(سبه‌ی):
له‌کاتێکدا ئه‌و هێزه‌ی ئاسایشی سلێمانی که شه‌وی رابوردو مه‌لا محه‌مه‌د نه‌سروڵایان ده‌ستگیرکرد ره‌تیان کرده‌وه فه‌رمانی دادگایان بۆ ده‌ستگیر کردنی ناوبراو پێبێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئاسایش ده‌ڵێت به بڕیاری دادوه‌ر بوه.
شه‌وی (یه‌کشه‌ممه)ی رابوردو له‌کاتی نوێژی خهوتناندا، هێزێکی ئاسایش چونه‌ته سه‌ر مزگه‌وتی عه‌لی که‌مالی شاری سلێمانی و پاش ته‌واوکردنی نوێژ، مه‌لا محه‌مه‌د نه‌سروڵا پێشنوێژی ئه‌و مزگه‌وته و یه‌که‌م وتارخوێنی نوێژی هه‌ینی سه‌رای ئازادیان ده‌ستگیر کرد.
له‌وباره‌یه‌وه ئاسایشی سلێمانی ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه) له رونکردنه‌وه‌یه‌کدا رایگه‌یاندوه، مه‌لا محه‌مه‌د نه‌سروڵا به‌پێی ماده‌ی 6ی تیرۆر له‌لای ئه‌وان ده‌ستگیر کراوه.
له رونکردنه‌وه‌که‌ی ئاسایشی سلێمانیدا که وێنه‌یه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه، هاتوه: مه‌لا محه‌مه‌د نه‌سروڵا، به بڕیاری دادورهری لێكۆڵینه‌وه و به‌پێی مادده‌ی (2) له‌یاسای ژماره (6)ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر، به تۆمه‌تی هاندانی خه‌ڵكی به‌مه‌به‌ستی جیهادكردن، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بوه.
له رونکردنه‌وه‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه: مه‌لا محه‌مه‌د ئێستا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش راگیراوه به‌فه‌رمانی دادوه‌ر، بۆ لێكۆڵینه‌وه.
ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که به‌پێی وته‌ی خێزانه‌که‌ی مه‌لا محه‌مه‌د، "کاتێک هێزه‌که‌ی ئاسایش هاوسه‌ره‌که‌میان ده‌ستگیرکرد، ئێمه داوای بڕیاری دادگامان کرد، به‌ڵام هێزه‌كه‌ی ئاسایش وتیان بڕیاری دادگای ناوێت".
هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ستگیرکردن و دورخستنه‌وه‌ی مامۆستایانی ئاینی له وتاردان له هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وامه‌و نزیکه‌ی هه‌فته‌یه‌کیشه، مامۆستا كامه‌ران عه‌لی له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانییه‌وه به ماده‌ی (2)ی تیرۆر ده‌ستگیرکراوه‌و تا ئێستا ئازاد نه‌کراوه.