راپۆرت: سیروان ره‌شید
پسپۆرانی سیاسی‌و ده‌ستووری ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی دوو حیزبه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان له ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان‌و جێبهجێكردنو قه‌زا، پێوه‌ری هاوحیزبی بوون جێگه‌ی هاوڵاتی بوونی گرتووه‌ته‌وه‌و مه‌ترسیی ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ڕوو كه په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیاسه‌ته له كوردستان سیستمی سیاسیی وڵاته‌كه به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌ت ده‌بات.
له سیستمی سیاسی هه‌ر وڵاتێكدا لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئاماژه‌یه‌كی كاریگهرو روونه بۆ دامه‌زراوه‌یی بوونی پێكهاته‌و دامه‌زراوه جیاجیاكانی به‌ڕێوه‌بردن، به جێبه‌جێكردنیشی له ژیانی پراكتیكیدا به‌شێوه‌یه‌كی راست‌و دروست، ده‌بێته هۆی په‌یڕه‌وكردنی حوكمی ده‌ستوورو به‌رجه‌سته‌كردنی ئازادیی هاوڵاتییان.
به‌پێی یاسای پارته سیاسییه‌كانی ساڵی 1993ی په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئاماره‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی سلێمانی‌و هه‌ولێر، له هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له 50 پارتی سیاسی مۆڵه‌تی كاركردنیان وه‌رگرتووه، كه ئێستا چالاكیی سیاسی ئهنجامدهدهنو هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن، له‌ناو ئه‌و ژمارهیهشداو له 17 ساڵی رابردوودا ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بووه.
هه‌ندێك له چاودێرانی سیاسی پێیانوایه كورد له ماوه‌ی رابردوودا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی حوكمڕانیی سیاسی بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردنی نه‌بووه‌و ئه‌زموونی 17 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش له هه‌رێمی كوردستان به سیستم دانانرێت، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، لێكۆڵیاری سیاسی‌و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی كوردستان، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات "ئه‌سته‌مه باسی ئه‌وه بكرێت كه كورد فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسیی دیاریكراوی بۆ حوكمڕانیی هه‌یه".
به بڕوای ئه‌سه‌سه‌رد «"له راستیدا كورد نه‌ك هه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانیی نییه، به‌ڵكو ئه‌زموونی حوكمڕانیشی نییه".
له ئێستادا ده‌سه‌ڵاتی كوردی له هه‌رێمی كوردستان، بناغه‌یه‌كی بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت دروستكردووه (پهرلهمانو حكومهتو ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری) هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێك له پسپۆڕانی سیاسی پێیانوایه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه به‌هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی حیزب‌و تێكه‌ڵكردنی ئیشی حیزب له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، ئه‌و سێ ده‌سه‌ڵاته به‌ره‌و ئیفلیجبوون رۆیشتووه‌و بوونه‌ته پاشكۆی حیزب.
سه‌روه‌ر محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، ماسته‌ر له (سیستمی سیاسی)، هۆكاری ئیفلیجبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادوهرییو جێبهجێكردنو یاسادانان ده‌گێڕێته‌وه بۆ كۆنترۆڵكردنی ژیانی سیاسی‌و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، كه به بڕوای ئه‌و، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش هیچ رۆڵێكی بۆ دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان نه‌هێشتووه‌ته‌وه كه گۆڕاون بۆ ئامرازێك به‌ده‌ست حیزبه‌وه‌و پاشكۆی حیزبن.
شاره‌زاكه‌ی بواری سیستمی سیاسی ئاماژه‌ی بۆئه‌وه كرد "دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم ناتوانن گه‌یه‌نه‌رێكی چالاك بن له‌نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵكو ته‌نها بۆ مكیاجكردنی دهسهڵاتو له خزمه‌ت تاكه حیزبێك یان دوو حیزبدان".
له هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردندا، حیزب به‌مه‌به‌ستی بردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌شداریی ده‌كات، له‌كاتی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتیش مافی خۆیه‌تی كه ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی هه‌یه‌تی له رێگه‌ی وهزیرهكانیهوه جێبه‌جێی بكات، به‌ڵام حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له كوردستان، به‌س ته‌نها له رێی وهزیرهكانیهوه هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌و سیاسه‌ته‌كانی خۆی نادات، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه به‌شێوه‌یه‌كی «ناسروشتی» شۆڕبووه‌ته‌وه بۆ ئۆرگانه حیزبییه بچووكه‌كانی خواره‌وه‌و ته‌نانه‌ت له ناحیه‌و شارۆچكه‌كاندا به‌رپرسانی حیزب له‌بری حكومه‌ت، ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌و ده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به جۆرێك كه (به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانی شارهوانیو پۆلیس‌و ئاسایش‌و قوتابخانه‌كان....) به ته‌زكیه‌و ره‌زامه‌ندیی حیزب داده‌نرێت، كه به بڕوای شاره‌زایانی ئیداریی، ئه‌م ده‌ستتێوه‌ردانه‌ی حیزب وایكردووه كه زۆركات پێوه‌ری زانستی‌و ئیداریی پشتگوێخراوه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌گه‌ر شایانی وه‌رگرتنی پۆستی ئیداریی بن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئینتیمای سیاسی‌یان بۆ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار نییه، پۆستی ئیداری‌یان پێ‌نادرێت.
غه‌فور فه‌ره‌ج ئاغا، 68 ساڵ، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی قوربانیی سیاسه‌تی ده‌ستوه‌ردانی حیزبه له كاروباری حكومه‌ت، ئه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئینتیمای سیاسی نه‌بووه بۆ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، بێبه‌شكراوه له پێدانی پۆستی ئیداریی، غه‌فور كه دانیشتووی شاری سلێمانییه‌و بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له وڵاتێكی ئه‌وروپی به‌ده‌ستهێناوه، به نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌وه قسه‌ی بۆ رۆژنامه دهكردو وتی: "نزیكه‌ی 40 ساڵ خزمه‌تی وهزیفیم له كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی هه‌یه‌و به شارهزاییو بڕوانامه‌و خزمه‌ته‌كه‌م لهباربووم كه بكرێمه بریكاری وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له رێكخستنی حیزبی‌دا نه‌بووم، بوومه قوربانیی‌و نه‌كرام".
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان، كه ده‌سه‌ڵاتی كوردستان له‌لایه‌ن حیزبهكهیو پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، دانی به‌وه‌دانا حیزبهكهیو پارتی ده‌ستیان خستووه‌ته ناو سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێمه‌وه، سه‌عدی وتی: "مه‌سه‌له‌ی دهستتوهردانی حیزب له‌خۆیه‌وه نه‌هاتووه‌و له ئه‌نجامی شه‌ڕی ناوخۆوه دروستبووه، كه ئه‌وكات دوو ئیداره دروستبووه‌و ئیداره‌یه‌كیان هی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان‌و ئیدارهیهكیشیان هی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه»".
ئه‌زموونی 17 ساڵه‌ی حوكمڕانیی كوردی له هه‌رێمی كوردستان جیاواز له هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ستاوده‌ست بكرێت، به‌ڵام له‌نێوان دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستاندا به یه‌كسانی‌و له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژدا دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌مه له‌كاتێكدایه له گفتوگۆ‌و دانوستانه‌كانی وه‌فدی به‌ره‌ی كوردستانی‌و حكومه‌تی ئه‌وكاته‌ی سه‌دام حسێن له ساڵی 1991دا كه كورد داوای ئۆتۆنۆمی ده‌كرد، یه‌كێك له خواست‌و داواكانی كورد له‌وكاته‌دا له رژێم جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس بوو له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام ئێستا كورد خۆی هه‌مان ئه‌زموونی حیزبی به‌عس دووباره ده‌كاته‌وه.
له كوردستاندا به ئاشكرا هه‌ژموونی حیزب به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه دیاره‌و حیزب‌و ده‌وڵه‌ت لێك جیانه‌كراونه‌ته‌وه، كه به‌گوێره‌ی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، له‌لای دوو هێزه باڵاده‌سته‌كه‌ی هه‌رێم فه‌لسه‌فه‌یه‌ك هه‌یه كه پێیانوایه ده‌بێت حیزب راسته‌وخۆ «كوێخایه‌تی» به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا بكات‌و ئه‌وانه‌ی له‌پشت ئه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییان له دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی یاساییدا نییه بۆ كورد.
هه‌ندێك له چاودێرانی سیاسی پێیانوایه كه له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردووی دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن، پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا به به‌راورد به ئه‌زموونی 17 ساڵی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردی رزگاركراو، ئهكتیڤترو دیموكراسیتر دهردهكهوێتو ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوه‌ند جیاواز له هه‌رێمی كوردستان به سیستمكراون، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م پرۆسه‌یه له هه‌رێمی كوردستان دهستیپێنهكراوه.
له‌وباره‌یه‌وه فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی: "ئه‌زموونی تێكه‌ڵكردنی حیزب‌و ده‌وڵه‌ت ئه‌زموونێكی شكستخواردووه، له عێراقدا ئه‌م ئه‌زموونه ته‌نها له هه‌رێمی كوردستاندا په‌یڕه‌ویی لێده‌كرێت، له هه‌موو ناوچه‌كه‌شدا ته‌نها له سوریا‌و هه‌رێمی كوردستاندا په‌یڕه‌ویی لێدهكرێتو ئه‌گه‌ر سورییه‌كان ده‌ستبه‌رداری ئه‌م سیستمه بن، كورد ده‌بێت به تاكه گه‌ل له ناوچه‌كه‌دا كه په‌یڕه‌ویی ئه‌و سیستمه ده‌كات".
له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی (پهرلهمانو حكومهتو دادوه‌ریی) بوونیان هه‌یه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی ئه‌م سێ ده‌سه‌ڵاته له‌لایه‌ن حیزبه‌وه دروستكراون‌و ئاراسته دهكرێنو به‌پێی فهرمانو رێنمایی‌و ئامۆژگاریی حیزب ده‌جوڵێنه‌وه، ئه‌وه‌ش وایكردووه كه هه‌ست به‌وه بكرێت ده‌سه‌ڵاتی حیزب له‌سه‌روو ده‌سه‌ڵاتی جێبهجێكردنهوهیهو به‌هۆی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌وه تا ئێستا نه‌توانراوه دارایی حكومه‌ت له حیزب جیابكرێته‌وه، له ئێستاشدا زۆر ئه‌سته‌مه لێك جیابكرێنه‌وه‌و كادیر‌و ئه‌ندامانی حیزبیش وه‌ك فه‌رمانبه‌ری ره‌سمیی ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
ره‌فیق ساڵح، پسپۆڕی ئیداریی، وتی: «رێكخراوه سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه كه به خه‌باتی سیاسی‌و شۆڕشگێڕیی ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست، پاش وه‌ده‌رنانی داگیركه‌ر، كۆنترۆڵی هه‌موو ده‌زگا ئیدارییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به مافێكی ره‌وای خۆیانی ده‌زانن، هه‌ر له دامهزراندنو دابه‌شكردنی پۆسته ئیدارییه‌كان تا ده‌ستخستنه ناو ورده‌كارییه‌كانی كاری رۆژانه‌ی فه‌رمانگه‌كان»، ره‌فیق باسی له‌وه‌شكرد كه ده‌ستوه‌ردانی حیزب له ئیداره‌دا ئه‌نجامه‌كه‌ی كۆمه‌ڵێك كاریگه‌ری نێگه‌تیڤ ده‌خاته‌وه.
"ئه‌م حاڵه‌ته به تێپه‌ڕبوونی رۆژگار ده‌بێته ئیفلیجبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كان‌و گه‌نده‌ڵیی پرۆسه‌ی سیاسی"
تێكه‌ڵكردنی ئیشی حیزب‌و حكومه‌ت له هه‌رێمی كوردستاندا‌و به سیستم‌و دامه‌زراوه‌یی نه‌كردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، گرفتێكه پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمه‌كه به‌ره‌و لاسه‌نگ ده‌بات، له‌كاتێكدا جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت مانای سڕینه‌وه‌و په‌راوێزخستنی حیزب نییه.