نوری حه‌مه ئه‌مین
ناکرێت لێره‌وه بێمه سه‌ر چه‌ند خه‌سڵه‌تێکی رونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، که له ماوه‌ی ئه‌و مێژوه کورته‌یدا خۆی ناساند به ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستمه لێکدانه‌وه‌یه‌کی جه‌وهه‌ری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بکه‌م، که‌وا تا هه‌نوکه‌ش دیار نییه بۆ هه‌وادارو نه‌یارانیشی که ئهجیندهو پلانی داهاتوی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه چییه‌و بۆ دواجار له‌سه‌ر کام میکانیزم ده‌وه‌ستێته‌وه‌و به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه تا ئێستا پێی ده‌ناسریته‌وه ئه‌و ماوه که‌مه‌ی ته‌مه‌نێتی له‌گه‌ڵ کۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه ده‌نگه‌ی که سه‌ره‌نجام 25 کورسی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان و 8 کورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی پێ مسۆگه‌ر کرد، به‌ڵام دواجار چه‌ندیه‌تی ژماره‌ی کورسییه‌کان مه‌غزای بزوتنه‌وه‌که نیه، ئه‌وه‌نده‌ی جه‌وهه‌ری کاری ئه‌م قه‌واره‌یه ئه‌جێندایه‌کی رون و وه‌رچه‌رخانێکی ئه‌خلاقی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان به دوای خۆیدا بهێنێت.
ئێمه ده‌زانین هه‌رێمی کوردستان له دوای راپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991دا بو به گۆڕه‌پانی ململانێ سیاسییه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌و ده‌مه‌و له‌دوای یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی ساڵی1992 له‌به‌ر لاوازی ئه‌زمون و نه‌بونی مه‌عریفه‌یه‌کی تۆکمه‌ی گشتگیر هه‌ر زو ئه‌و گه‌مه‌یه له نێوان چه‌ند لایه‌نێکدا دابه‌ش بو به سه‌ر دو هێزدا و ئیتر هه‌ر له کورسییه‌کانی په‌رله‌مانه‌وه هه‌تا شار و شاخ ودارو به‌ردیان براو به‌شکرد، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م به ناو برایه‌تییه ستراتیژیه‌تێک نه‌بو که‌وا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی تیا ره‌چاو کرابێت ئه‌وه‌نده‌ی سه‌ره‌تایه‌ک بو بۆ ده‌ستپێکی ئه‌و وته‌زایه‌ی که (حیزب چیتر وه‌ک ئۆرگانێکی سیاسی و ئه‌خلاقی و رۆشنبیری نا، به‌ڵکو وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی تاک و ره‌ها) ئیتر دوابه‌دوای ئه‌مه‌ش له ته‌واوی مانا مۆدێرنه‌کانی ترازاو به مانایه‌کی تر خۆی سازدایه‌وه، نامۆ نه‌بو به مێژوی سیاسی و ده‌سه‌ڵات خوازی له عێراقدا، دیاره ئه‌و شێوه ره‌فتار کردنه به ئۆرگانێکی سیاسی وه‌ک حیزب ناکرێت له لایه‌ک، وه‌ک مۆدێلێک لێکدانه‌وه هه‌ڵبگرێت، چونکه ئه‌و چه‌شنه مۆدێله ره‌گێکی قوڵی هه‌یه له مێژوی سیاسی سه‌ده‌ی بیسته‌می رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئاشکرایه تۆخ ترین ره‌نگی له مێژوی ده‌وڵه‌تی عێراقدا به‌رچاو ده‌که‌وێت، که‌وا دوای ئه‌و زنجیره گۆڕانکارییانه‌ی ده‌سه‌ڵات له دوای هه‌ڕۆژانی سیسته‌می پاشایه‌تی، ئیتر یه‌ک دوای یه‌ک ئه‌و هێزانه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن هه‌وڵدانێک ده‌بن له‌پێناوی چه‌سپاندنی هه‌ژمون و ئۆتۆکراتیزمی تاکڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌م میراته‌ش مایه‌وه تادواجار زۆر له حیزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی به‌و ئاراسته‌یه‌دا برد‌و بو به تاکه پرانسیپێک که لێیه‌وه پراکسیس (موماره‌سه)ی ده‌سه‌ڵات هاته کردن.
زیاده‌ڕه‌وی نییه گه‌ر بڵێین پارتی له هه‌رێمی کوردستاندا یه‌که‌م حیزب بو هاته نێو ئه‌و سیستهمهوهو کاری کرد له رێگه‌ی قۆرغ کردنی ئابورییه‌وه قۆرغی ده‌سه‌ڵات بکات (ئه‌م بابه‌ته زۆری له سه‌ر وتراوه)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌رکه‌وته‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه چۆن رۆژ به رۆژ له بره‌ودایه‌و هه‌وادارانیشی له زیاد بوندان، بردنه‌وه‌ی ئه‌و گره‌وه‌ش له لایه‌ن پارتییه‌وه به‌ند بو له سه‌ر چه‌ند هۆکارێک، یه‌کێک له‌وانه ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ئه‌و سه‌رچاوه داراییانه‌ی ده‌روازه‌ی برایم خه‌لیل بو که به تاکه ده‌روازه‌ی بازرگانی عیراق دهژمیردرا له‌و کاته‌دا، هۆکارێکی تر له یه‌ک کاتدا ئابڵوقه ئابورییه‌کان و نزمی ئاستی ژیان بو، هه‌ڵبه‌ته له ئێستاشدا درێژ کراوه‌ی ئه‌و هه‌ژمون و ده‌سه‌ڵاته به شێوه‌یه‌کی تۆکمه‌و گونجاو تر کار له سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه ده‌کات، ئه‌مه سه‌باره‌ت به یه‌کێتی که ئه‌و ده‌مه خۆی به یه‌کێک له رکه به‌ره‌کانی ده‌زانی و له روی سیاسییه‌وه خۆی بهجێنشینینی مۆدێرنه ته‌ماشا ده‌کرد جیاواز بو، ئه‌و له بڕی ئه‌وه‌ی ره‌خنه بگرێت و به ئه‌رکی سیاسی ئه‌خلاقی ئۆپۆزسێۆن بونی خۆی هه‌ڵسێت، به پێچه‌وانه‌وه دره‌نگ که‌وته خۆی و له باتی ره‌خنه، به لاسایی کردنه‌وه خۆی خسته داوێکی وا که ئێستا ده‌ره‌نجامه‌کانی ده‌رده‌که‌ون. به‌مه‌ش بو به پردێک پارتی په‌ڕانده‌وه له هه‌ر تانه‌و ته‌شه‌رێک که رۆژێک له رۆژان ده‌هاتنه رێی. ده‌کرێت ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی یه‌کێتی بکه‌ینه ته‌وه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌و، هه‌روه‌ها ده‌رکه‌وتنی ئه‌و بێزارییهش له لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵکه‌وه که کهوتوبونه ژێر قهڵهمڕهویهوه ببێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ده‌رکه‌وتنی خه‌ڵکێک که پرۆستتانس (ناڕازی) بون، که‌وا دواجار بون به ده‌نگێک له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی دوایداو ده‌نگی خۆیان دا به بزوتنه‌وه‌ی (گۆڕان).
سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاوتا به (رق) و (گومان):
له دوای تێپه‌ڕینی نزیکه‌ی بیست ساڵ به سه‌ر هه‌مو ئه‌و روداوه سیاسی، ئابوری، رۆشنبیریانه‌ی له هه‌رێمی کوردستاندا هاتنه پێش، دواجار په‌نگخواردنه‌وه‌یه‌کی ترسناک هه‌ست پێده‌کرا به تایبه‌تی لای ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که به زۆری کهوتوبونه ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تییه‌وه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر بێژین ئه‌م هه‌سته‌ش ئاماده بونی نه‌بوه سه‌باره‌ت به‌و رهعیهتهی که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا مۆڵیان داب‌و ئه‌مه راست نیه، چونکه به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی و سیسیۆلۆژی هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک ئه‌گه‌رچی هیچ شتێکیشی که‌م نه‌بێت، ئه‌وا سه‌ره‌نجام کۆمه‌ڵێک بڕگه ده‌مێنێته‌وه که له سه‌ری رازی نین و مایه‌ی قبوڵ کردن نیه، ئیتر دهمو چاو بێت یان هه‌ر شتێک، سه‌ره‌نجام ئه‌م رازی نه‌بونه‌ش هه‌ر چی بێت سیفه‌تێکی پۆزه‌تیڤ هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام پارتی له رێگه‌ی بڕێک چاکسازی و جۆرێک سه‌رکوتکردنه‌وه رێگه‌ی له ته‌واوی ئه‌و جموجوڵانه بڕی بو، که هه‌ڕه‌شه بون له ئه‌گه‌ری هه‌ر ریفۆرمێک له ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانهکهیدا. هه‌ر حاڵ ئاشکرایه ئه‌مه سه‌باره‌ت به قه‌ڵه‌مڕه‌وی یه‌کێتی و په‌یڕه‌و پرۆگرامی ئه‌و حیزبه جیاواز بو له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ناو ئۆرگانی حیزبهکهداو بڕێک ئازادی زیاتر له ژێر قهڵهمرهویدا، هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵیه‌کی زیاتر و خزمه‌تگوزاری که‌متر، ئه‌و دۆخه‌ی زیاتر شه‌ڵه‌قاند و سه‌ره‌نجام پڕبونی سنگی جه‌ماوه‌ری لێکه‌وته‌وه ئه‌وه بو چه‌ند ساڵێک داوای شۆڕشێکی پرته‌قاڵی ده‌کرد بێ خوێن رشتن داروده‌سته‌و سه‌رانی ده‌سه‌ڵات بگۆڕن! ئه‌م دۆخه ده‌رونییه لای خه‌ڵکی زۆر به ئاشکرا هه‌ستی پێ ده‌کرا، به‌ڵام له نێو سیسته‌م و نه‌ریتی ده‌سه‌ڵاتێکی حیزبی له‌و چه‌شنه که‌وا خاوه‌نی هێزێکی چه‌کداری وابیت که توانای دامرکاندنه‌وه‌ی هه‌ر جموجوڵێکی هه‌بیت، دیاره هه‌وڵدانێکی مایه‌پوچ ده‌بو، به‌مه‌ش له ئه‌گه‌ری هه‌ر هه‌وڵدانیک بۆ قۆستنه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه ناڕازییه به‌بێ قه‌ڵغانێکی تۆکمه که ئه‌ویش له جبه‌خانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌رگیرابێت، ده‌زانرا تراژیدیایه‌کی دیکه به دوای خۆیدا ده‌هینا. دیاره ئه‌و قهڵخانهش که ده‌کرا پێشڕه‌وی ئه‌و ده‌نگانه بکات هه‌ر ده‌بو له خه‌ڵکانی وه‌ک (نه‌وشێروان مسته‌فا) پێک بهاتایه ئه‌گه‌رنا وه‌ک وتمان تراژیدیائامێز ده‌بو! به‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ری هه‌ڵداو توانی ته‌واوی ئه‌و ده‌نگه ناڕهزانه له دهورخۆی کۆکاته‌وه، له لایه‌کیش ده‌رکه‌وتنی چه‌ندان که‌سی رۆشنبیر و به ئه‌زمون له پێشڕه‌وی کردنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هێنده‌ی تر ئومێدی لای خه‌ڵک دروست کرد، بۆیه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی یه‌ک ره‌هه‌ندی بکرێت بۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌و پێدوایهکی وامان هه‌بێت که دواجار ئه‌و پێناسه‌یه‌ی پێ ببه‌خشرێت که به‌رهه‌می کۆمه‌ڵێک ئه‌ندامی تۆراوی ناو یه‌کێتییه، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ناکرێت جیا بکرێته‌وه له هه‌وڵدانیکی گشتگیر له لایه‌ن زۆربه‌ی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه.
له‌ئێستادا به ئاشکرا ترس و گومانێک هه‌ست پێده‌کرێت له لایه‌ن هه‌واداران و لایه‌نگرانی گۆڕان که ئایا ئاراسته‌ی ئه‌و خه‌ون و هیوایانه‌ی که هه‌یان بو دواجار قه‌تیس ناخوات له سه‌ر گردێک و دیسانه‌وه هه‌مان گوتاری (ده‌رگا داخراوه‌کان) نایه‌ته ئاراوه؟! ئه‌م گومانه لۆژیکی ترین گومانه له‌جێی خۆیدا و چیتر ئان و ساتی خۆیه‌تی ئه‌و کۆنه ئه‌ندامانه‌ی که له یه‌کێتی داترازاون و هه‌ر خودی چه‌ند که‌سێکیان هاوکات به‌شدار و فاکته‌ری دروست کردنی ئه‌و دۆخ و رقهبون له کاتی خۆیدا، کاته‌و پێویسته راو هه‌ڵوێستی خۆیان یه‌کلا بکه‌نه‌وه که ئایا به گوێره‌ی ئه‌و دهستوێژهی که باس ده‌کرا گوایه "چیتر کاته‌و پێویسته رێ بۆ ده‌نگی نوێ و ده‌م وچاوی نوێ بکه‌ینه‌وه". ده‌ڕۆن یاخود کایه‌یه‌کی تر له کایه‌ی کورسی دیسانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات.
(رق)* و (خۆشه‌ویستی)
خۆشه‌ویستی لایه‌نگرانی گۆڕان هاوکات هاوتایه به‌و رقه‌ی که پێش چه‌ند ساڵێکه دروست بوه، هه‌ر وه‌ک له‌م گوتاره‌دا ئاماژه‌م به چه‌ند لایه‌نێکی داوه، دیاره رق و گومانی ژماره‌یه‌ک زۆر خه‌ڵکی به‌رامبه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌و ئه‌ندامانه‌ی که له دوای پلینیۆمهکانی یه‌کێتیه‌وه دابڕان و که‌ڵکیان وه‌ر گرت له‌و رقه و ئۆرگانیزهیان کرد، په‌رته‌وازه‌ییه‌کی به‌و ده‌نگانه‌دا که ده‌نگی خۆیان وه‌ک هه‌ر خه‌ڵکێکی ناڕازی نه‌به‌خشن به لیستی گومان (گۆڕان)، تا به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا له ده‌می ئه‌و کۆنه ئه‌ندامانه‌ی یه‌کیه‌تییه‌وه ئه‌وه ده‌بیسن که چیتر کار ناکه‌ن له پێناوی ئه‌وه‌ی دوباره پله‌و پایه‌ی حیزبی به ده‌ست بهێننه‌وه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م گومانه‌ش تاڕاده‌یه‌کی گونجاو شیاوه‌و ئه‌و ده‌روازه‌یه ده‌بێت که له مێژوی گوماندا (گومان) په‌ی پێ بردوه بۆ ساغ کردنه‌وه‌ی راستییه‌کان، چونکه گوتاری لیستێکی وا سه‌ره‌نجام کورت ناکرێته‌وه له وشه‌یه‌کی بێ زه‌وقی وه‌ک (ئه‌یگۆڕین) ئه‌مه به‌د حاڵیبونێکی دژواره که نه‌زانی چی ده‌گۆڕیت و ئه‌گه‌ر گۆڕا کێ ده‌گۆڕێت و کێ ده‌بێته جێ‌نشین، دواجار ئه‌وه‌ی ده‌بیته جێ‌نشین توانای بارگاوی کردن و ناواخن کردنی ئه‌و چه‌مکه‌ی هه‌یه به هێنانه کایه‌ی کۆمه‌ڵه تیۆره‌یه‌ک و ئایدیایه‌کی وا که بکریت بڕێکی زۆر له پایه‌کانی ژیان بگۆڕێت و مانایاکی دیکه‌ی پێ ببه‌خشێت؟.
من له‌م تێڕوانینهمدا پێشنیاری ئه‌وه ده‌که‌م که لیستی گۆڕان ئه‌گه‌ر ده‌یه‌ویت به شێوه‌یه‌کی تر ده‌رکه‌وێت و دواجار وه‌ڵامێک بێت بۆ ئه‌و (گومان)هش که له ناخی جه‌ماوه‌ری (رق)دا ماخۆلان ده‌کات، له باشترین شێوه‌یدا له به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنیدا چاوپێکه‌وتن ساز بدات له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆنه ئه‌ندامانه‌ی ناو یه‌کێتی نیشتمانی که له‌به‌رچاوی جه‌ماوه‌ردا پۆزش بۆ هه‌ڵه‌کانی رابوردویان بهێننه‌وه‌و رون تر باس له خانه‌نشین بونی خۆیان بکه‌ن و وازهێنانی خۆیان وا گوزارشت بکه‌ن که سه‌ره‌تایه‌که بۆ ده‌رکه‌وتنی ده‌نگی تازه.