(سهرنجێك له كێشهكانی ههرێم و ههوڵهكانی بارزانی)
دەسەڵاتی بارزانی:
بەو پێیەیی بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و گەورەترین دەسەڵاتی ئەم هەرێمەیە، کەواتە راستەوخۆش بەرپرسە لەبەرامبەر هەمو ئەو کێشە و قەیرانانەی روبەروی ئەم هەرێمە ئەبنەوە، بارزانی بەرپرسی یەکەمە لە بەرامبەر چارەسەرکردنی کێشەی ئەمنی و سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و هەتا دەگاتە کێشەی کەلتوری و جڤاکی ..هتد، چونکە بارزانی بەدەر لەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، کە ئەمرۆ ئەم پارتە زۆرترین کورسی هەیە لە پەرلەمانی کوردستان دا و جڵەوی دەسەڵاتی ئەم هەرێمەی بەدەستە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، کەئەویش ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و هاوکاتیش زاوا و برازای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بۆیەش شتێکی نامۆ نابێت ئەگەر کۆی ئەم کێشەو قەیرانانە روبەرو بارزانی بکرێنەوەو بە بەرپرسی یەکەمی بزانین.
بارزانی وکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان:
ئەگەر سەیری واقعی ئێستایی کوردستان بکەین، دەبیینن رۆژ لە دوایی رۆژ توڕەیی و ناڕەزاییەکانی خەڵک رو لەزیاد بونن، بەجۆرێک ئەگەر تادوێنێ ئەم ناڕەزایەتییانەی خەڵک لە سەر روپەری رۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەرە ئەلیکترۆنییە سەربەخۆکانەوە بوبێت، بەڵام ئەمڕۆ شێوە و قەبارەی ناڕەزاییەکانیش گەورە و گۆڕاون، بەجۆرێک کاریگەری ئەم توڕەییەی خەڵک دەزگا راگەیاندنەکانی خودی راگەیاندنی دو حیزبە دەسەڵات دارەکەی کوردستانیش گرتۆتەوە، چیتر راگەیاندن و ئۆرگانەکانی ئەم دو حیزبە توانایی شاردنەوە وبچوک کردنەوەی ئەم ناڕەزایەتیەیان نەماوە و ناتوانن نەبن بە مینبەری بەشێک لەم ناڕەزایەتی و گلەیی و توڕەیەی خەڵک، لەمەڕ دابیننەکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی رۆژانە وەک کارەبا، ئاو، فەرامۆشکردن و چاکنەکردنی رێگاو بانەکان و دەیان کێشەی تری وەک ناعەدالەتی ئابوری و کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و بێکاری و نەبونی پلانی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوشتوکاڵیی و نیشتەجێبون و پەروەردەیی و کێشەی گەنجان و ژنان ....هتد هەروەها زەق بونەوەو پەرەسەندنی دیاردەی گەندەڵی لەسەرجەم دامودەزگا و ئۆرگانەکانی حیزبی وحکومیی ئەم هەرێمە، بەجۆریک کە بارزانی درکی بە هەستیاری و گەورەیی دیاردەی گەندەڵی کردوە، کە وەک مەترسیەک روبەریی بۆتەوە، بۆیە لەچەند رۆژی رابوردودا گرینگی دامەزراندنی دەزگای دەستپاکی بۆ هەرێمی کوردستان بە پێویستییەکی هەنوکیەیی زانیوە، ئەوەی بۆتە جێگەی سەرنج ئەوەیە ئەگەر تائێستا توڕەیی و ناڕەزاییەکانی خەڵک لەمەڕ نەبونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری رۆژانەو دیاردەی گەندەڵی بوبێت، بەڵام ئەمرۆ ئەم ناڕەزاییەتیانە بوعدێکی سیاسیشی وەرگرتوەو روەو دروستبونی رای گشتی هەنگاو دەنێ لە کوردستان، بەو پێیەی لە بەرواری 10\1\2009 چوار پارتی سەرەکی کە بریتی بون لە: یەکگرتویی ئیسلامی، حیزبی سۆسیالیست، کۆمەڵی ئیسلامی، حیزبی زەحمەتکێشان، راپۆرتێکی رەخنە ئامێزیان بە دژی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دا بڵاوکردەوە، سەبارەت بە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و ئەو کێشەو مەترسیانەی کە روبەڕویی هەرێمی کوردستان بونەتەوە، هەروەها کارا نەبونی ئەدای سەرکردایەتی سیاسی کورد لە بەغدا، بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی کورد، هەوەها ناشەفافیەت بون لە دابەشکردنی ئابوری لە هەرێمی کوردستان ...هتد ئەوەی کە لە هەموی زیاتر جێگەی سەرنجە لەم راپۆرتەدا ئەوەیە، کە ناڕاستەوخۆ رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیار لەمەڕ چارەسەرنەکردنی ئەم کێشانە، کە نەیتوانیوە سێبەری حیزبایەتی لەسەر ئەدائی کارەکانی کاڵ بکاتەوە و نەیتوانیوە وەک سەرۆکی هەمو هەرێمی کوردستان رۆڵ ببینێت، بۆیەش لە راپۆرتەکەیاندا داوای دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێم دەکەن له پله حیزبیهکهی، ئەگەر چی ئەم باسە دەهێنێ زۆر قسەی لە بارەوە بکرێ، بەڵام ئەوەی مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەیە لەم بارەیەوە ئەوەیە، کە توانا و دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم کەوتۆتە رۆژەڤەوە، چونکە ئەم چوار پارتە لەکاتێکدا دەنگ هەڵدەبڕن و راپۆرت بڵاو دەکەنەوە، کە هەر چوار پارتەکە ئەندامی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکانی کوردستانن، کە سەرۆکی هەرێم سەرۆکایەتی دەکات، پرسیار و گومانەکانیش لێرە دا دروست دەبن، ئەگەر سەرۆکی هەرێم نەیتوانیبێت رۆڵی خۆیی بگێرێ لە ناو ئەو ئەنجومەنەدا و سەرەنجامەکەی بەوە شکابێتەوە ئەندامەکانی داوایی دەست لەکار کێشانەوەی لێبکەن؟! چۆن بتوانین چاوەڕوانی رۆڵی زیاتر و کارا تر لە سەرۆکی هەرێم بکەین، لەبەرامبەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە لایەک و هەرێم و وڵاتانی دراوسێ لەمەڕ کێشەی پهکهکه و پژاک لە لایەکی تر و راستکردنەوەی ئەو وێنە ناشیرنەی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، کە لە ئەنجامی سیاستە هەڵەکانی پارتی و یەکێتی دروست بوە لە لایەن بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئیقلیمی و ئەوروپی و هەتا لە لایی بەشێکی زۆر لە ناوەندە سیایسی وبڕیار بەدەستەکانی ئەمڕۆی ئەمهریکا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگایی مەدەنی و دیموکراسی ...هتد، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لە قەبارە و هەمەلایەن بونی ئەم کێشانە و لێدوان و سیاسەتەکانی سەرۆکی هەرێم لەبارەیانەوە، دەگەینە ئەو بڕواییەی کە بڵێین لە توانایی سەرۆکی هەرێم دا نەماوە بتوانێ جڵەوی کۆنترۆڵکردنی هەمو ئەم کێشانە بکات .
بارزانی و کێشەی نێوان هەولێر وبەغدا:
لەدوایی روخانی رژێمی سەدام و هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی عێراق، هەر لە کابینەی حکومەتەکەی عەلاوی و ئیبراهیم جەعفەرییەوە دواجاریش کابینەی حکومەتەکەی نوری مالیکی، پرس و دۆسیە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک جێبەجێکردنی مادەی 140 و پرسی پێشمەرگەو مەسەلەی فیدراڵی و دواتریش کێشەی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم ..هتد نەک تەنها بەهەڵپەسێردراوی ماوەتە و روەو چارەسەرکردن نەچون، بەڵکو هێندەی تر روەو ئاڵۆزی و گرژی چوە، بەتایبەت لە شەش مانگی رابوردو ئەم کێشانە رەهەندێکی ئیقلیمی وتاڕادەیەک نێودەوڵەتیشی وەرگرتوە، بۆیەش چارەسەرکردنیان هێندەی تر ئاڵۆز بوە، ئەوەی کە قەبارەی کێشەکانیشی گەورەتر دەرخست و ئاڵۆز بونی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا ئەوە بو، بەرپرسانی هەرێم و نوری مالکی بەبەیاننامە لە دژی یەکتر بنوسن و هێرش بکەنەسەر یەکتر و بەکەم تەرخەم و دەرچو لە یاساو دەستور یەکتر تۆمەت بار بکەن، بەشێوەیەک ئێستا کار گەیشتۆتە ئەوەی کە لە راگەیاندنە ناوخۆیی و بیانیەکانەوە چەند جارێک نوری مالکی و سەرۆکی هەرێم لێدوانی توند لە دژی یەکتر بدەن .
بێگومان ئەگەر بمانەوێ کۆی ئەم قەیران و کێشانە بخەینە ئەستۆیی بارزانی بەتەنها، بێگومان هەم بێ ویژدانییە بەرامبەر هەوڵەکانی بارزانی لەم نێوەندەدا، هەم بێ دیقەتییە لە هەوڵەکانی بارزانی، چونکە وەک دەزانین بارزانی هەر لە سەرەتایی دامەزراندنی ئەنجومەنی حکوم لە دوایی روخانی رژێمی سەدامەوە، دواتریش نوسینی دەستوری کاتی عێراق و هەتا دوبارە نوسینەوەی دەستوری دائیمی عێراق، رۆڵی زۆر باشی بینی، بۆ دەستەبەرکردنی بەشێکی زۆر لە مافەکانی کورد لەم دەستورە دا، بەڵام ناکرێت بەشێکی زۆر لە هەڵەو کەمتەرخەمیەکان نەکەوێتە ئەستۆیی بارزانی، چونکە بەو پێیەی بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە هەمان کاتیشدا بەهاوبەشی لەگەڵ تاڵەبانی بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کوردی بە دەست بوە، لە دانوسان و گفتوگۆ و تەنانەت لە زۆربەی قۆناغەکانی پێنچ ساڵی رابوردو بە بێ رۆڵ گێرانی ئەو موکین نەبو ئەو حکومەتەی ئێستایی عێراق دروست ببێت، کەچی نەک هەر نەی توانی سود لەم دەرفەت و کاتە زێرینانە وەربگرێ و پرۆسەیی سیاسی ناو خۆیی عێراق بە سود و بەرژەوەندی مافەکانی کورد بگێرێ، کەچی ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین رێک پێچەوانەکەیەتی، کە هەر بەرەو پێش چون و هەنگاوێکی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە عێراق بە زیانی بەرژەوەندییەکانی کورد دەشکێتەوە، کە ئەمەش ئەگەر تەنها هۆکاریکی سەرەکی لە پشتی بێت بریتییە لە هەڵەی سەرکردایەتی سیاسی کورد بەرامبەر بە هێزە سیاسیەکانی عێراق بەگشتی و نوری مالیکی بەتایبەتی، بۆیەش شتێکی سەیر نیە و نابێت کە بارزانی لە چاوپێکەوتنەکانی دا لە کەناڵەکانی راگەیاندن، مەسەلەی راگەیاندنی جیابونەوەی کوردستان بوروژێنێ و وەک دوا کارتێکی سیاسی بیەوێ سودی لێ وەربگرێ، ئەگەر چی بارزانی هەر کارێکی لەم شێوەیەش بە نامەنتقی و ئیش بۆ نەکراویش بزانێ لە ئێستا دا .
بارزانی و کێشە ئیقلیمیەکان:
ماوەی ساڵێک زیاترە کە بەشێوەیەکی نیمچە بەردەوام هەردو وڵاتی تورکیاو ئێران سنوری هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکەن، بەبیانویی هەبونی چالاکی پهکهکه و پژاک لەم سنورانە دا بەدژی ئەم دو وڵاتە، بێگومان ئەگەر بە دیدێکی سیاسیانە سەیری ئەم کێشەیە بکەین، دەبینین وەک چۆن پهکهکه و پژاک شەرعیەتی بەکارهێنانی خەباتی چەکداری بە رەوا دەبینن لە دژی ئەم دو وڵاتە، بەهەمان شێوەش ئەم دو وڵاتە شەرعیەتی پاراستنی سنورەکانیان بە رەوا دەبینن، جا ئەوە مەبەستی سەرەکی ئەم وتارە نیە باسی رەوایەتی چالاکی ئەم دو پارتە کوردییە بکەم، بەپێچەوانەشەوە، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە: ئایا بارزانی توانیویەتی رۆڵی سەرەکی خۆیی ببینێ لەم نێوەندە دا؟ هەم هاوسەنگییەک راگرێ لە نێوان هەرێمی کوردستان وئەم دو وڵاتەی دراسێ و هەم رەچاوی خەباتی ئەم دو پارتە کوردییە بکات، هەروەها سنوری وڵاتەکەی بپارێزی لە تۆپبارانی ئەم دو وڵاتە؟ بێگومان بارزانی هەر لەسەرەتایی دەستپێکردنی تۆپبارانەکانی ئەم دو وڵاتەوە و دوایی ئەوەی لەلایەن ئەم وڵاتانەوە کەوتە ژێر فشار بە داڵدەدەری ئەم دو پارتە کوردییە، کەوتە جموجۆڵ و هەوڵی زۆری دا لەم نێوەندە دا، بۆ ئەم بەمەبەستە لە رێگەی کەناڵی جۆر بەجۆرەوە کەوتە گفتوگۆ و دانوسان لەگەڵ ئەم دو وڵاتە، دواتر خۆی سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ لێپرسراوانی ئەم وڵاتە کۆبۆوە، بەڵام ئەوەی کە دەیبینین نەپێکانی هەوڵەکانی بارزانی دەردەخات لەم بارەیەوە، چونکە تۆپبارانەکان هەر بەردەوامیان هەیە و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هەوڵەکانی بارزانی لەگەڵ ئێران هیچ دەرئەنجامیکی نەبوە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی بارزانی لەگەڵ تورکیا وەک دەزانینین تورکیا هەر لەسەرەتاوە لە هەوڵەکانی بارزانی بە گومان بو، بۆیەش شتێکی نامۆ نەبو کە تورکیا بارزانی و حکومەتی هەرێمیان بە یارمەتیدەر و داڵدەدەری سەرەکی پهکهکه دەزانی، ئەگەر چی سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانی خۆیان نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی چارەسەرکردنی کێشەی پهکهکه، هەوڵی زۆریشیان دا لەم بارەیەوە بۆ رازیکردنی تورکیا بەرامبەر رۆڵگێرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام دیار بو هیچ سودێکی نەبو، ئەگەر چی ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا گۆڕان کاریان بەسەر هاتوە ، بەتایبەت دوایی ئەوەی کە تورکیا دەرئەنجامی هێرشی سەربازی نەیگەیاندە هیچ دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەر و بەپێچەوانەشەوە هاوکێشە ناوخۆی و دەرەکییەکان لە بەرژەوەندی تورکیا نەبون، بۆیە دەشێ وایی لێک بدەینەوە کە دوا رێگا لەبەردەم تورکیا گۆڕینی ستراتیجی روبەروبونەوە بو لەگەڵ پهکهکه، بۆ پیادە کردنی ئەم سیاسەت و ستراتیجەش تورکیا پێوستی بەوەیە بۆلای سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکەی ئەم وتارە لێرەدا ئەوەیە ئایا: رۆڵی سەرەکی سەرۆکی هەرێم چیەو چی دەبێت لەمەڕ ئەم پرسە؟ چونکە لەکاتێکدا ئەجندایی ئەم ستراتیجە نوێیەی تورکیا چارەسەرکردنی کێشەی کورد نیە لە باکور، بەڵکو مەبەستی سەرەکی تورکیا چارەسەرکردنی كێشەی چالاکییەکانی پهکهکهیە لە دژی خۆی، واتا تورکیا نایەوێت پهکهکه بە خاوەنی کێشەی کورد بزانێ لە تورکیا، بەڵکو مەبەستی سەرەکی لێکجیاکردنەوەی پهکهکه و کوردی باکورە، بۆیەش پهکهکه وەک گروپێکی چەکداری تیرۆرستی سەیر دەکات، ئەمەش هێندەی تر بەربەست بۆ رۆڵ بینینی بارزانی سەخت دەکات، چونکە وەک دەزانین بارزانی تەنها سەرکردەیە لەم هەرێمە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پهکهکه) بە تیرۆرست نازانێ و باجی قورسیشی بۆ ئەم هەڵوێستەی داوە لەم پێناوەدا، هەڵبەتە ئەم تیڕوانینەی بارزانی بۆ پهکهکه دەشێ ئەوە بێت کە لە رۆڵ وکاریگەری پهکهکه تێگەیشتبێت لەناوخۆی باکوری کوردستان، بۆیە لێرەدا ناتوانین گەشبین بین بە رۆڵگێرانی بارزانی بەرامبەر بەم سیاسەت و ئەجیندایەی کە تورکیا خستویەتیە بەردەم بارزانی، چونکە ئەگەر هەتا بارزانی بۆ رازیکردنی تورکیا و سیاسەتەکانی بکەوێتە رۆڵ بینین و گفتوگۆ و دانوسان و یارمەتیدانی تورکیا، بەڵام سەرەنجام وەک چۆن هەر هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا و بەبێ پهکهکه سەر ناگرێ و دەرئەنجامی نابێت، بەههمان شێوەش هەر هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پهکهکه بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا هیچ دەرئەنجامێكی نابێت، بۆیەش رۆڵ بینینی بارزانی لەم نێوەندەدا ئەگەر بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی تەنها تورکیا بێت هیچ دەرئەنجامێکی نابێت و بەپێچەوانەشەوە خۆشەویستی و سۆزی کوردی بەگشتی و باکوری کوردستان بە تایبەتی دەدۆڕێنێت .
بارزانی لە دیدی ئەوروپا و ئەمهریکا:
رۆڵی سیاسی بارزانی لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا :لە ئەمڕۆی سەردەمی تەکنەلۆجیاو سەرمایەدارییدا بێگومان هیچ حکومەتیک و دەسەڵاتدارێک ناتوانێ بەردەوامی بەژیانی خۆی بدات، ئەگەر سیاسەتەکانی بەپێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمهریکا بەتایبەتی بێت، نمونە زۆرە لەم بارەیەوە و دیارترینیان یەکێتی سۆڤیەت بو، هەتا دەگاتە دەسەڵاتە شمولی و نادیموکراتەکانی لە شێوەی رژێمی بەعسی عێراق ..هتد، جا بۆیە ئەگەر بۆ ئەو دەوڵەتانە کە خاوەن سەروەری یاسایی و ئاڵایی خۆیان بن لە نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەی هاوکێشەکە بۆ هەریمێکی بێ پشتیوان و گەمارۆدراو بە چەندان دوژمن، دەبێت چۆن بێت، دروست بونی خودی ئەم هەرێمە بە پاڵپشتی و هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا هاتبێتە دروست بون و پاراستن تا ئەمرۆ؟، بۆیە من پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەو راستییەیان باش درک پێکردوە، بۆیەش هەر لە دوایی راپەرینەوە سیاسەتەکانیان بەرەو ئاڕاستەی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی رۆژئاوا برد، ئەمە دەشێت بە کارێکی ئیجابی بزانین، ئەم سیاسەتە تائەمڕۆش بەردەوامە، بەڵام سلبیاتی ئەم سیاسەتە لەوەوە دەست پێ دەکات، کە پێمان وابێت تەنها گۆڕینی دروشی حیزبەکانمان بۆ سۆسیال دیموکرات و گونجانیان لەگەڵ دروشمی پارتە دیار و دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆی رۆژئاوا، هەروەها بینینی چەند سەرۆک وڵات و چەند لێپرسراو سەرکردە و پارتێکی ئەوروپا و ئەمهریکا زامنی پاراستنی بەردەوامی دەسکەوتەکانی گەلی کوردە لە هەرێمی کوردستاندا بۆ ئێستا و ئایندە، بۆیە بەداخەوە ئەوەی کە بینیمان سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بارزانی بەتایبەتی نەیتوانی سود لە سیاسەتەکانی رۆژئاوا بەگشتی وئەمهریکا بەتایبەتی وەربگرێت، نەک لە ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش، چونکە وەک دەزانین ئەمهریکا بەشێوەیەکی فعلی لە دوایی روخانی رژێمی سەدامەوە لە عێراقە، باشترین دەرفەت بۆ بارزانی رەخسا تا بتوانێ کار لەسەر بەدیهێنانی زۆرترین مافەکانی کورد بکات، بەتایبەت کە لە چەند ساڵی رابورد و وەزعی ئەمهریکا لە هەمو روەکانەوە لە وەزعی حکومەتەی مالیکی باشتر نەبو، بەو پێیەی کە ئەمهریکا بە سیفەتی هێزیکی داگیرکەر هاتۆتە عێراقەوە، هەروەها لە باری ئەمنی و سیاسیەوە بەبێ پشتیوانی کورد و بارزانی نەک هەر نەیدەتوانی سیاسەتەکانی بەرەوپێش بەرێت، بەڵکو تەنها هێزێک کە لە عێراق چارەی ئەمهریکایی دەویست کورد بو، جا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی بارزانی نەیتوانی لە ماڵەکەی خۆییدا واتا عێراق هیچ دەسکەوتێکی بە دیکۆمێنت کراو بۆ کورد بەدەست بهێنێ؟! لەکاتیکدا پێشتر یەکێک لە بیانوەکانی سەرکردایەتی کورد ئەوە بو، کە ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دروست بکەن و لێپرسراوانی باڵای ئەم وڵاتانە ببینن، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابورد و خودی بارزانی چەندانجار بە دو قۆڵی لە گەڵ جۆرج بۆش سەرۆک کۆماری ئەمهریکا کۆبۆتەوە، ئەمە جگە لە بینینی بەردەوامی سەرکردەو لێپرسراوە باڵاکانی ئەمهریکا و وڵاتانی ئەوروپایی رۆژئاوا وەک بەریتانیا و فەرەنسا و ..هتد ؟! ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەسەر ئاستی سیاسی نەیتوانیبێت سود لەو دەرفەت و هەلە زێرینانەی وەرگرێت کە لە چەند ساڵی رابوردو بۆیی هاتبێتە پێش، کارتی بەهێزی زۆر باشی بەدەستەوە بو، لەهەمانکاتدا لەسەر ئاستی حکومڕانیش لە هەرێمی کوردستان بە درێژایی ئەو حەڤدە ساڵەی رابوردو نەیتوانیوە، نمونەیەکی جوانی دیموکراتی پێشکەش بکات، کە سەرنجی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ لایی خۆی رابکێشێ، بەپێچەوانەوە ماوەی ساڵێک زیاترە چەندین جار لەلایەن نێوەندەکانی راگەیاندن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی وڵاتانی رۆژئاوا کەوتۆتە بەر رەخنەو سەرنج، بەجۆرێک کە لە راگەیاندنە جیهانیەکانەوە بە ئەزمونێکی نادیموکراسی و گەندەڵ وەسف دەکرێ، ئەمەش لە راگەیاندنەکانی ئەمهریکا شێوەیەکی نیمچە بەردەوامی وەرگرتوە، بێگومان هەر یەک لەو کەسانەش کە لەسەر ئەزمونی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەنوسن، بەشێوەیەکی گشتی پشت بە بەڵگە ودیکۆمێنت دەبەستن، یان بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ژیاون و بەچاوی خۆیان واقعی ژیانی خەڵک و حکومڕانیەکەیان بینیوە، بەرچاوتریان مایکڵ رۆبن بو، که سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و حکومڕانیەکەی بە گەندەڵ و نادیموکراسی وەسف کرد بو لە راپۆرتەکەی کە بڵاوی کردبۆوە، هەروەها چەند جارێک رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمهریکا پەردەیان لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەڵدایەوە لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەم راپۆرتانە و چەندان راپۆرت و لێکۆڵینەوەی تر لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەمەڕ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ژنانەوە، ئەزمونی حکومڕانی لە بەرچاوی وڵاتانی رۆژئاوا بەشێوەیەکی گشتی ناشیرن بوە، چونکە یەکێک لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی دیموکراسی بونی هەر حکومەتێک، بەدیدی وڵاتانی رۆژئاواو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بریتییە لە: پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلنەکردنی ئازادی ژنان ...هتد لەناو ئەم حکومەتەدا، بۆیەش لەم نێوەندەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمە لەبەرامبەر ئەو رەشەکوژییەی ژنان لەلایەک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی لەم هەرێمەدا لەلایەکی ترەوە، جا ئەگەر هەرێمێک لەسەر هەمو ئاستەکاندا لێوان لێو بێت لە کێشەو کەموکوڕی، هەوەها کەوتبێتە بەر ناڕەزایی خەڵکی وڵاتەکەی خۆیی و لەسەر ئاستی دەرەکیش رۆژ بەرۆژ دۆستەکانی لەکەم بونەوە دابێت، بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی تێیدا ئەنجام دەدرێت، دەبیت چارەنوسی ئەم هەرێمەو کورسی سەرۆکەکەی چی لێبێت؟