ژماره‌ی پرۆژه‌كانی چاكسازی ڕو له هه‌ڵكشانه.
ئه‌گه‌ر له دوای زنجیره وتاره‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فاوه ده‌ست پێبكه‌ین كه ساڵی پار له رۆژنامه‌ی "رۆژنامه"و سایتی "سبه‌ی"دا بلاَوبونهوه، تا ئێستا پینج "پرۆژه" یاخود پینج هه‌وڵی تری نوسراو بۆ ریفۆرم له ناو ی.ن.ك دا خراونه‌ته ڕو و له میدیاكاندا به چاپ گه‌یشتون.
هه‌رچه‌نده ده‌كرا وتاره‌كانی ناو رۆژنامه‌ی "رۆژنامه"، به‌و حوكمه‌ی چه‌ندین دیدگا‌و پیشنیاری تازه و ریشه‌ییان سه‌باره‌ت به گۆڕین و نوێكردنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و كارگێڕی كوردستان له‌خۆده‌گرت و زۆرترین سه‌رنجیان به‌لای خۆیاندا ڕاكێشابو بكرێنه بنه‌ما بۆ ریفۆرمێكی راسته‌قینه، بهلاَم ئه‌و رێگایه نه‌گیرایه به‌ر.... هه‌رچی چۆنێك بێت، كاریگه‌ری ناراسته‌وخۆی هه‌وڵ و نوسینه‌كان ده‌ریخست گه‌ر نیه‌تی چاكسازییه‌كی راسته‌قینه‌ش له نوكی دهسهلاَتدا نه‌بێ، لانیكه‌م ئه‌و نیه‌ت و به‌رنامه‌یه خۆی سه‌پاندوه كه "باس" له ریفۆرم و چاكسازی بكرێت.
وتراوه: ئایندهی هه‌ر سیستمێكی دیموكراتی به كرده‌وه‌و بڕیاری حوكمڕانان و حوكمكراوانهوه گرێدراوه.
ئه‌گه‌ر وابێ، واته ئه‌گه‌ر به‌شێك له ئایندهی سیستمی حوكمڕانی كوردستان به بڕیار‌و كرده‌وه‌ی حوكمڕانانه‌وه به‌سترابێته‌وه، ئه‌وا دهسهلاَتدارانی كوردستان به‌شی شێریان له‌و لێپرسراوه‌تیه به‌رده‌كه‌وێ كه بۆ مانه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌و پێشبردنی سیستم و ژیانی سیاسیمان ئه‌كه‌وێته سه‌ر شانیان.
ئه‌گه‌ر پێوه‌ری چاكسازی و هه‌وڵدان بۆ باشكردنی ژیانی سیاسیمان ته‌نها تیۆری و قسه نه‌بێ، ده‌رده‌كه‌وێ نوخبه‌ی حوكمڕانی كوردی نیازی چاكسازی نییه و هه‌ڵڕشتنی هه‌زاران وشه‌و رسته‌ی جوان به‌ناوی "پرۆژه"وه زۆرتر ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه به‌شێك له هه‌وڵه‌كان بۆ خۆڵكردنه ناو چاوی خه‌ڵك و خۆدزینه‌وه‌ن له مه‌سه‌له‌و كێشه ئه‌سڵیه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه بێگومان لێپرسراوانی دهسهلاَتی كوردی باش لێیان حاڵیهو به ئه‌نقه‌ست خۆیان لێ نه‌بان ئه‌كات.
گروپی دهسهلاَتداری كورد له قه‌یرانی فیكری و فه‌لسه‌فیدا ناژی.
له‌ناو ئه‌م گروپه حوكمڕانهدا هیچ كێشه‌یه‌كی مه‌عریفی و فیكری له ئارادا نیه‌و ته‌نانه‌ت كادره پله سێ و چوارهكانیش ئه‌زانن دنیا چۆن ده‌سوڕێ و بۆچی ده‌بێ وا بسوڕێ...
له‌ناو تاقمی حوكمڕانی كوردستاندا گرفتێك به‌ناوی گرفتی بهدحاڵیبون له ئاستی ئه‌ندێشه‌و به‌رنامه‌ی سیاسی‌دا وجودی نییه: هه‌مو به‌ڕێزه‌كان ده‌زانن دیموكراسی چیه و بنه‌ماكانی كامه‌ن، په‌رله‌مانتاریزم چۆنه‌و ئوسوڵ و شێوه‌كانی له كوێوه هاتون، "یاسا" مه‌عنای چی و له به‌رژه‌وه‌ندی كێدایه، نه‌زاهه‌و خاوێنی چۆن ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ و گه‌نده‌ڵی سه‌رچاوه‌كه‌ی له كوێیه...
نوخبه‌ی حوكمڕانی كوردی، باشتر له خه‌ڵكی ساده‌ی شه‌قامه‌كان و رۆشنبیره پشودرێژو عهدالهتخوازهكان ئه‌زانێ چی ئه‌كات و چی ناكات و هۆكاری سیاسی و نه‌فسی ره‌فتاره‌كانی خۆیشی به‌باشی تێئه‌گات.
ئه‌زانێ خێر چییه‌و شه‌ڕ كامه‌یه.... رێگای به‌هه‌شت لهكوێوهیهو ده‌روازه‌كانی دۆزه‌خ كه‌ی ده‌كه‌ونه سه‌رپشت...
شاره‌زایی باشی له قاموسی "ئابوری"دا په‌یدا كردوه و به بۆنكردن ئه‌زانێ كوَی ململانێ و دیالۆگه سیاسی و فیكریه‌كانی كۆمه‌ڵگای بورژوازی و سه‌رمایه‌داری له ده‌وری یه‌ك شتی زۆر بنچینه‌یی ده‌خولێنه‌وه كه پێی ده‌وترێ "پاره"و ئه‌ویش له‌م رێبازه "پیرۆز"هدا ئاماده‌یه تا دوا هه‌ناسه خۆی ماندو بكات و ئه‌و گه‌مه سیاسی و پهرلهمانیانهی له هه‌ناوی سیستمی دیموكراسی خۆرئاواییدا چه‌سپاون و دابه‌شكردنی سامان و پاره‌و هێز به شێوازێكی عهقلاَنهو قابیلی قبوڵ رێك ده‌خه‌ن، به‌ر پێلاقه بدات...
تاقمی دهسهلاَتداری كوردستان سه‌رجه‌م ئه‌و ئاوازه ره‌خنه‌ییانه‌ی رۆژانه له كونج و قوژبنی ولاَت و هه‌نده‌رانه‌وه به‌رز ئه‌بنه‌وه به‌ر گوێ ئه‌كه‌ون و به ئه‌نقه‌ست خۆیانی لێ كه‌ڕ ئه‌كه‌ن.
ئه‌م دهسهلاَته هیچ گرفتێكی مه‌عریفی و جه‌سته‌یی یان زمانه‌وانی بۆ حاڵیبون له‌و كێشانه نیه كه له كوردستاندا له ئارادان و به هه‌زار زمان و شێواز پێی وتراون و بۆی دوباره كراونه‌ته‌وه.
ئاقاری گشتی و رواله‌تی مه‌سه‌له‌كان هێمایه‌ك نین بۆ دڵخۆشبون و راگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی: به ئه‌ندازه‌ی هه‌بونی پڕۆژه‌و یاداشته‌كان ئیراده‌ی سیاسی بۆ گۆڕان و چاكسازی له ئارادایه.
به‌پێچه‌وانه‌وه : خوێندنه‌وه‌و بینینی چالاكیه‌كانیان له میدیاكاندا و سه‌رقاڵی لێپرسراوهكانمان به شتی لاوه‌كیه‌وه پێمان ده‌ڵێ به‌رێزان ناخوازن و نایانه‌وێ چاكسازی و گۆڕان له‌و سیستمه‌دا هه‌بێ كه به به‌ری ئه‌وان دوراوهو به ئاره‌زوی ئه‌وانیش ههڵدهسورێ.
ئه‌وان، له‌باتی كردنی كارێكی جدی و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنێكی كاربڕ له‌ده‌زگا سه‌ره‌كیه‌كانی وه‌ك: سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ، په‌رله‌مان یان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ خستنه سه‌ر رێی شه‌مه‌نده‌فه‌ری له سكهترازاوی یاسا‌و دیموكراسیه‌ت و شه‌فافیه‌ت، خه‌ریكی سه‌رقاڵكردن و گوێگرتنن له "سه‌رنشینه‌كان" داخوا گرفت چیه‌و بۆچی مه‌كینه‌ی حوكم به رێكی ههڵناسورێ و له‌واده‌ی دیاریكراودا به‌رێ ناكه‌وێ؟...
حوكمرانانی ولاَت، له‌باتی هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بۆ چاكسازی له ترۆپكی دهسهلاَتدا ، كاتێكی زۆر به نوسینه‌وه‌ی یادداشت و بانگه‌شه‌ی ریفۆرم سه‌رف ئه‌كه‌ن و ئه‌مه‌یش ــ بێگومان ــ له بنج و بناغه‌وه گومان ئه‌خاته سه‌ر پرۆژه‌كانیان و راستگۆییان لێ ئه‌سه‌نێته‌وه.
ئیدی خه‌ڵك ماندو بوه ، پێویستیان به كرده‌ی ریفۆرمی سیاسی هه‌یه نه‌ك "پرۆژه"ی چاكسازی و دیالۆگی نێوان "سه‌ره‌وه" و "خواره‌وه"ی حزب. خه‌ڵك پێویستی به دو شتی رون و دیاریكراو هه‌یه:
یه‌كه‌م: چه‌سپاندنی دیموكراسی سیاسی به‌و جۆره‌ی له دنیای مۆدێرندا ته‌وافوق له‌سه‌ری هه‌یه و زۆربه‌ی ولاَتان په‌یره‌وی ئه‌كه‌ن.
دوه‌م: پیاده‌كردنی عه‌داله‌تی روتی یاسایی به جۆریك كه كۆی مرۆڤه‌كانی ئه‌م ولاَته له به‌رده‌م یاسادا یه‌كسان بن و هیچ ئیمتیازێكی حزبی و ئایدیۆلۆژی و عه‌شیره‌تی نه‌كرێته بلیت بۆ وه‌رگرتنی سامان و دهسهلاَت.
كه‌وایه : فه‌رمون له روانگه‌ی بیر‌و باوه‌ره راگه‌یه‌نراوه‌كانی خۆتانه‌وه پاكسازیهیهك له پرۆژه‌كاندا بكه‌ن و ئه‌وه‌ی له قازانجی گشتییه جێبه‌جێی بكه‌ن و ده‌ست بده‌نه كارێك.
قسه نرخی هه‌یه‌و پڕۆژه‌ش جۆرێكه له قسه و هه‌وڵی فیكری بۆ گۆڕان.
له‌باتی هه‌وڵدان بۆ بێنرخكردنی قسه‌و شكاندنی پێگه‌ی پێشنیار‌و پرۆژه باشه‌كان، چاكتره هه‌نگاوێك بنێن و قورقوشم له گوێ ده‌ربێنن.