توركیا؛ سوپا له نێوان سێكولاریزم و دێموكراسی‌دا
Tuesday, July 17, 2007 |
|
|
ئیبراهیم به‌هشتی نامدار
له‌فارسییه‌وه: شه‌هرام عه‌بدوڵا
دادگای یاسای بنه‌ڕه‌تیی توركیا جومعه‌ی رابردوو 6ی تهمموز بڕیاری خۆی له سه‌ر په‌سه‌ندكراوی پارله‌مانی ئه‌و وڵاته به ره‌سمی ده‌ربڕی و له یازده دادوه‌ر شه‌ش كه‌سیان ده‌نگیان دا به ریفۆڕمی جێی مه‌به‌ستی ئیسلامییه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به پێی ئه‌م په‌سه‌ند كراوه‌ی پارله‌مان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار كه تائێستا له پارله‌مانی توركیادا ئه‌نجامده‌درا، له‌مه‌ودوا ده‌كه‌وێته راپرسییه‌وه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك پهسهندیبكهن سه‌رۆك كۆمار له لایه‌ن رای گشتییه‌وه به شێوه‌ی راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت. ئه‌مه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه بۆ پارتی دادوگه‌شه‌پێدان كه له چه‌ند مانگی رابردوودا كه‌وتبووه به‌ر مه‌ترسی حزبه لائیكهكان و سوپای توركیاوه.
به پێی بڕیاری نوێی دادگای یاسای بنه‌ڕه‌تی، سه‌رۆك كۆماری نوێ له دانیشتنی داهاتووی پارله‌ماندا كه 22ی تهمموز به‌ڕێوه ده‌چێت هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام له دوای ئه‌وه‌وه به پێی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك سه‌رۆك كۆماری ئاینده له ساڵی 2014دا به شێوه‌ی راسته‌وخۆ له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت. به‌م پێیه وا دێته به‌رچاو حزبه لائیكهكان و فه‌رمانده سێكولاره‌كانی سوپا، له بواری یاساییدا مه‌یدانیان سپاردووه به ئیسلامییه‌كان. ئاساییه كه گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی توركیا ئه‌م پرسیاره له لای كارناسان و لێكۆڵیاران بهێنێته ئاراوه كه ئاخۆ له‌و حاڵه‌ته‌دا كاردانه‌وه‌ی سوپا چی ده‌بێت؟ ئایا سوپا به‌و پێشینه به‌رچاوه‌ی كه له به‌شداریكردن له سیاسه‌تی وڵات‌دا بوویه‌تی مل به بڕیاری دادگا ده‌دا و رێگا ده‌دات بارودۆخه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسلامییه‌كاندا بێت؟ پێده‌چێت سوپا كه خۆی به پاسه‌وانی یاسای بنه‌ڕه‌تی و سیسته‌می لائیكی توركیا ده‌زانێت رووبه‌ڕووی دووانه‌ی پێك ناكۆكی سێكۆلاریزم – دیموكراسی بووبێته‌وه، بایه‌خپێدان و هه‌ڵبژاردنی هه‌ر یه‌ك له‌وانه لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی به دوادا دێت، ره‌نگه به‌رگریكردن له سێكۆلاریزم له‌ئه‌نجامدا ببێته هۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ رای گشتی، ئه‌مه‌ش بۆ سوپای توركیا كه به به‌رده‌وامی خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بووه كارێكی ئاسان نییه، له لایه‌كی دیكه‌وه وا ده‌رده‌كه‌وێت قه‌بووڵكردنی دیموكراسیش پته‌وبوونی جێگا و پێگه و به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئیسلامییه‌كانی لێبكه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش له لای سێكولاره‌كان واته پاشه‌كشه كردن له فه‌رهه‌نگی كه‌مالیزم، جگه له‌و لێكدانه‌وانه‌ی كه به شوێن هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌دا دێن توانای ده‌ستتێوه‌ردانی سوپایش خۆی جێگای تێرامان و سه‌رنجه، ئایا سوپای توركیا له‌ڕووی پێكهاته‌ی ناوخۆیی‌و یاساییه‌وه هه‌مان سوپای ده‌یه‌كانی 60و80یه، ئه‌و سوپایهیهی كه به ئاماژه‌ی قامك ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌مباره و بار ده‌كرد؟
سوپا له توركیادا.
كۆماری توركیا ساڵی 1920 له لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه دامه‌زرا، پاش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م و دوای داڕمانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی، ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ئیمپراتۆرییه‌ته كه‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌وه.
مسته‌فا كه‌مال پاشا له 23ی ئه‌پریلی 1920دا، كاتێك كه ئه‌سته‌مبوڵ له ده‌ست هێزی هێرشكهردا بوو پارله‌مانی نه‌ته‌وه‌یی مه‌زنی له ئه‌نقه‌ره دامه‌زراند و به مه‌به‌ستی راپه‌ڕاندنی كاره‌كان، ئه‌نجومه‌نی كاتی راگه‌یاند، پارله‌مانی مه‌زنی توركیاش ئه‌وی وه‌ك سه‌رۆكی پارله‌مان و ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژارد، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا یۆنانییه‌كانیش هه‌لیان گواستهوهوه و هێرشیانكرده سه‌ر به‌شێك له ناوچه‌كانی توركیا، شه‌ڕی نێوان توركیا و یۆنان له 13ی سێپته‌مبه‌ری 1921دا به شكستی یۆنان كۆتایی پێهات و پاش ئه‌م شه‌ڕه پارله‌مانی نه‌ته‌وه‌یی توركیا پله‌ی مهرشال – ی به مسته‌فا كه‌مال به‌خشی. مسته‌فا كه‌مال له 9ی سێپته‌مبه‌ری 1922دا فه‌رمانی هێرشی ده‌ركرد و هه‌موو هێزه هێرشكه‌ره‌كانی دوور خسته‌وه. به‌م شێوه‌یه شه‌ڕ بۆ سه‌ربه‌خۆیی توركیا به سه‌ركردایه‌تی مسته‌فا كه‌مال به ئه‌نجام گه‌یشت و به به‌ستنی په‌یمانی لۆزان له 24ی جولای 1923دا هه‌موو وڵاتانی جیهان ده‌وڵه‌تی توركیایان به ره‌سمی ناسی، له‌و كاته‌وه سوپای توركیا به هۆی ئاماده‌بوونی له ده‌زگا یاساییه‌كاندا و به تایبه‌ت به هۆی بارودۆخی ستراتیژیی ئه‌م وڵاته‌وه ده‌ورێكی به‌رچاوی له گۆڕِانكارییهكانی توركیادا بووه، سوپای توركیا تا ساڵی 1949 له لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو، پشتیوانی لێكردنیشی له ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی به‌رگری بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا فه‌رمانده‌یی گشتیی سوپا پێكهات و هێزه‌كان چوونه ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌یی گشتییه‌وه، له‌و كاته‌وه ورده ورده تا ده‌هات ده‌وری سوپا له‌بڕیارداندا زیاترده‌بوو، هۆی ئه‌مه‌ش ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامی سوپا بوو له سه‌نته‌ره‌كانی بڕیارداندا كه له‌رێگای گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تییه‌وه بواری بۆ ده‌ڕه‌خسا ، سوپا له دوای هه‌ر كۆده‌تایه‌ك ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ست دهگرتوو ده‌ستی ده‌دایه گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا.
به‌م شێوه‌یه سوپای توركیا كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی له ده‌ستدایه كه بۆ دانانی كاریگه‌ریی له سه‌ر گۆڕانكارییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ره‌وایه‌تی پێده‌به‌خشێت، یه‌كێك له‌و كه‌ره‌ستانه ئه‌نجومه‌نی باڵای سوپایه كه پێكهاتووه له سه‌رۆكی فه‌رمانده‌یی سوپا، فه‌رمانده‌كانی هێزگه‌لی پیاده و ئاسمانی و ده‌ریایی و ژهندهرمه، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌ركی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه داڕشتنی پلانی گشتی و به‌ڕێوه‌بردنی كۆی سوپایه، ئه‌نجومه‌نی باڵای سوپا له‌ساڵێكدا دووجار دانیشتن ده‌كات، دیاری كردنی سه‌رۆكی فه‌رمانده‌یی گشتی و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كان و ژهندهرمه، هه‌روه‌ها كاروباری به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی چه‌كداریی و خانه‌نشین كردنی كادره‌كانی سوپایش له ئه‌ستۆی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌دایه.
كه‌ره‌سته‌یه‌كی دیكه‌ی سوپا، رێكخراوی دووه‌می فه‌رمانده‌یی سوپایه، كه چاودێریی هه‌موو رێكخراوه ئیستخباراتییه‌كانی توركیا ده‌كات و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی نائاساییه، ئه‌م رێكخراوه له هه‌ر چه‌شنه چاودێریی كردن و لێپرسینه‌وه‌یه‌ك پارێزراوه، ته‌نانه‌ت به‌رزترین ده‌زگای چاودێریی و لێپرسینه‌وه‌ی وڵات كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆماردایه مافی چاودێریكردن و لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌م رێكخراوه‌ی نییه.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا به پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی ساڵی 1961 دامه‌زرا، له‌و كاته‌وه تا ئێستاش گرنگترین ده‌زگایه كه له سه‌ر سیاسه‌ته ئه‌منییه‌كانی توركیا كاریگه‌ریی داده‌نێت، دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌زگایه گه‌ره‌نتییه‌ك بوو بۆ به‌رده‌وامیی ئاماده بوونی سوپا له كاروباری بڕیارداندا، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له یاسای بنه‌ڕه‌تی سالی 1980دا كه له دوای كۆدهتاوه گۆڕانی به سه‌ردا هات، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كرد، له ساڵی 1982شدا به تایبه‌ت به گۆڕینی دووباره‌ی یاسا، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتری به ده‌ستهێنا، له یاسای نوێ‌دا به‌رپرسیارێتی به‌رگریكردن له خاكی توركیا و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی كۆماری توركیا خرایه ئه‌ستۆی سوپا، به‌و جۆره‌ش سوپا به بیانوی پاراستنی یاسای بنه‌ڕه‌تی و حكومه‌تی لائیك، ده‌ستی كراوه‌بوو بۆ هه‌ر چه‌شنه ده‌ستوه‌ردانێك له سیاسه‌تی وڵات‌دا، ئاماده‌بوونی سوپا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا سه‌ره‌كیترین كه‌ره‌سته‌ی یاسایی سوپایه بۆ ده‌ستوه‌ردان له كاروباری سیاسی‌دا، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه مانگی جارێك كۆبوونه‌وه ده‌كات، بڕیاره‌كانی ئه‌م كۆبوونه‌وانه هه‌رچه‌ند به رواڵه‌ت وه‌كوو پێشنیار‌و راوێژ دێنه ئاراوه، به‌ڵام له راستیدا ئه‌ركه له سه‌ر ده‌وڵه‌ت كه جێبه‌جێیان بكات، هه‌روه‌ها پارله‌مانیش له سه‌ریه‌تی یاسای پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه په‌سه‌ند بكات. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ئه‌منیی – سیاسییه تا چه‌ند ساڵ له‌وه پێش پێكهاتبوو له پێنج ئه‌ندامی سوپا كه بریتی بوون له فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپا، فه‌رمانده‌كانی هێزی پیاده، هێزی ئاسمانی، هێزی ده‌ریایی و ژهندهرمه، هه‌روه‌ها پێنج ئه‌ندامی ده‌روه‌ی سوپا كه ئه‌وانیش بریتی بوون له سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری ناوخۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و وه‌زیری به‌رگری، تا پێش گۆڕانكارییه‌كان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ئه‌نجومه‌ن به‌رده‌وام له ده‌ست ژهنهراڵهكاندا بوو، به‌ڵام دواتر له ئه‌نجامی فشاره‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه هه‌یكه‌لی ئه‌نجومه‌نه‌كه گۆڕاو ئێستا ته‌نیا فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپا تێیدا ئه‌ندامه، به دوای گۆڕانكارییه‌كاندا یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئه‌نجومه‌نیش گۆڕاو له‌و كاته‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌ن به پێشنیاری سه‌رۆك وه‌زیران له ناو سوپا یان له ده‌ره‌وه‌ی سوپادا هه‌ڵده‌بژێردرێت. به هه‌رحاڵ ئاشكرایه كه ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زگایه‌كی ئه‌منیی سه‌ره‌كییه‌و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سوپادا ده‌وری گرنگیان له كاروباری سیاسی تورركیادا بووه.
سوپا‌و كۆده‌تاكانی
هه‌ر كاتێك سوپای توركیا هه‌ستی به‌وه كردبێت بارودۆخی ناوخۆی وڵات نائاساییه و به‌ره‌و نائارامی دهچێتو ده‌وڵه‌ت لاواز بووه و توانای كۆنترۆڵكردنی نائارامییه‌كانی نییه، هاتۆته مه‌یدانه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست، فه‌رمانده‌كانی سوپای توركیا بۆ به‌رگرتن له شه‌ڕی ناوخۆ و هه‌ڵگیرسانی ئاگری شۆڕش، به‌رده‌وام ده‌وڵه‌تیان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌یان دامه‌زراندووه، یاسای بنه‌ڕه‌تییان گۆڕیوه و پاش ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخ و گهڕاندنهوهوی ئاسایش و ئارامی گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناو سه‌ربازگه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی چوار كۆده‌تا له میژوی كۆماری توركیادا تا ئێستاش سوپا له نێو جه‌ماوه‌ردا خۆشه‌ویسته و رواڵه‌تێكی پۆزه‌تیڤی هه‌یه.
ساڵی 1960 سوپا یه‌كه‌م كۆده‌تای سه‌ربازی ئه‌نجامدا، ده‌ستتێوه‌ردانی سوپا له‌و ساڵه‌دا ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه پێیوابوو ده‌وڵه‌ت به لاڕێدا ده‌ڕوا و ئه‌و به‌ها نه‌ریتییانه‌ی كه كۆمه‌ڵگای توركیای له سه‌ر دامه‌زراوه له بیر كردووه، هه‌روه‌ها پێیوابوو میتۆده ئابوورییه‌كانی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵه‌ن و خه‌ریكن به خێرایی ستاندارده‌كانی ژیانی هاووڵاتییان له ناو ده‌به‌ن. به‌م شێوه‌یه له یه‌كه‌م كۆده‌تای سوپادا حزبی دیموكراتیك، كه له دوای چه‌ندین ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبی كۆماریی، كه‌ش وهه‌وای كراوه‌ی سیاسی و فره‌حزبی به‌ڕێوه ده‌برد لابرا.
دوای ئه‌م كۆده‌تایه كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا پێكهات كه هاوسه‌نگكردنی ده‌سه‌ڵاتی پارله‌مان، به‌شداركردنی زۆربه‌ی ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان له به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تدا به شێوه‌ی كرده‌یی و پێكهاتنی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌ویی لێكهوتهوه. دووه‌مین كۆده‌تا له ساڵی 1971دا ئه‌نجامدرا، له‌و ساڵه‌شدا سوپا ده‌ستی خسته سه‌ر لاوازبوونی سیاسه‌تمه‌داران له كۆنترۆڵكردنی توندووتیژییه‌كانی باڵی چهپداو پێیوابوو كه ئه‌مه وڵات به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌بات، به‌و شێوه‌یه ده‌وڵه‌تی سلێمان دمیریلیشان لابرد. له‌و قۆناغه‌شدا سوپا پاش ده‌ستكاری كردن‌و گۆڕینی هه‌ندێك له بنه‌ماكانی یاسای بنه‌ڕه‌تی و یاساكانی دیكه گه‌ڕایه‌وه ناو سه‌ربازگه‌كان. كۆده‌تای سێهه‌م هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشی گه‌لانی ئێران، سوپا له ساڵی 1980دا كۆده‌تای كرد و هه‌موو حزبه‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ده‌ستی دایه گۆڕینی یاسا و به پێی ئه‌و گۆڕانه سه‌رۆك كۆمار و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتریان پێبه‌خشرا، چواره‌مین ده‌ستتێوه‌ردانی سوپا له سیاسه‌تی وڵات‌دا ئه‌گه‌رچی هاوشێوه‌ی سێ كۆده‌تاكه‌ی پێشوو نه‌بوو، به‌ڵام له ئه‌نجامدا له ده‌سه‌ڵات خستنی نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كانی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و ههڵوهشانهوهوی حزبی رفاه – ی لێكهوتهوه، ژه‌نه‌راڵه‌كانی سوپا له فێبریڤه‌ری 1997دا به پلانێكی ورد و له‌پێشدا دڕێژاو ئهربهكانیان له ده‌سه‌ڵات خست.
هۆكاره‌كانی پته‌وبوونی جێگا و پێگه‌ی سوپا
جگه له هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه بوار بۆ دهستتێوهرانی سوپا له كاروباری سیاسی وڵات‌دا ده‌ره‌خسێنن، سێ هۆكاری گرنگ ده‌بنه هۆی پته‌وبوونی جێگا و پێگه‌ی سوپای توركیا له‌و وڵاته‌دا، ئه‌م سێ هۆكاره بریتین له:
فه‌رهه‌نگی سیاسیی، ئایدۆلۆژیای كه‌مالیزم و گه‌نده‌ڵی و لێنههاتووی سیاسه‌تمه‌داران، به‌رده‌وامبوونی نه‌ریتی ده‌سه‌ڵاتخوازیی و ده‌وڵه‌ت سالاریی له ئیمپهراتۆرییهتی عوسمانییه‌وه تا كۆماری توركیا، بووه‌ته هۆی ریشه داكوتانی جۆریك له هه‌ستكردن به نائه‌منی له ناو تاك و كۆمه‌ڵگادا، له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌زموونی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و شهڕِی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا به‌شێك له بیره‌وه‌ری میژویی و فه‌رهه‌نگی سیاسی توركه‌كان پێكده‌هێنێت، ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش په‌یدابوونی جۆره روانینێكی پۆزه‌تیڤی خه‌ڵكه به‌رامبه‌ر به نوخبه‌كانی سوپا و سه‌ركه‌وتنیان له پاراستنی ئاسایشی ناوه و ده‌ره‌وی سنوری وڵات‌دا. ئه‌م لایه‌نگیرییه به ته‌واوه‌تی خۆی له ئایدۆلۆژیای كه‌مالیزمدا پێشانده‌دات له ئێستادا و به‌تایبه‌ت پاش شكستی قورسی حزبه كهمالیستهكان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2002دا دوایین گروپی لایه‌نگری كه‌مالیزم سوپایه. بنه‌ماكانی ئه‌م ئایدۆلۆژیایه واته پاراستنی خه‌سڵه‌تی سێكولاری ده‌وڵه‌ت، پاراستنی ته‌واوه‌تی خاكی توركیا و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی بێلایه‌نی و ناچالاك بوون له په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كاندا رێگا به سوپا ده‌دات خۆی به سه‌ره‌كی ترین میراتههڵگرو پشتیوانی كه‌مالیزم بناسێنێت و ته‌نانه‌ت ده‌ستوه‌ردانی خۆی له سیاسه‌تدا بكاته واقیعێكی یاسایی. گهندهڵیو لێنه‌هاتوویی نوخبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سوپا له به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی سوپادا ده‌وری به‌رچاوی بووه. ئاشكرابوونی نهێنیكاری و ژێربهژێركردن و ناڕاستییه‌كانی نێوان سیاسه‌تمه‌داران، بووه هۆی بێبڕوابوونی خه‌ڵك به‌رامبه‌ریان، له هه‌مانكاتدا له ناو سوپادا به هۆی بوونی دیسیپلینی تایبه‌ت به سوپا، راده‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌متر بووه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌توانین بڵێین به‌شێكی به‌رچاو له سه‌ركه‌وتنی حزبه ئیسلامییه‌كانی وه‌كو دادوگه‌شه‌پێدان له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و گه‌نده‌ڵی و نهێنیكاریانهی كه خه‌ڵكی به‌رامبه‌ر به حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بێهیوا كردووه.
گۆڕانی بارودۆخ
له رواڵه‌تدا وا ده‌رده‌كه‌وێت؛ دوور نییه سوپا به شێوه‌ی ساڵانی رابردوو ده‌ست وه‌ر بداته كاروباری سیاسی وڵات، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و باسانه‌ی كه كرا، بارودۆخی ئێستای توركیا و سوپا له چاو ده‌یه‌كانی70و80دا گۆڕاوه، له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به هۆی گۆڕانكارییه سیاسی و یاساییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی سوپا له پێكهاته‌ی یاسایی و سیاسی توركیادا زۆر كه‌متر بووه‌ته‌وه، بارودۆخی نێونه‌ته‌وه‌یش رێگا به ده‌ستتێوه‌ردانی سوپا نادات، ده‌ستتێوه‌ردانی سوپا له كاروباری سیاسی‌دا له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاوه ره‌خنه‌یه‌كی فراوانی لێده‌گیرێت و بۆته یه‌كێك له رێگره‌كانی به‌ئه‌ندامبوونی ئه‌و وڵاته له یه‌كێتی ئه‌وروپادا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه تیۆری زاڵ به سه‌ر سیاسه‌تی جیهانیی ئێستادا، جیاكردنه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی رێكخراوی مه‌ده‌نییه له كاروباری چه‌كداری و سوپا، به شێوه‌یه‌ك كه له سه‌ر رێگانه‌دان به‌ده‌ستوه‌ردانی سوپا له كاروباری ناوخۆی وڵات‌دا جه‌خت ده‌كاته‌وه.
سامۆئیل هانتینگتۆن راڤه‌كاری ئه‌مریكی له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه سوپا چه‌ند له‌رووی پسپۆڕیی سه‌ربازییه‌وه پێشكه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت و په‌ره بسه‌نێت، به‌و راده‌یه له‌ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی دوور ده‌كه‌وێته‌وه. پێده‌چێت ئه‌م بۆچوونه له سه‌ر سوپای توركیاش گونجاوبێت، گه‌شه‌كردنی پسپۆڕیی سه‌بازیی له سوپای توركیادا جگه له پاراستنی هه‌یمه‌نه و خۆشه‌ویستی له‌لای خه‌ڵك، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ش كه له داهاتوودا ده‌وری له كاروباری سیاسی‌دا كه‌مبێته‌وه.
له ئێستاشدا وا دێته پێش چاو هۆكاره‌كانی پته‌وبوونی جێگا وپێگه‌ی سوپا، تووشی گۆڕانی جدی بووبێت، فه‌رهه‌نگی سیاسیی خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ندا گۆڕانی به سه‌ردا هاتووه، هیچ هێرشێكی چه‌كداریی ئه‌وتۆش بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته لانیكه‌م له ئێستا و له داهاتوویه‌كی نزیكیشدا ئاماده‌یی نییه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه سیاسه‌تمه‌دارانی حزبی دادوگه‌شه‌پێدان پێشانیانداوه كه به پێچه‌وانه‌ی حزبه‌كانی دیكه‌وه ئه‌وان له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی و لێنه‌هاتوویی ده‌سته‌ویه‌خه نه‌بوون، هه‌روه‌ها له كۆمه‌ڵگای توركیادا باوه‌ڕێكی باو هه‌یه كه پێیوایه لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌تی سوپا بۆ سیاسته‌كانی ئه‌تاتورك رێگری سه‌ره‌كییه له به‌رده‌م دیموكراتیزاسیۆن و مۆدێرنیزاسیۆنی ئه‌و وڵاته‌دا، گه‌شه‌كردنی دیموكراسی-ش خۆی هۆكاره بۆ په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی سیاسی و له ئه‌نامدا قه‌یرانی ئابووری.
به هه‌رحاڵ ره‌نگه فه‌رمانده‌كانی سوپا بیریان له‌وه كردبێته‌وه كه باشترین حاڵه‌ت بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك له ئه‌نجامی قه‌یرانه ئه‌منیی و سیاسییه‌كاندا جارێكی دیكه روویان تێبكهنهوه و پێشوازیان لێبكه‌ن، ده‌كرێت خۆبواردنی سوپا له به‌رنامه‌ی چاكسازیی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێستای توركیاوه كاری بۆ كرا، هه‌روه‌ها بێده‌نگی سوپا به‌رامبه‌ر به په‌سه‌ندنه‌كردنی پرۆژه‌ی پێشنیازكراوی هاوكاریی چه‌كداری ئه‌مریكا و توركیا له هێرشكردن بۆ سه‌ر عیراقدا به‌و دیده بخوێنینه‌وه. جێی سه‌رنجه به پێی ئه‌و چاكسازییه كه ده‌وڵه‌ت له پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یدا كردی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه كرا به رێكخراوێكی راوێژكاریی و بهڕێوهبهركهشی به پێشنیاری سه‌رۆك وه‌زیران و پشتگیریكردنی سه‌رۆك كۆمار دیاریده‌كرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌ندامێتی سوپا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا له پێنج كه‌سه‌وه كه‌مبووه‌وه بۆ یه‌ك كه‌س، له پێناو خۆرێكخستن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌وری سوپا له كاروباری سیاسی‌دا و به مه‌به‌ستی هاوئاهه‌نگبوون له‌گه‌ڵ (مه‌رجه‌كانی كۆپهنهاگن)دا ئه‌ندامێتی سوپا له ئه‌نجومه‌نی باڵای په‌روه‌رده، له دادگای یاسای بنه‌ڕه‌تی و كۆنترۆڵی ئه‌نجومه‌نی باڵای رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ڕه‌تكرایه‌وه و ئیدی سوپا مافی ئه‌وه‌ی نییه له ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆنترۆلی كه‌ناڵه‌كانی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ئه‌نجومه‌نی باڵای په‌روه‌رده‌دا ببێته ئه‌ندام، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت و دیوانی چاودێریی دارایی به پێی په‌سه‌ندكراوی پارله‌مان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه چاودێریی بودجه و مهسارفی سوپا بكه‌ن، دیاره پێشتر بودجه و مهسارفی سوپا هیچ چاودێرییه‌كی له سه‌ر نه‌بوو.
ئاشكرایه كه بارودۆخ گۆڕاوه، حزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان ئیدی وه‌كو حزبی رفاه به‌رژه‌وه‌ندی حزبی ناخاته پێش به‌رژه‌وه‌ندی توركیا و بیانو ناداته ده‌ست نه‌یاره‌كانی، جێگا و پێگه‌ی سوپاش وه‌كو رابردوو نه‌ماوه، له بارودۆخێكی وادا كه پێده‌چێت ئیسلامییه نوێخوازه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی پارله‌مانی داهاتوو به‌ره‌وڕووی كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بنه‌وه، به تایبه‌ت به له‌به‌رچاوگرتنی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان له بواری ئابووری و فه‌رهه‌نگی و دبلۆماسیدا، له‌وانه‌یه كار بۆ سیكۆلاره‌كانی سوپا ئه‌سته‌متر بێت، وا دێته پێش چاو مشتومڕی نێوان سێكولاریزم و دیموكراسی له به‌رژه‌وه‌ندی موسوڵمانه دیموكراته‌كاندا بێت، گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت توركیا له رۆژانی داهاتوودا كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی نوێی به‌سه‌ردا بێت، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی كه ئه‌نجامه‌كانی پێشبینی ناكرێت.
ئایا سوپا به بیانوی به‌رگریكردن له میراتی ئه‌تاتورك جارێكی دیكه دێته‌وه مه‌یدان؟ یا له نێو سه‌ربازگه‌كانه‌وه چاو ده‌بڕێته سه‌ركه‌وتنی دیموكراسی و پاراستنی به‌ها لائیكییهكان له به‌رگی دیموكراسیدا؟
سه‌رچاوه:
www.sharghnewspaper.com/ |
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|