زانا ره‌ئوف مه‌نمی
ماوه‌یه‌کی زۆره لیژنه‌ی ئاماده‌کاری پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان کاره‌کانی خۆی ته‌واو کردووه سه‌باره‌ت به ئاماده‌کردنی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم، به‌ڵام تا ئێستاش پرۆژه‌که هێشتا دنیای روونی نه‌دیوه، ره‌نگه هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵنه‌دانی یه‌که‌مین ده‌ستوریش له مێژووی گه‌لی کوردا که له پرۆژه‌که‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه زانستی و یاساییه بێ شوماره‌ی که له پرۆژه‌که‌دا به‌دی ده‌کران، یاخود بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو راسپارده‌و پێشنیارانه‌ی که له لایه‌ن هاوڵاتیان و ده‌سته‌و گروپه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه وه‌کو تێبینی له‌سه‌ر پرۆژه‌که ئاراسته‌ی په‌رله‌مان و لیژنه‌ی ئاماده‌کاری ده‌ستوره‌که کراوه، یان بارودۆخه سیاسی یه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان و عێراق رێگر بووه له دانان و په‌سه‌ندکردنی ده‌ستوره‌که یاخود .....هتد.
به‌هه‌ر حاڵ دواکه‌وتنی په‌سه‌ندکردنی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت له ناوهرۆکیدا یه‌ک مانا له خۆ ده‌گرێت، که ئه‌ویش مانای بێباکی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌یه‌نێت له‌و ده‌ستوره، ره‌نگه ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی کوردستاندا زۆر بێبایه‌خانه له رۆڵ و گرنگی ده‌ستور بڕوانێت، ئه‌گینا هه‌رگیز نه‌ده‌بوو ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه به بێ بوونی هیچ رێسایه‌ک ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا پیاده بکرێت به‌ڵام ده‌کرێت لێره‌دا گریمانه‌ی ئه‌وه بکه‌ین که له به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم وه ده‌ستور به شیویه كی كشتی له حاڵه‌تی په‌یڕه‌وکردنیدا ره‌نگه ئه‌گه‌ر به رێژه‌یه‌کی که‌میش بێت ببێته هۆی سنوردارکردنی مه‌ودای فراوانی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌واو پارته سیاسی یه باڵا ده‌سته‌کانی هه‌رێمی کوردستان. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا تا ئێستاش فێری ئه‌وه نه‌بووه له ژێر سایه‌ی چه‌ند رێسایه‌کی ده‌ستوری تۆکمه‌دا بژی و به ناچاری پابه‌ند بێت پێوه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه شتێکی ئه‌سته‌مه ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی کوردستاندا به ته‌واوه‌تی پابه‌ند بێت به ده‌ستوره‌وه ته‌نانه‌ت له حاڵه‌تێکدا که ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی دهستورهکهش په‌سه‌ند بکرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بوونی ده‌ستور له هه‌رێمی کوردستاندا باشتر له نه‌بوونی . با ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه پێشێل بکرێت، چونکه ئه‌گه‌ر هاوڵاتی نه‌توانێت به ده‌ستور سنوری ده‌سه‌ڵات دیاری بکات، ئه‌وا لانی که‌م ده‌توانێت له رێگه‌ی ئه‌و ده‌ستوره‌وه کارنامه‌ی ده‌سه‌ڵات ئاشکرا بکات و خۆی له خراپه‌کارییه‌کانی بپارێزێت. ئێمه ده‌توانین به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان فشار بخه‌ینه سه‌ر ده‌سه‌ڵات تا ناچاری بکه‌ین پابه‌ند بێت به ده‌ستوره‌وه یان چاکسازی و گۆڕانکاری ئه‌نجام بدات له ده‌ستوره‌که‌دا، به‌ڵام گه‌ر هه‌ر له بنچینه‌وه شتێک نه‌بوو که ده‌سڵات پابه‌ند بێت پێوه‌ی ( وه‌کو ئێستا)، ئه‌وا ئه‌رکێکی زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت بتوانین ده‌سه‌ڵات پابه‌ند بکه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر توانیشمان ده‌سه‌ڵات پابه‌ند بکه‌ین، به چ پێوه‌رێک دهتواینی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام بکه‌ین له پابه‌ند بوون؟
له‌به‌رئه‌وه هیچ جێگره‌وه‌یه‌کی ترمان نییه که له جیاتی ده‌ستور بتوانێت ده‌سه‌ڵات پابه‌ند بکات. بۆیه ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موومانه که فشار بخه‌ینه سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ پێویستی دانانی ده‌ستورێک بۆ هه‌رێمی کوردستان تا چیتر ده‌سه‌ڵات به بێ هیچ پێوه‌رو کۆت و بهدنێک په‌یڕه‌و بکرێت ... وه به حوکمی ئه‌وه‌ی ئێستا له ناوه‌نده یاسایی و سیاسیه‌کاندا ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه که جارێکی تر پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان بخرێته‌وه ناو ناوه‌نده جیاوازه‌کان بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ری، له‌به‌رئه‌وه‌ی جێی خۆیه‌تی چه‌ند سه‌رنجێک ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان بخه‌ینه روو ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی پرۆژه‌که‌و چاره‌سه‌رکردنی به‌شێک له‌و که‌لێنه یاسایی و ده‌ستورییانه‌ی که به ئاشکرا له پرۆژه‌که‌دا ده‌رده‌که‌ون.
سه‌ره‌تا با له سه‌ره‌تای دروستبوونی بیرۆکه‌ی پرۆژه‌که‌وه ده‌ستپێبکه‌ین به شێوه‌یه‌کی گشتی له فیقهی ده‌ستوریدا دوو شێواز هه‌ن بۆ دانان و ئاماده‌کردنی پرۆژه دهستورریهکان له وڵاتاندا ئه‌مه‌ش به چاوپۆشین له شێوازی ئه‌و ده‌وله‌ته‌ی که ده‌ستوره‌که تیایدا سه‌رهه‌ڵده‌دات جا ده‌وله‌تێکی سانا بێت یاخود ده‌وله‌تێکی ئاوێته، ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ بێت یان هه‌رێمێک بێت له ناو ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆدا، ئه‌وانیش بریتین له‌وه‌ی که دانانی ده‌ستور یان به شێوه‌یه‌کی دیموکراسی ده‌بێت وه یان به شێوازێکی نادیموکراسی، پێوه‌ریشمان بۆ جیاکردنه‌وه‌ی شیوازێکی دیموکراسی له شێوازێکی نادیموکراسی دانانی ده‌ستور ئه‌وه‌یه ئایا تا چه‌نێک میکانیزمییهتی دانانی ئه‌م ده‌ستوره نزیکه له رای هاوڵاتیانه‌وه، وه ئایا تا چه‌ندێک ده‌نگ و رای هاوڵاتی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه لهدهستورهکهداو له‌و ده‌سته‌یه‌شی که ده‌ستوره‌که ئاماده ده‌کات. به‌م پێیه‌ش هه‌ر ده‌ستورێک که له لایه‌ن هه‌یئه‌تێکه‌وه دانرابێت که نوێنه‌ری هاوڵاتیان بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، یاخود هاوڵاتیان خاوه‌نی دوا بڕیار بن له‌سه‌ر دیاریکردنی چاره‌نووسی ده‌ستوره‌که، ئه‌وا له‌م حاڵه‌ته‌دا له‌به‌رده‌م ده‌ستورێکدا ده‌بین که به دینوکراتی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت له روی دانانییه‌وه واته له رووی شکڵه‌وه وا داده‌نرێت ده‌ستوره‌که به شێوازێکی دیموکراسیانه دانراوه و په‌سه‌ند کراوه، وه به پێچه‌وانه‌شه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه له پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان بروانین و بپرسین ئایا تا چه‌ندێك شێوازی ئاماده‌کردنی پرۆژه‌که دیموکراسیانه‌و یاسایی بووه، ده‌بینین ئه‌رکی ئاماده‌کردنی پرۆژه‌ی ده‌ستوره‌که له لایه ن به رله مانه وهبه هه‌یئه‌تێک سپێردراوه که له ( 15) ئه‌ندام په‌رله‌مان و ( 4) به‌ڕێزی تر پێکهاتووه وه کۆی گشتیان ( 19) ئه‌ندامه، لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی له‌و ئه‌ندامه به‌ڕێزانه بپرسین ئایا ئێوه سه‌ڵاحیه تی ئاماده‌کردنی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستانتان له کویوه وه‌رگرتووه؟ بۆ ئێوه ئه‌و سهڵاحیهتهتان هه‌یه وه خه‌ڵکی دی نیه‌تی، به بڕوای من ئه‌مه پرسیارێکه مافی هه‌موو که‌سێکه بیکات، خۆ ئه‌گه‌ر به‌شی زۆری ئه‌ندامانی ئه‌و هه‌یئه‌ته بڵێن ئێمه به حوکمی ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مانین و نوێنه‌ری گه‌لین، وه به‌م سیفه‌ته‌ش ئێمه ئه‌م مافه‌مان داوه به خۆمان که پرۆژه‌که ئاماده بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وه باش بزانرێت که ده‌سه‌ڵات و سه‌ڵاحیه‌ته‌کانی په‌رله‌مان له بنچینه‌دا له سایه‌ی ده‌ستوردا دێنه ئاراوه وه له کۆنیشه‌وه له فیقهی ده‌ستوریدا جیاوازی کراوه له نێوان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌ڵده‌ستێت به ئاماده‌کردنی دانانی ده‌ستور وه پێشی ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که به پێی ده‌ستور و له‌سایه‌ی ده‌ستوردا داده‌مه‌زرێن وه پێشیان ده‌وترێت ( ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنراو). مه‌به‌ستیشمان لێی بریتی یه له ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانان و جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری، له دانانی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستاندا جۆرێک تێکه‌ڵاوکردن به‌دی ده‌کرێت له نێوان ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنه‌رو ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنراو، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رله‌مان یاخود هه‌یئه‌تێکی دیاریکراو له په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌و مافه‌ی داوه به خۆی که ئه‌رکی دانانی ره‌شنووسی ده‌ستوره‌که بگرێته ئه‌ستۆ، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هه‌روا بروات ئه‌وا ره‌نگه هێمایه‌کی گه‌وره‌ی پرسیار له‌سه‌ر ره‌وایه‌تی ئه‌م پرۆژه‌یه دروت ببێت هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه، چونکه هه‌رگیزله رووی مه‌شروعیه‌تی کاره‌وه ناکرێت کاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنه‌ر له‌گه‌ڵ کاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دامهزرێنراودا تێکه‌ڵ بکرێت، هۆکاری ناره‌وایه‌تی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نابێت ئه‌ندام په‌رله‌مان خۆی مه‌رجه‌کانی بوون به ئه‌ندام په‌رله‌مان دیاری بکات، چۆن ده‌بێت که‌سێک خۆی مه‌رج بۆ خۆی دابنێت، ئه‌مه کاری ئه‌ندام په‌رله‌مان نییه جا مه‌رج بۆ خۆی دابنێت یاخود بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانی دوای خۆی، ره‌نگه چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م ئیشکالیهتهش ئه‌وه‌نده ئه‌سته‌م نه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان که ئه‌ندامن له ناو لیژنه‌ی ئاماده‌کاری پرۆژه‌ی ده‌ستور سه‌رپشک بکرێن به‌وه‌ی که یا ده‌بێت ببنه ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنه‌ر وه‌یان ده‌بێت ببنه ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرێنراو وه یا ده‌بێت ته‌نها ئه‌ندام په‌رله‌مان بیت، وه یا ده‌بێت ته‌نها ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاماده‌کار چونکه ئه‌ندام بوون له‌هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌که‌دا کارێکی ناره‌وایه له رووی یاساییه‌وه یاخود ده‌کرێت هاوڵاتیان له رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه لیژنیهکه هه‌ڵبژێرن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه پاشان لیژنه‌ی ئاماده‌کار ئه‌رکه‌کانی خۆی بسپێرێت به‌و لیژنه نوێیه هه‌ڵبژێردراوه تا کاره‌که به یاساییانه بروات.
له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه هه‌ر کاتێک پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت په‌سه‌ند کراو که‌وته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، حکومه‌تی هه‌رێم ببێته حکومه‌تی ( تصریف الاعمال ) و سه‌رۆکی هه‌رێم له پۆسته‌که‌ی لابچێت، پاشان له‌به‌ر رۆشنایی ده‌ستوره‌که‌دا ئه‌ندامانی نوێی په‌رله‌مان به پێی پێی مه‌رجه ده‌ستورییه‌کان هه‌ڵبژێردرێن پاشان له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی راسته‌وخۆوه، که ئه‌وانیش هه‌ڵبژێردران ئه‌و کاته ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، وه په‌رله‌مان به هاوکاری سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم (باش ئه وه ی سه‌روكی هه‌ریمیش له ریی ههلبزاردنهوه دیاری ده‌كریت) که‌سێک دیاری ده‌که‌ن و ته‌کلیفی ده‌که‌ن به پێکهێنانی کابینه‌ی وه‌زاری نوێ، ئه‌مه میکانیزمیه‌تی دیموکراتیانه‌ی دانانی ده‌ستورو پێکهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانه، به‌ڵام به داخه‌وه له چه‌ند مانگی رابردوودا متمانه به‌خشینه‌وه به کابینه‌ی ئێستای حکومه‌تی هه‌رێم له‌وپه‌ڕی بێئاگایی په‌رله‌ماندا ئه‌نجام درا که ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه ده‌وه‌ستێته‌وه له‌گه‌ڵ پێوه‌ره یاساییه باوه‌کانی سیسته‌مه دیموکراتییه‌کاندا هه‌روه‌ها زه‌نگێکی خه‌ته‌رناکیشه به گوێی په‌رله‌ماندا ده‌درێت که ره‌نگه رۆله‌که‌ی له ژیانی سیاسی کوردستاندا په‌راوێز خرابێت، به هه‌ر حاڵ به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تێکی یاسایی گه‌وره‌دان وه پێویسته د‌رکی ئه‌و ده‌رئه‌نجامه مه‌ترسیدارانه بکه‌ن که کاتێک په‌رله‌مان به شێوه‌یه‌کی نایاسایی ره‌فتارێک ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌گه‌ر نا یه‌که‌مین ئه‌زموون نموونه‌ی مێژووی کورد له دانانی ده‌ستور ده‌بێته خاڵێکی ره‌ش و نموونه‌یه‌کی نایاسایی سه‌قه‌ت که تکا ده‌که‌م له‌به‌ر هه‌ر بارودۆخێک بێت ئه‌و نموونه مێژووییه نه‌شێوێنن چونکه ئێمه ئومێدێکی زۆرمان هه‌یه به‌وه‌ی ره‌نگه گه‌ر به‌م شێوه دیموکراتییه بروا که باسمان کرد، ببێته بناغه‌یه‌ک بۆ پێکهێنانی کۆمه‌ڵێک دامه‌زراوه که بتوانێت حوکمڕانی له کوردستاندا له ده‌سه‌ڵاتێکی شه‌خسی و حزبی به‌رته‌سکه‌وه بگوازێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی دامه‌زراوه‌یی به شێوه‌یه‌ک که که‌س له ناو ده‌توێته‌وه، ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا ئێستا له قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی دامه‌زراوه‌ییدا ده‌ژی، چونکه زۆرێک له ده‌سه‌ڵاته‌کان به بێ بوونی هیچ بناغه‌یه‌ک یاسایی کارده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاته‌کان له پێش دامه‌زراوه‌کاندا هاتوون، ده‌ستوری رێکخه‌ری ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ش هێشتا هه‌ر بونی نییه، باشه ده‌کرێت من لێره‌دا بپرسم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک په‌رله‌مان مافی بانگهێشتکردنی وه‌زیرێکی ده‌بێت بۆ ناو په‌رله‌مان بۆ لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵیدا له کاتێکدا متمانه به‌خشین به کابینه وه‌زارییه‌که له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌ماندا بووه، خۆ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانیش متمانه‌ی به وه‌زاره‌ت به‌خشیبێت، خۆ ئێمه هیچ ده‌قێکی ده‌ستوریمان نییه په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کان دیاری بکات ئه‌مه‌یه کێشه‌یه‌که که هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ی له خۆیه‌وه کارده‌کات پشت به‌ست به‌و رێسایانه‌ی که خۆی بۆ خۆی دایناوه، ئه‌م حاڵه‌ته وا له هاوڵاتی ده‌کات که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وه پێش په‌سه‌ندکردنی ده‌ستور باوه‌رو متمانه‌ی به ده‌ستوره‌وه نه‌بێت چونکه ئێمه هێشتا ده‌قێکی ده‌ستوریمان نییه ئه‌وان به‌م شێوه‌یه ره‌فتار ده‌که‌ن، باوه‌ڕیش ناکه‌م ده‌ستوره‌که بتوانێت شتێک بهێنێته ئاراوه که که‌متر یاخود زیاتربێت له‌وه‌ی که هه‌یه لای ده‌سه‌ڵاته‌کان، ترسکه له‌وه‌دایه که ده‌ستوره‌که بێت ئه‌م واقیعه هه‌له‌یه به‌رجه‌سته بکات و شه‌رعیه‌ت بدات به شیوه‌یه هه‌له‌یه‌ی موماره‌سه‌کردنی ده‌سه‌ڵاته‌کان من چی بکه‌م له چه‌ند دێڕێکی ده‌ستور که نه‌توانێت کێشه سیاسی و دامه‌زراوه‌ییه‌کان چاره‌سه‌ر بکات، خۆ ئه‌گه‌ر له ناوه‌رۆکی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستانیش بڕوانیت تا راده‌یه‌کی زۆر هاتووه شه‌رعیه‌تی داوه به‌م شێوازه هه‌ڵه‌یه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کان، ده‌بێت ئه‌وه بزانین که ئێستا دامه‌زراوه سیاسییه‌کان له کوردستاندا شه‌رعیه‌تی ده‌ستوریان نییه، چونکه ئه‌ساسه‌ن ده‌ستورێکمان نییه رێکخستنی دامه‌زراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات بگرێته ئه‌ستۆ، ئه‌وه‌ی که هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مری واقیعه، رێسا گشتییه‌کانی تیۆری ده‌ستوری وا ده‌خوازن که ده‌بێت چه‌ند رێسایهکمان هه‌بێت که به شێوه‌یه‌کی پێشوه‌خت پێکهاته‌و سه‌ڵاحیه‌ته‌کانی دامه‌زراوه سیاسیه‌کان دیاری بکات به چاوپۆشین له‌و که‌سانه‌ی که له‌ناو ئه‌و دامهزراوهنهدا کارده‌که‌ن، چونکه دامه‌زراوه مانای گۆڕینه‌وه‌ی رۆڵ ده‌گه‌یه‌نێت، واته که‌س و لایه‌ن ناوه‌رۆکی دامه‌زراوه دیاری ناکه‌ن، به‌ڵکو دامه‌زراوه ده‌بێت سه‌ڵاحیه‌ته‌کانی له ده‌ستوره‌وه وه‌ربگرێت، وه چ لایه‌ن و که‌سێکیش بێنه ناو ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ده‌بێت به‌و شێوه‌یه مامهلهو ره‌فتار بکه‌ن که به پێی رێساکانی رێکخه‌ری کاروباری دامه‌زراوه‌کان دیاری کراوه نه‌ک به پێی رێکه‌وتی سیاسی ژێر بهژێرو میزاجی شه‌خسی فه‌رمانره‌واکان . هه‌ر ئه‌مه‌شه که ده‌سه‌ڵاتی شه‌خس له ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌یی جیا ده‌کاته‌وه، چاره‌سه‌کردنی ئه‌م ئیشکالیهتهش مه‌حاڵ نییه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه با ده‌سه‌ڵات چی ئه‌یه‌وێت با تۆماری بکات له رێساکاندا، به‌ڵام با وا ده‌ست واڵانهبێت ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ش کارێکی زۆر ئه‌سته‌م ئه‌خولقێنێ بۆ هاوڵاتی کاتێک خۆی له‌به‌رده‌م فه‌رمانره‌واییه‌کی ده‌سه‌ڵات فراواندا ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێکی فراوانی دیاریکراو به جه‌ند رێسایه‌ک زۆر باشتره له ده‌سه‌ڵاتێکی فراوانی سنوور نادیار، چونکه ئه‌مه‌ی کۆتای‌یان ملهوڕی و ره‌هایه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ینێت، وه ره‌نگه تاکه ئیجابییه‌تی ده‌ستوریش ته‌نها له‌م حاڵه‌ته‌دا بێت له حاڵه‌تێکدا که ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان په‌سه‌ندبکرێت ئه‌گینا ئێستا هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان هه‌ن، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مان، حکومه‌ت، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بێ ئه‌وه‌ی بزانین سه‌رچاوه‌ی رێکخه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له کوێوه هاتوون، لێره‌دا ره‌نگه ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا پاساوی ئه‌وه بهێنێته‌وه که شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ری هه‌یه،. وه هه‌ر ئه‌م شه‌رعیه‌ته‌ش ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی رێکخه‌ری کاروجالاکییهکانی ده‌سه‌ڵات به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانرێت که شه‌رعیه‌ت له بنه‌ڕه‌تدا بیرۆکه‌یه‌کی سیاسیه، ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتێک هه‌بێت که شه‌رعیه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام بوونی ئه‌م شه‌رعیه‌ته مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ئه‌و ده‌سه‌ڵاته مهشرعیهتی هه‌بێت مهشروعیهتیش که له‌بنه‌ڕه‌تدا بیرۆکه‌یه‌کی یاساییه، مانای ملکه‌چ بوونی ده‌سه‌ڵاته‌کانی وڵات ده‌گه‌یه‌نێت بۆ جه‌ند رێسایه‌کی پابه‌ندکار له‌به‌ر ئه‌وه هه‌رگیز شه‌رعیه‌ت نابێت جێگه‌ی مه‌شروعیه‌ت بگرێته‌وه‌و هه‌رگیز نابێت ره‌زامه‌ندی و پشتگیری کردنی عاتیفیانه‌ی هاوڵاتیان ئیستیغلال بکرێت بۆ ده‌ربازبوون له پابه‌ند بوون به یاسا‌و رێساکانی تایبه‌ت به رێکخستنی چالاکی ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا، وه هیوادارم ئه‌و نه‌ریته سیاسییه‌ی که ئێستا باوه له کوردستاندا زاڵ نه‌کرێت به‌سه‌ر رێساکانی پابه‌ندکاری ده‌سه‌ڵاتدا که ئومێد ده‌کرێت له پرۆژه‌ی دهسوترهکه به‌رجه‌سته بکرێت ... ئه‌گینا ده‌ستوره‌که به مردویی له‌دایک ده‌بێت.
با بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم، سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر له دیباجه‌که‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان بڕوانین، ده‌بینین له‌م پرۆژه‌یه‌دا دیباجه‌که هیچ خه‌سله‌تێکی دیباجه‌ی تیادا به‌دی ناکرێت به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر به‌راورد بکرێت له‌گه‌ڵ پێوه‌ره ده‌ستورییه‌کان له چوارچێوه‌ی تیۆری ده‌ستوردا و له چوارچێوه‌ی شیوازی باوی ده‌وڵه‌ته ده‌ستورییه‌کاندا، دیباجه له بنه‌ڕه‌تدا بریتییه له پێشه‌کییه‌ک بۆ وه‌سفکردنی هۆکاره‌کانی دانانی ده‌ستور له‌م پێشه‌کییه‌دا باس له فه‌لسه‌فه‌ی دانانی ئه‌و ده‌ستوره ده‌کرێت له کات و شوێنێکی دیاریکراودا، باس له‌و هۆکارانه ده‌کرێت به شێوه‌یه‌کی کورت که وایانکرد ئه‌م ده‌ستوره دابنرێت به کورتی له دیباجهدا باس له‌فه‌لسه‌فه‌ی نوێی بناغه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌کرێت به‌وه‌ی ده‌وله‌ت له سایه‌ی ئه‌م ده‌ستوره‌دا ده‌یه‌وێت له ئیستاوه به‌ره‌و ئاینده چی بکات، چونکه هه‌میشه وا گریمانه ده‌کرێت له پشت دانانی هه‌ر ده‌ستورێکه‌وه هۆکارێک یان چه‌ند هۆکارێک هه‌بن،هه‌روه‌ک چۆن وا گریمانه‌ش ده‌کرێت ئه‌وم هۆکارانه په‌یوه‌ستن به ئاینده‌وه، ئه‌گینا بۆ ده‌ستوره‌که داده‌نرێت! واته پێشتر له رابردوودا هۆکارێک یا چه‌ند هۆکارێک هه‌بوون ویان کردووه ئه‌م ده‌ستوره دابنرێت بۆ باشتر مه‌مه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئاینده‌دا، بۆ هێنانه‌وه‌ی ئامانجه دووره‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، گه‌لێک. وه سه‌باره‌ت به‌هێزی یاسایی دیباجه‌ی ده‌ستوریش، ناکۆکی هه‌یه له نێوان زانایاندا تایبه‌ت به‌و بابه‌ته من لێره‌دا نامه‌وێت باس له‌و بیروڕا جیاوازانه بکه‌م که سه‌باره‌ت به هێزی یاسایی دیباجه‌ی ده‌ستور وتراون، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که ئه‌گه‌ر مادده‌یه‌ک هه‌بێت له‌ناو ده‌ستوردا ئاماژه بدات به‌وه‌ی که دیباجه‌ی ده‌ستور به‌شێکی دانه‌بڕاوه له ده‌ستور، ئه‌وا له‌م حاڵه‌ته دیباجهکهش هه‌مان هێزی یاسایی ده‌قه ده‌ستورییه‌کانی تری ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا دیباجه ته‌نها ده‌بێته روئیایه‌کی فه‌لسه‌فی بۆ ئایندهی ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته‌دا بێ ئه‌وه‌ی هیچ هێزێکی یاسایی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێنین ئه‌م تیۆره به‌سه‌ر دیباجه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستاندا جێبه‌جێ بکه‌ین ده‌توانم بڵێم به ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه ده‌وه‌ستێته‌وه له‌گه‌ڵیدا، من باس له‌وه ناکه‌م که ئه‌م دیباجه‌یه بۆ ئه‌وه‌نه دورودرێژهکه دوره له ههموونهریتێکی ده‌ستوری له ده‌ستوری وڵاته دیموکراسییه‌کانی جیهاندا، به‌ڵکو ته‌نها ئه‌وه ده‌ڵێم که ئه‌م دیباجه‌یه به ته‌واوه‌تی له‌ناو مێژوو رابردوودا ده‌ژی له کاتێکدا دیباجه‌ی ده‌ستور ( وه‌کو پێشتر وتمان) پێویسته موخاته‌به‌ی ئاینده بکات به‌وه‌ی که ده‌بێت چی بکرێت له ئایندهی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ئه‌و وڵاته‌دا، به‌ڵام ئه‌م دیباجه‌یه نغرۆ بووه له ناو رابردوویهکدا که نه توانیویه‌تی به ته‌واوه‌تی باسی بکات وه نه توانییویهتیشی کورت بڕی تێدا بکات به جۆرێک که مێژووه‌که‌شی شێواندووه، چونکه هاتووه مێژوی زیاد له هه‌شتا ساڵی گه‌لی کوردی له ناو عێراقدا له چه‌ند دێڕێک‌دا کورت کردۆته‌وه که پیویست بوو هه‌ر باس نه‌کرایه، خۆ ئه‌گه‌ر به دورو درێژیش باسی بکردایه، ئه‌وا ئه‌و کات نه‌ده‌بووه دیباجه، به‌ڵکو ده‌بووه داڕشتنێک سه‌باره‌ت به مێژووی کورد له عێراقدا، دیباجه‌که‌ی ئێستای پرۆژه‌که‌ش زیاتر له‌م وه‌سفه‌دا نزیک ده‌بێته‌وه، گه‌لی کورد به پێی وه‌سفی دیباجه‌ی ده‌ستوره‌که بۆی هه‌میشه چاوی بڕیوه‌ته رابردوو وه پشتی کردۆته ئاینده، کورد ئه‌گه‌ر وابێت هه‌میشه له رابردوودا ده‌ژی له‌کاتێکدا گه‌شه‌سه‌ندنی نه‌ته‌وه‌کان به‌نده به ئاستی دنیا بینینیان به‌ره‌و ئاینده، که‌واته لێره‌دا زیاده رهوییهک به‌دی ده‌کرێت له بایه‌خدان به رابردوو، ده‌کرا ئه‌و زیاده رهوییه بخرایه‌ته خزمه‌ت ئاینده تا بزانین چی بکه‌ین، وه چۆن؟ وه که‌ی؟ وه .... هتد.
خاڵێکی تری نه‌نگی له‌ناو دیباجه‌ی پرۆژه دهستورییهکهدا ئه‌وه‌یه ئه‌م دیباجه‌یه ودیاره ئاواته خوازی ئه‌وه بێت هه‌میشه وینای کورد وه‌ک قوربانییه‌ک ده‌ربخات له کاتێکدا که کورد ئێستا له قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداری و حوکمڕانێتیدایه راسته بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی کورد مێژوویه‌کی دورودرێژی هه‌بووه له‌گه‌ڵ نه‌یاری کردنی ده‌سه‌لات و سته‌م لێکردندا، به‌ڵام به حوکمی ئه‌وه‌ی که ئێستا قۆناغی حوکمڕانێتی هاتۆته ئاراوه و ده‌ستوریش له ئێستاوه بۆ ئاینده مامه‌ڵه ده‌کات، له‌به‌رئه‌وه زیاده‌ڕۆیی کردن له بایه‌خ دان به مێژوو کاریگه‌ری سلبی ده‌خاته سه‌ر دنیابینیمان له ئاینده‌دا، له‌به‌رئه‌وه دیباجه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێت وه‌ک به‌شێک له مێژوو , وه‌ك " په‌خشانێک" یان داڕشتنێک که له بۆنه‌یه‌کدا بخوێنرێته‌وه سه‌یر بکرێت، به‌ڵام ناکرێت وه‌ک دیباجه‌یه‌ک سه‌یری بکرێت به‌و شێوه‌یه‌ی که له فیقهی ده‌ستوریدا هێمای بۆ کراوه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵکو ئه‌م دیباجه‌یه هه‌ندێک حه‌قیقه‌تی مێژووی گه‌لی کوردی زۆر به کاڵ و کرچی باس کردووه بۆ نموونه دیباجه باس له مێژووی زیاد له (80) ساله‌ی گه‌لی کورد ده‌کات له ناو عێراقدا، به‌ڵام باس له ماوه‌ی نێوان ساله‌کانی ( 1993 – 2003 ) ناکات، بۆ؟ ئه‌وی ئه‌و مێژووه بۆ باس ناکرێت به بروای من ئه‌مه یه‌کێکی تره له‌و هه‌لانه‌ی که به‌ڕێزان داڕیژه‌رانی پرۆژه‌که تێی که‌وتوون، چونکه ره‌نگه ئه‌وان ویستبێتیان وا وێنای کورد بکه‌ن که هه‌میشه قوربانی نه‌ته‌وه‌کانی تر، به‌ڵام بیریان له‌وه نه‌کردۆته‌وه که کورد له قۆناغێکی مێژوویدا خۆی زوڵمی له خۆی کردووه ئه‌ویش قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆیه، ئه‌مریکییه‌کان هه‌رگیز دوو دڵ نین له باسکردنی شه‌ڕی ناوخۆی نیوان ویلایه‌ته‌کانیان به‌و ئیعتیباره‌ی که گڕوتینێکی زیاتریان ده‌داتێ بۆ لێبوردههیی و پێکه‌وه ژیان، بۆیه هیوادارم له به‌ڕێزان دارێژه‌رانی پرۆژه‌که یان ئه‌و مێژووه‌ش باس بکه‌ن، وه یان هه‌مووی لابه‌رن با مێژووه‌که‌شمان کاڵ و کرچ نه‌که‌ین، وه بائیتر ئه‌و بوێرییهشمان هه‌بێت که دان به هه‌ڵه‌کانماندا بنێین و وه‌ک مێژوویه‌کیش سه‌یری بکه‌ین، ئه‌مه‌ش هیچ نه‌نگییه‌ک دروست ناکات بۆ هیچ که‌س و لایه‌نێک، به‌ڵام گرنگیشه ئه‌وه بزانین که هه‌موو کاتێک کورد قوربانی ده‌ستی بێگانه‌کان نه‌بووه، به‌ڵکو قوربانی خۆشیه‌تی با ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ببێته په‌ندێک بۆ ئێمه سوودی لێوه‌رگرین له ئاینده‌دا، ئه‌گینا خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی بڵێت ئه‌وی ئه‌و ماوه‌یه له مێژووی گه‌لی کورددا به چی رۆیشت، چۆن رۆیشت، خۆ ئه‌وانه‌ی که له ناو چوون له شه‌ڕی ناوخۆدا به‌ده‌ستی عه‌ره‌ب و تورک و فارس و ئینگلیز نه‌کوژراون، ئه‌ی باشه ئه‌وان مێژوو چۆن باسیان ده‌کات، به هه‌ر حاڵ جارێکی تر ئه‌وه دووپات ده‌که‌مه‌وه که ره‌نگه کارێکی زانستی نه‌بێت دیباجه بکرێته مێژوو، چونکه دیباجه به‌ره‌و ئاینده ده‌ڕوانێت ئه‌مه سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی به توندی پشتگیری له به دۆکیۆمێنت کردنی مێژووی گه‌لی کورد ده‌که‌م، به‌ڵام مێژووی کورد هه‌مووی به باش و خراپییه‌وه.
دواتر ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسکردنی مادده‌ی یه‌که‌م له پرۆژه‌ی ده‌ستوره‌که، له زۆربه‌ی ولاته ده‌ستورییه‌کانی جیهاندا وا باوه که ماده‌ی یه‌که‌م له ده‌ستور له‌گه‌ڵ دیباجه‌که‌یدا وه‌کو ناسنامه‌یه‌ک وان بۆ ده‌وله‌ت و کۆمه‌ڵگه و سیسته‌می حکومڕانی، مادده‌ی یه‌که‌می پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمیش له‌سه‌ر هه‌مان ریتم به جۆرێک که ناسنامه‌ی هه‌رێمی کوردستانی پێشکه‌ش کردووه وه‌ک هه‌رێم، ده‌سه‌ڵات، حکومرانی، به‌شداری هاوڵاتی، که ئه‌مه‌ش کارێکی ئیجابییه به مه‌رجێک ناوه‌رۆکی ده‌ستوره‌که له‌گه‌ڵ ناساندنی مادده‌ی یه‌که‌مدا هاوڕاو گونجاوبێت ( وه له دوایشدا گه‌ڕانه‌وه‌مان ده‌بێت بۆ ئه‌م خاڵه).
مادده‌ی یه‌که‌م ده‌ڵێت سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی کوردستاندا سیسته‌مێکی دیموکراتی، په‌رله‌مان، کۆمارییه وه له‌سه‌ر بنچینه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان پێکدێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین باسکردن له چه‌مکی سیسته‌می سیاسی له‌م مادده‌یه‌دا به‌هه‌ڵه هاتووه، چونکه سیسته‌می سیاسی له ماوهرۆکیدا دامه‌زراوه ره‌سمی و ناره‌سمییه‌کان، پارت و لایه‌نه‌سیاسییه‌کان، ده‌سته‌و گروپه‌کانی فشار، رێکخراوه حکومی و ناحکومییه‌کان، ناڕه‌زاییه‌کان .... هتد له خۆده‌گرێت، وه ئه‌مه ئه‌رکی ده‌ستور نییه باس له دامه‌زراوه ناره‌سمییه‌کان بکات، به‌لکو به پێی مه‌نهه‌جی دامه‌زراوه‌یی – یاسایی پێویسته سیسته‌می سیاسی ته‌نها بریتی بێت له سیسته‌می حکومڕانی، وه سیسته‌می حکومڕانیش یه‌کسان بێت به دامه‌زراوه ره‌سمییه‌کان، له‌م دامه‌زراوه رهسمیانهش سه‌رچاوه‌ی خۆیان له ده‌ستوردا بدۆزنه‌وه.
که‌واته وا باشتره بوترێت سیسته‌می حکومڕانی له کوردستاندا نه‌وه‌ک سیسته‌می سیاسی چونکه ئه‌م جهمکهی دواییان ته‌نها بۆ شیکارکردن به‌کاردێت نه‌ک بۆ حکومڕانی ره‌نگه بواری ئه‌وه‌ش نه‌بێت به وردی جیاوازی نێوان ئه‌وم دوو چه‌مکه‌ش بخه‌مه روو.
پاشان هه‌مان مادده باس له‌وه ده‌کات که له‌کوردستاندا سیسته‌می به‌رله‌مانی په‌یره‌و ده‌کرێت وه‌ک سیسته‌مێک بۆ حکومرانی، من خۆشحاڵم له کوردستاندا سیسته‌می په‌رله‌مانی په‌یره‌و بکرێت به‌و شێوه‌یه‌ی که له فیقهی ده‌ستوریدا باسی لێوه‌کراوه، چونکه ئه‌م سیسته‌مه گه‌لێک ئیجابیاتی هه‌یه که ره‌نگه گرنگترینیان بریتی بێت له‌و بوونی ئه‌و جیاکارییه نه‌رم و نیانه‌ی که له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کاندا ده‌خولقێ له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و چاودێری ئاڵوگۆڕکارییه کارایه‌ی له نێوانیاندایه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رێگرییه‌کی راسته‌قینه ده‌خولقێنێت، له‌به‌رده‌م کۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ڵاحیه‌ته‌کان له‌لای یه‌ک ده‌سه‌ڵات وه له‌به‌رده‌م دروستبوونی دیکتاتۆرییه‌تدا، به‌ڵام کاتێک که له‌ناوه‌رۆکی پرۆژه‌ی ده‌ستوره‌که ده‌روانین به تایبه‌تیش له باسکردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌ڵاحیه‌ته‌کانی هه‌ریه‌ک له په‌رله‌مان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆکی هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری،ده‌بینین ئه‌م پێناسه‌یه‌ی مادده‌ی یه‌که‌م له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆکی سیسته‌می حکومڕانیدا به‌و شێوه‌یه‌ی که له ماده‌کانی تردا باسکراوه، یه‌کناگرێته‌وه به جۆرێک پرۆژه‌که وا ده‌رده‌که‌وێت که بیه‌وێت بناغه‌یه‌ک دابنێت بۆ سیسته‌مێکی په‌رله‌مان لاده‌ر ( نڤام برلمانی منحرف) به‌و پێیه‌ی که رێگه ده‌دات به زیاده‌رۆیی ده‌سه‌ڵاتێک له‌سه‌ر حسابی ده‌سه‌ڵاتێکی تر، ده‌کرێت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه ده‌ستورییه‌کاندا وه به حوکمی ئه‌مری واقیع یه‌کێک له‌ده‌سه‌ڵاته‌کانی ته‌جاوز بکاته سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانی تر که ئه‌مه شیاوی چاره‌سه‌ره، به‌ڵام ناکرێت ده‌ستور بناغه بۆ ئه‌م زیاده‌ڕۆییه دابنێت و مه‌شروعیه‌تی پێبدات، ئه‌م زیادهڕۆییهش له ده‌سه‌ڵاتدا زیاتر له باسکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمدا ده‌رده‌که‌وێت له مامه‌ڵه‌کردنیدا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له په‌رله‌مانی کوردستان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا.
له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا سێ ده‌سته‌واژه هه‌ن زۆر گرنگه ده‌ستور بتوانێت به وردی په‌یوه‌ندی نێوانیان رێکبخات بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌کێکیان ته‌جاوز بکاته سه‌ر ئه‌وی تر، ده‌سته‌واژه‌کانیش بریتین له : یه‌که‌میان په‌رله‌مان، دووه‌میان سه‌رۆکی وڵات، سێیه‌میشیان ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه . خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستور نه‌یتوانی به ووردی سنوری نێوانیان دیاری بکات وه یه‌کێکیان له‌سه‌ر حسابی ئه‌وانی تر ده‌سه‌ڵاته‌کانی فراوانتربوو، ئه‌وا ئه‌و کات له‌به‌رده‌م سیسته‌مێکی په‌رله‌مانی لاده‌ردا ده‌بین، که ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێکی نائاساییه و پێویسته هاوسه‌نگ بکرێته‌وه، ئه‌گینا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زیاده‌ڕۆیه ره‌نگه به‌ره‌و سته‌مکاری مل بنێت به جۆرێک که ده‌سه‌ڵاته‌کانی تر به ته‌واوه‌تی فه‌رامۆش بکات.
له پرۆژه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا سه‌لاحیه‌ته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم بناگه‌ی ئه‌م سیسته‌مه په‌رله‌مانییه لاده‌ره پێکده‌هێنێت، ئه‌م لادانه‌ش بنه‌مای جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان ( که هه‌ر له ماده‌ی یه‌که‌مدا ئاماژه‌ی پێدراوه) ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، مه‌به‌ستیشمان له جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا، ئه‌و جیاکارییه که نه‌رم و نیانییه‌کی تیدا هه‌یه به شێوه‌یه‌ک که سه‌ره‌ڕای هه‌ماهه‌نگی و هاریکاری له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کاندا، جۆرێک له چاودێریکردنی ئاڵوگۆڕکارانه هه‌یه له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کان خۆیاندا، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌م بنه‌مایه‌ش له ناوه‌رۆکی پرۆژه‌ی ده‌ستوره‌که‌دا وه‌کو پێویست به‌دی ناکرێت .به‌هه‌رحاڵ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم مادده‌ی یه‌که‌می پرۆژه‌ی ده‌ستوره‌که بگۆڕدرێت به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ناوه‌رۆکی مادده‌کانی تری تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌کان و په‌یوه‌ندی نێوانیان هاوتا بکرێته‌وه له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی ماده‌که‌ی یه‌که‌مدا، خۆ ناشکرێت بڵێین ئێمه سیسته‌می په‌رله‌مانیمان به‌و شێوه‌یه ده‌وێت که خۆمان مه‌به‌ستمانه به‌ڵکو ده‌بێت به‌و شێوه‌یه بێت که پێوانه گشتی یه‌کان سیسته‌می په‌رله‌مانی له جیهاندا داوای ده‌کات، بۆیه لادان له‌و سیسته‌مه په‌رله‌مانییه‌ی که ماده‌ه‌ی یه‌که‌م خۆی پێوه وابهستهکردووه بنه‌مای جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و پاشان دیموکراسیه‌تیش له وڵات‌دا ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.