ئه‌نفال..20ساڵ چاوه‌ڕوانی..20ساڵ مه‌رگه‌سات
 ئه‌نفال- تاوان له‌ژێر رووپۆشی‌ ئایین دا




Monday, April 14, 2008
 

هیوا ره‌حیم

به‌شی‌ یه‌كه‌م/ باسی‌ یه‌كه‌م
چه‌مكی‌ ئه‌نفال

 
ئه‌نفال وشه‌یه‌كی‌ عه‌ره‌بییه‌ كۆی‌ (نفل)ه‌ به‌واتای‌ (ده‌سكه‌وت)دێت (نفل) به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌دوو رووه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێت.

 
ا/له‌رووی‌ زمانه‌وانییه‌وه‌:
به‌مانای‌ ده‌سكه‌وت (غنیمه‌) دێت له‌پێش هاتنی‌ ئیسلامدا عه‌ره‌به‌كان وشه‌ی‌ (ئه‌نفال) یان به‌واتای‌ تاڵانی‌ جه‌نگ به‌كار هێناوه‌,مه‌به‌ستیش له‌جه‌نگ شه‌ڕكردن‌و شكاندنی‌ دوژمن‌و گرتنی‌ دیل‌و ده‌سخستنی‌ سامان‌و ماڵ بوو.

 ب/له‌رووی‌ زاراوه‌ییه‌وه‌ :
ئه‌نفال واتای‌ زیاده‌‌و ده‌سكه‌وت ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ئه‌میش واپێناسه‌ ده‌كرێت ئه‌و ماڵ‌و سامانه‌یه‌ به‌شه‌ڕ له‌ بێ‌ باوه‌ڕ ده‌سه‌ندرێت,وه‌زانایانی‌ ئیسلام ده‌رباره‌ی‌ ئه‌نفال بۆ چوونیان به‌م شێوه‌یه‌یه‌ (الانفال وهو الغنیمه‌ ای‌ كل نیل ناله‌ المسلمون من اموال اهل الحرب)1.
ره‌نگه‌ چه‌مك‌و پێناسه‌ی‌ ئه‌نفال له‌رووی‌ زمانه‌وانییه‌وه‌ (لغه‌)‌و زاراوه‌ییه‌وه‌ (الاصگلاح) تاكو ئێستا له‌لای‌ زۆربه‌ی‌ كه‌س شتێكی‌ نادیار‌و نامۆبێت ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ مه‌به‌ست له‌بنج‌و بناوانی‌ پرۆسه‌كه‌ ئاشكرا نه‌بوبێت.

ئه‌نفال له‌رووی‌ زمانه‌وانییه‌وه‌ كۆی‌ (نفل)ه‌ به‌واتای‌ ده‌سكه‌وت دێت له‌كاتی‌ شه‌ڕ‌و تاڵانكردندا به‌ده‌ست شه‌ڕِژكه‌ران كه‌وتوون. به‌مانای‌ زیاده‌ ده‌سكه‌وت دێت,واته‌ ئه‌وماڵ‌و سامانه‌ی‌ كه‌له‌كاتی‌ شه‌ڕدا ده‌ست جه‌نگاوه‌رانی‌ موسڵمان ده‌كه‌وێت كه‌به‌زه‌بری‌ هێز له‌بێ‌ باوه‌ڕانیان سه‌ندووه‌2.

هه‌روه‌ها وشه‌ی‌ ئه‌نفال له‌ (مختار الصحاح)دا به‌واتای‌ (ده‌سكه‌وتی‌ جه‌نگاوه‌ر) دێت. كه‌له‌ وشه‌ی‌ (نفل)ه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌وشه‌یه‌كی‌ عه‌ره‌بی‌ كۆنه‌ به‌كۆی‌ (نفل)ه‌ دێت واته‌ چاوگی‌ وشه‌كه‌ له‌(نفل)ه‌وه‌ هاتووه‌  به‌مانای‌ به‌خشیش‌و ده‌سكه‌وت دێت.

(التنفل) به‌واتای‌ (خۆبه‌جه‌نگاوه‌ر كردن)هاتووه‌  ره‌گ‌و ریشه‌ی‌ وشه‌كه‌ له‌ناو هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كاندا له‌لای‌ شاعیرانی‌ وه‌كو (لبید)‌و (عنتر) به‌كارهێنراوه‌ له‌هۆنراوه‌كانیاندا.
به‌واتای‌ ده‌سكه‌وتی‌ زۆر له‌ماڵ‌و تاڵان له‌شه‌ڕدا ده‌گه‌یه‌نێت وه‌له‌هاتنی‌ ئایینی‌ ئیسلامه‌وه‌ زاراوه‌كه‌ ئه‌و ده‌سكه‌وت‌و ماڵ‌و سامانه‌ی‌ گرتۆته‌وه‌ كه‌موسڵمانه‌كان له‌شه‌ڕدا به‌ده‌ستیان هێناوه‌3.
ئه‌مه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و گیروگرفته‌ بوو كه‌له‌نێوان موسڵمانه‌كاندا سه‌ری‌ هه‌ڵدا ده‌رباره‌ی‌ تاڵانی‌ شه‌ڕه‌كه‌4.   

چه‌مكی‌ (ئه‌نفال)به‌واتای‌ (الغنیمه‌) دێت واتا كوردیه‌كه‌ی‌ به‌مانای‌ ده‌سكه‌وت دێت مه‌به‌ستیش له‌مه‌ (زیاده‌) یه‌ چونكه‌ (نفل) وه‌ك (الراغب الاصفهانی‌) ده‌ڵێت:-

(النفل : ای‌ الزیاده‌ علی‌ الواجب) لێره‌دا ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك ئه‌رك ئه‌نجام ده‌درێت پێ‌ی‌ ده‌وترێت (واجب) وه‌ئه‌وه‌ی‌ كه‌ئاره‌زومه‌ندانه‌یه‌‌و خۆبه‌خشانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت پێ‌ی‌ ده‌وترێت (نافله‌).به‌ڵام ئه‌نفال وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌قورئاندا هاتووه‌‌و زانایانی‌ ئایینی‌ پێناسه‌یان كردووه‌ به‌ واتای‌(هی الاموال الماخوژه‌ من الكفار قهرا بقتال...) له‌م پێناسه‌یه‌وه‌ سێ‌ ئه‌نجامان ده‌ستگیر ده‌بێت:-

1. ئه‌نفال (اموال) واته‌ شتومه‌ك هه‌روه‌ك له‌هه‌مان سوره‌تی‌ (الانفال)دا له‌ئایه‌تی‌(واعلموا انما غنمتم من شی‌‌و)دا هاتووه‌ كه‌(شی‌‌و) به‌مانی‌ شتومه‌ك دێت.

2. (من الكفار) واته‌ له‌بێ‌ باوه‌ڕانی‌ جه‌نگاوه‌ر.
3. (قهرا بقتال) واته‌ شتومه‌كه‌كان شتی‌ به‌جێماوی‌ مه‌یدانی‌ جه‌نگه‌كه‌ نه‌ك هی‌ ماڵ‌و نێو لادێ‌‌و شاره‌كان5.
لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌نفال وشه‌یه‌كی‌ عه‌ره‌بی‌ كۆنه‌‌وله‌پێش هاتنی‌ ئیسلامدا باوبووه‌ به‌ڵام به‌كارهێنانی‌ لێره‌دا له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ موسڵمانی‌ وه‌ك كورد كه‌هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنی‌ ئیسلامدا قبوڵی‌ كردووه‌, ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و سوره‌ته‌ قورئانییه‌ كه‌ ئاماژه‌ ده‌دات به‌و ده‌سكه‌وته‌ی‌ كه‌له‌ بێ‌ باوه‌ڕانیان سه‌ندووه‌. 

هه‌روه‌ها (الانفال) ته‌نها ئه‌و شتومه‌كانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌له‌ مه‌یدانی‌ جه‌نگدا به‌جێ‌ ده‌مێنن‌و له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگاوه‌ری‌ بێ‌ باوه‌ڕدا ده‌كرێت به‌ڵام له‌م پرۆسه‌یه‌دا
گه‌لێكی موسڵمان به‌خۆیان‌و ماڵ‌و سامانیان تێداچوون.













به‌شی‌ یه‌كه‌م/ باسی‌ دووه‌م

ئاماژه‌كانی‌ پشت ئه‌م ناولێنانه‌
چ هۆیه‌ك وای‌ له‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ كرد تا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ناو بنێت (الانفال) واته‌ ئه‌وه‌ی‌ رێگا خۆشكه‌ر بوو بۆ حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ بۆ هه‌ڵسان به‌م كاره‌ له‌وه‌دابوو له‌روانگه‌یه‌كی‌ عه‌فله‌قیانه‌و شۆفێنیزمانه‌ سه‌یریان ده‌كرد به‌و واتایه‌یی‌ كه‌ته‌نها عه‌ره‌ب نه‌ته‌وه‌ی‌ شایسته‌‌و پله‌ یه‌كن ته‌واوی‌ گه‌لانی‌ دیكه‌ زه‌نده‌قی‌‌و مه‌جوسین باشترین حاڵه‌تیش بۆ ئه‌مه‌ به‌عسیه‌كانی‌ عێراق بوو كه‌كوردیان به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ ده‌رچوو‌و لاده‌ر له‌ دیین باس ده‌كرد.

بۆ تێگه‌یشتن له‌ئه‌نفال ته‌نیا یه‌ك رێگه‌مان له‌به‌رده‌مدایه‌ ئه‌ویش تێگه‌یشتنه‌ له‌به‌عس6.  ئه‌گه‌ر به‌روویه‌كی‌ تردا بیخوێنینه‌وه‌ پێده‌چێت حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوبێت كه‌له‌ ئاینده‌دا قوربانی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بخاته‌ ملی‌ ئایین به‌ واتای‌ ئایین بكاته‌ به‌ر پرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌، چونكه‌ له‌م كاره‌دا گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی‌ مرۆیی‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌و واتایه‌ی‌ كه‌ فه‌رمانێكی‌ ئایینی‌ بووه‌ له‌ به‌جێ‌ گه‌یاندنی‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌دا.

وه‌له‌ ئاماژه‌یه‌كی‌ كه‌دا (گێرانه‌وه‌ی‌ ئۆتۆماتیكی‌ ئه‌نفال بۆ ئایین‌و فیكری‌ دینی‌ نه‌وه‌كو خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌عس به‌ڵكو گواستنه‌وه‌ی‌ گوناهه‌كانی‌ به‌عسه‌ بۆ ملی‌ ئایین7.
واته‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ پرۆسه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌به‌عس ویستویه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ تاوانه‌كه‌ بخاته‌ ملی‌ ئایین8. یاخود ویستی‌ به‌عس له‌وه‌دابووه‌ له‌ناوهێنانی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ئه‌نفال ویستویه‌تی‌ پیرۆزیه‌ك بداته‌ كاره‌كه‌ی‌ ،چونكه‌ كێشه‌ی‌ كورد كێشه‌یه‌ك نییه‌ له‌نێوان كافر‌و موسڵماندا بێت.به‌و واتایه‌ی‌ ویستویه‌تی‌ له‌پشت ئه‌م ناولێنانه‌وه‌ قاوغێكی‌ ئیسلامیانه‌ بداته‌ كاره‌كه‌ی‌ له‌لای‌ گه‌لانی‌ موسوڵمان به‌تایبه‌تی‌ عه‌ره‌ب هه‌رئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ زۆربه‌ی‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ به‌ناوی‌ زاراوه‌ دینیه‌كانه‌وه‌ ناوده‌نا بۆ مه‌به‌سته‌ شۆفێنییه‌كانی‌ خۆی‌.

یاخود پێده‌چێت بۆ كه‌سب كردنی‌ هه‌ست‌و سۆزی‌ گه‌لانی‌ موسڵمان بێت, چونكه‌ له‌وده‌مه‌دا حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ به‌ قۆناغی‌ جه‌نگێكی‌ درێژخایه‌ندا گوزه‌ری‌ ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئێراندا.
یاخود مه‌به‌ستی‌ حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌مۆركێكی‌ شه‌ڕخواز‌و تێكده‌ر بخاته‌ پاڵ كه‌سایه‌تی‌ كورد9. 

یان له‌وانه‌یه‌ بۆ كه‌سب كردنی‌ هه‌ست‌و سۆزی‌ گه‌لانی‌ موسڵمان بێت ، چونكه‌ له‌و ده‌مه‌دا حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ به‌ قۆناغی‌ جه‌نگێكی‌ درێژخایه‌ندا گوزه‌ری‌ كردبوو له‌ گه‌ڵ ئێران دا .
چونكه‌ حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ كورد به‌ هه‌ڵگیرسێنه‌ری‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ داده‌نا به‌ واتای‌ كورد‌و كێشه‌ی‌ كورد هۆو پاڵنه‌ربوون بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ .

وه‌ لێره‌دا یه‌ك بۆچوونی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌ردكه‌وێت بۆ ناولێنانی‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌ ئه‌نفال :-
بۆچوونه‌كه‌: بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ حوكمڕانانی‌ عێراق‌و هزر وانانی‌ (به‌عسی‌ عێراقی‌) بڕوایان وایه‌ كه‌ ئیسلامی‌ ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یزانن‌و ئه‌ده‌بیاتی‌ حیزبه‌كه‌یان په‌خشی‌ ده‌كات هه‌ر كه‌سێكیش وه‌كو ئه‌وان بیر نه‌كاته‌وه‌ ئه‌وا ئیسلام نییه‌، یاخود به‌لای‌ كه‌می‌ له‌ ئیسلام نه‌گه‌یشتووه‌ كوردیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ دراوه‌‌و تێگه‌یه‌ندراون هیچ هه‌نجه‌تیان نه‌ماوه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ به‌به‌عس ڕێگای‌ هیدایه‌تی‌ هه‌ڵبژاردووه‌ ئه‌وانه‌ی‌ نه‌بوون به‌به‌عسی‌ رێگای‌ گومراییان هه‌ڵبژاردووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ رێگای‌ گومراییان هه‌رڵبژاردووه‌ پێویسته‌ بكوژرێن‌و له‌ ناوبرێن، چونكه‌ كافرن به‌بڕوای‌ به‌عسی‌10

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن تاكه‌ پاساوی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ دانانی‌ كورد بوو وه‌كو بێباوه‌ڕه‌كانی‌ مه‌ككه‌ كه‌ئه‌مانه‌ سه‌روماڵیان حه‌ڵاڵ بێت بۆ خۆیان, چونكه‌ هه‌روه‌كو به‌پێ‌ی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ خۆیان كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ لادراون‌و پێویسته‌ له‌ناو ببرێن .
هه‌ربۆیه‌ ناسێونالیزمی‌ عه‌ره‌بی‌ عێراقی‌ بۆ ره‌وایی‌ دان به‌ كرده‌وه‌كه‌ له‌ لایه‌ك‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ هانی‌ سوپای‌ عه‌ره‌بی‌ بدات ،له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پڕۆسه‌كه‌یان ناونا ئه‌نفال11. 

ئه‌مه‌ش خۆی‌ له‌ خۆی‌دا سه‌رپشك كردنی‌ سوپایه‌كه‌ بۆ كوشتن‌و بڕین‌و تالاَنكردن گوایه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یكه‌ن ئایین رێگه‌ی‌ پێداون ،چونكه‌ ئه‌نفال كه‌ هاتووه‌ له‌ راستیدا به‌رامبه‌ر گه‌لی‌ باوه‌ڕدار به‌یان نه‌كراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ناكرێ‌ خه‌ڵكی‌ باوه‌ڕدار تالاَن بكرێ‌‌و بكوژرێ‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ خه‌ڵكانێكی‌ تر كه‌ خۆیان به‌ بڕوادار ده‌زانن12. 

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن به‌عسی‌ عێراقی‌ ده‌یویست له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ پرۆسانه‌وه‌ كێشه‌ی‌ كورد چاره‌سه‌ر بكات,چونكه‌ به‌درێژایی‌ 8 ساڵی‌ جه‌نگی‌ (عێراق-ئێران) سوپا زه‌به‌لاحه‌كه‌ی‌ رژێمی‌ عێراق سه‌رقاڵی‌ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ بوو به‌و مانایه‌یی‌ نه‌ده‌په‌رژا رێگا چاره‌ی‌ كۆتایی‌ دابنێ‌,چونكه‌ حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌  چاك ئه‌و راستیه‌ی‌ ده‌زانی‌ كه‌لادێكانی‌ كوردستان جوڵێنه‌ری‌ شۆڕشی‌ رزگاریخوازی‌ كوردن.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ رژێم ته‌نها رێگا چاره‌ی‌ له‌وه‌دا ده‌بینی‌ كه‌خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژ بكات‌و لادێكانیان بروخێنێ‌.


به‌شی‌ دووه‌م/ باسی‌ یه‌كه‌م
ئه‌نفال له‌روانگه‌ی‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌


بێگومان یه‌كێك له‌و ئامانجانه‌ی‌ كه‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی‌ له‌پێناودا دامه‌زرا دورخستنه‌وه‌ی‌ جیهان بوو له‌شه‌ڕ‌و شۆڕ به‌رقه‌رار كردنی‌ ئاشتیه‌كی‌ سه‌رانسه‌ری‌ هه‌روه‌ها له‌پاڵ ئه‌مه‌دا رێز گرتن له‌سه‌ره‌تاترین بنه‌ماكانی‌ مافی‌ مرۆڤ به‌بێ‌ گوێدانه‌ زمان‌و ئایین‌و ره‌نگ‌و نه‌ژاد.

به‌ڵام زۆرێك له‌سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ حكومڕانه‌كانی‌ جیهانی‌ سێیه‌م سیسته‌می‌ تۆتالیتاریه‌ت‌وشمولی‌یه‌ ئه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌بوبێت ماڤی‌ مرۆڤ بووه‌ چ جای‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك.

"هه‌روه‌كو چۆن كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ له‌بڕیاری‌ (96) له‌11/12/1946 دا رایگه‌یاند كه‌ره‌شه‌كوژی‌ تاوانێكه‌ ده‌رهه‌ق به‌یاسایی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و به‌پێچه‌وانه‌ی‌ گیان‌و ئامانجی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌ كانه‌وه‌ له‌لایه‌ن دنیایی‌ پێشكه‌وتوه‌وه‌ ئیدانه‌ كراوه‌.هه‌ر له‌م كاته‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ كۆمیسێونێكی‌ تایبه‌تی‌  بۆ ئاماده‌كردنی‌ رێكه‌وتنامه‌یه‌كی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ ده‌رباره‌ی‌ (قڕان) پێكهێنا ئه‌مه‌ش به‌رۆڵی‌ خۆی‌ دوایی‌ دووساڵ پڕۆژه‌یه‌كی‌ به‌ناوی‌ (كۆنڤینسۆنی‌) سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركوتكردنی‌ تاوانی‌ قڕان پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ كرد‌و په‌سه‌ند كرا13.   

هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌خولی‌ ئاسایی‌ سێیه‌م له‌رێكه‌وتی‌ 9/12/1948 له‌به‌ندی‌ دووه‌مدا (هه‌ركارێك كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ له‌ناوبردنی‌ هه‌موو یان به‌شێكی‌ له‌كۆمه‌ڵی‌ مرۆڤایه‌تی‌ ئه‌نجام ده‌درێت له‌رووی‌ سیفاتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ره‌گه‌زی‌‌و نیشتمانی‌‌و ئایینی‌.هه‌روه‌ها پۆلێنكردنێكی‌ داناوه‌ بۆ ئه‌و كردارانه‌ی‌ كه‌ده‌كه‌ونه‌ ژێر بابه‌تی‌ به‌كۆمه‌ڵكوشتنه‌وه‌ به‌م جۆره‌ وه‌سفی‌ ده‌كات:

1. كوشتن‌و له‌ناوبردنی‌ تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ.
2. ده‌ست درێژی‌‌و ئازاردانی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵ له‌رووی‌ جه‌سته‌یی‌‌و بیر‌و هۆشه‌وه‌.
3. سه‌پاندن‌و خستنه‌ ژێر بارودۆخێكی‌ به‌ئه‌نقه‌ستی‌ وا كه‌ببێته‌ هۆی‌ له‌ناوچونی‌ ته‌واوی‌ یان به‌شێكی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌.
4. ته‌گه‌ره‌خستنه‌ به‌ر منداڵ بوون له‌ناو كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌رێگای‌ چه‌ند ئامرازێكه‌وه‌.
5. گواستنه‌وه‌ی‌ منداڵانی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بۆ كۆمه‌ڵێكی‌ جیاواز به‌زه‌بری‌ هێز14.
جینۆساید كه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌بنه‌مایی‌ یاسایی‌ قه‌ده‌غه‌یی‌ كردووه‌ له‌ژێر رۆشنایی‌ ئه‌مه‌دا ده‌توانین بڵێن له‌عێراقدا به‌ته‌واویی‌ به‌رجه‌سته‌كراوه‌ كه‌زیاتر مه‌به‌ستی‌ ئێمه‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفاله‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی‌ به‌شێكه‌ له‌جینۆساید.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌‌و به‌ڵگه‌ی‌ تاوانه‌كان بخوێنینه‌وه‌‌و خه‌سڵه‌تی‌ یاساییان دیاری‌ بكه‌ین ئه‌و تاوانانه‌ی‌ كه‌له‌ به‌هاری‌ 1988 له‌چوارچێوه‌ی‌ زنجیره‌ی‌ هێرشی‌ ئه‌نفاله‌كاندا ئه‌نجام دران به‌ته‌واویی‌ مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌بتوانیین به‌راشكاوی‌ بڵێن چه‌ند ره‌گه‌زێك له‌و پۆلێنكردنه‌ له‌شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفالدا پراكتیك كراوه‌15.

هه‌روه‌ها به‌پێ‌ی‌ مادده‌ی‌ (1) كه‌مادده‌یه‌كی‌ هاوبه‌شه‌ به‌هه‌ر چوار رێكه‌وتنامه‌كانی‌ (جنێف)ی‌ ساڵی‌ 1949 هه‌روه‌ها به‌پێ‌ی‌ مادده‌ی‌ (19)ی‌ پرۆتۆكۆلی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ 1977 كه‌ته‌واوكه‌ری‌ رێكه‌وتنامه‌كانه‌ هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ لایه‌نن له‌رێكه‌وتنامه‌كه‌ مۆریان كردووه‌ نه‌ك ده‌بێ‌ ته‌نها داموده‌زگاكانی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ئه‌و بنه‌ما مرۆڤایه‌تیانه‌ جێ‌به‌جێ‌ بكه‌ن كه‌له‌رێكه‌وتنامه‌كه‌دا هاتوون, به‌ڵكو ده‌بێ‌ له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه‌ جێ‌به‌جێ‌ بكرێ كه‌به‌پابه‌ندی‌ ئه‌و كاره‌وه‌ به‌ندن16.
به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بینین ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ كه‌پاپه‌ندی‌ ئه‌و رێكه‌وتنامانه‌ن‌و پێشێلكاری‌ تێدا ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تانی‌ جیهانی‌ سێیه‌م كه‌رژێمی‌ میلیتاریزم‌و شۆڤێنیزمی‌ باڵاده‌سته‌ به‌سه‌ر شێوازی‌ حكومدا.

پێویسته‌ بوترێت كه‌ رێكه‌وتنامه‌كانی‌ جنێڤ‌و پرۆتۆكۆله‌كانی‌ ته‌نها تایبه‌ت بوون به‌و پێشێلكاریانه‌ی‌ كه‌له‌ جه‌نگه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ دروست ده‌بن‌و ئه‌و پێشێلكاریانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ناوخۆی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه‌ رووده‌ده‌ن به‌تایبه‌تی‌ له‌م ساڵانه‌ی‌ دوایدا, عێراق كه‌چه‌ندین پێشێلكاری‌‌و تۆماری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ له‌پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤدا به‌ڵام وه‌ك كێشه‌یه‌كی‌ ناوخۆی‌ تایبه‌ت به‌سه‌روه‌ری‌ نیشتمان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا له‌به‌ر ئه‌مه‌ پێویستی‌ به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌ڵقه‌ی‌ ئه‌و یاساو پرۆتۆكۆلانه‌ فراوان بكرێت تا ئه‌و سنووره‌ ببرێت‌و ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ بگرێته‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات ئه‌م پێشێلكاریانه‌ له‌ رووی‌ یاساییه‌وه‌ وه‌ك شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی‌ پێشێلكاریه‌ گه‌وره‌كان بسازێندرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش پێویست به‌وه‌ده‌كات سزایان له‌ سه‌ر هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م پڕاكتیزه‌كردنانه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات ئه‌م جۆره‌ پێشێلكاریه‌ گه‌ورانه‌ی‌ یاسای‌ مرۆڤایه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه‌ جا له‌ كاتی‌ كێشمه‌كێشی‌ چه‌كداری‌ بێت، چ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ یان نێوده‌وڵه‌تی‌ بێت17. 

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ ده‌بینین یاسای‌ هه‌ندێ‌ وولاَتی‌ ئه‌وروپی‌ ئه‌و سنوره‌ی‌ به‌زاندووه‌‌و سزای‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌دات كه‌ نیشته‌جێ‌ی‌ هه‌رێمی‌ ئه‌و وولاَته‌ نین ده‌توانین به‌لجیكا به‌ نمونه‌ وه‌ربگرین كه‌ یاسایه‌كی‌ له‌ 16/6/1993 ده‌ركرد تایبه‌ت به‌و كاره‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ندێ‌ به‌ندی‌ یاسایی‌ (ئیسپانی‌‌و سوید) یش ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ به‌ دادگاییكردنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ پێشێلكاری‌ یاسای‌ مرۆڤایه‌تی‌ ده‌كه‌ن18 .
ئه‌گه‌ر بۆ رێككه‌وتننامه‌ی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌‌و سزادانی‌ به‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ ساڵی‌ 1948 بگه‌ڕێنه‌وه‌ تێبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین مادده‌كانی‌ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ ئه‌وه‌ دیاری‌ ده‌كه‌ن ئه‌و تاوانه‌ (جینۆساید)* له‌وانه‌یه‌ له‌ كاتی‌ ئاشتی‌‌و هه‌روه‌ها جه‌نگیشدا رووبدات (مادده‌ 1).
سروشتی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی‌ مه‌به‌سته‌ له‌ ناوببرێت شانبه‌شانی‌ چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ دیكه‌ لایه‌نێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌یه‌ له‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ تاوانه‌كانی‌ دژی‌ مرۆڤایه‌تی‌19 . 

تاوانی‌ (جینۆساید) له‌ كاتی‌ شه‌ڕیشدا رووده‌دات هه‌روه‌ها له‌ كاتی‌ ئاشتی‌دا، به‌لاَم تاوانه‌كانی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ كه‌ ئه‌نجام ده‌درێ‌ ده‌بێت به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێ‌ بێت، كه‌ هه‌ڵگری‌ خه‌سڵه‌تی‌ وه‌ك "ئینتیمای‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، ئه‌تنی‌‌و ئایین " بن، واته‌ له‌ دوو كه‌س زیاتربن. هه‌روه‌كو (مادده‌ی‌ 2)ی‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ به‌هۆی‌ تاوانی‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌وه‌ ده‌ست درێژییان كرابێته‌ سه‌ر ده‌بێت كۆمه‌ڵه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ یان ئه‌تنی‌ یان ره‌گه‌زی‌ یان ئایینی‌ بن، چونكه‌ له‌به‌ر یه‌كێك له‌و سیفه‌تانه‌ی‌ كه‌ تاوانی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ له‌ دژیان ئه‌نجام ده‌درێت هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌م سیفه‌تانه‌ نه‌بونایه‌ ئه‌وا به‌م شێوه‌یه‌ تاوان ده‌رهه‌قیان نه‌ده‌كرا20.
كه‌واته‌ (مادده‌ 1) ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌وه‌ ده‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌ كه‌ (جینۆساید) تاوانێكی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌. 

هه‌روه‌ها (مادد2) ی‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ هه‌ڵگری‌ یاخود بڵێین ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ باسێكی‌ گرنگ ده‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌ ،ئه‌ویش چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ باسی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت تاوانی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌ڵگری‌ چه‌ندین خه‌سڵه‌تی‌ وه‌ك (نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ره‌گه‌زی‌‌و ئایین)ن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ده‌توانین له‌ گه‌ڵ ده‌قه‌كانی‌ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌دا ئه‌نفال وه‌ك به‌شێك له‌ تاوانی‌ (جینۆساید) بگونجێنین.

ده‌توانین بڵێین كه‌ تاوانی‌ ئه‌نفال تاوانێكی‌ به‌ئه‌نقه‌سته‌ ،چونكه‌ ئه‌نجام ده‌ران ویستوویانه‌ ئه‌و ئامانجه‌ به‌ ده‌ست بهێنن، ئه‌ویش بریتی‌بوو له‌ له‌ناوبردنی‌ كۆمه‌ڵێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ یان ئه‌تنی‌ .
ئه‌مه‌ش هاوڕێكه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانه‌ی‌ (علی‌ حسن المجید)** كه‌ له‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ 1987 ده‌ریكرد سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێكیان گرت له‌ ناوچه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌كاندا كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان (15-70) ساڵیدابێت یه‌كسه‌ر دوای‌ وه‌ده‌ست خستنی‌ زانیاری‌ پێویسته‌ گولله‌ باران بكرێ‌‌و بێ‌سه‌ر‌و شوێن بكرێ‌ 21.  

هه‌روه‌ها رێككه‌وتننامه‌ی‌ قه‌ده‌غه‌ كردنی‌ جینۆساید‌و سه‌پاندنی‌ سزا به‌ سه‌ریدا كه‌ له‌ ساڵی‌ 1948 ده‌رچووه‌ باسی‌ سزادانی‌ ئه‌نجام ده‌رانی‌ تاوانی‌ جینۆساید ده‌كات كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌گرێته‌وه‌ جا دادوه‌ری‌ ده‌ستوری‌ بێ‌یان فه‌رمانبه‌ری‌ گشتی‌بێت یان چه‌ند تاكه‌ كه‌سێك بن (مادده‌4)22. ئه‌م مادده‌یه‌ش ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ ده‌رخه‌ری‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجام ده‌رانی‌ تاوانی‌ جینۆساید ،ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر پله‌‌و پایه‌یه‌كدا بێت یان هه‌ر حه‌صانات‌و ئیمتیازاتێكیان هه‌بێت ئه‌وا به‌ر پرسیارێتی‌ ئه‌و تاوانه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی‌ رویدا بریتی‌بوو له‌ كۆمه‌ڵكوژی‌‌و له‌ ناوبردنی‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌یان تێدایه‌ كه‌ ده‌قا‌و ده‌ق ده‌گونجێ‌ له‌ گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ساڵی‌ 1948 23.
له‌ كۆتایدا ده‌توانین بگه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بڵێین تاوانی‌ ئه‌نفال ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ بوو كه‌له‌ ماوه‌ی‌ (7) مانگدا به‌ئه‌نجام گه‌یه‌نرا به‌ ئامانجی‌ له‌ ناوبردنی‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بوو كه‌ هه‌ڵگری‌ هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ بوو كه‌ له‌رێككه‌وتننامه‌كه‌دا هاتووه‌ ،به‌لاَم ده‌كرێ‌ بپرسین ئه‌و رێككه‌وتننامه‌ نێو ده‌وڵه‌تیانه‌ چۆن سه‌یری‌ تاوانی‌ ئه‌نفال ده‌كه‌ن ئایا ئه‌مه‌ پێشێلكاری‌ ئاشكرای‌ ئه‌و رێككه‌وتننامانه‌ نه‌بوون كه‌ سه‌رده‌مانێك به‌هۆی‌ سه‌روه‌ریی‌ نیشتمانی‌‌و كیشه‌ی‌ ناوخۆییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دران؟.

به‌شـی‌ دووه‌م/ باسـی‌ دووه‌م
ئامانجه‌كانی‌ به‌عس له‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفالدا.

پڕۆسیسی‌ به‌دناوی‌ ئه‌نفال پڕۆسه‌ی‌ سڕینه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو له‌ لایه‌ن بێ‌ نمونه‌ترین سته‌مكاری‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه‌ ئه‌نجامدرا كه‌ به‌ناجۆرترین شێوه‌ له‌ دنیادا گه‌یشته‌ پۆپه‌ی‌ ده‌سه‌لاَت‌و به‌سه‌ر لاشه‌ی‌ قوربانییه‌كاندا سه‌ركه‌وت‌و ئه‌و تاوانانه‌ی‌ كه‌ پێی‌ هه‌ستا به‌شێكه‌ له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ مێژوو24 .

هه‌روه‌ها ناولێنانی‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ناوی‌ سوڕه‌تێكی‌ قورئانه‌وه‌ ئه‌مه‌ش خۆی‌ له‌خۆیدا مه‌به‌ستێكی‌ تر هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌توانین بڵێین مه‌به‌ستی‌ به‌عس سڕینه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو ته‌نها هێشتنه‌وه‌ی‌ گۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ بمێنن كه‌ له‌ كۆتایی‌ ته‌مه‌ندان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ پڕهێزترین توانای‌ كۆمه‌ڵگا كه‌ لاوه‌كانن راپێچكران25.

هه‌روه‌ك ده‌زانین لاوه‌كان داینه‌مۆی‌ گشت جولاَنه‌وه‌یه‌كن ئامانجی‌ به‌عس نه‌هێشتنی‌ ئه‌و چینه‌بوو له‌ گۆمه‌ڵگا, چونكه‌ بۆچوونی‌ ئه‌وان كۆمه‌ڵگه‌ی‌ پیر‌و منداڵ‌و ژن‌و باشترین كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ ده‌سته‌مۆ كردن‌و توانه‌وه‌26.

ئه‌گه‌ر نازیه‌ت خه‌ونی‌ دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ وێكچوو بێت‌و جیاوازی‌ هه‌بێت‌و تێدا یه‌ك ره‌گه‌ز سه‌روه‌ر‌و باڵاده‌ست بێت‌و ره‌گه‌زه‌كانی‌ تر پله‌ دوو‌و سێ‌ بن .ئه‌گه‌ر نازیه‌ت وێناكردنێكی‌ تایبه‌تی‌ كۆمه‌ڵگا‌و فانتازیایه‌كی‌ سیاسی‌ بێت له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی‌ جیاوازیه‌كان‌و وێرانكردنی‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی‌ كه‌ بنیات نران كه‌له‌به‌رده‌م دروستكردنی‌ وێكچونێكی‌ سه‌رتاسه‌ریدا ڕێگرن به‌لاَم له‌وه‌ته‌ی‌ به‌عس دروست بووه‌ بانگه‌شه‌ی‌ ژیانه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب و لافی‌ پارتی‌ پێشره‌و‌و یه‌كێتی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب لێده‌ده‌دات سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌م حیزبه‌ لایان ڕوونه‌ بێ‌ سوپایه‌كی‌ به‌هێزوو عێراقێكی‌ یه‌ك پارچه‌ به‌ دڵی‌ خۆیان هه‌رگیز ناتوانن خه‌ونه‌كانیان بێننه‌دی‌27.

له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌میشه‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ به‌ چاوی‌ خاكی‌ عه‌ره‌ب سه‌یری‌ كوردستانیان كردووه‌ لایان وابووه‌ كورد میوانی‌ سه‌ر ئه‌و خاكه‌یه‌و تاكه‌ ڕێگه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م ئه‌و  یه‌كێتیه‌ی‌ كه‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كرد. 

له‌ ماده‌ی‌7***ی‌ به‌رنامه‌ی‌ حزبی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ هاتووه‌ و ده‌ڵێ‌ ( نیشتمانی‌ عه‌ر ه‌ب ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌یه‌ كه‌نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب تێیدا داده‌نیشێ‌ له‌نێوان چیاكانی‌ تۆرۆس و چیاكانی‌ پشتكۆو كه‌نداوی‌ به‌سره‌‌و ده‌ریای‌ عه‌ره‌ب و چیاكانی‌ حه‌به‌شه‌و بیابانی‌  گه‌وره‌و ئۆقیانوسی‌  ئه‌تڵه‌نتیك‌و ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاستدا درێژ ده‌بێته‌وه‌28. 

هه‌روه‌ها له‌ ماده‌ی‌ (3)***ی‌ هه‌مان به‌رنامه‌دا هاتووه‌ ده‌ڵێ‌ ( ئه‌م نیشتمانه‌ بۆ عه‌ ره‌به‌و ته‌نیا عه‌ره‌بیش بۆی‌ هه‌یه‌ كاروبارو سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی‌ به‌كار بهێنێ‌ تواناكانی‌ ئاراسته‌بكات29.
پرۆسه‌یه‌كی‌ به‌و جۆره‌ له‌بڕیارێكی‌ سه‌رپێیه‌وه‌ نه‌هاتووه‌, به‌ڵكو ڕه‌گێكی‌ قوڵی‌ هه‌یه‌و به‌رنامه‌یه‌كی‌ تۆكمه‌شی‌ بۆ داڕێژرابوو پاڵپشت بۆ ئه‌مه‌ له‌  ووته‌یه‌كی‌ (تاریق عزیز)****دا كه‌ده‌ڵێ‌ ( ئێمه‌ ناڕوخێین چونكه‌ دنیا له‌ به‌رامبه‌ر ئێران پشتیوانیمان لێ‌ ده‌كات و ڕۆژێكیش دێ‌ ئه‌م شه‌ر ه‌ ته‌واو ببێ‌و  ئه‌گه‌ر ئێستا بێن و له‌ گه‌ڵمان پێك بێن چاكه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن هه‌ر گیز له‌ بیرمان ناچێته‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ درێژه‌ پێ‌ بده‌ن دوای‌ ته‌واو بوونی‌  شه‌ڕی‌ ئێران ئه‌و سوپا زه‌به‌لاحه‌ی‌ بۆ شه‌ڕی‌  ئه‌وانمان دروستكردووه‌ ئه‌یهێنینه‌ سه‌ر ئێوه‌ ساڵێك وه‌خت سه‌د هه‌زار كوژراوتان بۆ ته‌رخان ئه‌كه‌ین، به‌لاَم خاكتان به‌توره‌كه‌  ئه‌بێژین و ته‌فروتوناتان ده‌كه‌ین30.
ئه‌مه‌ش خۆی‌ له‌خۆیدا ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌پرۆسه‌یه‌كی‌ به‌جۆره‌ ئاماده‌سازیكی‌ له‌پێشینه‌ی‌ هه‌بووه‌, چونكه‌ (كاركردن بۆ گه‌شه‌دان به‌ستراتیژێكی‌ پته‌و تۆكمه‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ هه‌ر ئامانجێك كارێكی‌ ئاسان نییه‌31. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بوترێت كه‌ئه‌منی‌ ستراتیژی‌ عێراق له‌سه‌ر جیاوازی‌ ره‌گه‌زی‌‌و جیاوازی‌ بیر‌وبۆچوون، تیره‌‌و مه‌زهه‌ب پێك هاتبوو له‌ناویشیاندا كۆمه‌ڵێكی‌ كه‌م ,ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌نفال له‌ناوبردنی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد بوو له‌كوردستانی‌ عێراق‌و شێواندنی‌ كوردستان بوو چ له‌رووی‌ دیموگرافی‌ یاخود له‌رووی‌ ئابووری‌‌و سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. چونكه‌ بیر‌وبۆچوونی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراق روون بوو كه‌پێیان وابوو (كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ ناعه‌ره‌به‌كان كه‌ناتوانرێت له‌كۆمه‌ڵی عه‌ره‌بیدا بتوێنرێته‌وه‌, به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌واو به‌عه‌ره‌ب بكرێن ده‌خرێنه‌ ژێر یاسای‌ تایبه‌تییه‌وه‌ كه‌ئه‌رك‌و مافه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ وادیاری‌ ده‌كات كه‌نه‌توانن زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بگه‌یه‌نن‌و مافی‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كانیشه‌ كه‌هه‌ر كاتێ‌ بیه‌وێ‌ ئه‌وانه‌ی‌ زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن ده‌ریان بكا32.

ویستی‌ به‌عس له‌له‌ناوبردنی‌ گه‌نج‌و لاوی‌ كوردا پێده‌چێت ئه‌وه‌بوبێت كه‌كۆمه‌ڵگا سست بكات, چونكه‌ به‌عس ده‌یزانی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ كورد داینه‌مۆیان لاو‌و گه‌نجی‌ كوردن.تاكه‌ مه‌به‌ستی‌ به‌عسی‌ عێراقیش له‌نه‌هێشتنی‌ لاواندا ئه‌وه‌بوو كه‌كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌مۆ بكات33.

به‌م شێوه‌یه‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ توانی‌ ئه‌و ره‌گه‌زه‌ی‌ كه‌ بزوێنه‌ری‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد بوو, كه‌م بكات‌و پاشماوه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌مابوونه‌وه‌ ژێر باربخا له‌كۆمه‌ڵگا زۆره‌ ملێكاندا. هه‌ربه‌هه‌مان شێوه‌ش حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شان‌و لێك ترازانی‌ ته‌واوی‌ ریزه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا‌و خێزانی‌ له‌پاشكۆیدا هه‌ڵگرتبوو34.

ده‌توانین ئامانجه‌كانی‌ شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفال له‌م چه‌ند خاڵه‌ی‌ خواره‌وه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه‌:
1. له‌ناوبردنی‌ شۆڕشی‌ سیاسی‌‌و چه‌كداری‌ گه‌لی‌ كورد رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ بۆ ئه‌م ئامانجه‌ی‌ هه‌ر له‌و رووه‌وه‌ هه‌وڵی‌ ده‌دا‌و چه‌ندان رێگا‌و نه‌خشه‌ی‌ بۆ داده‌ڕشت‌و پیلانی‌ بۆ داده‌نا له‌ پێناویدا، گومانی‌ تێدانییه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ شۆڕشه‌كانی‌ گه‌لانی‌ جیهان به‌ تایبه‌تیش شۆڕشی‌ كورد پشتیان به‌ دێهاته‌كان ده‌به‌ست، گونده‌كانیش به‌ شۆڕش‌و پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌توانن به‌ئازادی‌ بژین له‌به‌ر ئه‌مه‌ حكومه‌ت هه‌وڵیدا شۆڕش‌و پێشمه‌رگه‌ له‌ گونده‌كان دابڕێ‌ ، یان ئه‌گه‌ر كورد له‌ ئه‌نجامی‌ بارودۆخی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ نه‌گونجابێت له‌ گه‌ڵ هاوكێشه‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ خۆی‌ بگونجێنێت, یاخود یه‌كێك له‌ زلهێزه‌كان پاڵپشتی‌ دۆزه‌ ره‌واكه‌ی‌ نه‌كردبێت ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پشت ببه‌ستێت به‌ گوند‌و شاخه‌كانی‌ و حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ بۆ نه‌هێشتنی‌ ئه‌م پاڵپشتییه‌ بۆ شۆڕش ئه‌نفالی‌ گرته‌به‌ر.

2. بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ كورد له‌ كوردستاندا به‌ شێوازی‌ جۆراوجۆر چ راسته‌وخۆ یاخود له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ دوور . ئه‌مه‌ هه‌وڵی‌ رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عێراق بووه‌ كه‌ ویستویانه‌ دیمۆگرافیای‌ دانیشتوانی‌ كوردستان بگۆڕن له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵی‌ زۆر وه‌گه‌ڕ خراوه‌ به‌ بۆچوونی‌ منیش ئه‌نفال هه‌وڵێك بوو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ .

3. مه‌به‌ستێكی‌ تری‌ رژێمی‌ عێراقی‌ ته‌عریب كردنی‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستان بوو به‌ تایبه‌تیش پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌ هۆی‌ بوونی‌ نه‌وتێكی‌ زۆر له‌ ژێر خاكه‌كه‌ی‌. هه‌روه‌ك ده‌زانین له‌پارێزگای‌ كه‌ركوك كورد رێژه‌ی‌ یه‌كه‌م پێك ده‌هێنێ‌ وه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ رووی‌ سامانی‌ سروشتییه‌وه‌ جا رژێم بۆ نه‌هێشتنی‌ كورد له‌و شوێنانه‌دا پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفالی‌ گرته‌به‌ر. یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ رژێم ئاماژه‌ ده‌دات به‌وه‌ی‌ كه‌ بڕێكی‌ زۆر پاره‌ی‌ خه‌یاڵی‌ سه‌رف كراوه‌ بۆ نه‌هێشتنی‌ كورد له‌و ناوچانه‌دا كه‌چی‌ هێشتا ژماره‌ی‌ كورد زۆره‌*****.

4. رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ زۆر رێگا‌و شێوازی‌ گرتۆته‌به‌ر بۆ شێواندنی‌ مێژوو كلتوری‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد دوا رێگا بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م مه‌به‌سته‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال بوو كه‌ویستی‌ له‌ گه‌لانی‌ جیهان بگه‌یه‌نێ‌ كه‌ كورد دژی‌ ئارامی‌ عێراقن.

رژێمی‌ عێراقی‌ كوردی‌ به‌ به‌كرێ‌ گیراوی‌ ئێران داده‌نا بۆیه‌ له‌ تۆڵه‌ی‌ ئه‌وه‌دا له‌ گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ جه‌نگه‌كه‌ ده‌ستی‌ كرد به‌ ئه‌نفال كردنی‌ كورد. 

5. هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنی‌ ناكۆكی‌ له‌ نێوان كوردا ئه‌ویش به‌ هێنانی‌ چه‌كداری‌ كوردی‌ سه‌ر به‌رژێمی‌ عێراقی‌ له‌ بادینانه‌وه‌ بۆ سۆران وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ كاتی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفال دا.
6. هه‌وڵدان بۆ كوژاندنه‌وه‌ی‌ كه‌سایه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ گه‌لی‌ كورد به‌ هۆی‌ لێكدابڕانی‌ په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كانی‌ نێوان هۆزو خێزانی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان .

7. هه‌وڵدان بۆ تواندنه‌وه‌ی‌ داب‌و نه‌ریتی‌ ره‌سه‌نی‌ كورده‌واری‌ رژێم سه‌رجه‌م پاشماوه‌كانی‌ ئه‌نفالی‌ هێنا له‌ كۆمه‌ڵگای‌ زۆره‌ملێ‌دا به‌ زۆر نیشته‌جێكردن به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ ئه‌م ژیانه‌ ژیانی‌ مۆدێرن‌و پێشكه‌وتووه‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌مه‌ش چه‌نده‌ها دیارده‌ی‌ دزێوو ناپه‌سه‌ند دروست بوو كه‌ زۆر دووربوو له‌ داب‌و نه‌ریتی‌ ره‌سه‌نی‌ كورده‌وارییه‌وه‌.

8. لاواز كردنی‌ ئابوری‌ كوردستان به‌ هۆی‌ پیاده‌كردنی‌ سیاسه‌تی‌ (زه‌وی‌ سوتاندن).
رژێمی‌ به‌عسی‌ له‌ عێراقدا هه‌ر زووبه‌زوو له‌ دوای‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ جه‌زائیر له‌ ساڵی‌ 1975 كه‌وتبووه‌ خۆی‌ ،چونكه‌ سیاسه‌تێكی‌ دانابوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێیه‌كانی‌ ئه‌توانین بڵێین ئامانجه‌كانی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ روون‌و ئاشكرابوون ،چونكه‌ به‌عس ئه‌یویست ناوچه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ له‌ كورد چۆڵ بكات هه‌روه‌ها دیمۆگرافیای‌ دانیشتوانی‌ كورد بشێوێنێ‌ هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌مۆ بكات ‌و په‌ك به‌ شۆڕشی‌ كوردیش بخات ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ به‌ كورتی‌ ئامانجه‌كانی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ بوون له‌ ئه‌نفالی‌ كوردا35.

له‌ دوای‌ جه‌نگی‌ دووه‌می‌ جیهانییه‌وه‌ ئه‌توانین بڵێین ئه‌نفال یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی‌ كه‌ قوربانییه‌كی‌ زۆری‌ لێكه‌وتبێته‌وه‌.
پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال هه‌وڵی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌بوو بۆ تێكدان‌و شێواندنی‌ ره‌وشی‌ دیموگرافی‌ كورد ،ئامانجی‌ سڕینه‌وه‌و له‌ ناوبردنی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد بوو له‌ كوردستانی‌ عێراق .
ئه‌نفال له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ی‌ كاره‌ساته‌كه‌دا چه‌نده‌ها كێشه‌ی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ سیاسی‌ ئابوری‌ به‌ دوای‌ خۆیدا هێنا كه‌ تا ئێستا به‌ زه‌قی‌ ده‌بینرێت.

به‌شـی‌ سێ‌یه‌م/ باسی‌ یه‌كه‌م
كاریگه‌ری‌ پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفال له‌ رووی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌/ سیاسی‌

پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفال كاریگه‌رییه‌كی‌ به‌رچاوی‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ژیانی‌ كورد له‌ كوردستانی‌ عێراق به‌ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه‌. له‌ رووی‌ ( كۆمه‌لاَیه‌تی‌) یه‌وه‌ شالاَوی‌ ئه‌نفال سه‌رجه‌م ئه‌و بنه‌ما كۆمه‌لاَیه‌تیانه‌ی‌ كه‌ بۆ خێزانی‌ كوردی‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ زۆر خراپ بردووه‌.
پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفال هۆكارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بوو بۆ شڵه‌ژان‌و په‌رته‌وازه‌بوونی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كورده‌واری‌‌و تێكدانی‌ په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان له‌ نێوان یه‌كتری‌دا. هه‌روه‌ها بووه‌ هۆی‌ نه‌هێشتن‌و تێكدانی‌ داب‌و نه‌ریتی‌ ره‌سه‌نی‌ كورده‌واری‌ كه‌ بنچینه‌و بنه‌مای‌ سه‌ره‌كین بۆ په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان به‌ گشتی‌36. 

هه‌روه‌ها له‌ ئه‌نجامی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفالدا حكومه‌تی‌ عێراقی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كورده‌واری‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك برد كه‌ زۆربه‌ی‌ بنه‌ما كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كانیان له‌ ده‌ستدا.
شالاَوی‌ ئه‌نفال كه‌ بناغه‌و پرنسیپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كورده‌واری‌ تێكوپێكدا كاری‌ كرده‌ سه‌ر دابونه‌ریتی‌ ره‌سه‌نی‌ كورده‌واریش به‌ جۆرێك كه‌ رێژه‌ی‌ (59،33 %) له‌ خێزانه‌ ئه‌نفال كراوه‌كان دوای‌ دابڕینیان له‌ كه‌سوكاریان به‌ ناچاری‌ وازیان له‌ داب‌و نه‌ریتی‌ خۆیان هێنا37.
گرنگترین كاریگه‌ریه‌كانی‌ شالاَوی‌ ئه‌نفال له‌ رووی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌یه‌وه‌ ده‌توانین له‌م چه‌ند خاڵه‌دا باسی‌ بكه‌ین:

1. تێكچوونی‌ شیرازه‌ی‌ خێزان:
كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ وابه‌سته‌ی‌ نه‌ریتێكه‌ كه‌ ئایین هه‌میشه‌ وه‌ك سانسۆرێك له‌ ناو كایه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كانیدا رۆڵی‌ خۆی‌ دیاری‌ ده‌كات خێزانی‌ كوردیش له‌ ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا خۆی‌ داڕشتووه‌ ناتوانێ‌ لێی‌ ده‌ربازبێت، به‌پێی‌ ئه‌و داڕشتنه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌ پیاو سه‌رۆكی‌ خێزانه‌، ژن له‌ به‌خێوكردنی‌ خێزاندا به‌رپرس نییه‌38. 

ئه‌توانین له‌م رووه‌وه‌ بڵێین كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كۆمه‌ڵگای‌ لادێ‌ نشینی‌ كشتوكاڵییه‌‌و پابه‌ندیشه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك دابونه‌ریتی‌ داسه‌پاو به‌سه‌ریا، ژنی‌ لادێ‌ نشین بووه‌ته‌ قوربانی‌ ئه‌م دابونه‌ریته‌ كۆن‌و زه‌مه‌ن به‌سه‌ر چووانه‌39.

بێگومان ژن له‌ وه‌ها دۆخێكدا كارده‌كاته‌ سه‌ر لایه‌نی‌ رۆشنبیری‌ هه‌روه‌ها ئه‌و توانایه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌، دروست بوونی‌ وه‌ها دۆخێكیش په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ عه‌قڵیه‌تی‌ پیاو سالارییه‌وه‌.
هه‌ر بۆیه‌ شالاَوی‌ ئه‌نفال بووه‌ هۆی‌ تێكوپێكدانی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و بنه‌ما كۆمه‌لاَیه‌تییانه‌ی‌، كه‌ بۆ خێزانی‌ كوردی‌ داڕێژرابوو شیرازه‌ی‌ خێزانی‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ زۆر خراپ بردووه‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دۆخی‌ ئاسایی‌ كارێكی‌ گرانه‌. له‌ فه‌زای‌ ئه‌نفالدا سه‌رۆكی‌ خێزانه‌كان وونكران، وونكردنێك كه‌ وه‌لاَمێكی‌ راستی‌ سه‌باره‌ت به‌ مان‌و نه‌مانیان له‌ هیچ لایه‌كدانییه‌ هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی‌ بۆچوونی‌  تایبه‌تی‌ خۆیان له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌ی‌ ره‌وشته‌كانی‌ رژێمی‌ فاشی‌ قسه‌ له‌سه‌ر مان‌و نه‌مانیان ده‌كات40. 
هه‌ردوا به‌ دوای‌ جێگیربوونی‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌نفاله‌كان له‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێكاندا هه‌موو ده‌رگاكان به‌ روویاندا داخرابوو هیچ ده‌ربازبونێك له‌ به‌رده‌میان دا نه‌بوو، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ ژن بوون بۆ ماڵی‌ باوك یاخود خه‌زور به‌ كۆمه‌ڵێك منداڵه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، یاخود هه‌یانه‌ له‌ گه‌ڵ منداڵیدا به‌ ته‌نیا ژین ده‌گوزه‌رێنێ‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م ژنانه‌ خۆیان به‌سه‌ر بار ده‌زانن لێره‌وه‌ پێده‌زانین كه‌ شیرازه‌ی‌ خێزان تێكچووه‌ ،وه‌ هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی‌ زۆریش منداڵ بێ‌ دایك‌و باوك ماونه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ پڕۆسه‌كه‌وه‌41.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان به‌وه‌كرد كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ تا راده‌یه‌ك داخراوه‌ ده‌رباره‌ی‌ رۆڵی‌ ژن، چونكه‌ به‌ خێوكردنی‌ خێزان له‌ ئه‌ستۆی‌ پیاوان دایه‌و ژن تاراده‌یه‌ك ته‌ریك بوو، به‌لاَم شالاَوی‌ ئه‌نفال ئه‌مه‌ی‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ كردووه‌ ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌ پیاوان وونبوون‌و نه‌مان ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌خێوكردنی‌ خێزان بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ ژن.

بێگومان هه‌روه‌ك له‌ پێشه‌وه‌ باسكران كه‌ خێزان به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌و كۆمه‌ڵیش له‌ رێگای‌ ئه‌وه‌وه‌ ده‌توانێت زۆر له‌ ئه‌رك‌و مافه‌كانی‌  به‌جێ‌بێنێًت وه‌ كاتێك سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئه‌و خێزانه‌ به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت نه‌مێنێت ئه‌وا سیسته‌می‌ بنه‌ڕه‌تی‌ دووچاری‌ بارێكی‌ نائارامی‌‌و ناجێگیر ده‌بێت له‌ دوایدا ئاسه‌وارێكی‌ خراپی‌ به‌سه‌ردادێت. ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌ نێوان باری‌ خێزان‌و سه‌رپه‌رشتیاری‌ بكه‌ین له‌ پێش روداوه‌كانی‌ شالاَوی‌ ئه‌نفال‌و دوای‌ روودانه‌كه‌شی‌ ئه‌وا هه‌ندێك راستیمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ خێزان رۆڵێكی‌ گرنگ‌و به‌رچاوی‌ هه‌یه‌ له‌ پێشخستن‌و سه‌ركه‌وتنی‌ خێزاندا له‌ پێش شالاَوه‌كاندا سه‌رپه‌رشتیاری‌ خێزان رێژه‌ی‌ (33 ،89 %) له‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ باوك بووه‌ به‌رامبه‌ر (8 %) له‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ دایك بووه‌ ،به‌لاَم ئه‌م رێژه‌یه‌ له‌ دوای‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال گۆڕانێكی‌ زۆری‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌ كه‌ بووه‌ته‌ له‌ (66, 33 %) له‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ باوك به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش له‌ (66, 62 %) له‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ دایك دایه‌ . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێژه‌ی‌ باوكان زۆر به‌ر شالاَوه‌كه‌  كه‌وتون به‌رامبه‌ر رێژه‌ی‌ دایك ،بۆیه‌ ده‌بینین هه‌موو ئه‌ركه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌رشانی‌ دایك‌و، دایك بۆته‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ماڵ‌و هه‌ر له‌ په‌روه‌رده‌كردنی‌ منداڵ‌و ئیشوكاری‌ ماڵ‌و كاركردنی‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ رۆژانه‌ ،كه‌ ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی‌ تێكچوون‌و شڵه‌ژانی‌ خێزان‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان‌و گۆڕانی‌ سیسته‌می‌ په‌روه‌رده‌یی‌ تیایدا42. كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌مه‌ ئه‌و خێزانه‌یه‌ كه‌ ژن سه‌رپه‌رشتیار‌و ئه‌و به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات‌و كه‌سی‌ پله‌ یه‌كه‌ جا ئه‌و له‌ رووی‌ بژێوییه‌وه‌ بێت یاخود په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ بێت.

هه‌روه‌كو ووتمان ژنانی‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌نفال پانتاییه‌كی‌ گه‌وره‌یان داگیركردووه‌ پریشكی‌ گه‌وره‌ی‌ مه‌ینه‌ینه‌تییه‌كان به‌رئه‌مان كه‌وتووه‌، چونكه‌ خێزانێك هه‌یه‌ پێ‌ی‌ ده‌ڵێن پاشماوه‌ی‌ ئه‌نفال‌و كه‌سی‌ یه‌كه‌میش كه‌ هه‌مان خێزانه‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات ژنه‌43.

ئه‌توانین بڵێین ئه‌مه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ داب‌و نه‌ریتی‌ كورددا، ئاستی‌ بژێوی‌‌و كاركردن‌و به‌رپرسیارێتی‌ ته‌نها له‌ ئه‌ستۆی‌ پیاواندابوو به‌پێی‌ ئه‌و دابونه‌ریته‌ی‌ كه‌ كورد چوارچێوه‌كه‌ی‌ بۆ خۆی‌ داناوه‌، كه‌چی‌ له‌ پڕۆژه‌ی‌ تێكشكانی‌ خێزانی‌ كوردیدا له‌ په‌لاماری‌ ئه‌نفال دا ژن ئه‌م رۆڵه‌ی‌ به‌ركه‌وت44 واته‌ پیاو كه‌ بنه‌مای‌ به‌خێوكردنی‌ خێزانه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌مه‌وه‌ ژن ئه‌م رۆڵه‌ی‌ پیاو ده‌گێڕێت.

 2-چاره‌نووسی‌ نادیار:
ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ی‌ كه‌ له‌ شالاَوی‌ ئه‌نفاله‌وه‌ په‌یدابوون هێنده‌ی‌ شالاَوه‌كه‌ كاریگه‌رن به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ روبه‌ڕووی‌ ژن بووه‌ ده‌توانین وه‌ك گرییه‌كی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ ناوزه‌ندی‌ بكه‌ین به‌ سه‌رنجدان له‌وه‌ مرۆڤ تێده‌گا كه‌ ئه‌م ژنانه‌ له‌ فه‌زای‌ كۆمه‌ڵێ‌ گرێی‌ ناڕه‌حه‌تی‌‌و دژواری‌ كۆمه‌لاَیه‌تیدا ته‌وق بوون‌و قوربانی‌یه‌كی‌ دیارن تێیدا.

روونیشه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك سنوور هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واریدا بۆ ژن دانراوه‌ ده‌رچوون له‌و سنورانه‌ ده‌بێته‌ له‌كه‌ بۆ خودی‌ ژنه‌كه‌ .له‌م رووه‌وه‌ ژنانی‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌نفال له‌و فه‌زا كۆمه‌لاَیه‌تییه‌دا گه‌وره‌ترین قوربانیان داوه‌ سنورێكی‌ دیاریكراوی‌ پابه‌ندبوونیان بۆ كێشراوه‌ كه‌ ده‌رچوون لێی‌ ده‌بێته‌ عه‌یب‌و شوره‌یی‌45.

ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ ئاماژه‌ بۆكردنه‌ لێره‌دا كێشه‌ی‌ شوكردنه‌وه‌ی‌ ژنانی‌ پاشماوه‌ی‌ ئه‌نفاله‌ كه‌له‌ فه‌زایه‌كی‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ ناله‌باردا ده‌ژین‌و كێشه‌ی‌ شه‌رعی‌‌و یاسایی‌ به‌ دوای‌ خۆیدا كێش كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و ژنانه‌ له‌ دوای‌ چه‌ند ساڵ چاوه‌ڕوانی‌ بارودۆخێكی‌ ده‌روونی‌ ناله‌بار ده‌خوڵقێنێ‌، هه‌روه‌ها دابونه‌ریتی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ كۆن وه‌ك به‌رداشێك وایه‌ كه‌ ژن ده‌هاڕێ‌، واته‌ چاوه‌ڕوانی‌ بێ‌هوده‌‌و ئه‌و سنوورانه‌ی‌ بۆ ژن دانراوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای‌ باوك سالاریدا به‌ تێپه‌ڕبوونی‌ رۆژگار ئافره‌ت ده‌هاڕێ‌ .
به‌ مانایه‌كی‌ تر چوونه‌ ده‌ر له‌ بازنه‌ی‌ ئه‌و سنوره‌ ئه‌وا به‌وه‌ ده‌شوبهێنرێ‌ كه‌ تاوانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌نجام داوه‌ تاوانی‌ گه‌وره‌ش به‌پێی‌ دابونه‌ریتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ باجی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، باجدانی‌ به‌زاندنی‌ ئه‌و سنوره‌ش زۆر شت ده‌گرێته‌وه‌ له‌ سه‌ر زه‌نشتكردن‌و ئه‌تككردن‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ ده‌روونی‌‌و تا ده‌گاته‌ كوشتن ده‌گرێته‌وه‌، واته‌ لێره‌دا ده‌بێ‌ له‌وه‌ بگه‌ین هه‌رواشه‌ كه‌ په‌لاماری‌ ئه‌نفال له‌ یه‌ك بواری‌ كاركردنی‌ خۆیدا دانه‌ناوه‌‌و جێی‌ نه‌هێلاَوه‌، به‌ڵكو گشت لایه‌نه‌كانی‌ ژیانی‌ گرتۆته‌وه‌ كه‌ تاكی‌ كوردی‌ تێیدا شكێنرا46. به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ تێدا به‌ تایبه‌تی‌ زه‌ره‌رمه‌ندبوو ره‌گه‌زی‌ مێ‌بوو، چونكه‌ ژن زۆرتر له‌ هه‌موو كه‌سێك تیایدا زه‌ره‌رمه‌ندبوو، دیارترین گرێی‌ هه‌میشه‌یی‌ نێو ئه‌م ژنانه‌ چاره‌نووسی‌ كه‌سوكار‌و مێرد‌و هاوكات شوكردنه‌47.

ده‌توانین ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ منداڵی‌ زۆرن هیچ رێگایه‌ك به‌دی‌ ناكه‌ن جگه‌ له‌په‌روه‌رده‌كردنی‌ منداڵه‌كانیان، به‌لاَم كه‌ شوویان نه‌كردووه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیدان له‌خواستی‌ دروستكردنی‌ ژیانی‌ نوێدان. یاخود ئه‌و كچانه‌ی‌ له‌كاتی‌ شاڵاوه‌كاندا له‌هه‌ره‌تی‌ پێگه‌یشتندا  بوون باوك‌و برایان ئه‌نفال كراوه‌  یان ئه‌و كچانه‌ی‌ له‌كاتی‌ شاڵاوه‌كاندا منداڵ بوون ئه‌مانه‌‌و چه‌ندین كێشه‌ی‌ تر كه‌ روكنی‌ سه‌ره‌كی‌ گرێی‌ هاوكێشه‌كه‌ن‌و خودی‌ ژنان خۆیان ناتوانن هیچ بڕیارێكی‌ تێدا بده‌ن ,چونكه‌ بڕیاردان له‌و بابه‌ته‌ به‌واتای‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ له‌و سنوره‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵ دایناوه‌48.
ئێستا ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌پاشماوه‌ی‌ ئه‌نفالن له‌چاره‌نووسی‌ كه‌سوكاریان دڵنیا بوون له‌به‌رئه‌وه‌ چه‌ندین كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌ پێویسته‌ چ له‌رووی‌ شه‌رعییه‌وه‌ یاخود له‌رووی‌ یاساییه‌وه‌ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بكرێ‌ .

به‌پێ‌ی‌ ئایینی‌ ئیسلام هه‌ر ژنێك بۆ ماوه‌ی‌ (3)ساڵ پیاوه‌كه‌ی‌ وونبێت له‌ هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ی‌ تردا پیاوێك بۆ ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵ به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ یان به‌هۆی‌ چوون بۆ بازرگانی‌ یان به‌هۆی‌ چوون بۆ سه‌فه‌ری‌ دوور،یان به‌ هۆی‌ تره‌وه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر بژێوی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ دابین نه‌كات ئه‌وا ئیتر بۆ ژنه‌كه‌ی‌ ره‌وایه‌ كه‌ سكالاَ به‌رێته‌ به‌ر قازی‌ یان دادگای‌ شه‌رعی‌‌و یاسا داوای‌ جیابونه‌وه‌ی‌ بۆ بده‌ن له‌ رۆژی‌ ده‌رچوونی‌ بڕیاره‌كه‌وه‌ ده‌توانێ‌ بۆ ماوه‌ی‌ (130) رۆژ چاوه‌ڕوانی‌ بكات‌و پاشان شوویه‌كی‌ تر بكات49.

كه‌واته‌ به‌پێی‌ ئه‌و ماوه‌ زه‌مه‌نییه‌ی‌ كه‌ دانراوه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ حوكمی‌ (مفقود)ه‌وه‌ له‌ ئیسلامدا.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ قورئان‌و فه‌رموده‌دا حوكمێكی‌ وانه‌هاتووه‌ ‌و ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌دواییشدا هاتوون جیاوازی‌ له‌ بۆچوونه‌كانیان دا هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م حوكمه‌، چونكه‌ دابه‌ش ده‌بنه‌ سه‌ر دوو بۆچوونی‌ جیاواز وه‌ هه‌مووشیان ده‌رچوون له‌م بۆچوونه‌ به‌ ناڕه‌واو ناپه‌سه‌ند داده‌نێن50.
هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا هیچ بڕگه‌‌و بابه‌تێكی‌ یاسایی‌نییه‌ رێگه‌ بدا به‌م كه‌سانه‌ بۆ دووباره‌ شووكردنه‌وه‌یان ،دروستكردنه‌وه‌ی‌ خێزانی‌ نوێ‌ هه‌رچی‌ یاسایه‌ ته‌نها ئه‌و مافه‌ به‌م ژنانه‌ ده‌دا، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ خاوه‌ن مێردبوون‌و ماره‌بڕبوون به‌پێی‌ ئه‌وه‌ی‌ مێرده‌كانیان یاخود ده‌زگیرانه‌كانیان مفقودن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شه‌رعی‌ ئیسلام، شه‌رعی‌ ئیسلامیش له‌م بابه‌ته‌دا چه‌ندین ته‌فسیر‌و لێكدانه‌وه‌ی‌ جیاجیای‌ هه‌یه‌و وه‌كو یه‌ك نین له‌سه‌ر یه‌ك بۆچوون51. 
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م باسه‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌هێنینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ حوكمی‌ ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ پیاوه‌كانیان وون ده‌بن :-

1. نه‌مانی‌ مێرد‌و دابین نه‌كردنی‌ (نفقه‌) واته‌ بژێوی‌ ژن‌و منداڵ .
2. یه‌كسانی‌ ژن‌و مێرد له‌ مه‌سائیلی‌ حه‌زو ئاره‌زوودا كه‌ مافێكی‌ ره‌وایه‌ بۆ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی‌ قورئانی‌ پشتگیری‌ ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌كات كه‌ راڤه‌كه‌ی‌ به‌م جۆره‌یه‌ "ئه‌گه‌ر پیاوێك سوێند بخوات كه‌له‌ ژنه‌كه‌ی‌ دووربكه‌وێته‌وه‌ قازی‌ ده‌توانێ‌ چوار مانگ مۆڵه‌تی‌ بدات ئه‌گه‌ر په‌شیمان نه‌بووه‌وه‌ قازی‌ ده‌توانێ‌ بڕیاری‌ جیابونه‌وه‌ بدات ".

3. له‌سه‌ر فتوای‌ عومه‌ری‌ كوڕی‌ خه‌تاب فه‌رمویه‌تی‌ (هه‌ر ژنێك چوار ساڵ مێرده‌كه‌ی‌ وونبوو بۆی‌ هه‌یه‌ ئیتر شویه‌كی‌ تر بكاته‌وه‌52.
هه‌رچه‌نده‌ ئێستا حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ رووخاوه‌و چاره‌نووسی‌ ئه‌نفالكراوه‌كان روون ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و هه‌موو گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌لاَنه‌ی‌ كه‌ ئاشكرا ده‌بن ده‌بنه‌ شایه‌تحاڵی‌ نه‌مانی‌ چاره‌نووسیان.
له‌ كۆتاییدا ده‌توانین بڵێین كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ گه‌وره‌یی‌ شالاَوی‌ ئه‌نفال، به‌لاَم په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان له‌ نێوان تاكه‌كاندا نمونه‌یه‌كه‌و به‌رده‌وامه‌‌و ئه‌م به‌رده‌وامیه‌ش ئه‌وه‌مان پیشان ده‌دات كه‌ تا ئێستا كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌ چه‌سپاوه‌ له‌ یه‌كێتی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ بۆخۆی‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌.

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ وای‌ دانابوو كه‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌یه‌كان ده‌پچڕێنێ‌ سه‌ره‌نجام دیارده‌ی‌ دزێوو ناپه‌سه‌ند ده‌رده‌كه‌ون، به‌لاَم باره‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌بوو.

گرنگترین كاریكه‌رییه‌كانی‌ شالاَوی‌ ئه‌نفال له‌ رووی‌ سیاسییه‌وه‌ ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌ باسی‌ بكه‌ین :-
هه‌روه‌ك له‌ پێشتردا ئاماژه‌مان بۆكرد به‌تایبه‌ت له‌و رێژانه‌ی‌ كه‌ دیارخران ده‌ركه‌وت كه‌له‌ پاش شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال رۆڵی‌ دایك زیاتربووه‌ بۆخۆی‌، چونكه‌ دایك ته‌نها ئه‌ركی‌ په‌روه‌رده‌كردنی‌ منداڵه‌ به‌پێ‌ی‌ داب‌و نه‌ریتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كورده‌واری‌، به‌لاَم سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مه‌ دایك‌و ژن رۆڵی‌ تر ده‌بینێت, ئه‌ویش به‌ده‌ست هێنانی‌ بژێوی‌ ژیانه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌بۆ سه‌ر پێگه‌یاندنی‌ منداڵ له‌ رووی‌ پێگه‌یاندنی‌ سیاسییه‌وه‌ (التنشئه‌ السیاسیه‌)، چونكه‌ ئه‌و منداڵه‌ بۆی‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ باوكی‌ له‌ ئه‌نجامی‌ شالاَوه‌كه‌وه‌ له‌ ناوچووه‌ ئه‌مه‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ستی‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ كه‌سێكی‌ رق ئه‌ستوور‌و تۆڵه‌ سێن ده‌ربچێت.
من پێم وایه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ خۆشی‌، چونكه‌ بۆی‌ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك زوڵمی‌ لێكراوه‌ نه‌ك وه‌ك تاكه‌ كه‌سێك.
له‌م راپرسی‌یه‌دا ئه‌وه‌ به‌ روونی‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ناو پاشماوه‌ی‌ ئه‌نفالكراوان چه‌ند به‌رزه‌ كه‌له‌ ناو (150) خێزانی‌ ئه‌نفال كراودا ئه‌نجام دراوه‌ وه‌ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ (66، 78 %)ی‌ رێژه‌كه‌ی‌ روحی‌ نه‌ته‌وه‌ییان له‌ پاش شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال به‌هێزتربووه‌ به‌رامبه‌ر به‌مه‌ (33 ،21 % هه‌ڵوێستیان لاوازبووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال كاری‌ خراپی‌ نه‌كردۆته‌ سه‌ر روحی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆته‌ هۆی‌ زیادبوونی‌ روحی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ .
رویه‌كی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال بووه‌ هۆی‌ په‌راگه‌نده‌كردنی‌ خه‌ڵكانێكی‌ زۆر بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان‌و ئاواره‌بوونیان بۆ ولاَتانی‌ دراوسێ‌ كه‌ ژماره‌یان به‌ زیاتر له‌(160) هه‌زار كه‌س داده‌نرێت وه‌هه‌ندێك له‌مانه‌ روووه‌و ولاَتانی‌ ئه‌ور‌وپا‌و ئه‌مریكا رۆیشتن وه‌ له‌ پاش ئه‌و بارودۆخه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌ی‌ كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌ له‌ دوای‌ روداوه‌كانی‌ 11ی‌ سێبته‌مبه‌ر له‌ ئه‌مریكا، به‌رپابوونی‌ جه‌نگی‌ دژه‌ تیرۆریزم رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌، ئێستا له‌م كاتانه‌دا زیاتر پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كان كۆبكرێته‌وه‌ تاوه‌كو وه‌ك شایه‌ت وابن بۆ دادگاییكردنی‌ سه‌رانی‌ رژێمی‌ عێراقی‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی‌ كوشت‌و بڕیه‌كه‌دا هه‌لاَتوون ئاماده‌بكرێن، بێگومان ئه‌مه‌ش بۆخۆی‌ رۆڵ‌و كاریگه‌رییه‌كی‌ سیاسی‌ باش ده‌بینێت.

به‌شی‌ سێ‌یه‌م/ باسی‌ دووه‌م
كاریگه‌ری‌ پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفال له‌ رووی‌ ئابووری

مه‌به‌ستمان له‌م كاریگه‌ریه‌ له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌ به‌ واتای‌ ریشه‌كێش كردنی‌ ئابوری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ برسیكردن‌و راگواستنی‌ هاولاَتی‌ له‌و شوێنه‌ی‌ كه‌لێی‌ نیشته‌جییه‌. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ داته‌پینی‌ ئابوری‌‌و له‌ ناوبردنی‌ له‌سه‌ر خۆی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كه‌ ناچار ده‌بن زێدی‌ باب‌و باپیریان به‌جێ‌بهێڵن‌و له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌مه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ناچاری‌ ده‌ست له‌و دابونه‌ریته‌ هه‌ڵده‌گرن‌و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌كه‌ونه‌ بارودۆخێكی‌ پڕ له‌ نائارامییه‌وه‌.
ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ پشت شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفاله‌وه‌ خۆی‌ حه‌شاردابوو، چونكه‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال ئه‌یویست ئه‌و دانیشتوانه‌ی‌ كه‌له‌ لادێكاندا ده‌ژین‌و سه‌رچاوه‌یه‌كن بۆ ئابوری‌ كشتوكاڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بنبڕ بكات‌و له‌ شوێنی‌ نیشته‌جێ‌بوونی‌ ئه‌سڵی‌ خۆی‌ هه‌ڵیان بكه‌نێ‌ كه‌ لادێكان بوو، ئه‌و پیشه‌ سه‌ره‌كییه‌ی‌ كه‌ هه‌یانبوو كشتوكاڵ كردن بوو, به‌نه‌مانی‌ ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ بژێوی‌ ئه‌و كه‌سه‌ نه‌ده‌ما.
شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال نه‌ك ته‌نها زیانی‌ ئابوری‌ بۆ خودی‌ ئه‌و جوتیاره‌ هه‌بوو، به‌ڵكو كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌بوو بۆ سه‌ر بازاڕی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ رۆڵی‌ خۆی‌.

له‌ ئه‌نجامی‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال سه‌ره‌ڕای‌ له‌ ناوچوونی‌ (182) هه‌زار وه‌ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ كه‌ مایه‌وه‌ برایه‌ كۆمه‌ڵگا زۆره‌ ملێكان، چونكه‌ حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ مه‌به‌ستی‌بوو ژێرخانی‌ ئابوری‌ كوردستان كه‌كشتوكاڵ بوو بڕوخێنێت.
ده‌رباره‌ی‌ ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ ده‌ڵێ‌ "بۆچی‌ لێبگه‌ڕێم له‌وێ‌ وه‌ك ئاژه‌ڵ بژین هیچ شتێك نه‌زانن " .
وه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌ "ئه‌و گه‌نمه‌مان ناوێت مه‌ به‌رهه‌می‌ ده‌هێنن " دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ "من كشتوكاڵیانم ناوێ‌ 53.

مه‌به‌ستێكی‌ تری‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ناوچه‌كه‌ بكاته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ قه‌ده‌غه‌كراو ،چونكه‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال زیاتر لادێكانی‌ گرته‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئابوری‌ له‌ لادێدا له‌ سه‌ر بنه‌مای‌ كشتوكاڵ‌و ئاژه‌ڵداری‌ ده‌وه‌ستێت، شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال وێرانكاریه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر پانتایی‌ شوێنی‌ به‌رهه‌م هێنان‌و له‌وه‌ڕگا‌و مه‌ڕ‌و مالاَتی‌ لادێكان به‌جێ‌هێشت، زۆرترین زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ له‌به‌رهه‌مهێنان له‌ كارخست، هه‌رچی‌ مه‌ڕ‌و مالاَت‌و ئاژه‌ڵیش هه‌یه‌ زۆرترین ژماره‌یان له‌ ناوچوو ته‌نها ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌می‌ نه‌بێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ گوازرانه‌وه‌ ناو شاره‌كان‌و هه‌رزان فرۆشكران‌و ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئابوریه‌ به‌ ته‌واوی‌ لێیان زه‌وت كرا54.
ئه‌توانین چه‌ند سه‌رژمێرییه‌ك بهێنینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ زیانه‌كان كه‌ تایبه‌تن به‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك كه‌ ماوه‌ی‌ نێوان سالاَنی‌ 1987/1988 ده‌گرێته‌وه‌ :-

1. 781 گوند سوتێنران‌و له‌ گه‌ڵ خاك دا یه‌كسان كران .
2. شه‌ش مه‌ركه‌ز‌و ناحیه‌ وێرانكران .
3. 39178 خانوبه‌ره‌ وێرانكران .
4. 381 قوتابخانه‌ و 657 مزگه‌وت‌و 69 نه‌خۆشخانه‌ وێران كران .
5. 45777  خێزان ئاواره‌و بێ‌سه‌ر‌و شوێنكرا .
6. 52   عه‌ماراو ماتۆری‌ ئاو و 47  مه‌كینه‌ی‌ ئاش و 135 كارێز‌و ئه‌ستێڵ ته‌قێنرانه‌وه‌ .
7. 157  ته‌كیه‌وخانه‌قا‌و مه‌رقه‌د‌و شوێنه‌واری‌ ئایینی‌ وێرانكران .
8. 1435  ره‌ز‌و باخ سوتێنران .
9. 17220  تراكتۆر‌و مه‌كینه‌ی‌ جۆراوجۆر سوتێنران‌و تالاَنكران .
10. 472770   سه‌ر مه‌ڕ‌و بزن تالاَنكران‌و فه‌وتێنران و 15000 سه‌ر ره‌شه‌وولاَخ تالاَن كران‌و فه‌وتێنران .
11. 570000   ته‌ن گه‌نم‌و جۆ‌و دانه‌وێڵه‌ فه‌وتا‌و سوتێنران55.
هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رژمێرییه‌كی‌ ترمان هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ ناوچه‌كانی‌ بادینان له‌ نێوان 25/8/1988 تا15/9/1988 ده‌گرێته‌وه‌ به‌م جۆره‌ :-
1. 233  گوند له‌ قه‌زای‌ ئامێدی‌ .
2. 35  گوند له‌ قه‌زای‌ ئاكرێ‌ .
3. 19  گوند له‌ قه‌زای‌ شێخان .
4. 100  گوند له‌ قه‌زای‌ زاخۆ .
5. 63  گوند له‌ دهۆك56.

ئه‌وانه‌شی‌ به‌ر شالاَوه‌كه‌ نه‌كه‌وتن له‌ ئۆردوگا زۆره‌ ملێكاندا نیشته‌جێكران ئه‌م ئۆردوگایانه‌ بۆ خۆیان دنیایه‌ك بوون بۆ ئه‌وان ره‌نگی‌ تاریك‌و ترس‌و بێ‌بڕوای‌ پێده‌به‌خشین له‌ به‌رده‌م بواره‌كانی‌ نه‌بوونی‌ تێكشكانی‌ سه‌رچاوه‌ ئابوریه‌كان‌و وونكردنی‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ به‌رهه‌م هێنانی‌ خێزان كه‌ پیاوه‌57.
حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ به‌مه‌ویستی‌ بگاته‌ چه‌ند مه‌به‌ستێك :-
یه‌كه‌م: لادێكانی‌ كوردستان ببوونه‌ پاڵپشتی‌ شۆڕشی‌ كورد‌و پێشمه‌رگه‌ به‌خۆیان‌و ماڵ‌و سامانه‌كانیانه‌وه‌ جا حكومه‌ت بۆ نه‌هێشتنی‌ ئه‌م سه‌رچاوه‌ ئابوریه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌، شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفالی‌ جێ‌به‌جێكرد.
دووه‌م:  هه‌موو ئه‌و زه‌ره‌رو زیانانه‌ی‌ كه‌له‌ پاش شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفاله‌وه‌ به‌جێ‌مان پێویستی‌ به‌ بوودجه‌یه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌ بۆ سه‌ر له‌نوێ‌ كردنه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌توانرا ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ پڕۆژه‌ی‌ تردا خه‌رج  بكرێت.

ده‌رئه‌نجام
شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ ناكرێ‌ له‌ یاد بكرێن كۆشتن‌و زینده‌ به‌چاڵ كردنی‌ ئه‌و هه‌موو كورده‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ كوردبوون په‌ڵه‌یه‌كی‌ ره‌شه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ رژێمی‌ به‌عس له‌ عێراق بگره‌ بۆ گشت ئه‌و رژێمانه‌ش كه‌ پشتگیرییان لێكرد .
ئه‌نفال به‌ر له‌وه‌ی‌ دژی‌ كورد كرابێ‌ دژی‌ مرۆڤایه‌تی‌‌و یاسا رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كراوه‌. ناتوانین رێگه‌ له‌ دووباره‌ ئه‌نفال كردنه‌وه‌ی‌ كورد بگرین ئه‌گه‌ر رێگه‌خۆش بكرێت بۆ دروست بوونه‌وه‌ی‌ رژێمی‌ دیكتاتۆری‌ له‌ عێراق دا.
له‌ كۆتایی‌ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ی‌ خواره‌وه‌:-
1. شالاَوی‌ ئه‌نفال یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین‌و دڕندانه‌ترین تاوان كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد ئه‌نجام درابێت.
2. رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ باش ئه‌وراستیه‌ی‌ ده‌زانی‌ كه‌ گه‌لی‌ كورد گه‌لێكی‌ موسڵمانه‌، به‌ڵكو ته‌نها مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ پشتگیری‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بی‌‌و ئیسلامییه‌كان به‌ ده‌ست بهێنێت.
3. رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراق ده‌یویست له‌ رێگای‌ ئه‌م جۆره‌ پڕۆسانه‌وه‌ كیشه‌ی‌ كورد كۆتایی‌ پێ‌بهێنێت .
4. شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال به‌پێ‌ی‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تێیه‌كان‌و رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ كاری‌ به‌كۆمه‌ڵ كوژی‌ (جینۆساید)ه‌وه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌، به‌لاَم پره‌نسیپی‌ سه‌روه‌ری‌ ده‌وڵه‌ت (السیاده‌ الدوله‌) ده‌بووه‌ چاوپۆشیكردن له‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌.
5. ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفالدا پاكتاوكردنی‌ نه‌ژادی‌‌و بڕانه‌وه‌ی‌ ره‌چه‌ڵه‌كی‌ مرۆڤی‌ كوردبووه‌ .
6. ئه‌م شالاَوه‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ كوردستانی‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌‌و تاكی‌ كورد ،چونكه‌ به‌عس ده‌یویست له‌ رێگه‌ی‌ له‌ ناوبردنی‌ توێژی‌ گه‌نجه‌وه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ (پیر) بهێلێته‌وه‌ .
7. به‌عس ده‌یویست له‌ رێگای‌ ئه‌م جۆره‌ پڕۆسانه‌وه‌ شیرازه‌ی‌ خێزانی‌ كورد تێكبدات ،بێگومان توێژی‌ ژن له‌ پێشه‌وه‌ی‌ هه‌موان دێت، چونكه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ ژن زیاتره‌، چوارچێوه‌ی‌ كاركردنی‌ له‌ ماڵ  چووه‌ده‌ر بۆ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ بۆ خێزان.
8. شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌ر گه‌شه‌كردنی‌ سیاسی‌ (تنشئه‌ السیاسیه‌) ئه‌و مندالاَنه‌ی‌ كه‌له‌ پاش شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفاله‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌ ،چونكه‌ هه‌ستی‌ تۆڵه‌یان له‌لا دروست ده‌بێت .
9. شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی‌ نه‌بووه‌ بۆ سه‌ر دابه‌زینی هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ ناو پاشماوه‌كانی‌ ئه‌نفال بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆته‌ هۆی‌ زیادبوونی‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌ییان.
10. سه‌ره‌ڕای‌ زیانی‌ گیانی‌ شالاَوه‌كانی‌ ئه‌نفال، كاریگه‌ری‌ ئابوری‌ به‌رچاوی‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ ئابوری‌ كوردستان زیاتر له‌و كاته‌دا پشتی‌ به‌ كشتوكاڵ ده‌به‌ست ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی‌ تێكدانی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ له‌ ژێر خانی‌ ئابوری‌ كوردستان.

سه‌رچاوه‌كان 
ا/كتێب :
1. د.جاسم تۆفی خۆشناو/ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد‌و یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تان . سلێمانی‌ 2001 .
2. عه‌داله‌ت عومه‌ر ساڵح/ ئه‌نفال‌و ئافره‌تی‌ كورد .هه‌ولێر 2004 .
3. عه‌بدوڵلاَ كه‌ریم مه‌حمود/ ره‌شه‌بای‌ ژه‌هرو ئه‌نفال. سلێمانی‌ 2002.
4. مه‌لا شاخی‌/ ئه‌نفالی‌ خاڵخالان .سلێمانی‌ 2001 .
5. د. مارف عومه‌ر گوڵ/ پێوه‌ندی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد به‌ یاسای‌ نێو ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ .سلێمانی‌ 2002 .
6. یوسف دزه‌یی‌/ ئه‌نفال كاره‌سات ، ئه‌نجام ره‌هه‌نده‌كانی‌ هه‌ولێر 2001.
ب/ گۆڤار:
1. گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیجی‌ (سیاسه‌تی‌ ده‌ولی‌) ژماره‌ (3)
2. گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ برایه‌تی‌ ژماره‌ (24) .
3. گۆڤاری‌ ئه‌نفال ژماره‌كانی‌ (3،4) .
4. گۆڤاری‌ هاواری‌ ئه‌نفال ژماره‌ (1) .
5. گۆڤاری‌ په‌یامی‌ مرۆڤایه‌تی‌ ژماره‌ (8) .
6. گۆڤاری‌ گولان العربی‌ ژماره‌ (35) .
7. Anfal no.2-2002
په‌راوێزه‌كان:
1. یوسف دزه‌یی‌: ئه‌نفال كاره‌سات, ئه‌نجام‌و ره‌هه‌نده‌كانی‌, ده‌زگای‌ موكریانی‌,هه‌ولێر ساڵی‌ 2001, چاپی‌ یه‌كه‌م.لاپه‌ڕه‌ 25.
2. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح ئه‌نفال‌و ئافره‌تی‌ كورد, ده‌زگای‌  ئاراس هه‌ولێر ساڵی‌ 2002, چاپی‌ یه‌كه‌م.لاپه‌ڕه‌ 7.
3. د.ره‌فیق شوانی‌ .زاراوه‌ی‌ ئه‌نفال‌و ئه‌نفالی‌ كورد‌و كاریگه‌ریه‌كانی‌ گۆڤاری‌ هاواری‌ ئه‌نفال.بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ وه‌رزییه‌ سه‌نته‌ری‌ ئه‌نفال ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر (1) پاییزی‌ 2002 لاپه‌ڕه‌ 7.
4. د.جاسم تۆفیق خۆشناو مه‌سه‌له‌ی‌ كورد‌و یاسایی‌ نێوده‌وڵه‌تان بڵاوكراوه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌  لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ كوردستان سلێمانی‌ 2001 لاپه‌ڕه‌ 21.
5. عه‌بدولره‌حمان سدیق ئه‌نفال له‌روانگه‌ی‌ ئیسلامه‌وه‌ گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ برایه‌تی‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ وه‌رزییه‌ ده‌زگای‌ رۆژنامه‌نووسی‌ برایه‌تی‌‌و خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره‌ (24) ساڵی‌ 2002 لاپه‌ڕه‌ 388-389.
6. عه‌بدولره‌حمان سدیق هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 392-393.
7. عه‌بدولره‌حمان سدیق هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 393.
8. عه‌بدولره‌حمان سدیق هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 393.
9. یوسف دزه‌یی‌ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 165-166.
10. د.محمد گه‌زنه‌یی‌ كورد قڕانی‌ ساڵی‌ 1988‌و هۆكاره‌كانی‌ ناونانی‌ به‌ئه‌نفال گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ برایه‌تی‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ وه‌رزییه‌ ده‌زگای‌ رۆژنامه‌نووسی‌ برایه‌تی‌‌و خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره‌ (24) ساڵی‌ 2002 لاپه‌ڕه‌ 322-323.
11. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌نفال,گۆڤاری‌ ئه‌نفال وه‌زاره‌تی‌ مافی‌ مرۆڤ ده‌ریده‌كات له‌سلێمانی‌ ژماره‌ (3) ساڵی‌ 2002 لاپه‌ڕه‌ 30
12. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 31
13. د.جاسم تۆفیق خۆشناو  هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 236-237
14. یوسف دزه‌یی‌ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 40
15. د.مارف عومه‌ر گوڵ په‌یوه‌ندی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد به‌یاسایی‌ نێوده‌وڵه‌تانه‌وه‌ ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌م سلێمانی‌ ساڵی‌ 2002 چاپی‌ یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ 65.
16. د.حوسێن عه‌بد عه‌لی‌ لێپسراوێتی‌ تاوانه‌كانی‌ ئه‌نفال له‌ژێر رۆشنایی‌ یاسایی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌  تایبه‌ت به‌ مرۆڤایه‌تی‌ گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ برایه‌تی‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ وه‌رزییه‌ ده‌زگای‌ رۆژنامه‌نووسی‌ برایه‌تی‌‌و خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره‌ (24) ساڵی‌ 2002 لاپه‌ڕه‌ 142-143.
* جینۆساید: وشه‌یه‌كی‌ لێكدراوی‌ گریكییه‌ به‌مانای‌ كوشتنی‌ ره‌گه‌زی‌ مرۆڤ دێت.
      17. د.حوسێن عه‌بد عه‌لی‌  هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 146.
      18.هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 146.
      19. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌ 150-151.
    20. هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 151.
     21. هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 153 .
     22. هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 154-155.
    **یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ رژێمی‌ پێشووی‌ عێراق راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی‌ شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفالی‌ كردوه‌ له‌ماوه‌ی‌ نێوان ساڵانی‌ 1987 -1989 حاكمی‌ یه‌كه‌می‌ رژێم بووه‌ له‌كوردستاندا.
    23. د.حوسێن عه‌بد عه‌لی‌  هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌  155-156.
   24.له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج ئه‌نفال هیستریایی‌ توند ڕه‌وی‌ ده‌وڵه‌ت گۆڤاری‌ په‌یامی‌ مرۆڤایه‌تی‌ كۆلیجی‌ زانسته‌ مرۆڤایه‌تی‌ یه‌كان ده‌ریده‌كات له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ ژماره‌ 8 ساڵی‌ 1999 لاپه‌ڕه‌ 99.
    25.هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 99.
   26. هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 99.
   27.یوسف دزه‌یی‌, محمد شوانی‌ ئامانجه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال‌و قڕِكردنی‌ سامانی‌ مرۆیی‌ كورد. گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ برایه‌تی‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ وه‌رزییه‌ ده‌زگای‌ رۆژنامه‌نووسی‌ برایه‌تی‌‌و خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره‌ (24) ساڵی‌ 2002 لاپه‌ڕه‌ 332.
   28. هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 332-333.
   29. هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 333.
  30.نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا ده‌زگای‌ خاك سلێمانی‌ ساڵی‌ 1999  چاپی‌ دووه‌م لاپه‌ڕه‌ 7-8.
  ***هه‌ردوو ماده‌كه‌ په‌سه‌نكراوی‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ حزبی‌ به‌عسه‌.
  **** یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ رژێمی‌ پێشووی‌ عێراق.
   31. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 40.
   32 . هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 42.
   33. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج گۆڤاری‌ په‌یامی‌ مرۆڤایه‌تی‌ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 99.
   34. سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 101.
   35. یوسف دزه‌یی‌: ئه‌نفال كاره‌سات,ئه‌نجام‌و ره‌هه‌نده‌كانی‌ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌كانی‌ 33,34 ,35 ,36.
***** ئاماژه‌یه‌ بۆ وته‌ی‌ علی‌ حسن مجید كه‌سود له‌هه‌مان سه‌رچاوه‌ وه‌رگیراوه‌.
   36. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 111.
   37. هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 112.
     38.شێخ سدیق كاریگه‌ری‌ ئه‌نفال له‌سه‌ر لایه‌نی‌ ده‌رونی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناو پاشماوه‌كانی‌ ئه‌نفال.
گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ برایه‌تی‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ وه‌رزییه‌ ده‌زگای‌ رۆژنامه‌نووسی‌ برایه‌تی‌‌و خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره‌ (24) ساڵی‌ 2002 لاپه‌ڕه‌ 220.
39. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 91 .
 40. شێخ سدیق سه‌رچاوه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌ 220.
 41. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌رٍه‌ 220.
 42. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 112.
 43.ته‌ها ئه‌حمه‌د سڵێمان  كاردانه‌وه‌ی‌ په‌لاماری‌ ئه‌نفال له‌سه‌ر ژنان گۆڤاری‌ ئه‌نفال وه‌زاره‌تی‌ ماڤی‌ مرۆڤ ده‌ریده‌كات له‌سلێمانی‌ ژماره‌ (3) ساڵی‌ 2002 لاپه‌ڕه‌ 9.
 44.هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 9.
 45. شێخ سدیق سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 221.
 46. ته‌ها سڵێمان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 12.
 47. هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 12.
   48. سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 13.
   49. مه‌لاشاخی‌ ئه‌نفالی‌ خاڵخاڵان سلێمانی‌ ساڵی‌ 2001 چاپی‌ یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ 67.
  50. د. محمد گه‌زنه‌یی‌ حكم زوجات المفقودین. گۆڤاری‌ گولان العربی‌ گۆڤارێكی‌ هه‌فتانه‌یه‌ ده‌زگای‌ رۆشنبیری‌‌و راگه‌یاندنی‌ گوڵان ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره‌ (35)نیسانی‌ 1999 لاپه‌ڕه‌41.
     51. ته‌ها سڵێمان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 14-15.
     52. مه‌لاشاخی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 69.
    53 .عه‌بدوڵا كه‌ریم مه‌حمود ره‌شه‌بای‌ ژه‌هر ئه‌نفال وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ سلێمانی‌ ساڵی‌ 2002 چاپی‌ یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ 231
54. شێخ سدیق سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 218.
   55. زیاد عه‌بدولره‌حمان ئه‌نفال نمونه‌ی‌ جینۆسایدی‌ كورده‌ گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیجی‌ گۆڤارێكی‌ وه‌رزییه‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیجی‌ كوردستان ده‌ریده‌كات له‌ سلێمانی‌ ژماره‌ (3) ساڵی‌ 1995 لاپه‌ڕه‌ 82.
   56.هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 82.
   57. شێخ سدیق سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو لاپه‌ڕه‌ 218.
     58. mohammed h.tofiq the chronology of the military campaign of anfal a document. research magazine published by ministry of human rights and refugee-anfal in sulaimany no (2) 2002 p (12-16).
تێبینی:
سه‌رجه‌م رێژه‌كان سوودم له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگرتووه‌:.
1. عه‌داله‌ت عومه‌ر عه‌بدوڵڵا (ئه‌نفال‌و ئافره‌تی كورد 2002)
2. یوسف دزه‌یی ( ئه‌نفال كاره‌سات، ئه‌نفال‌و ره‌هه‌نده‌كانی‌ 2001)

 
     Print     Send this link     Add to favorites
 
چه‌ند وێنه‌یه‌کی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال
له‌ زمانی‌ به‌ڵَگه‌نامه‌كانه‌وه‌..
وه‌فاتنامه‌ی چه‌ند شه‌هیدێکی ئه‌نفالکراو
ئه‌نفال- تاوان له‌ژێر رووپۆشی‌ ئایین دا
ئه‌نفال به‌سه‌رهاتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌ ته‌نهایدا
هه‌ندێك له‌ وته‌كانی‌ عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جید له‌ سه‌روبه‌ندی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا
پرۆفایلی دادوه‌ر محه‌مه‌د خه‌لیفه‌ ئه‌لعوره‌یبی‌
خاوه‌ن ئه‌نفالكراوێك به‌م جۆره‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌دوێت
تاوانبارانی‌ دادگای‌ ئه‌نفال
له‌دادگایی‌ ئه‌نفالدا ئه‌و تاوانانه‌ی رووبه‌ڕووی‌ تاوانباران كرابوونه‌وه
بناغه‌ی 601 خانوو بۆ پاشماوی 182000 قوربانی
لاوازترین میلله‌ت بووین له‌ ناساندنی‌ كاره‌ساته‌كانماندا
هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ واتێبگه‌ین، تاوانی‌ جینۆساید به‌ ژماره‌ یه‌كلایی‌ ده‌كرێته‌وه‌
به‌ بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ سزادانی‌ تاوانبارانی‌ ئه‌نفاله‌وه‌
بوَ وه‌ك پێویست نه‌توانـراوه‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال به‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ بناسێنرێت ؟
له‌ ته‌عریبه‌وه‌ تا ئه‌نفال
چاوپێخشاندنێك به‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئه‌نفال
جینۆساید له‌كوردستان
تاوانی‌ ئه‌نفال
له‌روانگه‌ی‌ یاسای‌گشتیی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌
ئه‌نفال... ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی كرده‌وه‌یی فیكری به‌عسه‌
ده‌كرا كاری‌ زیاتر له‌ دۆسییه‌ی‌ ئه‌نفالدا بكرایه
چاره‌نووسی‌ "سه‌رۆك جاش و موسته‌شاره‌ تۆمه‌تباره‌كان" له‌ نێوان لێبوردنه‌كه‌ی‌ به‌ره‌ی كوردستانی‌ و په‌تی‌ سێداره‌ی‌ به‌غدا دا‌
بووخچه‌كه‌ی‌ مریه‌م جگه‌ له‌ شه‌رمه‌زاری‌ چیدیمان پێده‌به‌خشێت؟

Sbeiy.com © 2007-2011 All rights reserved    
ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌نده‌ی‌ راسته‌وخۆمان هه‌یه‌ مامۆستایانی هاوبه‌ش ستایشی سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات به‌غدا؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمبه‌وه، 70 كه‌س بون به‌ قوربانی‌ به‌هۆی‌ كوشتنی‌ خوشكه‌زاكه‌یه‌وه‌، میرێكی كوه‌یتی‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێت چوارقوڕنه‌؛ كارمه‌ندانی به‌شی سیانه‌ی كاره‌با مانیانگرت بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێم، نوێنه‌ری‌ 22 زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێرن سوریا؛ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 14 كه‌س كوژراون هه‌ولێر؛ چه‌ندین كه‌س ناویان له‌ناو ليستى (دامه‌زراوان) و (دانه‌مه‌زراوان)دا نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانی‌ لیبیا: قه‌زافی له‌ شاری‌ سیرته‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌ هۆشیار زێباری‌: بونی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ 5 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ شاره‌كاندا بۆ هێزه‌كانی ناوخۆ دروستده‌كرێت ئه‌ڵمانیا؛ تارا جاف و داریوشی‌ ئیقبالی‌ كۆنسێرتێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ سلێمانی؛ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بانگهێشتی دادگا کراو به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌خسی ئازاد کرا شانۆگه‌ری‌ گێژه‌ن نمایش ده‌كرێ