نه‌وشیروان مسته‌فا
حیزب له کوردستاندا ئامرازی خه‌باتی چینایه‌تی، نیشتمانی، نه‌ته‌وه‌یی بوه. حیزب، سازده‌ر و رێکخه‌ری هێز و تواناکانی گه‌لی کورد بوه بۆ به‌ره‌نگاری داگیرکه‌رانی کوردستان و، پاراستنی له داڕمان و توانه‌وه و فه‌وتان و ، داکۆکی له خواسته‌کانی و به‌ده‌سهێنانی مافه‌کانی.
حیزب، له مێژوی سه‌د ساڵه‌ی رابوردوی کوردا ده‌وری بڕیارده‌ر و کاریگه‌ری هه‌بوه له هه‌مو وه‌رچه‌رخانه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و له روداوه گرنگه‌کانی کوردستان و ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ردا.
کوردستانی عیراق دو جار هه‌لی بۆ هه‌ڵکه‌وتوه به ئازادی حیزبایه‌تی تێدا بکرێ:
جاری یه‌که‌م، دوای شۆڕشی 14 ی ته‌موزی 1958 که رژێمی پاشایه‌تی روخا و رژێمی جمهوری دامه‌زرا. هه‌مو حیزبه سیاسیه‌کانی ئه‌وسای عیراق که‌وتنه چالاکی ڕیکخراوه‌یی، سیاسی، رۆشنبیری، رۆژنامه‌وانیی ئاشکرا، له ناو ئه‌وانه‌شدا هه‌ردو زلحیزبه‌که‌ی ئه‌وسای کوردستان: حیزبی شیوعی عیراق و پارتی دیمۆکراتی کوردستان. به‌ڵام به‌هاری ئازادی عیراق زۆری نه‌خایاند. دیسان داووده‌زگای ئازادی هه‌ڵپێچرا. سه‌رده‌می کوده‌تای یه‌ک له سه‌ر یه‌ک و دیکتاتۆری و کوشتن و بڕین ده‌ستی پێ کرده‌وه. شۆڕشی چه‌کداری کورد هه‌ڵگیرسا. حیزب ده‌وری سه‌ره‌کی گێڕا له رێکخستن و رابه‌ری و سازدانیدا.
جاری دوه‌م، دوای راپه‌ڕینی ئازاری 1991 که ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن و رژێمی به‌عس له کوردستان ده‌رکرا، راپه‌ڕین سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێکی بنه‌ڕه‌تی بو له مێژوی نوێی کورد و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، که تا ئیستاش به‌رده‌وام کار له روداوه‌کان ئه‌کا و روداوه‌کان کاری تێ ئه‌که‌ن. حیزبه‌کانی کوردستان و، هه‌ندێ له حیزبه‌کانی عیراق، ده‌روازه‌ی کاری ئاشکرا و قانونی‌یان بۆ کرایه‌وه.
راپه‌ڕین، شکان و کۆڕه‌و، گفتوگۆی کوردی – به‌عسی، به ده‌نگهاتنی کۆمه‌ڵگای ناوده‌وڵه‌تی و بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی ئازاد به به‌شداری فراوانی خه‌ڵکی کوردستان. پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و حکومه‌تی هه‌رێم ... حیزبه‌کانی کوردستان به گشتی و، هه‌ندێکیان به تایبه‌تی، ده‌وری کاریگه‌ریان هه‌بو له دروستکردنیدا.
*
حیزبه‌کانی کوردستان چونکه له هه‌لومه‌رجێکی سه‌ختی خه‌باتی ژێرزه‌مینی و خه‌باتی چه‌کداری خوێناویدا له دایک بون و دامه‌زراون و گه‌شه‌یان کردوه، رێکخستنه‌کانی خۆیان به پێی سه‌ره‌تا رێکخراوه‌یی و سیاسی و له سه‌ر شێوه‌ی حیزبه شیوعیه‌کانی یه‌کێتی سۆڤێتی جاران دامه‌زراندوه. وه ئه‌گه‌ر وا نه‌بونایه به‌رگه‌ی په‌لاماری ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ریان نه‌ئه‌گرت. بۆیه په‌یکه‌ره‌ی رێکخراوه‌یی حیزب که له شانه‌وه ده‌س پێ ئه‌کا تا ئه‌گاته مه‌کته‌بی سیاسی زۆرتر له په‌یکه‌ره‌ی رێکخراوه‌یی له‌شکر و سپا و جه‌یش ئه‌چێ تا حیزبی پارله‌مانی.
*
له دوای راپه‌ڕینه‌وه قۆناغێکی نوێ له جوڵانه‌وه‌ی کورددا ده‌ستی پێ کردوه. ئه‌گه‌ر جاران حیزب وه‌سیله‌ی تێکۆشان بو بۆ به‌ره‌نگاری چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و روخاندنی داووده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵاتی داگیر که‌ر و "شه‌رعیه‌تی" کاره‌کانی له "به‌رپاکردنی شۆڕش" و به‌ره‌نگاریه‌وه وه‌رئه‌گرت و ئه‌رکی سه‌ره‌کی "روخاندنی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر" بو، ئه‌وا له دوای راپه‌ڕینه‌وه ئه‌م ئه‌رکه‌ی حیزب به ته‌واوی گۆڕا و ئه‌رکی تازه‌ی که‌وته سه‌ر شان که ئه‌رکی بنیاتنانی ده‌سه‌ڵاتی قانونی بو.ئیتر له باتی "شۆڕش" ئه‌بو رێگه‌ی "هه‌ڵبژاردن" بگرێ و له باتی ئه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی له رێگه‌ی "شه‌رعیه‌تی شۆڕش" و داووده‌زگا رێکخراوه‌یی و سیاسی و پێشمه‌رگه‌یی و دارایی و دیپلۆماسیه‌کانی خۆیه‌وه کاروباری وڵات به‌ڕێوه ببات په‌نا بباته به‌ر "شه‌رعیه‌تی قانون" و دامه‌زراندنی داووده‌زگای حکومه‌تی جیا له ده‌سه‌ڵاتی حیزب.
*
ئیستا له کوردستان هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵات: ته‌شریعی، ته‌نفیزی، قه‌زائی، دامه‌زراوه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه هه‌ن و رۆژانه ده‌وام ئه‌که‌ن. به‌ڵام هه‌ر سێکیان له لایه‌ن حیزبه‌وه دروست کراون و حیزب ئاڕاسته‌یان ئه‌کات و، به پێی فه‌رمان و رێنمایی و ئامۆژگاری حیزب و له‌و چوارچێوه سنورداره‌دا ئه‌جوڵێن که حیزب بۆی دیار کردون. له کوردستان، وه‌کو ئه‌وروپای شه‌رقی جاران، حیزب زاڵه به سه‌ر هه‌مو داووده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کاندا. دڵسۆزی بۆ حیزب، نه‌ک نیشتمانپه‌روه‌ری و لێهاتویی، ده‌وری بڕیاده‌ری هه‌یه له دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ر و کارمه‌نده‌کانی حکومه‌تدا هه‌ر له مجه‌وری مزگه‌وت و فه‌ڕاشی بنکه‌ی ته‌ندروستی و خوێندنگه‌ی گوند و پۆلیسی دارستانه‌وه تا ئه‌گاته سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و جه‌نه‌رال و وه‌زیر و سه‌فیر. حیزب، ئه‌مانه به کار ئه‌هێنێ بۆ فراوان کردنی نفوز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی، به تایبه‌تی هی سه‌رکرده‌کانی.
حیزبی کوردستانی، دوای دو هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان و، هه‌ڵبژاردنێک بۆ پارله‌مانی عیراق و هه‌ڵبژاردنێک بۆ شاره‌وانیه‌کان و هه‌ڵبژاردنێک بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و ده‌یان هه‌ڵبژاردنی جۆراوجۆری رێکخراوی پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ری، له باتی کرانه‌وه‌ی زۆرتر به روی ئازادی تاک و کۆمه‌ڵ و چه‌سپاندنی دیمۆکراسی، سیسته‌مێکی تۆتالیتا‌ر (شمولی) ی دامه‌زراندوه رۆژانه ده‌س ئه‌خاته هه‌مو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵ و تاکه‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌س ئه‌خاته ناو جموجوڵی وه‌رزش و هونه‌ر و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیه‌وه.
سیسته‌می سیاسی ئیستای کوردستان زیاتر له‌وه‌ی له سیسته‌می دیمۆکراتی وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا بچێ، یان له سیسته‌می نیمچه دیمۆکراتی وڵاتانی ئاسیایی وه‌کو هندستان، پاکستان، مالیزیا.. بچێ زۆرتر له سیسته‌می تۆتالیتاری ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتی سه‌رده‌می حوکمی حیزبه کۆمۆنیسته‌کان ئه‌چێ.
کاربه‌ده‌ستانی حیزب بونه‌ته چینێکی تازه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری خاوه‌ن ئیمتیاز له ناو کۆمه‌ڵدا، هه‌مو ده‌سکه‌وتێکی مادی و هه‌مو شتێکی باشیان بۆ خۆیان ئه‌وێ، پێیان وایه خه‌ڵک بۆ خزمه‌تی ئه‌وان دروست بوه، له به‌رئه‌وه ئه‌و متمانه سیاسیه‌ی جاران خه‌ڵک به حیزبیان هه‌بو ئیستا زۆری له ده‌س داوه. به‌و جۆره‌ی که ئیستا کوردستان به‌ڕێوه ئه‌برێ ناڕه‌زاییه‌کی زۆری له ناو خه‌ڵک و ئه‌ندامانی بنکه‌کانی خواره‌وه‌ی حیزبه‌کاندا دروست کردوه. کار به‌مجۆره بڕوا سه‌ره‌نجامی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له سه‌ره‌نجامی حکومه‌ته‌کانی یه‌کێتی سۆڤێتی جاران و بلۆکی رۆژهه‌ڵات باشتر نابی.
بۆ ئه‌وه‌ی ته‌جروبه‌ی کوردستان به ده‌ردی ته‌جروبه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات نه‌چێ ئه‌بێ له هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتدا: له ده‌سه‌ڵاته‌کانی ته‌شریعی و ته‌نفیزی و قهزاییدا، گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی بکرێ، حیزب قه‌ده‌غه بکرێ له ده‌ستێوه‌ردانی رۆژانه‌ی کاروباره‌کانیان، ده‌سه‌ڵات له ده‌س ده‌زگا حیزبیه‌کانه‌وه بگوێزرێته‌وه بۆ ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان. هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵات له واجیهه‌ی حیزبه‌وه ببنه ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت:
یه‌که‌م، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی ببێته پارله‌مان
وه‌زیر له هه‌ر حیزبێک بێ و له هه‌ر پله‌وپایه‌یه‌کی حیزبی‌دا بێ بانگ بکرێت بۆ به‌رده‌م پارله‌مان بۆ لێپرسینه‌وه. خه‌می رۆژانه‌ی خه‌ڵکیان له گه‌ڵ باس بکا. ئه‌گه‌ر پێویستی کرد باوه‌ڕیان لێ بسێنێته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویستی کرد بیدا به دادگا.
هیچ یاسایه‌کیان به سه‌ردا نه‌سه‌پێنرێ، ئه‌گه‌ر سه‌پێنرا ئه‌وه‌نده ئازا بن قبوڵی نه‌که‌ن. ئازاد بن له لێکۆڵینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و ده‌سکاری، ته‌نانه‌ت ره‌تکردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی قانونه‌کاندا.
بودجه‌ی ساڵانه، داهات و ده‌رچو، له پارله‌ماندا باس بکرێ. ئه‌و پاره‌یه‌ی حیزب له دارایی گشتی بۆ کاروباری تایبه‌تی خۆی وه‌ری ئه‌گرێ بخرێته به‌رچاوی خه‌ڵک.
ئه‌گه‌ر پارله‌مان، له ئیستا و له پاشه‌ڕۆژدا، ئه‌م ئه‌رکانه‌ی پێ جێبه‌جێ نه‌کرا سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵی بوهشینیتهوه و، رێگه بدا به خه‌ڵک بۆ تازه کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و نوێ کردنه‌وه‌ی پارله‌مان.
دوه‌م، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ببێته ده‌زگای بڕیاردان
وه‌زاره‌ت کۆبونه‌وه‌ی ده‌وری بکا و، له کۆبونهوهکانیدا به‌رنامه‌ی گشتی کابینه و، به‌رنامه‌ی تایبه‌تی وه‌زاره‌ته‌کان ههڵبسهنگینێ و بڕیاری لی بدا و ئاشکرای بکات. وه‌زاره‌ت ببێته ده‌زگای بڕیاردانی ته‌نفیزی.
ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی له ئه‌نجامی پێکهاتنی حیزبه‌کان و، له ناو حیزبه‌کانیشدا له ئه‌نجامی به‌لاداکه‌وتنی ململانێی ته‌که‌توله‌کان، دروست ئه‌کرێن، بێ ئه‌وه‌ی ره‌ئی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان له سه‌ر وه‌ربگیرێ و، بێ ئه‌وه‌ی رێگه به پارله‌مان بدرێ به ئازادی ده‌نگیان له سه‌ر بده‌ن: باوه‌ڕیان بده‌نێ یان باوه‌ڕیان پێ نه‌ده‌ن، سه‌روه‌زیران چه‌ند به توانا بێ و، وه‌زیره‌کانی چه‌ند لێوه‌شاوه بن کارێکی ئه‌وتۆیان پێ ئه‌نجام نادرێ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی گه‌ل بن.
ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تێ له توانایدا نه‌بێ، یا نه‌یویست، ببێته وه‌زاره‌تێکی کارای له‌و بابه‌ته، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم پێویسته هه‌ڵی بوهشینیتهوه و وه‌زاره‌تێکی نوێ ته‌کلیف بکا ده‌س به کار بن له ئاستی جێبه‌جێ کردنی فرمانهکانیدا بێ.
سێیه‌م، ئه‌نجومه‌نی قه‌زایی ببێته ده‌زگایه‌کی پیشه‌یی
ده‌سه‌ڵاتی حیزب به ته‌واوی له داد دور بخرێته‌وه و، رێ نه‌درێ داووده‌زگا حیزبیه‌کان ده‌س بخه‌نه کاروباری دادگاوه. حیزب هیچ ده‌ورێکی نه‌بێ له دامه‌زراندنی دادوه‌ر و کارمه‌ندانی تری ده‌زگای قهزاییدا و به هیچ جۆرێ رێ نه‌درێ، راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ، ده‌س وه‌ر بداته ره‌وتی کاره‌کانی دادگا و بڕیاره‌کانیه‌وه. هه‌ر دادوه‌رێ یا کارمه‌ندێکی ئه‌م ده‌زگایه پیشه‌یه‌تی و بێلایه‌نی له ده‌س دا ده‌سبه‌جێ دور بخرێته‌وه. ئه‌وه‌ش که هه‌یه سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبسه‌نگێنرێته‌وه، پاشماوه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێی حیزبایه‌تی لێ پاک بکریته‌وه.
*
جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له حکومه‌ت به مه‌عنای فت کردنی حیزب و کوژاندنه‌وه‌ی ده‌وری حیزب نیه له ژیانی سیاسی وڵات و له کاروباری گشتیدا، به‌ڵکو حیزبایه‌تی و سیسته‌می فره حیزبی کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی سیسته‌می دیمۆکراتیه. ژیانی دیمۆکراتی به بێ ململانێی حیزبی و، به بێ دوباره‌بونه‌وه‌ی نۆره‌یی هه‌ڵبژاردن و، به بێ بونی موعاره‌زه‌ی ناوپارلهمانی و ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مانی و به بێ بونی میدیای ئازاد... وته‌یه‌کی بۆشه. یه‌کێ له گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌کانی حیزبه‌کانی کوردستان، له کاتی دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کوردی‌دا، له دوای راپه‌ڕین، تێکه‌ڵاو کردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حکومه‌ت بو. ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی کۆمه‌ڵی کوردی دوچاری چه‌ندین ده‌ردی گران کرد، له سه‌رو هه‌مویانه‌وه شه‌ڕی ناوخۆ، میدیای ده‌سبه‌سه‌ر، بێدادی کۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌نده‌ڵی جۆراوجۆر.
ئیستا کاتی ئه‌وه هاتوه ئه‌و هه‌ڵه‌یه راست بکرێته‌وه، ده‌سه‌ڵاتی حیزب له حکومه‌ت جیا بکرێته‌وه.