سیروان ره‌شید
به‌پێی به‌لاغی دوایین كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی‌و یه‌كێتی، ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان له‌م خوله‌یدا "هه‌نگاوی پراكتیكی بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی ده‌ستوور بنێت"و تێیپه‌ڕێنێت، له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردووی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ سهرۆكو نوێنه‌رانی لیسته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، مه‌سه‌له‌ی تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور له‌لایه‌ن به‌ڕێز مه‌سعود بارزانییه‌وه به‌توندی جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، سه‌رباری ناڕه‌زایی نوێنه‌ری لیسته‌كانی گۆڕان‌و چوار حیزبه‌كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه رووبه‌ڕوو به سه‌رۆكی هه‌رێمیان راگه‌یاندووه.
ماوه‌ی سێ ساڵه لیژنه‌یه‌ك له په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ی ره‌شنووسێكی بۆ ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كردووه، كه پێكدێت له پێشهكییهكو (120) ماده، ئێستاش سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌بێ ئه‌وه‌ی دوایین مسۆده‌ی ده‌ستكاریكراوی ئه‌و ده‌ستووره‌ی خستبێته به‌رده‌م میلله‌ت، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، پسپۆڕان‌و شاره‌زایان، حیزبه سیاسییه‌كان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ته‌نانه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی بشهێڵێت له‌و دانیشتنه‌دا كه په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوور ئه‌نجامی ده‌دات، په‌رله‌مانتاران مافی ئه‌وه‌یان پێبدرێت گفتوگۆ له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانی پرۆژه‌ی ده‌ستووره‌كه بكه‌ن، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پرۆژه‌كه‌ی ناردووه بۆ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و پارتی‌و به ئه‌مری ئه‌و دوو سهركردایهتییهش، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌یه‌وێت له‌و دانیشتنه‌ی په‌رله‌ماندا ته‌نیا به (ئاو نا)ی په‌رله‌مانتاران بڕیار له‌سه‌ر ده‌ستووره‌كه بده‌ن.
ناوه‌رۆكی ئه‌م ده‌ستووره‌ی ئێستا ئاماده‌كراوه و ناڕه‌زاییه‌كی به‌رفراوانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، كه له‌م بوارانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه (مه‌سه‌له‌ی سیستمی حوكمڕانیی ههرێمو جۆری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم، به هه‌ڵپه‌سێردراو هێشتنه‌وه‌ی رێژه‌ی 51%ی خاكی هه‌رێمی كوردستان كه كه‌وتووه‌ته ناوچه جێناكۆكه‌كان، له‌كاتێكدا ئه‌م ده‌ستووره واده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌رێم بریتییه له ته‌نیا پارێزگاكانی هه‌ولێرو دهۆكو سلێمانی، هه‌روه‌ها جۆری مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا، سنوورداركردنی چالاكیی سیاسیی حیزبه ئیسلامییه‌كان، به‌ستنه‌وه‌ی ده‌زگای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه).
په‌رۆشیی دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان بۆ ههڵنهپروزكاندنو تێنه‌په‌ڕاندنی ئه‌م ده‌ستووره كه بووه‌ته جێگای ناڕه‌زاییه‌كی میللی‌و به‌رفراوان، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه كه ئه‌م لایه‌نانه مه‌به‌ستیان بێت له ئێستادا ده‌سه‌ڵاتی حیزبێك یان شه‌خسێك كه‌مبكرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه په‌یوه‌ندی به ئازادییه‌كانی خه‌ڵك‌و نه‌وه‌كانی دواڕۆژمانهوه هه‌یه كه ئێستا چ رژێمێكیان بۆ هه‌ڵده‌بژێرین.
ئێستا له زۆربه‌ی وڵاتاندا دوو سیستمی حوكمڕانی بۆ جۆری به‌ڕێوه‌بردن كاری پێده‌كرێت: سهرۆكایهتیو په‌رله‌مانی، به‌ڵام تائێستا له كوردستاندا نه ئه‌زموونی سیستمی سهرۆكایهتیو نه ئه‌زموونی سیستمی په‌رله‌مانیمان نه‌بووه.
مه‌سه‌له‌ی جۆری به‌ڕێوه‌بردنی حوكم، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم، ناكۆكییه‌كی ریشهییو قوڵی پێنج ساڵی رابردووی نێوان سه‌ركردایه‌تی یهكێتیو پارتی بووه، دوای هه‌ڵبژاردنی خولی دووه‌می په‌رله‌مان، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ژێر گوشاری پارتیدا ملكه‌چی داواكانی پارتی بووه، بۆیه تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش زۆربه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌خواستی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین سیستمی سه‌رۆكایه‌تی تێكه‌ڵ به په‌رله‌مانی بكرێت‌و سه‌رۆك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێت، جگه له پێدانی ده‌سه‌ڵاتێكی نیمچه ره‌ها به پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، هه‌ربۆیه ملكه‌چبوونی یهكێتیو سه‌پاندنی مه‌رجه‌كانی پارتی به‌سه‌ریدا، وه‌ك ره‌فتاری حیزبی "پله یهكو براوه‌یه" له‌گه‌ڵ "حیزبی پله دوو و دۆڕاو"دا، له‌كاتێكدا هه‌ركه‌سێك بگه‌ڕێته‌وه بۆ كۆی ئه‌و ده‌نگانه‌ی یه‌كێتی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی سلێمانی‌و هه‌ولێرو دهۆك له ساڵی 2005دا به‌ده‌ستی هێنا، ده‌زانێت كه ئه‌و ده‌نگانه‌ی یه‌كێتی هێنای له پارتی زیاتر بوو.
ئه‌م هه‌وڵه ترسناكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور به‌شێوه‌یه‌كی ناشه‌فافانه، به‌شی زۆری له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه پارتی ئێستا هیوای به په‌رله‌مانی داهاتوو لاوازبووه، پێداده‌گرێت له‌سه‌ر سه‌پاندنی سیستمی نیمچه سهرۆكایهتیو پاشایهتیو ده‌زانێت چی ده‌وێت، ده‌یه‌وێت ئه‌و سیستمه‌ی چه‌ند ساڵه بۆ حیزبه‌كه‌ی په‌یڕه‌وی لێده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌سه‌ر میلله‌تدا بسه‌پێنێت، هه‌ربۆیه ئه‌م ده‌ستووره هه‌وڵێكه بۆ كوشتنی پهرلهمانو دروستكردنی دیكتاتۆرێك به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی.