"كابوس"ی "ریفـۆرم"
Monday, January 19, 2009 |
|
|
پشكۆ ناكام
له مێژووی كۆن‌و تازه‌دا، رووی نه‌داوه كه حیزبێك، گروپێكی سیاسی، توانیبێتی بگاته ئه‌نجامه‌كانی قۆناغه جیاجیاكانی ژیانی حیزبایه‌تی، بێ ئه‌نجام دانی ریفۆرم ـ، له هه‌ر قۆناغ‌و ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی دیاری كرا‌و، سه‌باره‌ت به گۆڕانكارییه‌كان، گواستنه‌وه‌ی شێوازی خه‌بات، پێداویستی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ههلو مه‌رجه تازه‌كانی دێنه پێش، ئاڵ‌و گۆڕ پێكردنی چونیه‌تی جێ به‌جێ كردنی "پراكتیك" یانه‌ی "تاكتیك"ه‌كان، چوونه ته‌مه‌نی سهرۆكو سه‌ركردایه‌تی، هه‌ریه‌ك له‌مانه، كاریگه‌ری خۆیان هه‌یه بۆ پێویستی گرتنه‌به‌ری به‌رنامه‌یه‌كی هه‌مه لایه‌نی ریفۆرم تا حیزب وه‌ك "رێكخراو"ێك به‌رده‌وام بێ له گهشهكردنو خۆ تازه‌كردنه‌وه‌و پته‌وكردنی ریزه‌كانی ناوخۆ‌و په‌یوه‌ندییه‌كان به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی حیزب..
"ریفۆرم" پرۆسه‌یه‌كی تازه نییه، كۆمه‌ڵێك كه‌س هێنابێتیانه كایه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنه كایه‌ی ئایدولۆجیا جیاوازه‌كان‌و بیر‌و باوه‌ڕه ئایدیاكانو حیزب، ریفۆرمیش هاتۆته كایه‌وه وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ زۆر له گرفته كوشنده‌و ته‌شه‌نه كردووهكانی ناو ریزه‌كانی حیزب، كه باس كردن له‌و گرفتانه، دیاره زۆر ئه‌خایه‌نێ، به‌ڵام وه‌ك سه‌ره‌كی ترینیان، ئه‌كرێ بوون‌و پێویستی «ریفۆرم» له‌م حاڵاتانه‌دا ده‌ست نیشان بكرێت:
ـ په‌یدا بوونی گه‌نده‌ڵی، به تایبه‌تی گه‌نده‌ڵی ئابووری‌و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن له‌سه‌ر بودجه‌ی حیزب كه ئه‌بێ بۆ پرۆژه‌كان بخرێته گه‌ڕ نه‌ك گیرفانی ئهندامهكانو له سه‌روو هه‌موویانه‌وه سه‌ركردایه‌تی..
ـ لادان له په‌یڕه‌وو پرۆگرامی ناوخۆ به شێوه‌یه‌ك كه ئیتر پره‌نسیپه‌كانی به‌رنامه‌ی حیزب روو له كزی‌و «شی كردنه‌وه» بێت تا رووئه‌كاته پاشه‌گه‌ردانی په‌یوه‌ندییه ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كان..
ـ زاڵ بوونی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی به‌سه‌ر گشتیدا‌و رووكردنه "تاكڕهوایهتی" له رابه‌ری كردن‌و قوربانی دان به گیانی ـ هاوڕێیه‌تی ـ بۆ چه‌ند دیسپلینێكی نامۆ به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رێكخستنه‌كانی خواره‌وه‌و سهركردایهتیو به پێچه‌وانه‌ش...
ـ سه‌رهه‌ڵدانی بیر‌و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وتۆ كه له‌گه‌ڵ ستراتیج‌و بۆچوونهكاتیهكان یه‌ك ئه‌گرنه‌وه‌و مه‌ترسی روودانی لادان "انحراف" ـ ریڤیشنیزم ـ .
ـ دووره‌په‌رێزی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له پشتگیری‌و به‌هانا هاتنه‌وه‌ی حیزب‌و هاتنه كایه‌ی درز‌و بۆشاییه‌كی گه‌وره له‌نێوان حیزب‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا به‌راوردكردنی حیزب به حیزبه ـ توتالیزم ـ ه‌كان له‌لایه‌ن خودی ئه‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌ی حیزب خۆی به ماسی‌و ئه‌وانی به ـ ئاو ـ له قه‌ڵه‌م ئه‌دا..
ـ له‌ڕێی ـ مه‌حسوبیه‌ت ـ وه، ده‌سه‌ڵاته گرنگه‌كانی سه‌ركردایه‌تی بدرێ به چه‌ند كه‌سانێكی ئه‌وتۆ كه له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا به ـ هه‌رزه‌كاری سیاسی ـ ناو ئه‌برێن...
ـ دووركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی له گوێ گرتن‌و گرنگی دان به رێكخستنه‌كانی خواره‌وه..
دیاره هۆكاری زیاتریش هه‌ن بۆ پێویستی بوونی پرۆسه‌ی "ریفۆرم"، به‌ڵام وه‌ك وتمان ره‌نگه ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه سه‌ره‌كی ترینیان بێت..
به‌داخه‌وه ـ ریفۆرم ـو ـ پرۆسه‌ی ریفۆرم ـ له كوردستان وه‌ك به‌شێك له رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو ئاسیا، كه‌متر بۆته واقعێك كه حیزب‌و ژیانی حیزبایه‌تی گۆڕیبێت، ئه‌و حیزبانه‌ی له‌ڕێی بنه‌ماڵه‌وه‌و به "تاپۆ" سه‌ركردایه‌تی ئه‌كرێن هه‌رگیز ریفۆرم له‌سه‌ر كه‌مترین ئاسته‌كانیش نه‌بۆته ـ واقیع ـ، حیزبه به‌ناو مۆدێرنه‌كانیش كه هاشو هۆشی دروشمهكانیانو ژیانی رۆژانه‌و په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا دوو شتی جیاواز به یه‌كن، ئه‌وانیش ـ ریفۆرم ـ ییان لێ بۆته ـ كابوس ـ ێكو به توندی به‌گژیا ده‌چنه‌وه‌و مل ملانێكهش شێوازی هه‌م ئاشكرا‌و هه‌م نهێنی به خۆیه‌وه ئه‌بینێ... ئه‌مه له كاتێكدا كه حیزب ئه‌بێ بزانێ كه ریفۆرم‌و پرۆسه‌ی ـ ریفۆرم ـ گه‌ر له‌كاتی خۆی نه‌كرا، كاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌دواوه دێ كه دوور نیه بوونی ـ حیزب ـ نه‌خاته پرسیاره‌وه، چاك سازی‌و گۆڕانكاری‌و هه‌نگاوه‌كانی ـ ریفۆرم ـ له‌گه‌ڵ رۆژ به‌رۆژی ته‌مه‌نی حیزب زیاتر‌و مهنتقیانهتر ئه‌بێ به پێویستیه‌ك كه خۆدزینه‌وه لێی ئه‌نجامه‌كانی به دیوێكدا ئه‌كه‌وێته‌وه كه جگه له‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ـ ریفۆرم ـ دا یه‌ك ناگرێته‌وه، كه‌سی تر سوودمه‌ند نابێت‌و باجه‌كه‌شی له‌سه‌ر حسابی سه‌روه‌ریه‌كانی خودی حیزب ئه‌بێت..
خۆ ئه‌گه‌ر "ره‌وا"یی‌و پێویست بوونی پرۆسه‌ی "ریفۆرم" له‌ناو ریزه‌كانی حیزب وه‌ك داوایه‌ك چووه ده‌ره‌وه‌ی سنوری حیزب، واتا ئه‌وكاته‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك روو له حیزب ئه‌كه‌ن بۆ چاك سازی‌و گۆڕانكاری له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ـ ریفۆرم ـ دا ئیتر هیچ به‌هانه‌و پاساوێك نامێنێ كه حیزب بپارێزێت له به‌رپرسیارێتی مێژوویی خۆی بۆ كاركردن‌و هه‌نگاونان به‌ره‌وه پرۆسه‌یه‌كی ریفۆرمی ئه‌وتۆ كه ئه‌وه‌ی رۆشت، رۆشت، هیچ نه‌بێ ئه‌و به‌هاو سه‌روه‌ریانه بپارێزرێت كه ههنو له‌پێناو میزاجی ـ ته‌كه‌تولات ـ له ده‌ست نه‌درێن‌و چی تر رێگه نه‌درێت له پشت دروشمه‌كانی "خوێنی شه‌هیدان"و "ههلو مه‌رجی ناسك"و "خه‌باتی شاخ"و "عه‌بقه‌ریه‌تی رابه‌ر"، حیزب بكرێته ده‌زگایه‌كی بازرگانی گه‌وره‌و هه‌وڵ بدرێت ـ خلف الكوالیس ـ به‌رنامه‌ی دژه ـ ریفۆرم ـ په‌یڕه‌و بكرێ‌و پاڕانه‌وه بۆ هێشتنه‌وه‌ی حیزب په‌یوه‌ندی هه‌بێ به قورسایی گیرفانه‌وه... كاتێك كه حیزب خوارئهڕوات، ئیتر هیچ پرۆسه‌یه‌ك نییه، جێی ـ ریفۆرم ـ بگرێته‌وه كه ئه‌بێ به ـ گۆچان ـو حیزب‌و به‌رنامه‌و رێ ره‌وه‌كه‌ی راست ئه‌كاته‌وه‌و سه‌ر له نوێش له‌گه‌ڵ ئومێد‌و داخوازییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا یه‌ك ئه‌گرێته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه كه حیزب ئه‌كه‌ن به گۆچان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبهتیو زۆرجاریش بۆ لێدانی ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵیاندا ـ هاوڕاو ـ هاوهه‌ڵوێست ـ نین...
سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ش له‌وه‌دایه له به‌ربه‌ره‌كانی ریفۆرم‌و چاكسازیدا، كهسانو خه‌ڵكی وا ئه‌بینرێن كه خۆیان به ده‌یان ساڵ پێش ئێستا دروشمی ریفۆرم‌و چاكسازییان به‌رز كرد بۆوه، به‌ڵام بۆچی ئه‌و كاته ریفۆرمهكهی ئه‌وان ـ حه‌ڵاڵ ـو ئه‌وه‌ی ئێستا ـ حه‌رام ـ ه؟! ریفۆرم هه‌رده‌م سوودبهخشو زیندكردنهوهی لایه‌نه كز‌و لاوازه‌كانی حیزبه، جێی گومانه كه‌سێك ده‌یان ساڵ پێش ئێستا هه‌ستی به‌و لایه‌نه لاوازانه كردبێ‌و ئه‌مڕۆ له‌یادی كردبن!!
بۆچی "چاك سازی" كاتی خۆی ـ نیعمه‌ت- و ئه‌مڕۆ ـ كابوس ـ ه؟!
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و دهنگو وزانه‌ی ئه‌یانه‌وێ گومان بخه‌نه‌سه‌ر پرۆسه‌ی ـریفۆرم ـ ی ئه‌مڕۆ، با بڕۆن گوێ له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، له لایه‌نه دۆسته‌كان، له رێكخستنه‌كانی خواره‌وه، له كه‌سوكاری قوربانیه‌كانی حیزب، له توێژه به ئاگا‌و رۆشنبیرهكه، له... له... بپرسن كه ئایا چاكسازی‌و ریفۆرم پێویسته یان نا؟! به‌رژه‌وه‌ندی چی‌و كێیه كه ململانێ له‌گه‌ڵ ـ ریفۆرمیسته‌كان ـ بكرێ به ژماره یهكو له پاڵ ئه‌و ململانیه‌دا، ده‌یان ململانێی سروشتی‌و پێویست وون كراون‌و خزاونه‌ته ناو فایله تۆزاوییه‌كان..
ریفۆرم پرۆسه‌یه‌كی مێژووییه كه واقیعی قۆناغ‌و باری ناوخۆی حیزب ئه‌یكا به پێداویستی‌و بێ گه‌یاندنی ئه‌و پێداویستیه به ئامانجه دوور‌و نزیكه‌كانی، حیزب هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ـ شه‌له‌ل ـ ی هه‌یه‌تی ئهڕواتو درێژه‌ی ئه‌و باره ناتهندروستیهش به‌ستراوه به درێژه‌ی ململانێی نێوان "خه‌م خۆره‌كان"ی ریفۆرم‌و "مشه خۆره‌كانی" له سه‌نگه‌ردان بۆی.... |
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|