده‌ی‌ دووی‌ په‌یماننامه‌كه‌دا هاتووه‌) ڕه‌نگه‌ بسه‌پینرێت به‌سه‌ر بارودۆخی‌ كوردستاندا, به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا چه‌ند خاڵێك هه‌یه‌ كه‌په‌یوه‌ستن به‌م پێناسه‌یه‌وه‌ كه‌ده‌بێت ده‌ستنیشانیان بكه‌ین.
1- جینۆساید پێویست به‌وه‌ ناكات كه‌هه‌وڵێك بێت بۆله‌ناوبردنی‌ ته‌واوی‌ گروپێكی‌ ئه‌تنیكی‌، ئه‌وه‌ش مه‌حاڵه‌ كه‌ هه‌موو كورد له‌ناو ببرێت, به‌ڵكو ته‌نها هه‌وڵدانێكه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ به‌شێكی‌ گروپێكی‌ ئه‌تنیكی‌.
2- ته‌نها یه‌كێك له‌‌و پێنج كردارانه‌ی‌ كه‌ له‌ماده‌ی‌ دووی‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌دا هاتووه‌ پێویسته‌ هه‌بێت له‌ شوێنێكدا بۆئه‌وه‌ی‌ به‌جینۆساید ناوزه‌دبكرێت.
به‌واتایه‌كی‌ تر, بۆ دۆخێك كه‌ پێناسه‌كردنی‌ جینۆسایدی‌ تیادا گونجاوبێت پێویسته‌ سێ‌ ڕه‌گه‌زی‌ سه‌ره‌كیمان هه‌بێت:
یه‌كه‌م: گروپێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ یا ئاینی‌ یا ئه‌تنیكی‌ یا عیرقی‌ دیاریكراو.
دووه‌م: بونی‌ مه‌به‌ست (نیه‌ INTENT) له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتێكه‌وه‌ بۆله‌ناوبردنی‌ به‌شێك یاخود سه‌رجه‌می‌ ئه‌م گروپه‌ دیاریكراوه‌.
سێیه‌م: ئه‌نجامدانی‌ هه‌ریه‌ك له‌و پێنج  كردارانه‌ی‌ كه‌ له‌پێناسه‌كه‌دا هاتووه‌ به‌سه‌ر گروپه‌ دیاریكراوه‌كه‌وه‌. پێویست به‌ بوونی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ڕوداو ناكات كه‌ ڕوبده‌ن بۆبارودۆخێك تاوه‌كو به‌جینۆساید ناوزه‌دی‌ بكه‌ین.
ده‌توانین بڵێین كه‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی‌ یه‌كه‌م‌و سێیه‌م به‌ئاسانی‌ له‌جینۆسایدكردنی‌ كوردا ده‌بینرێت، به‌لاَم ڕه‌گه‌زی‌ دووه‌م ئاڵۆزه‌و ئه‌سته‌مه‌ بناسرێت له‌كێشه‌ی‌ كورددا. بۆیه‌ گرنگیه‌كی‌ تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌ده‌ین له‌م لیكۆڵینه‌وه‌یه‌دا.

جینۆسایدی‌ كورد چییه‌؟
له‌دوای‌ مانگی مارسی‌ (1988)ه‌وه‌, وشه‌یه‌ك بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ تراژیدیای‌ كورد هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ئه‌ویش هه‌ڵه‌بجه‌یه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ بوه‌ته‌ (ئۆشێۆز)ی‌ كورد نه‌ك له‌به‌ر پێوانه‌كردنی‌ قوربانییه‌كانی‌ به‌كه‌مپه‌ مه‌رگباره‌كانی‌ نازییه‌كان، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ قوربانیه‌كانی‌ هه‌ڵبژێراوی‌ مه‌ده‌نی‌ كورد بوون.
هه‌ڵه‌بجه‌، ته‌نها یه‌كێكه‌ له‌‌و ناوچانه‌ی‌، كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1988 دا گازباران كراوه‌، گه‌لی‌ كوردیش توشی‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ ماڵ وێرانی‌ بوَه‌ له‌ده‌ره‌نجانی‌ به‌كارهێنانی‌ گازی‌ خنكێنه‌ر له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ كه‌ تائێستاش نه‌زانراون.
جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كورد پلانێكی‌ نه‌خشه‌ بۆ كێشراوی‌ مه‌ركه‌زی‌ بوو له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقیه‌وه‌ دژی‌ ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان. له‌ناوئه‌مانه‌شدا گه‌لی‌ كورد ڕوبه‌ڕوی‌ تاوانه‌كانی‌ تری‌ وه‌كو ده‌ركردن‌و مصاده‌ره‌كرنی‌ ماڵ‌و ئه‌شكه‌نجه‌و كوشتار‌و برسیه‌تی‌ بۆوه‌ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌م تاوانانه‌ ناتوانرێت له‌م باسه‌ماندا باس بكرێت.

رووداوه‌كان :
له‌ 16-3-1988 دا, عێراق په‌لاماری‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ كوردستانیدا، به‌به‌كارهێنانی‌ چه‌ند جۆرێك چه‌كی‌ كیمیاوی‌ وه‌ك سارین‌و خه‌ردل‌و تابوون. كه‌ بووه‌ هۆی‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ هه‌زاران كه‌سی‌ مه‌ده‌نی‌‌و برینداربونی‌ هه‌زاران كه‌سی‌ دیكه‌و ئاواره‌بونی‌ ده‌یان هه‌زار.
له‌گه‌ڵ كاره‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌شدا هه‌شت شاڵاوی‌ ئه‌نفال ڕویاندا له‌نێوان مانگی‌ شوبات تا ئه‌یلولی‌ 1988 كه‌ ئه‌مانه‌ن:
1- ئه‌نفالی‌ یه‌ك له‌ 23ی‌ شوبات تا 19ی‌ ئازاری‌ 1988 (كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌16ی‌ مانگدا په‌لاماردرا)
2- ئه‌نفالی‌ دوو له‌ 22ی‌ ئازار بۆ 1 ی‌ نیسانی‌ 1988 (ئه‌نفالی‌ قه‌ره‌داغ)
3- ئه‌نفالی‌ سێ‌ له‌ 7 بۆ 20ی‌ نیسانی‌ 1988 (ئه‌نفالی‌ گه‌رمیان‌و قادر كه‌ره‌م )
4- ئه‌نفالی‌ چوار له‌ 3 بۆ 8ی‌ مایسی‌ 1988 ئه‌نفالی‌ دۆڵی‌ (زێی‌ بچوك)
5- ئه‌نفالی‌ پێنج‌و شه‌ش‌و حه‌وت له‌ 15ی‌ مایس بۆ 26ی‌ ئابی‌ 1988 (ئه‌نفالی‌ شه‌قلاَوه‌‌و ڕه‌واندوز)
6- ئه‌نفالی‌ كۆتایی‌ له‌ 25ی‌ ئاب تا 6ی‌ ئه‌یلولی‌ 1988 (بادینان)
¬
مه‌به‌ست (intent)
جینۆساید تاوانێكه‌ كه‌به‌و ڕاستییه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌پلانێكی‌ فراوانتر بۆ له‌ناوبردنی‌ به‌شێك یاخود ته‌واوی‌ گروپێكی‌ دیاریكراو. وه‌ك تاوانێك ڕوبه‌ڕووی‌ گروپێك ده‌كرێته‌وه‌, مه‌به‌ستی‌ له‌ناوبردن به‌ستراوه‌ به‌تاوانه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی‌ دیاریكراوی‌ تاوانباران ده‌بێت بسه‌لمێنرێت له‌جینۆسایددا, وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ڕه‌شنوسی‌ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌دا هاتووه‌ بۆیه‌ هه‌ر له‌پێناسه‌ی‌ جینۆسایده‌وه‌ (مه‌به‌ست) بو به‌ڕه‌گه‌زێكی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م تاوانه‌, بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك مه‌به‌ستی‌ نه‌بێت كه‌ به‌شێك یاخود سه‌رجه‌می‌ گروپێك له‌ناوببات ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ به‌ تاوانباری‌ جینۆساید ناژمێردرێت، به‌ڵكو وه‌كو تاوانباری‌ دژی‌ مرۆڤایه‌تی‌ یاخود تاوانی‌ شه‌ڕ یا كوشتار یان هه‌رتاوانێكی‌ تر كه‌ له‌ ماده‌ی‌ (2) دا هاتووه‌, ناوزه‌د ده‌كرێت.

جگه‌له‌مانه‌ش لیژنه‌ی‌ یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ (ILC) له‌لێكدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ڕه‌شنوسی‌  تاوانه‌كانی‌ دژی‌ ئاشتی‌‌و ئاسایشی‌ مرۆڤایه‌تی‌ به‌م شێوه‌یه‌ باسی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: (مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ ئه‌نجام دانی‌ یه‌كێك له‌و (پێنج)كارانه‌ی‌ كه‌باسكران, به‌ستراوه‌ به‌ ئاگاییه‌كی‌  گشتی‌ له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌ حه‌تمییه‌كانی‌  ئه‌وكاره‌وه‌,  قوربانییه‌ كتوپڕه‌كانی‌ ئه‌و كاره‌ به‌س نین بۆ تاوانی‌ جینۆساید). هه‌روه‌ها له‌پێناسه‌كردنی‌ ئه‌م تاوانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پێویستی‌ به‌بوونی‌ مه‌به‌ستێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌ره‌نجامه‌ گشتییه‌كانی‌ ئه‌وكارانه‌.

پێناسه‌ی‌ مه‌به‌ست: INTENT
ڕه‌نگه‌ لایه‌نی‌ دژواری‌ پێناسه‌كردنی‌ جینۆساید ڕه‌گه‌زی‌ (مه‌به‌ست)بێت, كه‌ئه‌مه‌ش خۆی‌ بۆخۆی‌ گران‌و ئه‌سته‌مه‌ له‌سه‌لماندنیداو ئاسانه‌ له‌ ئینكاری لێ‌ كردنیدا.
 شتێكی‌ سروشتیه‌ كه‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ جینۆساید زۆرجار دان به‌تاوانه‌كانیان نانێن‌و دۆزینه‌وه‌‌و سه‌لماندنی‌ به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ریان هه‌ندی‌ َ جار ئه‌سته‌مه‌.

جینۆساید، له‌كوردستاندا زۆرشت ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان ڕونن‌و هه‌ندێكی‌ تریان ڕون نین. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م دژواریانه‌دا ئه‌وه‌ مه‌حاڵه‌ كه‌بووترێت ئه‌و ڕوداوانه‌ی‌ كه‌ ڕویانداوه‌ له‌ ئه‌رمینیاو نامبیاو ڕوانداو كوردستان جینۆساید نین.

ده‌توانرێت تیشك بخرێته‌ سه‌ر پێناسه‌ی‌ (مه‌به‌ست)به‌وه‌ی‌ كه‌له‌ په‌یماننامه‌كه‌دا هاتوه‌‌و به‌ سه‌یركردنی‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی‌ كه‌ڕویانداوه‌ له‌كاتی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ڕه‌شنوسی‌ په‌یماننامه‌كه‌ كه‌ناوه‌رۆكه‌كه‌یان به‌ره‌وپێشه‌وه‌ برد.

زۆربه‌ی‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ له‌لایه‌ن پڕۆفیسۆر (لیمكن‌و دۆنیدو دی‌ ڤابریس‌و پێل)ه‌وه‌ ئاماده‌كرا، له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ ناو ئه‌نجومه‌نی‌ ئابوری‌‌و كۆمه‌لایه‌تی‌ سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ جێبه‌جێ كرا.

ماده‌ی‌ دوو له‌ ڕه‌شنوسی‌ لیژنه‌ تایبه‌ته‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی‌ جینۆسایدی‌ كردوه‌ (جینۆساید كارێكی‌ ئه‌نقه‌سته‌ كه‌ئه‌نجام ده‌درێت به‌مه‌به‌ستی‌ له‌ناوبردنی‌ گروپێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ یا ئاینی‌ یا عیرقی‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌ر بیرو ڕاو بۆچونی‌ ئاینی‌ یان پێكهاته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ یان عیرقی‌ ئه‌و گروپه‌وه‌).پاشتر كاری‌ ڕه‌شنوسی‌ په‌یماننامه‌ی‌ جینۆساید له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ ره‌وانه‌كرا بۆ لیژنه‌ی‌ (یاسایی‌)ی‌ شه‌شه‌می‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌. ڕه‌شنوسه‌كه‌ی‌ ئه‌م لیژنه‌ی‌ شه‌شه‌مه‌ په‌سه‌ندكرا به‌بێ‌ هیچ تعدیلاتێك له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌كه‌وه‌.  
 هه‌روه‌ها له‌ په‌یماننامه‌كانی‌ جینۆسایددا باس له‌ (كاره‌ساتی‌ ترسناك) كراوه‌ بۆ جینۆساید كه‌ مه‌به‌ست پێی‌ ئه‌مانه‌یه‌: كوشتنی‌ ئه‌نقه‌ست, هه‌ڵسوكه‌وتی‌ نامرۆڤانه‌, زیان گه‌یاندنی‌ جه‌سته‌یی‌‌و ته‌ندروستی‌ یاخود هه‌ر پێشێلكارییه‌كی‌ تری‌ یاساكانی‌ جه‌نگ.

به‌لاَم خاڵی‌ لاوازی‌ ئه‌م ڕێكه‌وتننامانه‌ ئه‌وه‌یه‌كه‌ پێویستیان به‌ مماره‌سه‌كردنی‌ قچائی‌ جیهانی‌ هه‌یه‌ بۆ تاوانباركردنی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ ململانێ چه‌كداریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان نه‌ك ململانێ چه‌كداریه‌ ناوخۆییه‌كان. هه‌رچه‌نده‌ یاساكانی‌ دادگای‌ دادی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و دادگای‌ جینائی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ ڕواندا‌و یوگوسلافیای‌ جاران ده‌سته‌ڵاتی‌ سنورداری‌ به‌خشیه‌ ئه‌م دادگایانه‌ بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجام دراون له‌ ململانێ چه‌كداریه‌ ناوخۆییه‌كاندا.

 
     Print     Send this link     Add to favorites
 
چه‌ند وێنه‌یه‌کی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال
له‌ زمانی‌ به‌ڵَگه‌نامه‌كانه‌وه‌..
وه‌فاتنامه‌ی چه‌ند شه‌هیدێکی ئه‌نفالکراو
ئه‌نفال- تاوان له‌ژێر رووپۆشی‌ ئایین دا
ئه‌نفال به‌سه‌رهاتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌ ته‌نهایدا
هه‌ندێك له‌ وته‌كانی‌ عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جید له‌ سه‌روبه‌ندی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا
پرۆفایلی دادوه‌ر محه‌مه‌د خه‌لیفه‌ ئه‌لعوره‌یبی‌
خاوه‌ن ئه‌نفالكراوێك به‌م جۆره‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌دوێت
تاوانبارانی‌ دادگای‌ ئه‌نفال
له‌دادگایی‌ ئه‌نفالدا ئه‌و تاوانانه‌ی رووبه‌ڕووی‌ تاوانباران كرابوونه‌وه
بناغه‌ی 601 خانوو بۆ پاشماوی 182000 قوربانی
لاوازترین میلله‌ت بووین له‌ ناساندنی‌ كاره‌ساته‌كانماندا
هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ واتێبگه‌ین، تاوانی‌ جینۆساید به‌ ژماره‌ یه‌كلایی‌ ده‌كرێته‌وه‌
به‌ بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ سزادانی‌ تاوانبارانی‌ ئه‌نفاله‌وه‌
بوَ وه‌ك پێویست نه‌توانـراوه‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال به‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ بناسێنرێت ؟
له‌ ته‌عریبه‌وه‌ تا ئه‌نفال
چاوپێخشاندنێك به‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفال
جینۆساید له‌كوردستان
تاوانی‌ ئه‌نفال
له‌روانگه‌ی‌ یاسای‌گشتیی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌
ئه‌نفال... ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی كرده‌وه‌یی فیكری به‌عسه‌
ده‌كرا كاری‌ زیاتر له‌ دۆسییه‌ی‌ ئه‌نفالدا بكرایه
چاره‌نووسی‌ "سه‌رۆك جاش و موسته‌شاره‌ تۆمه‌تباره‌كان" له‌ نێوان لێبوردنه‌كه‌ی‌ به‌ره‌ی كوردستانی‌ و په‌تی‌ سێداره‌ی‌ به‌غدا دا‌
بووخچه‌كه‌ی‌ مریه‌م جگه‌ له‌ شه‌رمه‌زاری‌ چیدیمان پێده‌به‌خشێت؟

Sbeiy.com © 2007-2011 All rights reserved    
ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌نده‌ی‌ راسته‌وخۆمان هه‌یه‌ مامۆستایانی هاوبه‌ش ستایشی سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات به‌غدا؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمبه‌وه، 70 كه‌س بون به‌ قوربانی‌ به‌هۆی‌ كوشتنی‌ خوشكه‌زاكه‌یه‌وه‌، میرێكی كوه‌یتی‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێت چوارقوڕنه‌؛ كارمه‌ندانی به‌شی سیانه‌ی كاره‌با مانیانگرت بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێم، نوێنه‌ری‌ 22 زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێرن سوریا؛ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 14 كه‌س كوژراون هه‌ولێر؛ چه‌ندین كه‌س ناویان له‌ناو ليستى (دامه‌زراوان) و (دانه‌مه‌زراوان)دا نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانی‌ لیبیا: قه‌زافی له‌ شاری‌ سیرته‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌ هۆشیار زێباری‌: بونی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ 5 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ شاره‌كاندا بۆ هێزه‌كانی ناوخۆ دروستده‌كرێت ئه‌ڵمانیا؛ تارا جاف و داریوشی‌ ئیقبالی‌ كۆنسێرتێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ سلێمانی؛ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بانگهێشتی دادگا کراو به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌خسی ئازاد کرا شانۆگه‌ری‌ گێژه‌ن نمایش ده‌كرێ