ئاوات شێخ جه‌ناب
سه‌رۆك ئه‌و وشه سیحراوییهیه، به‌پێی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی بۆی به كاردێت، واته ئه‌ركه یا ئامانج یا به‌رپرسیارێتی، به مانای جیاواز جیاواز لێكده‌درێته‌وه. لای هه‌ندێك خه‌وی سه‌رمه‌دییه، هه‌ر هاته دی ئیدی تواوبونی بۆ نییه بۆ كۆمه‌ڵێكی تریش، ئه‌ركێكی نیشتمانی یا نه‌ته‌وه‌ییه، بۆ به‌دیهێنانی هه‌ندێك ئامانج و پره‌نسیپ، جا چ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بێت، یا كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری، لای بڕێكی دیكه‌ش به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژوییه به كۆتاییهاتنی قۆناغ ته‌واو ده‌بێت.
ئێستا ئێمه‌ش له سه‌رو به‌ندی هه‌ڵبژاردنداین و ئه‌م كاره واته ئه‌م پرۆسه‌یه، سه‌ر ئه‌نجام دیاریكردنی سه‌رۆكی لێده‌كه‌وێته‌وه، بۆیه پێموایه گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژو بۆ بهراودكردن و ده‌ستنیشانكردنی مۆدێلێكی سه‌ركه‌وتوی تاقیكراوه‌ی سه‌رۆك، كارێكی نه‌ك ته‌نیا به سوده، به‌ڵكو پێویستیشه.
(ستالین و چه‌رچڵ و ئه‌یزنهاوه‌ر) سه‌رۆكی (سۆڤیه‌ت و ئینگلستان و ئه‌مه‌ریكا) بون له جه‌نگی دوه‌می جیهانیدا سه‌كردایه‌تی هه‌مو هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانیان ده‌كرد، گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنیان بۆ گه‌له‌كانیان و بۆ مرۆڤایه‌تی تۆماركرد‌و فاشیه‌تیان روخاند، كه ئه‌سته‌مه جارێكی دیكه دوباره بێته‌وه.
ئه‌یزنهاوه‌ر و چه‌رچڵ ئاماده‌و رازیبون به دیموكراسیه‌ت و هه‌ڵبژاردن. به ئاشتی له كورسی بێنه خوارێ... ئێستا وڵاتیان ئاوه‌دان و پێشكه‌وتو گه‌لیشیان ئاوێزانی به‌خته‌وه‌رییه و ناویان له مێژودا به پیتی ئاڵتون نوسراوه و له دڵی گه‌لدا تۆماره...
به پێچه‌وانه‌ی ستالین ته‌خت په‌رستی هه‌ڵگری داس و چه‌كوش، دانه‌به‌زی، سه‌رئه‌نجام وڵاته روت و قوت و برسی و گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی، هه‌ڵوه‌شاو خۆشی بوه خراپترین نمونه‌ی دیكتاتۆری و گه‌نده‌ڵی و هاورێ كوژ و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه مه‌زنه‌ش دادی نه‌داو ئێسك پروسكی پاش چه‌ندین ساڵ له قه‌بر ده‌رهێنراو فرێدرا.
له وڵاتانی پێشكه‌وتوی پڕ داد‌و یاسا، هه‌ر سه‌رۆكێك هات ورۆیی له‌گه‌ڵ خۆیدا هیچ له موڵك و ماڵی گشتی، ته‌نانه‌ت دیارییه‌كانیش نابا، له لای ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی خاوه‌نی كۆنترین ژیار‌و پڕ كارێز مای سه‌روی یاسا، هه‌رچی له سه‌ر زه‌مین و بن خاكه، به ئاو و هه‌وا و خهڵًكهوه، هه‌روه‌ك سه‌دام، هی سه‌رۆكه.
له‌و وڵاته ده‌ورانه‌ی ده‌وریان به ئۆقیانوس گیراوه، سه‌رۆكیان هه‌ندێكجار باڵا به‌رز، جارجار كورته، گاهێ سپی و سورو چاوشین، گاهێ قژ لول و ئه‌سمه‌ره یا ره‌ش پێسته، به‌ڵام لای ئێمه‌ی ئاسیاوی، ئه‌ندازه‌ی سه‌رۆكی ئێمه، جێگیر... نه‌گۆڕ... ستاندارده؟!
خزم و كه‌سی ئه‌و سه‌رۆكه ته‌مه‌ن كورتانه‌ی ئه‌وێ، ئه‌گه‌ر بۆ بۆنه‌و ئه‌ته‌كیت نه‌بێت، له سه‌ر شانۆی ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌رناكه‌ون، هیچكاره نین، كه‌چی ئه‌وانه‌ی لای خۆمان، ئه‌گه‌ر كوڕی بێت، ده‌سه‌ڵاتی هێنده‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوكێتی! و خاتونی یه‌كه‌میش هاوته‌ریبی سه‌ر وه‌زیره؟ّ!
سه‌رۆكه‌كانی لای ئه‌وان، زه‌نده‌قیان له میدیا چوه، خوا خوایانه، به هیچ عه‌یبێكیان نه‌زانێت و گه‌لیان لێراست نه‌كاته‌وه، نه‌ك بتۆرێن... به‌ڵام لای ئاسیاییه‌كانی وه‌ك خۆمان، ده‌بێت میدیا كه‌ڕو كوێر بێت و رۆژنامه‌نوس ده‌م نوقاو و ده‌م به‌ستو بێت. گه‌لیش نوستو... گه‌لی خه‌وتو هی خۆیه‌تی هی سه‌رۆكه ئه‌ی هی كێیه؟!
سوڵتانه‌كانی عوسمانلی، دایان نابو سێبه‌ری خوان له‌سه‌ر زه‌وی هۆش و گۆشیان هه‌ر باج و خه‌راج و كه‌نیزه‌ك و چاویان له خۆشی ته‌خت و له سه‌رفكردنی بودجه بو.. گه‌نده‌ڵی هه‌روه‌ك خۆره سه‌ره‌پای مه‌مله‌كه‌تی گرته‌وه، ته‌خت وبهختیانی داڕزان... وه‌ك حهمامۆكی منداڵان روخان و بون به ئاردی ناو دڕك... بون به لێ بوك.
كه‌چی هه‌ر له‌م ئاسیایهی ئێمه، ئاسیای دور، ئیمپراتۆره‌كه‌ی ژاپۆن دوای زانینی هه‌ڵه‌و هه‌ستكردن به شكست و دۆڕانی جه‌نگ بڕیاری دایه‌وه ده‌ست په‌رله‌مان و نوێنه‌ری گه‌ل، خۆیان خاوه‌نی بیر‌و هۆش و ده‌ستور هه‌رله‌لای خۆیان بێت... ئه‌و خاكه بێ خێر‌و بێر و بێ بڕسته، گۆڕا به كارگه‌یه‌كی ناو گه‌مێ... و ئێستا دوه‌م ده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندی دونیایه.
ده‌سا ئه‌ی هۆز، ئه‌ی گه‌له‌كه‌م ئه‌ی هاونیشتمانانی ئه‌م خاكه.. به‌راورد كه‌ن .. هه‌ڵبژێرن له نێوان ده‌وڵه‌تی ئه‌و سه‌رۆكه ته‌مه‌ن كورتانه‌ی ته‌مه‌نیان ده‌وره‌یه‌ك یان دو ده‌وره و وڵاتیان پڕ خێر‌و بێرو ئاوه‌دان و چراخانو به‌خته‌وه‌ره، له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته كاولهیهی سه‌رۆكیان ته‌مه‌نیان درێژه ئێجگار درێژ... هه‌ركه هاته سه‌ر كورسی... تاكو قه‌بره!