سازدانی: ئه‌حمه‌د زاویتی (كه‌ناڵی ئاسمانی ئه‌لجه‌زیره)
له عه‌ره‌بیه‌وه: مه‌جید ساڵح
بینه‌رانی به‌ڕێز سڵاوی خواتان لێبێت، له به‌رنامه‌ی "دیداری ئه‌مڕۆ"ی كه‌ناڵی ئاسمانی ئه‌لجه‌زیره له گهڵتانداین و میوانداری نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی لیستی "گۆڕان"مان كردوه.
ئه‌لجه‌زیره: ئێوه وه‌ك ره‌وتێك له سه‌ركردایه‌تی (ی.ن.ك) به‌رنامه‌ی "گۆڕان"تان له كوردستانی عێراق راگه‌یاندوه، له پشتی ئه‌و به‌رنامه‌وه چیتان ده‌وێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: حاڵی حازر ئێمه ره‌وتێك نین له ناو (ی. ن.ك)، به‌ڵكو رهوتێكین له ده‌ره‌وه‌ی (ی.ن.ك) به‌رنامه‌ی لیستی گۆڕان له‌وه‌دا كورت ده‌كرێته‌وه ده‌سه‌ڵاتی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت جیا ده‌كرێته‌وه. به‌مانایه‌كی تر هه‌وڵده‌ده‌ین په‌رله‌مانێك دروست بكه‌ین له ژێر ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كانی كوردستاندا نه‌بێت. هه‌روه‌ها بنیادنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ و نه‌زیهی و سه‌ربه‌خۆ و دادپه‌روه‌ر، سنوردانان بۆ ده‌ستێوه‌ردانی حیزب له زانكۆكان و ئابوری واته جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له حكومه‌ت و بونی شه‌فافیه‌تی زیاتر له بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر.
ئه‌لجه‌زیره: بۆ پێشتر ئه‌و داخوازیانهتان نه‌بوه و ئێستا هه‌تانه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ته‌مه‌نی ئه‌زمونی كوردستان نزیكه‌ی 18 ساڵ ده‌بێت، له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 كاری سه‌ره‌كیمان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه بو كه له ئه‌نجامی كشانه‌وه‌ی ئیدارات له لایه‌ن حكومه‌تی مه‌ركه‌زیه‌وه هاتبوه ئاراوه، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌بو داموده‌زگاكانی حكومه‌ت دروست بكرێنه‌وه، ده‌زگا ده‌ستوری و حكومیه‌كان. واته پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئیداری و سیاسی و ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2005 قۆناغه‌كه گۆڕا، له‌و كاته‌دا هه‌رێمی كوردستان له روه‌كانی سیاسی و ئه‌منی و ته‌نانه‌ت ئابوریش، سه‌قامگیر بو.
كاری سه‌ره‌كی بریتی بو له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق، بۆیه ده‌بوایه خیتابی كورد خیتابێكی یه‌كگرتو بوایه بۆ چه‌سپاندنی به‌شداریكردنی كورد له ده‌زگاكانی دروستكردنی بڕیاری سیاسی له عێراق. به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتو ئه‌و قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاند.
ئێستا كاری سه‌ره‌كی بریتییه له چاكسازی له ناوخۆدا، چاكسازی سیاسی، چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی، چاكسازی ئابوری و كلتوری.
ئه‌لجه‌زیره: هه‌ندێك چاودێری سیاسی ده‌ڵێن ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ئێوه له‌وانه‌یه ببێته هۆی كه‌رتبونی هه‌ڵوێستی كورد له به‌غدا له ئاینده‌دا؟ وه‌ڵامی ئێوه چیه بۆیان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه پێمان وانییه یه‌كگرتویی كورد له بونی یه‌ك لیستی دایه، به‌ڵكو پێمان وایه یه‌ك هه‌ڵوێستی كورد له بونی یه‌ك خیتابی كورددایه. ده‌كرێت له‌گه‌ڵ هه‌مو حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا یه‌ك خیتابیمان هه‌بێت و له‌هه‌مان كاتیش‌دا ململانێ بكه‌ین بۆ به ده‌ستهێنانی كورسی زیاتر له په‌رله‌مانی كوردستان.
ئه‌لجه‌زیره: سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنتان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئایندهی په‌رله‌مانی له لیستی "گۆڕان" كه سه‌ربه‌خۆیه له لیستی "كوردستانی" كه هی هه‌ردو حیزبه كوردیهكهیه، خۆ ئامادهكردنتان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه چۆنه، به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنتان چیه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وه‌ك له سه‌ره‌تادا باسم كرد به كورتی به‌رنامه‌ی ئێمه پێكدێت له چه‌ند ته‌وه‌رێکی سه‌ره‌كی. خاڵی سه‌ره‌كی بریتییه له جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له حكومه‌ت. په‌رله‌مانێك دور له باڵاده‌ستی حیزبه‌كان. ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌نفیزی كارا، ده‌سه‌ڵاتێكی قه‌زایی سه‌ربه‌خۆ له ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌كان و زانكۆكان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب بن و بازاڕ و ئابوری دوربێت له ده‌ست تێوه‌ردانی حیزب.
ئه‌لجه‌زیره: چه‌ندین مانگه باس له‌و شتانه ده‌كه‌ن، كاردانه‌وه‌ی شه‌قامی كوردی بۆ ئه‌و په‌یامانه‌تان چۆن ده‌بینن، به دڵنییاییه‌وه ئه‌و په‌یامه له كوردستاندا شتێكی نوێیه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆر باشی هه‌بوه‌و خه‌ڵك ئیستیجابه‌یان زۆر زۆر باش بوه بۆی، چونكه قۆناغی مه‌ترسیمان تێپه‌ڕاندوه و ئێستا باری سیاسی و ئه‌منی و ئابوری سه‌قامگیره‌و په‌یوه‌ندی نێوان ناوهندو هه‌رێم باشه و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستورو تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و دیالۆگ بونیادنراوه، بۆیه كاتی ئه‌وه هاتوه گرنگی به پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌كیه‌كانی هاوڵاتیانی كورد بده‌ین، بۆ نمونه دابینكردنی كاره‌باو ئاوی خواردنه‌وه و دروستكردنی قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی له نێوان به‌رزترین ئاستی موچه‌و نزمترین ئاستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت.
ئه‌لجه‌زیره: چۆن خۆتان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ قۆناغی پاش هه‌ڵبژاردن ئایا ئه‌گه‌ر داواتان لێكرا، به‌شداری له حكومه‌تدا ده‌كه‌ن یان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌مێننه‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: زوه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه، با چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه بین.
ئه‌لجه‌زیره: سه‌باره‌ت به هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هێزه سیاسیه‌كان پێش و پاشی هه‌ڵبژاردن، ئایا له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی هیچ لایه‌نێك داوای هاوپه‌یمانی لێنه‌كردون بۆ به‌شداریكردن له‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه هه‌تانه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كه‌س داوای هاوپه‌یمانی لێمان نه‌كردوه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین ته‌نسیق بكه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌مو لیسته‌كاندا، ته‌نسیق له بواری چاودێری و راگه‌یاندن و سیاسه‌ت، ته‌نسیق، نه‌ك هاوپه‌یمانێتی. ته‌نسیق یان هاوپه‌یمانی پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ستراوه‌ته‌وه به ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه.
ئه‌لجه‌زیره: سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی كورد له به‌غدا له شه‌ش ساڵی رابردودا، په‌یوه‌ندیه‌كی ئاشكرا هه‌بوه له نێوان كورد به هه‌ردو حیزبه‌كه‌یه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا و هێشتا هه‌ندێك گرفتی هه‌ڵپه‌سێراو ماوه‌ته‌وه، ئێوه به‌رنامه‌یه‌كی ئاشكراتان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و مه‌سه‌له هه‌ڵپه‌سێراوانه، وه‌ك كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان و جۆری په‌یوه‌ندیتان له گه‌ڵ به‌غدا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ له به‌رنامه‌كه‌ماندا هه‌یه و نامه‌وێ بڕۆمه ورده‌كاری به‌رنامه‌كه‌وه، به‌ڵام له روی مه‌بده‌ئیه‌وه په‌نا بۆ دیالۆگ ده‌به‌ین نه‌ك زمانی هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه. دیالۆگێك له‌سه‌ربناغه‌ی ده‌ستوری عێراق بونیادنرابێت.
ئه‌لجه‌زیره: ئێوه وه‌ك لیستی گۆڕان یان ره‌وتی ریفۆڕم له كوردستانی عێراق، چۆن ده‌ڕواننه په‌یوه‌ندی نێوان به‌غدا و كوردستان، ئایا ئه‌و په‌یوه‌ندییه له رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه ده‌بێت یان وه‌ك ره‌وتێك ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌به‌ستن، ئایا ئێستا په‌یوه‌ندیتان هه‌یه به حكومه‌تی به‌غداو ره‌وت و حیزبه‌كانی دیكه‌ی عێراق؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه حیزب نین تاوه‌كو په‌یوه‌ندی دو قۆڵی و سێ قۆڵی ببه‌ستین، به‌ڵام مه‌رجه‌عی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌مو ئه‌و كێشانه په‌رله‌مانی کوردستانه‌و هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌ده‌ین، ده‌زگایه‌کی ده‌ستوری تایبه‌ت بۆ لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له به‌غداو جۆری ئه‌دائیان دروست بکه‌ین، حاڵی حازر ده‌زگایه‌كی به‌رپرس نییه بۆ لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسه كوردانه‌ی له به‌غدان. ئێمه شه‌ریكی حكومه‌تی عێراقین و له ئۆپۆزسیۆندا نین، شه‌ریكین له دروستكردنی بڕیاری سیاسی و له وه‌زاره‌ته‌كاندا شه‌ریكین له په‌رله‌مانی عێراقدا شه‌ریكین، بۆیه مه‌بده‌ئی دیالۆگ باشترین مه‌بده‌ئه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ههڵپهساوهكان.
ئه‌لجه‌زیره: په‌یوه‌ندی لیسته‌كه‌تان یان ره‌وتی ریفۆڕم یان نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێكی ناودار له كوردستان پهیوهندتان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك زلهێزێكی جیهانی چۆنه و كه له عێراقدا پێگه‌یان به‌هێزه، ئایا جۆرێك له په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه، یان ئایا ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی پێتانه‌وه كردوه بۆ دروستكردنی جۆرێك له په‌یوه‌ندی؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: په‌یوه‌ندی سیاسی دیبلۆماسی له ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقدایه‌و له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی فیدراڵه كاروباری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له ئه‌ستۆ بگرێت، بۆیه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له كاره سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌تی عێراقه، ئه‌وه له‌لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه‌وه 20 ساڵ زیاتره بزوتنه‌وه‌ی كوردی جۆرێك له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل َئیدارهی ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه. به تایبه‌تی پاش كۆڕه‌وه‌كه و هێرشكردنی سوپای عێراق بۆ سه‌ر كورد‌و دروستكردنی "ناوچه‌ی ئارام"، له‌و كاته‌وه تاوه‌كو ئێستا په‌یوه‌ندی هه‌یه له نێوان سه‌ركردایه‌تی كورد‌و به‌رپرسه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا، به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه له دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا. به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه له سه‌قامگیری سیاسی له ناوچه‌كه‌و رێگه نه‌دان به هاتنی تیرۆریستان بۆ ناوچه‌كه. په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ن و پێموانییه په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی.
ئه‌لجه‌زیره: ئێران ئێستا رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له عێراقدا. به‌پێی قسه‌ی چاودێران ئێران به شێوه‌ی جۆراوجۆر بونی له عێراقدا هه‌یه، په‌یوه‌ندی ئاشكرای هه‌یه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌ردو حیزبه‌كه‌و هێزه عێراقییه‌كانی دیكه‌دا له باشور‌و ناوه‌ڕاستی عێراق، به‌و پێیه‌ی شاری سلێمانی هاوسنوره له‌گه‌ڵ ئێران، ئایا ئێران هه‌وڵی نه‌داوه په‌یوه‌ندیتان پێوه بكات و جۆرێك په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ دروست بكات؟.
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێران وڵاتێكی گرنگه‌و هێزێكی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه‌یه. عێراق زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر سنوری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵدا هه‌یه. نه‌ك هه‌ر سنوری هاوبه‌ش، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی و كلتوری و ئابوری له‌گه‌ڵ هه‌ردولادا هه‌یه، بۆیه گرنگه په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ هه‌بێت، چی له لایه‌ن حكومه‌تی مه‌ركه‌زی چی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 600 كیلۆمه‌تر سنوری هاوبه‌شی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئێران، بۆیه پێویسته په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا باش بێت و له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی و حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران باشه‌و كۆنسوڵی ئێران له سلێمانی و هه‌ولێر هه‌یه و مه‌ركه‌زی بازرگانی و كۆمپانیای ئێرانی له كوردستاندا به ئازادی كار ده‌كه‌ن.
ئه‌لجه‌زیره: به‌ڵام وه‌ك ره‌وتێك، په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه؟
نه‌وشیروان: نه‌خێر
ئه‌لجه‌زیره: وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێكی ناوداری كورد چۆن په‌یوه‌ندی كورد‌و ئێران له‌لایه‌ك و كورد‌و توركیا له‌لایه‌كی تر هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه بابه‌تێكی زۆر ئاڵۆز، چونكه گه‌لی كورد به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێكی وه‌ك ئێران و توركیا‌و عێراقدا دابه‌شكراوه. له‌ودیو سنوره‌كانه‌وه په‌یوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه له نێوان كورده‌كاندا، له هه‌مانكاتدا كێشه هه‌یه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ به تایبه‌تی توركیا ئه‌ویش به‌هۆی بونی هێزی چه‌كدار له‌سه‌ر سنوره‌كان، له‌به‌ر به‌ربڵاوی سنوره‌كه‌ش، حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت كۆنترۆڵی هه‌مو ناوچه‌كه بكات، كێشه‌ی كورده‌كانی توركیا، كێشه‌ی توركیایه و كێشه‌ی عێراق نییه. ناتوانرێت له رێگه‌ی هێزی چه‌كداری كوردی عێراقه‌وه كێشه‌ی كوردی توركیا له ناو ببرێت، به‌ڵكو ده‌كرێت كێشه‌كه سیاسیانه چاره‌سه‌ر بكرێت كێشه‌كه له خاكی عێراق چاره‌سه‌ر ناكرێت چاره‌سه‌ره‌كه‌ی له خاكی توركیایه.
ئه‌لجه‌زیره: باستان له كێشه‌ی كورد كرد له توركیا‌و ئێران، كێشه‌ی كورد له عێراق له رێگه‌ی فیدراڵیه‌ته‌وه چاره‌سه‌ركراو پڕۆژه‌ی دیكه هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، ئایا فیدراڵیه‌ت چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ده‌كات، یان ئێوه پڕۆژه‌ی ترتان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له عێراق؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌م قۆناغه‌دا چاره‌سه‌ری فیدراڵی چاره‌سه‌رێكی زۆر چاكه بۆ كێشه‌ی كورد له عێراق، مانه‌وه‌ی كورد له ناو عێراقدا، هێزه بۆ كورد، نه‌ك لاوازی. بۆیه من لایه‌نگری فیدراڵیم و له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقدا له به‌غدا بوم و به‌شداریم كرد له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقی و په‌یوه‌ندی فیدراڵی له نێوان به‌غداو حكومه‌تی هه‌رێم.
ئه‌لجه‌زیره: سیاسه‌تمه‌دارانی كورد به‌رده‌وام باس له مانه‌وه‌یان له چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌كه‌ن، هه‌ندێ لایه‌نی عه‌ره‌بی پێیان وایه ئه‌و هه‌ڵوێسته له ئاینده‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و ئه‌و هه‌ڵوێسته هه‌ڵوێستێكی تاکتیکییه و له‌وانه‌یه له ئاینده‌دا بگۆڕێت؟.
نه‌وشیروان مسته‌فا: له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا پێموایه له چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ناتوانم پێشبینی ئاینده بكه‌م، چونكه پێش 20 ساڵ ئه‌وروپا شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی بو 20 ساڵ دوای ئه‌وه‌ش شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه. هه‌روه‌ها به نسبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشه‌وه وایه. من ناتوانم پێش بینی ئه‌وه بكه‌م 20 ساڵی دیكه چی روده‌دات.
ئه‌لجه‌زیره: له شه‌قامی كوردستاندا ترس له‌وه هه‌یه په‌یوه‌ندی ئێوه‌و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بگاته ئاستی شه‌ڕی سارد و نهێنیه‌كانی رابردو ئاشكرا بكرێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام لاپه‌ڕه‌كانی رابردو دابخرێت، وه‌ك ده‌زانن شه‌ڕی ناوخۆ هه‌بوه له كوردستاندا‌و دواتر ئاشت بونه‌وه رویدا له نێوان هه‌مو لایه‌نه‌كاندا. من له‌گه‌ڵ ئاشت بونه‌وه و هه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی رابردوم، و نامه‌وێت بچینه ناو پێچ و لۆكانی مێژوه‌وه تا ئه‌و راده‌یه نه‌بێت كه خزمه‌تی ئاینده بكات، به‌ڵام گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دواوه، ترسمان له باسكردنی روداوه‌كان نییه. ئه‌وه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه هیوادارم كار نه‌گاته هیچ جۆره ئاڵۆزیه‌كی سیاسی و ناسیاسی له كوردستانی عێراقدا. چونكه لای خۆمانه‌وه، هێزی چه‌كدار و سه‌ربازیمان نییه‌و مه‌سه‌له‌ی ئه‌منی سیاسی و پاراستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌و ده‌كرێت له‌م بارودۆخه‌دا له رێگه‌ی یاساوه رێگه بگرن له هه‌مو جۆره گرژی و ئاڵۆزییه‌ك.
ئه‌لجه‌زیره: ئایا مه‌ترسی ئه‌وه‌تان نییه ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا له چوارچێوه‌ی كرژی راگه‌یاندن ده‌رچێت و بگاته ئاستی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌كداری له نێوان ئێوه و ده‌سه‌ڵاتی كوردی یان (ی.ن.ك)؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسین و هێزی چه‌كدارمان نییه، ئێمه په‌نا بۆ دادگا و یاسا ده‌به‌ین، ئه‌گه‌ر له سلێمانی رێگه‌مان پێ نه‌ده‌ن، په‌نا بۆ دادگای فیدراڵی ده‌به‌ین له به‌غدا یان رێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئێمه په‌نا بۆ چه‌ك نابه‌ین.
ئه‌لجه‌زیره: له میدیا لۆكاڵیه‌كان باس له گوشار ده‌كرێت بۆ سه‌ر كادر‌و لایه‌نگره‌كانتان، ئایا هه‌ڵوێستان وه‌رنه‌گرتوه له‌و گوشارانه به رێگه‌ی دادگا بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و گوشارانه له‌سه‌ر كادره‌كانتان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه ئه‌وه به پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیبون ده‌زانین و ئه‌ركی حكومه‌ت دۆزینه‌وه‌ی كار‌و موچه‌یه بۆ هاوڵاتیان، له رێگه‌ی دادگاوه به‌رگری له هاوڕێكانمان ده‌كه‌ین.
ئه‌لجه‌زیره: دواین پرسیارمان ئه‌وه‌یه، ئێستا په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانیدا چۆنه؟ ئێوه كه‌سی یه‌كه‌م و دوه‌م بون له ناو (ی.ن.ك)دا؟.
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌سه‌ر ئاستی شه‌خصی په‌یوه‌ندیمان ئاساییه.
الجزیره: به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی لیستی گۆڕان، سوپاستان ده‌كه‌ین بۆ ره‌خساندنی ئه‌و ده‌رفه‌ته.