ئاراس عومه‌ر
(خۆشترین سه‌مفۆنیا ئه‌وه‌یه که زۆرترین ئاوازی جیاواز بگرێته خۆی).
ئه‌وه‌ی تا ئه‌م ساته له مۆدێلی سیاسی و جۆری حوکمڕانی هه‌رێمی کورستان‌دا به‌دی ده‌کرێت، پیاده‌کردنی ئه‌و وته‌یه‌یه که ده‌ڵێت (ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم نه‌بێت دوژمنمه)، وته‌یه‌ک هیچ که‌س نکوڵی ناکات له‌وه‌ی جگه له مانا و به‌ها دیکتاتۆری و تاکڕه‌ویه‌کان، جگه له ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاواز، دواجاریش به دوژمن ناساندنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵت نین، هیچی دی له‌ودیو دیواریهکانیهوه خۆی حه‌شار نه‌داوه. پهیڕهوکهرانیی ئه‌و وته‌یه‌ش، ده‌توانین ناو بنێین به توشبوانی نه‌خۆشیه‌ک که ناوی نه‌خۆشی (خۆپه‌رستی)یه.
دیاره ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له سیاسه‌تکاران و کاربه‌ده‌سته حیزبی و حکومیه گه‌وره‌کانی ئێره‌ی ده‌بینین، بریتیه له په‌یڕه‌وکردنێکی دیار و ئاشکرای ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌و وته‌یه‌ی که باسمان کرد، به‌پێی شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ش زۆربه‌ی زۆری ئه‌و سیاسیکار و لێپرسراوانه، توشی نه‌خۆشی ناوبراو (خۆپه‌رستی) بوون و نیشانه‌کانی ئه‌و نه‌خۆشیه‌یان لێ ده‌رکه‌وتوه، چونکه ئه‌و جۆره ڕێگه و شێوازه مامه‌ڵه‌یه‌ی ئه‌وان گرتویانه‌ته به‌ر (به تایبه‌ت دوای ده‌رکه‌وتنی لیستی جیاواز بۆ هه‌لبژاردنه‌کانی داهاتوو له 25 ی ته‌موزی 2009) جگه له سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستیه ئاماژه بۆ هیچی دیکه ناکات.
گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یڵێین ناڕاست بێت یاخود وا نه‌بێت، ئه‌ی که‌واته بۆ ئه‌وان جگه له خۆیان هه‌موو لیسته‌کانی تریان لێ بوه‌ته دوژمن و زه‌ربی سفریان ده‌که‌ن پێش ئه‌وه‌ی زانیبێتیان کاندیداکانی ئه‌و لیستانه کێن و به‌رنامه‌ی کاری ئه‌و لیستانه چین؟ خۆ هێشتا هیچ کامێک له‌وانه به فه‌رمی ئاشکرا نه‌کرابو بۆ هیچ لایه‌ک و هه‌موو شته‌کان وه‌همی بون، ئیتر بۆ ده‌بێت بڕیار له‌م دوژمنایه‌تیه پێشوه‌خته بده‌ن؟! دوژمنایه‌تی کردنی پێشوه‌خت، دوژمنایه‌تی کردنی شتان و که‌سانی وه‌همی، مۆدێلێکی نوێی ناو سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی کوردیه و ته‌نها لای دیموکراتیخوازه‌کانی ئێره به‌و شێوه‌یه ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌و وته‌یه‌ی سه‌ره‌تا و فراوانکردنی بازنه‌ی دوژمنایه‌تیه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له‌گه‌ڵ ئه‌وان نین به‌بێ جیاوازی.
له‌وه‌ش گه‌ڕێن، باشه بۆ ده‌بێت لای ده‌سه‌ڵات و سیاسیکارانی ئێره عه‌یب بێت، ئه‌گه‌ر بێت و هێزێک له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان دروست ببێت و کار بکات؟! ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ته‌نها و ته‌نها تا قیامه‌ت هه‌ر خۆیان له ده‌سته‌ڵاتدار و بڕیارده‌ر بن و که‌سیش بۆی نه‌بێت قسه‌یه‌کی جیاواز بکات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان ده‌وێت، ئه‌وا ئاشکرا و ڕوونه که ئه‌وانیش جگه له دیکتاتۆرێکی نوێ هیچی تر نین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شیان ناوێت، ده که‌واته ئاساییه هه‌ر که‌س بیروبۆچونی جیاوازی خۆی هه‌بێت و پێویسته لێگه‌ڕێن تا له چوارچێوه‌ی یاسادا ئیشی خۆیان بکه‌ن، هێرش نه‌کرێته سه‌ریان و به دوژمنی خۆیانیان نه‌زانن، ناو و پایه‌یان لکه‌دار نه‌که‌ن و به که‌م بایه‌خ لێیان نه‌ڕوانن، له پۆست و کاره‌کانیان ده‌رنه‌کرێن و بگره ڕێزیشیان لێبگیرێت. به‌ڵام ئه‌وان چونکه توشی نه‌خۆشیه‌که بوون، تازه ئاسته‌مه بێده‌نگ بن له‌وه‌ی گه‌ر یه‌کێک بیه‌وێت له ده‌ره‌وی خۆیان ئیش بکات، ئاسته‌مه به‌رگه‌ی له ده‌ستدانی کورسیه‌کانیان بگرن.
له هه‌موشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه، کاتێک باسی هه‌وڵێکی چاکسازی ده‌کرێت له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، هه‌موویان به جارێک دێنه قسه و ده‌ڵێن کێ ده‌یه‌وێت چاکسازی بکات با بێت له‌ناو حیزبه‌وه بیکات، تا ئێستا بۆمان ڕوون نه‌بوه‌ته‌وه که ئایا بۆ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان چاکسازی ناکرێت و هه‌ر ده‌بێت لای ئه‌وانه‌وه بێت؟! ئه‌ی که چاکسازی له‌ناو حیزبه‌وه هێند کارێکی به‌رهه‌مدار و گونجاوه، چه‌ند ساڵه بۆ نه‌یانکردوه و که‌ی ئه‌یکه‌ن و چاوه‌ڕێی چین؟
سیاسیکاران و کاربه‌ده‌ستانی کورد، ده‌بێت له‌مڕۆ به‌دواوه ڕوون بێت لایان که ئه‌وانه‌ی جیا له‌وان کار ده‌که‌ن، دوژمنی ئه‌وان نین، ده‌بێت ئه‌وه بزانن که چیتر ده‌سته‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، میراتی نیه بڕابێت به به‌ریاندا و که‌سی تر بۆی نه‌بێت قسه بکات، پێویسته به ئاگا بن له‌وه‌ی که هیچ عه‌یبه نیه بۆ ده‌سته‌ڵات کاتێک که‌سێک یان لایه‌نێک داوای گۆڕان و چاکسازی ده‌کات، چونکه ئێستا له پێشکهتوترین وڵاتانی دنیادا زۆرجار ده‌بینین له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا لایه‌نێکی کێبڕکێکه‌ر که‌سانی ڕیفۆرمخوازن، مێژوو سه‌لماندویه‌تی، پێشکه‌وتوترین وڵات، ئه‌و وڵاتانه‌ن که ده‌نگی جیاواز و ئۆپۆزیسیۆن به‌هێزه تیایاندا، بۆیه پێویسته ئه‌وان له جیاتی ته‌نگه‌تاو بوون، چیتر به‌وه خۆشحاڵ بن که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاواز هه‌یه.
خۆزگه‌ی کۆتاییمان بۆ ئه‌م جۆره مۆدێله‌ی ده‌سه‌لات و سیاسه‌ت له‌م وڵاته ئه‌وه‌یه، په‌یڕه‌وی خۆیان له گوتاری (ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم نه‌بێت دوژمنمه)وه بگۆڕن بۆ ئه‌و گوته به‌ناوبانگه‌ی که ده‌ڵێت (گه‌ر هه‌موومان وه‌ک یه‌ک بیر بکه‌ینه‌وه، مانای ئه‌وه‌یه که‌سمان بیر ناکه‌ینه‌وه). لێگه‌ڕێن با خه‌ڵک رای جیاوازی هه‌بێت، ئه‌وه نیشانه‌ی زیندوێتی میلهتهکهتانه، نه‌ک دوژمنایه‌تی ئێوه.