(سبه‌ی):
نه‌شیروان مسته‌فا له‌وبڕوایه‌دایه، ناوه‌ڕۆكی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ڕۆكێكی زۆر زۆر كۆنه‌په‌رستانه‌یه، ناوه‌ڕۆكێكه كوردستان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ دواوه، ئێمه ده‌مانه‌وێت وڵاتێكی دیموكراتی دابمه‌زرێنین، به‌ڵام ناوه‌رۆكی ئه‌م ده‌ستوره په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستان ده‌كات به‌دو ده‌زگای كارتۆنی لاوازی بێ ده‌سه‌ڵات، له به‌رامبه‌ردا، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر به‌هێزو زیاد ده‌بێت، كه ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی مه‌نتقی گه‌شه‌كردنی روداوه‌كانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته.
لهوچاوپێكهوتنهدا كه ته‌له‌فزیۆنی KNN له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامیدا نه‌وشیروان تیشكی خسته سه‌ر ره‌شنوسی ده‌ستورو بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان‌و مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌روه‌ك وتی: ئه‌و له‌ویه‌تی ئێستا چاكسازیی نییه، به‌ڵكو گۆڕانه. قۆناغێك چاكسازیی بو، له‌ئێستادا ئه‌وله‌ویه‌ت گۆڕانه له‌شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ولاَتهكهماندا، گۆڕین نییه لهدهمو چاو و كه‌سه‌كاندا، گۆڕینه له‌شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ولاَتدا، ئه‌م ولاَتهی ئێمه هه‌تا ئێستاش مه‌كته‌بی سیاسییه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئیتر كاتی ئه‌وه‌هاتوه كه په‌رله‌مان ببێت بهمهرجهعێكی سیاسی، كاتی ئه‌وه هاتوه كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌بێ ته‌ده‌خولی رۆژانه‌ی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان، بتوانێت كاروباری دائیره‌كانی به‌رێوه‌به‌رێت.
KNN: ده‌ستور وه‌ك یه‌كێك له هه‌ره مه‌سه‌له زیندوه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌مڕۆ قسه‌و باسی لێ ده‌كرێت، رای ئێوه له‌وباره‌یه‌وه چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان ده‌ستور له هه‌مو وڵاتێكدا شتێكی زۆر گرنگه‌و ناوده‌برێت به دایكی یاساكان، هه‌مو یاسایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور داده‌نرێت، مێژوی داواكردنی نوسینی ده‌ستور له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای راپه‌ڕین، كاتێك كه یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان كرا، ئه‌و سه‌رده‌مه یه‌كێك له‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه ده‌هاته كایه‌وه‌و به درێژایی مفاوهزاتهكانی سه‌رده‌می شۆڕش‌و حكومه‌تی عێراقی یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی كه هه‌میشه به گرنگی باسی لێوه ده‌كرا، جۆری رێكخستنی په‌یوه‌ندی حكومه‌تی ههرێمو حكومه‌تی به‌غدا بو، ئه‌وساكه ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان وا رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سیغه‌ی فیدراڵی، شێوه‌ی فیدراڵی، په‌یوه‌ندی فیدراڵی له‌نێوان ههرێمو حكومه‌تی به‌غدا بكرێت به بنچینه‌ی رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ش دانرا كه ده‌ستورێكی فیدراڵی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنوسرێت، ئه‌و سه‌رده‌مه چه‌ند كه‌سێكی یاسایی، چه‌ند كه‌سێكی پسپۆڕ، شاره‌زا، سیاسی، پڕۆژه‌ی ده‌ستوریان نوسی، ئه‌وه‌نده‌ی من له‌بیرم بێت، ره‌نگه ئێستا له ئه‌رشیفی په‌رله‌مانی كوردستانیشدا بۆی بگه‌ڕێین هه‌بێت. به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه پڕۆژه‌ی سێ ده‌ستوری هه‌رێم نوسراوه له‌لایه‌ن سێ گروپ‌و كه‌سی جیاوازه‌وه له‌و سه‌رده‌مانه‌دا نوسیویانه، ئه‌و سه‌رده‌مانه، ده‌ستوره‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و نه‌یانویست بنوسرێت، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ركوك‌و ناوچه دابڕاوه‌كان، كه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نین، بێبه‌شده‌بن، هه‌م نوێنه‌ریان نییه له په‌رله‌مانی كوردستان، له‌كاتی راپرسیشدا ناتوانن، ده‌نگی له‌سه‌ر بدهنو ئه‌و ده‌ستوره قبوڵ بكه‌ن یان قبوڵی نه‌كه‌ن.
ئه‌مه بیانوی ئه‌و سه‌رده‌مه بو، بێگومان بیانوی سیاسی له‌پشته‌وه بو، به‌ڵام ئه‌وه‌یان كردبو بهبیانوه ئاشكراكه‌ی، ئێستاش ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان مه‌نتقی ئه‌و زه‌مانه ته‌ماشا بكه‌ی هه‌مان بیانومان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌ستوره‌كه تێنه‌په‌ڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه چواریه‌كی زه‌وی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌وانه له‌م ده‌ستوره‌دا ناتوانن ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن، بێبه‌ش ده‌بن، له په‌رله‌مانی كوردستانیشدا نوێنه‌ریان نییه، جگه له‌وه جالییه‌ی كوردیی كه ئێستا سه‌دان هه‌زار كه‌سن، له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، چ له ئه‌وروپا، چ له ئوسترالیا، چ له ئه‌مه‌ریكا، چ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وانه‌ش بێبه‌ش ده‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م ده‌نگدانه‌دا ده‌گیان نییه، ناتوانن ده‌نگ بده‌ن.
جگه له‌وه ئێمه ده‌ستور له سێ لاوه ته‌ماشا ده‌كه‌ین، یه‌كێكیان لایه‌نی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یه‌تی، كه‌من پێموایه، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ده‌ستوره ناوه‌ڕۆكێكی زۆر زۆر كۆنه‌په‌رستانه‌یه، ناوه‌ڕۆكێكه كوردستان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ دواوه، ناوه‌ڕۆكێكه كه ئێمه ده‌مانه‌وێت وڵاتێكی دیموكراتی دابمه‌زرێنین، ئه‌م ده‌ستوره‌ی ئێستا كاری بۆ ده‌كرێت په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستان ده‌كات به‌دو ده‌زگای كارتۆنی لاوازی بێ ده‌سه‌ڵات، له به‌رامبه‌ردا، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر به‌هێزو زیاد ده‌بێت، كه ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی مه‌نتقی گه‌شه‌كردنی روداوه‌كانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، جگه له مه‌سه‌له‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوره‌كه، مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستوره نه‌خراوه‌ته به‌رچاوی خه‌ڵك، وا ئیدیعا ده‌كه‌ن كه دوساڵ لهمهوپێش خستویانه‌ته به‌رده‌می خه‌ڵك، من ته‌حه‌دای ئه‌وانه ده‌كه‌م به‌شی زۆری ئه‌ندامه‌كانی په‌رله‌مان خۆشیان ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوره‌كه‌یان نه‌خوێندوه‌ته‌وه، نه‌خراوه‌ته به‌ر گفتوگۆیه‌كی جدی له تهلهفزیۆنو رادیۆ‌و ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، ته‌نانه‌ت له په‌رله‌مانه‌كه‌ی خۆشیاندا، بێجگه له‌و لیژنه ده‌ستورییه‌ی كه دایانناوه‌و لیژنه ده‌ستورییه‌كه گوێڕایه‌ڵی سه‌ركردایه‌تی سیاسی حیزبه‌كانه، ئه‌وان پێیان ده‌ڵێن چی بكه‌ن و چی نه‌كه‌ن، بێجگه له‌وه نه‌خراوه‌ته گفتوگۆیه‌كی جدییه‌وه، تا لێی بزانن.
وڵاتی واهه‌یه ده‌ستوری نییه، بۆ نمونه وڵاتێكی وه‌ك به‌ریتانیا كه یه‌كێكه له كۆنترین وڵاته دیموكراتییه‌كانی دنیا، تائێستا ده‌ستورێكی نییه، په‌رله‌مانه كه یاسا دهردهكهنو ده‌ستكاری ده‌كه‌ن، به گوێره‌ی پێداویستییه‌كانی رۆژ. ئه‌مانه ده‌ستورێكیان نوسیوه، شه‌ش حه‌وت لاپه‌ڕه هه‌ر پێشهكییهكهیهتی، له‌كاتێكدا ده‌ستوری ئه‌مه‌ریكا كه یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین وڵاته‌كانی دنیا، پێشه‌كییه‌كه‌ی بریتییه، له دو رسته، بریتییه له‌وه‌ی كه ده‌ڵێت: «ئێمه میلله‌تی ئه‌مه‌ریكا بڕیارماندا»: ماده‌ی یه‌ك، دو، سێ.... ئه‌مانه حیكایهتێكیان كردوه له زه‌مانی ئادهمو حه‌واوه هێناویانه‌ته خواره‌وه تا ئێستا.
جارێكی دیكه‌یش ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوره‌كه، ناوه‌ڕۆكێكه كه ده‌بێت میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه به‌هیچ جۆرێك قبوڵی نه‌كات، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌م په‌رله‌مانه ته‌مه‌نی به‌سه‌رچوه. له حه‌قیقه‌تا ئه‌م په‌رله‌مانه فێڵمان لێده‌كه‌ن، وه‌ختی خۆی من خۆم سه‌رپه‌رشتی به‌شێك له لیسته‌كانی یه‌كێتیم كردوه، من وه‌كیلی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوم له كۆمسیۆنی باڵا.
KNN: ببوره مه‌به‌ستت چییه له‌وه‌ی كه ده‌ڵێیت فێڵمان لێده‌كه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كاتی خۆی ئه‌م په‌رله‌مانه‌مان كه هه‌ڵبژارد، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی عێراقیدا هه‌ڵمانبژاردن بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ، ئه‌وان یه‌ك ساڵه‌كه‌یان كرد به چوار ساڵ، ئێستاش ته‌مه‌نیان ته‌واو بوه، به بێئه‌وه‌ی هیچ كاره‌ساتێكی سروشتی بوبێت، بێ ئه‌وه‌ی جه‌نگی ئه‌هلی بوبێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هێرشی كرابێته سه‌ر، ده‌یانتوانی دوساڵ لهمهوپێش ئه‌م ده‌ستوره بێننه پێشه‌وه‌و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌یانتوانی یاسای هه‌ڵبژاردن دو ساڵ لهمهوپێش بێنن قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه ده‌یانزانی هه‌ڵبژاردن كه‌ی ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌مانه به‌شێوازی موئامه‌ره هه‌مو شته‌كانیان دواخست بۆ ئه‌وكاته‌ی كه ته‌مه‌نیان به‌سه‌رچوه، بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ژێر فشاری كاتهوهو له‌ژێر فشاری كاتدا بڕیار بدات، بۆیه به‌ڕاستی ده‌بێت میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌مه ره‌فز بكات.
KNN: ئه‌گه‌ر بارودۆخی ده‌ستوره‌كه به‌م شێوه‌یه بێت‌و په‌رله‌مانیش له‌ڕوی یاساییه‌وه شه‌رعییه‌تی نه‌مابێت، تێپه‌ڕاندنی ده‌ستور بۆ؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵنیانین كه په‌رله‌مانی داهاتو زۆرایهتییهكی مسۆگه‌ری ئه‌وتۆیان هه‌بێت، چیان بوێت بیكه‌ن، بۆیه ده‌یانه‌وێت به‌و ماوه كورته ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت بیسه‌پێنن، كه میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه نابێت قبوڵی بكات.
KNN: ئه‌گه‌ر بگوازینه‌وه بۆ بارودۆخی هه‌ڵبژاردنه‌كان، خۆت ده‌زانیت یه‌كێكی دیكه له دۆسییه گه‌رمه‌كان باسوخواسی هه‌ڵبژاردنه كه خه‌ڵك چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن، ئێوه تێڕوانینتان بۆ بارودۆخی هه‌ڵبژاردن چۆنه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من ئومێدم وایه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له كوردستانی عێراقدا به‌وپه‌ڕی هێمنی، به‌وپه‌ڕی دیموكراتی، به‌وپه‌ڕی مونافه‌سه‌یه‌كی شه‌ریفانه له‌نێوان نوێنهرهكانو له‌نێوان لیسته‌كاندا تێبپه‌ڕێت، ئه‌گه‌ر هه‌مو لایه‌ك ئامانجی ئه‌وه‌بێت كه خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌ی خۆمان بكات، خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه له‌پاراستنی ئهمنو ئاسایشی هه‌رێمدایه، خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان له‌وه‌دایه كه هه‌وڵبده‌ین په‌رله‌مانێكی فره رهنگو فره ده‌نگی وابێته پێشه‌وه كه مه‌جالی ئۆپۆزسیۆنی تیابێت، چونكه هیچ وڵاتێك له دنیا ناتوانێت ئیدیعا بكات بڵێت من وڵاتیكی دیموكراتیم ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنی تیا نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت پێمان خۆشبێت كه ركه‌به‌ری له‌نێوان لیسته‌كاندا هه‌بێت، ركه‌به‌ری له‌نێوانی لیسته‌كاندا هه‌بێت له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه باشترین كه‌س هه‌ڵبژێرن بۆ په‌رله‌مان كێبڕكێیان له‌نێواندا هه‌بێت كه باشترین به‌رنامه دابنێن، ركه‌به‌ری له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌بێت كه كامیان به سه‌رده‌میی ترینو به دیموكراتیی ترین شێوه داخڵی په‌رله‌مان ده‌بن، نه‌ك له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیكه.
KNN: تۆ پێتوایه ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان دروستبوه، (به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه زۆر به‌كارده‌هێنرێت) وه‌رچه‌رخانێكه له‌ڕوی دیموكراسییهوهو دیسانه‌وه مۆدێلێكی نوێمان نیشانده‌دات؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ، ئومێدم وایه، كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێویه‌كی هێمنو دیموكراتی به‌ره‌وپێشه‌وه بچێت ئه‌و لیستانه‌ی كه ئێستا ركه‌به‌ری له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌كه‌ن، نوێنه‌ره‌كانیان بچنه په‌رله‌مانه‌وه. بێگومان به‌رنامه‌و بۆچونی جیاوازیان هه‌یه، ئه‌و بۆچون‌و به‌رنامه جیاوازانه له ناو په‌رله‌ماندا وابێت كه ركابه‌ری یه‌كتریی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه كامیان بتوانن، زۆرترین خزمه‌ت به میلله‌ته‌كه‌مان بكهنو زۆرترین خه‌ڵك به‌لای خۆیاندا رابكێشن.
KNN: به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی له رابردودا كه‌متر هۆشیاری تاكی كورد له‌به‌رچاو گیراوه، له‌م جاره‌یاندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لیست‌و قه‌واره سیاسییه‌كان به‌رنامه ده‌كه‌نه فه‌لسه‌فه‌ی كاری خۆیان‌و ده‌یخه‌نه به‌رده‌می جه‌ماوه‌ر؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێموایه له‌دوای تێپه‌ڕبونی (18) ساڵ له حوكمڕانی كوردیی به‌ڵێ، ئێستا به‌رنامه وه‌ك له چه‌ند جارێكی دیكه‌دا باسمكردوه، له‌دوای راپه‌ڕین بۆ ماوه‌ی ده‌ساڵ زیاتریش ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌غدا حكومه‌تی به‌عس له‌سه‌ر كاربو، ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌مو هێزه سیاسییه‌كان له كوردستانی عێراقدا ئه‌وه‌بو، كه ته‌سبیتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن، له‌دوای روخانی سه‌دام ئه‌وله‌وییه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌بو كه مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد له ده‌ستوری عێراقدا بچه‌سپێنن، به‌ڵێ ئێستا ئه‌وله‌وییه‌تی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌یه ته‌ركیز بخرێته سه‌ر به‌رنامه، ئایا به‌رنامه‌كه‌ی تۆ چ خزمه‌تگوزارییه‌كی گشتی پێشكه‌ش به‌خه‌ڵك ده‌كات؟ چ گۆڕینێك له چۆنایه‌تی ژیانی خه‌ڵكدا ده‌كه‌یت؟ چۆن عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی جێبه‌جێ ده‌كه‌یت؟ ئه‌مانه به‌رنامه‌ن، ته‌نیا دروشمی سیاسی نین، خه‌ڵك ئێستا به‌لایه‌وه گرنگه رۆژی چه‌ند سه‌عات كاره‌بای هه‌یه؟ رۆژی چه‌ند سه‌عات ئاوی خواردنه‌وه‌ی هه‌یه؟ چه‌ند كیلۆمه‌تر رێگاوبانی هه‌یه؟ چه‌ند بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه؟ چه‌ند بینای قوتابخانه هه‌یه؟ ئه‌مانه‌ی زۆر زۆر به‌لاوه گرنگه‌و به‌شێكه له به‌رنامه‌ی سیاسی.
KNN: ئه‌مه له‌و قهناعهتهوهیه له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كانتدا باس له‌وه ده‌كه‌یت كه ئه‌وله‌ویه‌تی ئێستا چاكسازیی ناوخۆیمانه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وله‌ویه‌تی ئێستا چاكسازیی نییه، به‌ڵكو گۆڕانه، قۆناغێك چاكسازیی بو، ئێستا ئه‌وله‌ویه‌ت گۆڕانه له‌شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌ماندا، گۆڕین نییه له ده‌موچاو كه‌سه‌كاندا، گۆڕینه له‌شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا، ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه هه‌تا ئێستاش مه‌كته‌بی سیاسییه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئیتر كاتی ئه‌وه‌هاتوه كه په‌رله‌مان ببێت به مه‌رجه‌عێكی سیاسی، كاتی ئه‌وه هاتوه كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌بێ ته‌ده‌خولی رۆژانه‌ی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان، بتوانێت كاروباری دائیره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێت،، قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌و موحافیزهكانو سه‌رۆكی شارهوانیو سه‌رۆكی دائیره‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی لێوهشاوهییو شارهزاییو زانایی ئیشه‌كانیان به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌بێ ته‌ده‌خولی حیزبی، دادگاكانمان سهربهخۆبنو هیچ لایه‌نێك نه‌توانێت ده‌ستوه‌ربداته كاروباره‌كانیان، زانكۆكانمان سه‌ربه‌خۆبن، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی حیزب بێنه ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌رگری له توێژه‌كانی خۆیان بكه‌ن. به‌رپرسانی حیزب نه‌توانن ده‌ست له بازاڕ‌و سه‌رمایه‌گوزاریی وه‌ربده‌ن، ئه‌مه له‌و جۆره شتانه‌یه كه ئێستا بوه‌ته داخوازی خه‌ڵك، ئه‌مانه هه‌موی به‌رنامه‌ی سیاسییه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌وه‌وه نییه كه ئه‌مه فڵانه كه‌س ده‌یكات یان كامه حیزب بیكات، هه‌رلایه‌نێك بیكات پێموایه خه‌ڵك له ده‌وری كۆده‌بێته‌وه.
KNN: به‌ڕای ئێوه ئه‌مه بوه‌ته داخوازی خه‌ڵك؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێموایه بوه‌ته خواستێكی جه‌ماوه‌ری.
KNN: جۆرێك له جیاوازی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌دیده‌كرێت به‌هۆی بونی لیستی جیاوازه‌وه، ئه‌گه‌ر هاتو به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه هه‌ڵبژاردنه‌كه تێنه‌په‌ڕێت، هه‌نگاوه مه‌ده‌نییه‌كان‌و ئه‌و رێوشوێنانه‌ی كه پێویسته هێزه سیاسییه‌كان بیگرنه‌به‌ر به‌ڕای ئێوه چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێموایه نابێت هیچ لایه‌نێك به‌هیچ جۆرێك بیر له به‌كارهێنانی توندوتیژیی بكاته‌وه، ئه‌مه وه‌كو مه‌بده‌ئێك ده‌بێت قبوڵی بكه‌ین، مه‌بده‌ئی دوه‌م، ئه‌وه‌یه ئێستا ئاسایشی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و سه‌لامه‌تی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه، ده‌بێت ئه‌وان بیپارێزن‌و مه‌سئولی یه‌كه‌من له پاراستنی ئاسایشی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن. له كوردستانی عێراقدا، ئه‌وه‌ی جێگای داخه ئێستا له كوردستانی عێراقدا چوار ده‌زگای گرنگ كه ده‌توانن عامیلی كاریگه‌ربن له هه‌ڵبژاردندا ئه‌مانه بێلایه‌ن نین، یه‌كه‌میان هێزهچهكدارهكانه كه بریتین له هێزه‌كانی ئاسایش، هێزی پێشمه‌رگه، پۆلیس، ئه‌مانه له سلێمانی به‌ده‌ست یهكێتییهوهیهو له هه‌ولێریش به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌یه، داموده‌زگای حكومه‌ت به‌هه‌مانشێوه له ئیداره‌ی سلێمانی به‌ده‌ست لایه‌نێكی سیاسییهوهیهو له هه‌ولێریش به‌ده‌ست لایه‌نێكی دیكه‌ی سیاسییه‌وه‌یه، سه‌رچاوه‌كانی دارایی حكومه‌ت كه موڵكی هه‌موانه ئه‌ویش دیسانه‌وه به‌ده‌ست دولایه‌نی سیاسییه‌وه‌یه، ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كه ئه‌وانیش كاریگه‌رن به‌شی هه‌ره‌زۆری كه‌ناڵه ئاسمانییهكانو رادیۆكانو رۆژنامه‌كان به‌ده‌ست ئه‌م دولایه‌نه سیاسییه‌وه‌یه، به مانایه‌كی دیكه، نه‌هێزی چه‌كدار، نه‌پاره‌و پولی گشتی، نهبیرۆكراسی ده‌وڵه‌ت نهڕاگهیاندن بێلایه‌ن نییه، له وڵاتانی سه‌رتاسه‌ری دنیا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێران‌و توركیا به‌نمونه بهێنینه‌وه كه له تهنیشتمانهوهن، له هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌م چوار ره‌گه‌زه كه باسمكرد بێلایه‌نن له هه‌ڵبژاردندا، بێگومان له هه‌ڵبژاردندا هه‌ریه‌كێك كه له‌م داموده‌زگایانه‌ی باسمكرد، له رۆژی هه‌ڵبژاردندا وه‌كو تاك ده‌نگده‌ده‌ن به‌لایه‌نێكی سیاسی، به‌ڵام له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌مانه بێلایه‌ن ده‌بن، به‌ڵام له وڵاتی ئێمه‌دا بێلایه‌ن نین، ئێمه ئومێدمان وایه، ئه‌م دولایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به سه‌لامه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رن، خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئێمه په‌نا ده‌به‌ین بۆ دادگاكانی كوردستان، ئه‌گه‌ر له كوردستانیش دادیان نه‌پرسین، ئه‌وا په‌نا ده‌به‌ین بۆ به‌غداو رێكخراوه نێودهوڵهتییهكانو ئاخیر شتیش په‌نا ده‌به‌ینه بهرمیللهتی خۆمان، به‌ڕێگه‌ی مه‌ده‌نیانه‌و خۆپیشاندان‌و مانگرتن‌و ئه‌و رێگایانه ده‌گرینه به‌ر.
KNN: ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه حیزبی بێت وه‌ك باسكرا، به‌ڕای تۆ رۆڵی خه‌ڵكانی سه‌ربه‌خۆ له هاوكێشه‌كه‌دا چۆن ده‌بینیت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه پێموایه تائێستا نه‌یانهێشتوه رۆڵه‌كانیان كاریگه‌ر بێت، ئه‌ویش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆ بوه، وه‌كو باسمكرد مه‌سه‌له‌ی ئه‌وله‌ویه‌ت زۆر گرنگ بوه له‌هه‌ر قۆناغێكدا، ئێستا ئه‌وله‌ویه‌ته‌كان گۆڕاوه، سه‌رده‌مێك ئه‌گه‌ر ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وه بوبێت كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و په‌رله‌مانه‌كه‌ی جێگیر بكه‌ین، سه‌رده‌مێك بۆ ئه‌وه بوبێت كه سه‌قامگیری له كوردستاندا ههبێتو شه‌ڕی ناوخۆ نه‌مێنێت، سه‌رده‌مێك ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه بوبێت كه مافه‌كانی كورد له‌ده‌ستوری عێراقدا جێگیر بكرێت، ئێستا قۆناغی ئه‌وه هاتوه‌ته پێش، كه گۆڕان له چۆنایه‌تی ژیانی خه‌ڵكدا بكرێت، ئه‌مه‌ش بوه به‌خواستی خه‌ڵك، ته‌نانه‌ت بوه به‌خواستی حیزبه‌كان‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش، من پێموایه قۆناغێك ده‌ستیپێكردوه كه حیزبه‌كانیش ده‌بێت به‌خۆیاندا بچنه‌وه، ئێستا ده‌لاقه‌یه‌كی گه‌وره دروستبوه له‌به‌ینی حیزبه‌كان‌و له‌به‌ینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا، له‌به‌ینی قاعیده‌ی حیزبه‌كان‌و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كاندا، ته‌نانه‌ت له‌به‌ینی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانیشدا جۆرێك له بێ متمانه‌یی دروستبوه، ئه‌مه ده‌مانخاته سه‌ر قۆناغێكی تازه، كه قۆناغی به‌خۆداچونه‌وه‌یه كه قۆناغی گۆڕانه، قۆناغی چاكسازییه له‌بواری ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رۆشنبیریی‌و سیاسی، ره‌نگه هه‌ندێك كه‌س ئه‌و وشه‌یه به‌جۆرێكی دیكه لێكبداته‌وه، كه من پێموایه قازانجی هه‌مو كه‌سێكی تیایه‌و زه‌ره‌ری كه‌سی تیانییه، هه‌مو كه‌سێك قازانج له‌وه ده‌كات زانكۆ‌و پهیمانگاكانمان ئاستێكی زانستی به‌رزیان ههبێتو ببن به‌شوێنی داهێنانو پێگه‌یاندنی كادیری پاشه‌ڕۆژ، هه‌مو كه‌سێك قازانج له‌وه‌ده‌كات كه بازاڕی ئێمه ئازادبێت گرانی نهمێنێتو منافه‌سه له‌ناو بازاڕدا ههبێتو ئیحتیكار نه‌مێنێت، هه‌مو كه‌سێك قازانج له‌وه ده‌كات كه قانون سه‌روه‌ر بێت‌و دادگاكان ده‌سه‌ڵاتیان ههبێتو هه‌ركه‌سێك شكاتێكی ههبێَتو بتوانێت په‌نای بۆبه‌رێت، یاخود په‌رله‌مانێكمان هه‌بێت ببێته مه‌رجه‌عی سیاسی، ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه تاكی كورد به فه‌قیرو ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه ده‌سه‌ڵاتدارو بێده‌سه‌ڵاته‌وه قازانجی لێدهكهنو پێموانییه كه‌س دژی ئه‌وه‌بێت.
KNN: زۆرجار به‌ناوی ئێوه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی قسه‌و لێدوان بۆ راگه‌یاندنه‌كان ده‌درێت، قسه‌كردن به‌ناوی ئێوه‌وه چۆنه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌نیسبه‌ت لیستی گۆڕانه‌وه، ئێمه له‌ناوخۆماندا رێككه‌وتوین كه‌سێكمان كردوه به‌وته‌بێژی ره‌سمیی لیسته‌كه‌مان ناوی د.شاهۆ سه‌عیده، د.شاهۆ كه‌سێكی ده‌سه‌ڵاتداره كه ده‌وتوانێت به‌ناوی لیسته‌كه‌وه بۆ هه‌مو لایه‌ك قسه بكات، له‌مه‌ولا هه‌ركه‌سێك یان هه‌ر كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن قسه‌یه‌كی گوێزایه‌وه به‌ناوی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌من یان له كۆمپانیای وشه، یان له لیستی گۆڕان، بێجگه له قسه‌ی د.شاهۆ سه‌عید هیچ ئیعتیبارێكی نییه، به‌نیسبه‌ت كۆمپانیای وشه‌شه‌وه، كۆمپانیای وشه حیزبی سیاسی نییه، له‌ناو كۆمپانیاكه‌ماندا بیروبۆچونی جیاواز هه‌یه خه‌ڵك هه‌یه سه‌ر به‌فیكری جیاوازه‌و خه‌ڵكیش هه‌یه بێلایه‌نه، ئێمه كۆمه‌ڵێك ده‌زگای راگه‌یاندنی وه‌كو كه‌ناڵێكی ئاسمانی تهلهفزیۆنو رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌و رادیۆ‌و سایتمان هه‌یه، كه ده‌توانین بیروبۆچونه‌كانی خۆمانی تێدا بڵاوبكه‌ینه‌وه، بۆیه هه‌رچی بیروبۆچونێكمان هه‌یه ده‌توانین به‌بێ شه‌رم بڵاوی بكه‌ینه‌وه، بۆیه ئه‌و قسانه‌ی كه له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه به‌ناوی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له فڵانهكهسو فیسارهكهس بڵاو ده‌كرێته‌وه هیچ ئیعتیبارێكی نییه‌و ئه‌و ده‌زگایانه خۆیان ئه‌و شتانه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
KNN: دواپرسیارمان ئه‌وه‌یه كه چه‌ند رۆژێكی دیكه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیكده‌بینه‌وه، ئێوه له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا ده‌تانه‌وێت مۆدێلێكی تازه بێننه ناو ئه‌و كێبڕكێ‌و ململانێ دیموكراسیه‌وه، ئایا ده‌تانه‌وێت له‌ڕوی كهمپهینو بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه جیاوازبن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن چه‌ند جۆرێكی هه‌یه؛ دو جۆری سه‌ره‌كیان، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه لایه‌نێك له پڕوپاگه‌نده‌كه ته‌ركیز ده‌كاته سهرشكاندنو سوككردنی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌و هه‌وڵده‌دات شهخسهكانی بشكێنێت‌و هێرش بكاته سه‌ر كه‌سایه‌تی پاڵێوراوهكانو ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌كه‌ی پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌و سوك‌و سه‌لیمی بكات‌و له رێگه‌ی شكاندنی پاڵێوراوهكانیهوه به‌رنامه‌كه‌ی سوك بكات، یه‌كێكی دیكه‌یان ئه‌وه‌یه كه لایه‌نه‌كانی دیكه فه‌رامۆش دهكاتو ته‌ركیز ده‌خاته سه‌ر رونكردنه‌وه‌ی به‌نده‌كانی بهرنامهكهیو رونكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی پاڵێوراوهكانیو ئه‌وانه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تی لیسته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین رێگه‌ی دوه‌م بگرین‌و له‌باتی ئه‌وه‌ی كه هێرش بكه‌ینه سه‌ر ئهمو ئه‌و، هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پاڵێوراوی ئێمه‌ن به خه‌ڵكیان بناسێنینو خۆیان بێنه سه‌ر تهلهفزیۆنو بیروبۆچونی خۆیان بۆ خه‌ڵك بڵاو بكه‌نه‌وه‌و له هه‌مانكاتیشدا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌رنامه‌كه‌ی خۆمان به‌چاكترین شێوه بۆ خه‌ڵك رۆشن بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك خۆی قه‌زاوه‌ت بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئایا به‌رنامه‌كه‌ی ئێمه‌و ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ئێمه پاڵاوتومانن جیاوازییان چییه.