هه‌رچه‌نده ریفۆرم پێناسه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌كرێ، چ له بواری سیاسی، دارایی، كۆمه‌ڵایه‌تی... دا بێت، به‌ڵام چاكسازی كارێكی له‌سه‌ر خۆ و به‌رده‌وامه، گرنگه چاكسازی به‌پێی یاسا‌و به به‌رده‌وامی بكرێت، نه‌ك كێشه‌كان كۆمه‌ڵ بكرێت، دواتر نه‌توانرێت چاره‌سه‌ر بكرێت و له كۆنترۆڵ ده‌ربچێ، به شێوه‌یه‌كی گشتی ریفۆرمی سیاسی كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانه بۆ گۆڕانكاریه‌كان، ئه‌نجامدانی ریفۆرم له‌ناو حیزب‌دا روح و جه‌سته‌ی حیزب ده‌گه‌شێنێته‌وه، گه‌ر له‌ناو حیزب‌دا ریفۆرم نه‌كرێ ناتوانرێت هه‌نگاو بنرێت بۆ ئامانجی پێشخستنی كۆمه‌ڵگه، حیزب گه‌ر یه‌كێتی و ململانێی ته‌ندروستی تێدا نه‌بێت، هێزی تێدا نامێنێَ بۆ گۆڕانكارییه‌كان، به پێچه‌وانه‌وه داخستنی ده‌رگاكان له‌سه‌ر توانا‌و وزه نوێكان و دیدی تازه له فكر‌و كاركردنی په‌یڕه‌و ناكات، خۆی له كاركردنی ته‌قلیدی و دواكه‌وتویی رزگار نه‌كات، كادر رانههێنێ به پێی گۆڕانكاری نوێ، خۆی ببه‌ستێ به سه‌روه‌ری مێژوه‌و پلانی نه‌بێ بۆ داهاتو به‌ره‌و دواكه‌وتوی ده‌ڕوات.
هه‌مو گۆڕانكارییه‌ك به‌بێ یه‌كێتی و ململانێ نابێ، حیزب گه‌ر خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی تۆكمه بێ به‌پێی یاسا، ده‌سه‌ڵاتی تیادا دابه‌شبكرێت و شه‌فافیه‌ت و عه‌داله‌ت و بنه‌ماكانی دیموكراسی هه‌بێت، فه‌رمانڕه‌وای خراپ ناتوانێت زیان به حیزب و كۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێت، له‌م باره‌یه‌وه كارڵ پۆپه‌ر ده‌ڵێت: "ده‌توانین ده‌زگا سیاسیه‌كان به جۆرێك رێكبخه‌ین كه ته‌نانه‌ت حكومڕانه خراپ و ناشایستهكانیش نه‌توانن زیان به كۆمه‌ڵگه بگه‌یه‌نن".
ئه‌مڕۆ كه‌م حیزب هه‌یه به تایبه‌تی حیزبه دیموكراته‌كان كه له دهستورهكانیاندا دیموكراسیان نه‌كردبێته دروشم، ئه‌گه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراسی ته‌نها قسه‌بێت، به پراكتیكی جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، دو چاری لاوازی ده‌بن دواتر ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ناو خودی حیزب و جه‌ماوه‌ر به‌رز ده‌بێته‌وه، زۆر گرنگه پارته‌كان گۆڕانی به‌رده‌وامیان هه‌بێت له ده‌ستور و سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانیان په‌راوێز نه‌كه‌ن، كارێك نه‌كه‌ن ببنه هۆی دواكه‌وتویی ستراكتۆری ئیداری و په‌یوه‌ندیه حیزبه‌كانیان، حیزب وای لێ نه‌یه‌ت ژماره‌یه‌كی كه‌م ئه‌ندامانی پارت ده‌ستبگرن به‌سه‌ر هه‌مو كاروباری حیزب‌دا، پابه‌ند بن به پرنسیپی دیموكراسی، رێگا بده‌ن به ئه‌ندامانی به ئازادانه بیروڕای خۆیان ده‌ربڕن، لێبورده بێت به‌رامبه‌ر بیروڕای جیاواز، پابه‌ند بێت به‌و رێنماییانه‌ی له ده‌ستوردا هه‌یه، له ده‌ستوری زۆرێك له حیزبه دیموكراسییه‌كان، مانه‌وه‌ی به‌رپرسیاری دیاری ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك كه‌س یان گروپێك ده‌سه‌ڵاتی حیزب پاوه‌ند نه‌كه‌ن، له وڵاتی كه‌نه‌دا، سیاسه‌تی حیزبی دیموكراسی له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك دیاری ده‌كرێت، هه‌مو دو ساڵ جارێك كۆنگره ده‌به‌ستن، لیژنه‌ی پسپۆر هه‌یه به هاوكاری تێكۆشه‌رانی حیزب و به‌شی توێژینه‌وه‌ی سه‌ر به حیزب گفتوگۆ ده‌كه‌ن، له كاتی به‌ستنی كۆنگره‌دا به‌شداری چه‌ند ۆرك شۆپێك ده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی حیزب.
بنه‌ماكانی دیموكراسی و پیاده‌كردنی كاریگه‌ری خۆی هه‌یه، هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه له بنه‌ماكان، كه ناكرێت به هیچ پاساوێك دوابخرێت و ده‌بێت سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی حیزب بگرێته‌وه، هه‌رچه‌نده زۆرجار ئه‌وانه‌ی له رێگه‌ی دیموكراسییه‌وه، ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست دواتر گوێیان له خواست و داواكانی جه‌ماوه‌ر نه‌گرتوه، به‌ره‌و حوكمی تاكڕه‌ویی رۆیشتون، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت هه‌ڵبژاردنی به‌رده‌وام كاریگه‌ری خۆی هه‌یه، هه‌ڵبژاردنێك كه سنوری بۆ دابنرێت له روی سه‌رفكردنی داراییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر نه‌بێت، له سیاسه‌تدا هه‌ندێ جار پاره جێگه‌ی قسه ده‌گرێته‌وه.
له حیزبه دیموكراتیه‌كاندا له كاتی خۆكاندید كردنی ئه‌نداماندا ده‌بێت به‌پێی یاسا بودجه‌ی بۆ دیاری بكرێت، بۆیه زۆر گرنگه حیزب داموده‌زگای تۆكمه‌ی هه‌بێت به پێی یاسا كاربكات، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له هه‌ڵپه‌رست و كوتله‌چی بگیرێت، نه‌ك به ئاره‌زوی خۆی مه‌له بكات، به پێچه‌وانه‌شه‌وه رێگه خۆشبكرێت بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی هه‌وڵ و كۆشش ده‌كه‌ن بۆ پته‌وكردنی حیزب.
هه‌مو گۆڕانكاریه‌ك و چاكسازییه‌ك ده‌بێت به ئیراده و قه‌ناعه‌ته‌وه ده‌ست پێبكات، هه‌ر بۆیه نیچه ده‌ڵێت: "گه‌ر مار نه‌توانێت پێستی خۆی بگۆڕێت له‌ناو ده‌چێت، گه‌ر مرۆڤ نه‌توانێت بگۆڕێت ئه‌وا به مرۆڤی نامێنێته‌وه". هه‌ر بۆیه حیزب خاڵی سه‌ره‌كی گۆڕانكارییه، گه‌ر به ئیراده‌وه گۆڕان نه‌كرێ، ئه‌وسا یاساكانی سروشت خۆیان ئه‌و گۆڕانكاریانه ده‌كه‌ن، سروشتیش نازانێ چ ئه‌نجامێكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، كورد وته‌نی شه‌قی زه‌مانه پێت ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری كرا‌و هه‌ڵبژاردنی به‌رده‌وام هه‌بو، هه‌مو ده‌زگاكانی حیزبی گرته‌وه، ئه‌وا ژیانی حیزبی پڕ بایه‌خ ده‌بێت.
دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌ركێكی گه‌وره‌و گران ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێراو، ئه‌ویش جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانه له كۆنگره‌دا، كۆنگره وه‌ك به‌رزترین ده‌سه‌ڵات، به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌ركه‌كانی به‌خۆداچونه‌وه و هه‌ڵوێسته‌كردنه له‌به‌رده‌م كه‌موكوڕییه‌كان، شه‌رعیه‌تدانه به بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كانی دیموكراسی و چاككردن و جوانكاری ده‌سه‌ڵات، داڕشتنه‌وه‌ی گوتار و دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانه له روی فكری و سیاسی و پێداچونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه.