عهلی حهمهساڵح
ساڵانە، بەبێ هیچ پێوەرێكی یاسایی و بەشێوەیەكی نادروست، بڕەپارەیەكی زۆر، وەك بەخشین دەدرێتە رێكخراوەكان و ناوەندە رۆژنامەوانییە حیزبییەكان و دەستە و رێكخراو و سەندیكا و گروپەكان.
لەمساڵدا، چەندین نوسراوی سەرۆكی حكومەت و چەندین هەواڵ لە ناوەندە رۆژنامەوانییە حیزبییەكاندا بڵاودەكرانەوە، كە گوایە حكومەت بڕیاری داوە كە بەخشین كەمبكاتەوە و خەرجییە ناپێویستەكان نەهێڵێت و ئەو بەخشینانەی كە دەدرێنە كەناڵە حیزبییەكان، بڕدرا بن، بەڵام ژمارەكانی بودجە، ئەوە دەردەخەن كە ئەم ژمارانە چەند قات زیادیان كردوە.
تەنیا لە (6) مانگی یەكەمی پارساڵدا، (227) ملیارو (678) ملیۆن دینار بۆ بەخشین خەرجكراوەو بۆ ئەمساڵیش، (761) ملیار دینار بۆ بەخشین تەرخانكراوە و بەم پێیەش، لە (18) مانگدا، (989) ملیار و (325) ملیۆن دینار بۆ بەخشین تەرخانكراوە. واتە، بەو پارەیەی كە بۆ بەخشین تەرخانكراوە لە (18) مانگدا، (82) زانكۆی وەك ئەوەی رانیەو هەڵەبجە و گەرمیانی پێ دروستدەكرا، كە زیاتر لە ساڵێكە بەردی بناغەیان دانراوە و (10%) كارەكەیان تەواو نەبوە. دەكرێت نەزانرێت كە پارەی دروستكردنی بینای (82) زانكۆی وەك ئەوەی رانیە و هەڵەبجە و گەرمیان، لەسەر چ بنەمایەك و بەكێ دراوە؟
لەنێو گەرمەی ناڕەزاییەكانی خەڵكی كوردستاندا، لەنێو ئەو هەمو بەڵێنە زۆر و زەوەندانەی سەرۆكی حكومەت دەیاندات بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان، حكومەت نەك بەخشینی كەم نەكردوەتەوە لەمساڵدا، واتە لەبری ئەوەی پارەی بەخشین كەمبكاتەوە، بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو زیادی كردوە.
لەپارساڵدا، (374) ملیار دیناری بودجەی گشتی، بۆ بەخشین تەرخانكرابو، بەڵام ئەمساڵ، بوە بە (761) ملیار دینار، واتە ئەو پارەیەی لەمساڵدا بۆ بەخشین تەرخانكراوە، بڕی (387) ملیار دیناری زیاترە لەو پارەیەی پارساڵ بۆ بەخشین تەرخانكرا. بۆ نمونە:
بەبێ ئەوەی ساڵی رابردو، پەرلەمانی كوردستان پێدانی هیچ پارەیەكی بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق پەسەند كردبێت، حكومەت تەنیا لە (6) مانگی یەكەمی پارساڵدا، یەك ملیار و (762) ملیۆن دیناری بۆ خەرجكردوە و ئەمساڵیش یەك ملیار و (500) ملیۆنی بۆ تەرخانكردوە، ئەمە جگە لەوەی لــــــە ساڵی (2009)دا، (3) ملیارو (504) ملیۆن دینار بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق تەرخانكراوە، واتە، لەماوەی (30) مانگدا، (6) ملیارو (766) ملیۆن دیناری بودجەی كوردستان، بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق بوە، بۆ دەبێت خەرجییەكانی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، لەسەر هەرێمی كوردستان بێت؟
لە ساڵی (2009)دا، حكومەت بڕی (10) ملیار دیناری بۆ رێكخراوە زانستییەكان تەرخانكردبو، هەروەها دەیوت، پارەی رێكخراوەكان كەم دەكەمەوە، كەچی نەك كەمی نەكردوەتەوە، بەڵكو پارەی رێكخراوە زانستییەكان لەمساڵدا، بوە بە (25) ملیار دینار.
حكومەت لە ساڵی (2010)دا، (11) ملیار دیناری بۆ رێكخراوە رۆشنبیرییەكان تەرخانكردبو، بەڵام ئەمساڵ، بوە بە (22) ملیارو (500) ملیۆن دینار. لە ســـــــاڵی (2010)دا، بۆ رێكخراوی دیكە، (40) ملیار دینار تەرخانكراوە، بەڵام ئەمساڵ، بوە بە (67) ملیار دینار.
هەروەها بۆ ئەمساڵ، سەرۆكایەتی هەرێم، دەسەڵاتی بەخشینی (7) ملیار و (128) ملیۆن دیناری هەیە و پەرلەمانی كوردستان، دەسەڵاتی (900) ملیۆن و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، یەك ملیار و (208) ملیۆن و وەزارەتی دارایی، (603) ملیار و (411) ملیۆن دینار و دەستەی وەبەرهێنان، (149) ملیار دیناریان هەیە. ئەوەی كە گرفتە: ئایا ئەم بەخشینانەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ كێن؟ لەسەر چ بنەمایەكن؟
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە (6) مانگی یەكەمی پارساڵدا، هیچ بڕەپارەیەكی بۆ بەخشین خەرج نەكردوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ، یەك ملیار و (208) ملیۆنی بۆ تەرخانكراوە. دەستەی وەبەرهێنان، خۆی داوای هیچ بڕەپارەیەكی نەكردوە بۆ بەخشین، بەڵام (149) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوه.