سازدانی: هیوا جه‌مال
ئاسۆس هه‌ردی له‌و بڕوایه‌دایه، كه رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌هلیی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی نه‌بینیوه، به‌ڵام "كاریگه‌ریی هه‌بوه له كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه ناڕازییه‌كان"و هاوڵاتییان توانیویانه له رێگه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌هلییه‌وه راو بۆچونه‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه، به‌ڵام بڕوای وایه، كه رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌هلیی "رێخۆشكه‌ر بوه" بۆ هاتنه‌كایه‌ی هێزێكی ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمی كوردستاندا‌و "له‌دایكبونی ئه‌و هێزه‌ی ئاسانتر كردوه".
رۆژنامه: به‌ڕێزتان له‌و بڕوایه‌دان كه رۆژنامه‌ی هاوڵاتی یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی بونی په‌راوێزی ئازادیی بوه له هه‌رێمی كوردستاندا، ئایا به فیعلیی ئه‌و په‌راوێزه له تاقیكردنه‌وه‌كه ده‌رچو؟
ئاسۆس هه‌ردی: له‌راستیدا له‌دوای راپه‌ڕینی (1991)ه‌وه پهراوێزك له ئازادیی هه‌بوه، ئه‌وه حیزبه‌كان هه‌ر له شاخه‌وه هێناویانه، به‌ڵام ئه‌و په‌راوێزه كه به‌كارنه‌هێنراوه، ئێمه قه‌ناعه‌تمان به‌وه هه‌بو كه ترسێك هه‌یه له دڵی سیاسییه‌كاندا قسه له ركابه‌ره‌كانیان قبوڵ ناكه‌ن، به‌ڵام سیاسییه‌ك بزانێت كه تۆ پرۆژه‌یه‌كی به‌دیلی ئه‌وت پێ نییه، كه ره‌نگه به قازانجی ئه‌ویش بشكێته‌وه، ئه‌گه‌ر پێی بزانێت، كه ئه‌وه ئاسانتر وه‌رده‌گیرێت، نه‌ك بونی ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسیی.
ئێمه له "هاوڵاتی"یه‌وه توانیمان ئه‌و نه‌ریته بێنینه‌وه كایه، كه خه‌ڵك بتوانێت به‌ناوی ئاشكراوه قسه له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كان بكات، هه‌رچه‌ند ئێمه یه‌كه‌م كه‌س نه‌بوین ئه‌وه‌مان كردوه، به‌ڵام به‌رده‌وامیمان به‌وه دا. له‌دوای هاوڵاتیشه‌وه قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كان بوه شتێكی ئاسایی.
به‌هۆی ده‌رچونی رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌هلییه‌وه توانیمان گه‌یاندنی زانیاریی بارگاویی به عاتیفه روتبكهینهوهو به خه‌ڵك بڵێین هاوڵاتی ئاسایی‌و سه‌رۆكه‌كان یه‌ك پیرۆزییان هه‌یه، بۆیه ناكرێت بۆ سه‌رۆك بهإێز بهكاربێنینو بۆ هاوڵاتی ئاسایی وه‌ك خۆی ناوی ببه‌ین.
رۆژنامه: له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا ئێوه وه‌ك كۆمه‌ڵێك رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نوس له رۆژنامه‌ی ئه‌هلیدا ره‌خنه‌تان گرتوه، جگه له ره‌خنه‌گرتن بیرتان له ئه‌ڵته‌رناتیڤیش كردوه‌ته‌وه؟
ئاسۆس هه‌ردی: نا، به دڵنیاییه‌وه بیرمان له به‌دیل نه‌ده‌كرده‌وه، چونكه له سه‌ره‌تاوه مه‌به‌سته‌كه‌مان رون بو، مه‌به‌ستمان نه‌بوه ببین به بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی.
من هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌دا نیم، كه ده‌ڵێن رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌هلیی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی بینیوه، به فیعلیی ره‌نگه ئێمه جێگه‌مان كردبێته‌وه بۆ خه‌ڵكێك كه ناڕازییه قسه بكات، به‌ڵام وه‌ك رۆژنامه‌كه، ته‌نیا كاری رۆژنامه‌گه‌ریمان كردوه، چونكه كاتێك به یه‌كێك ده‌وترێت ئۆپۆزسیۆن، كه ئیش له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دهكاتو به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی خۆی ببێت به ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ئێمه له هیچ له‌حزه‌یه‌ك له لهحزهكاندا بیرمان له‌وه نه‌كردوه‌ته‌وه، نه ئه‌وكات ویستومانه، نه ئێستاش ده‌مانه‌وێت.
ئێمه له نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنی حه‌قیقیدا ببوین به مینبه‌رێك، كه خه‌ڵكی ناڕازیی قسه‌ی تێدا ده‌كرد، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتیش قسه‌ی تێداكردوه.
رۆژنامه: ئۆپۆزسیۆن ره‌خنه ده‌گرێت له دهسهڵاتو له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌دیل پێشكه‌ش ده‌كات، ئێوه ره‌خنه‌تان گرتوه، ئه‌مه به‌شێك نه‌بوه له كاره‌كانی ئۆپۆزسیۆن، كه ئێوه كردوتانه؟
ئاسۆس هه‌ردی: نا، ئێمه ئه‌ركێك له ئه‌ركه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ریمان جێبه‌جێكردوه، به‌ڵام ئه‌مه ره‌نگه رێگه‌خۆشكه‌ر بوبێت له‌وه‌دا، كه رۆژێك له رۆژان ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه له كوردستاندا دروستببێت، ئێمه هه‌وڵمانداوه ئه‌ركی رۆژنامه‌گه‌ریی خۆمان به‌جێبهێنین، كه گه‌یاندنی بیروڕا جیاوازه‌كانه، بیروڕا جیاوازه‌كان له ده‌سه‌ڵاته‌وه تا ناڕازیی له ده‌سه‌ڵاتی تێدابوه.
ئه‌زانیت چۆن رۆژنامه به‌دیل پێشكه‌ش ده‌كات؟ كاتێك بابه‌تێك بڵاوده‌كرێته‌وه سه‌باره‌ت به كه‌موكوڕییه‌كانی وڵات، خه‌ڵك راوبۆچونی خۆی له‌سه‌ری ده‌ڵێت، هه‌شن پێشنیاز ده‌كه‌ن بۆ چاككردن، ئه‌وه خه‌ڵك خۆیه‌تی كه به‌دیل پێشكه‌ش دهكاتو ئێمه بۆی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه.
له ئه‌نجامی ئیشهكهماندا كه ئیشی هه‌مو كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنه وا بكات، مهجالێكمان بۆ خه‌ڵك كردوه‌ته‌وه كه قسه‌ی خۆی بكات، دواتر ره‌نگه ده‌نگی تاكه تاكه‌ی خه‌ڵك كۆبێته‌وه‌و ببێته گروپ‌و بزوتنه‌وه‌ی رێكخراو، ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی كارهكهمانه، نه‌ك ئه‌وه‌ی به به‌رنامه ئه‌وه‌مان كردبێت.
رۆژنامه: روخساری رۆژنامه ئه‌هلییه‌كان وا ده‌بینرێت كه هه‌میشه ره‌خنه‌كان زاڵن به‌سه‌ریدا، ئایا ئه‌وه به به‌رنامه‌یه، یان توڕه‌یی هاوڵاتییانه‌و ئێوه بڵاویده‌كه‌نه‌وه؟
ئاسۆس هه‌ردی: له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌می كه‌ناڵه‌كان حساب بكه‌یت، نزیكه‌ی (800) كه‌ناڵمان هه‌یه، له هه‌مو شار‌و شارۆچكه‌یه‌كی كوردستاندا هه‌مو حیزبه‌كان كه‌ناڵی راگه‌یاندنی خۆیان هه‌یه، له‌م هه‌مو كه‌ناڵانه‌دا تائێستا ئه‌وه‌ی به ته‌واویی بتوانم پێیبڵێم سه‌ربه‌خۆیه، "هاوڵاتی، ئاوێنه‌و لڤین"ه، له رادیۆكانیشدا، "رادیۆی نه‌وا"و یه‌ك دو رادیۆی ناوچه‌یی هه‌یه، بۆ نمونه "ده‌نگ" له كه‌لار، ئه‌گه‌ر بته‌وێت باسی ئه‌هلییه‌كان بكه‌یت، له‌ناو (800) كه‌ناڵدا له په‌نجه‌ی دو ده‌ست تێناپه‌ڕن.
ئه‌و نیسبه‌ته كه‌مه‌ی لێ ده‌ركه، هه‌موی باسی باشییه‌كان ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌مو پیاهه‌ڵدانه‌دا ده‌بێت رێگه بده‌یت كه خه‌ڵك ره‌خنه‌كانی خۆی لای تۆوه ئاراسته بكات، ئه‌مه واقیعه، كه به‌سه‌ریدا سه‌پاندوین.
شتێك هه‌یه كه ئه‌وان جیای ناكه‌نه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌واڵ ئه‌وه نییه هه‌مو شتێك وه‌ك خۆی‌و له جێگه‌ی خۆی بێت، به‌ڵكو هه‌واڵ ئه‌وه‌یه كه شتێك له‌جێی خۆی نییه، ده‌بێت ئێمه بگه‌ڕێین بۆئه‌وه‌ی بزانین له وێدا روداو هه‌یه یان كێشه‌یه‌ك هه‌یه، ئه‌وه‌ش ته‌نیا رۆژنامه‌نوس ده‌یكات، ده‌بێت ئه‌وه ئیشه‌كه‌ی بێت، به‌ڵام وه‌ك بۆچون، ئه‌وه شتێكی دیكه‌یه‌و خه‌ڵك خۆی بڕیاری لێده‌دات.
رۆژنامه: ئێوه پێشتر بیرتان له‌وه كردوه‌ته‌وه كه به‌هۆی ره‌خنه‌كانی ئێوه‌وه هێزێكی ئۆپۆزسیۆن سه‌رهه‌ڵبدات؟
ئاسۆس هه‌ردی: به‌دڵنیاییه‌وه مرۆڤ بیر له‌وه ده‌كاته‌وه، كه پێویسته ئه‌و بارودۆخه نهمێنێتو هه‌مو شتێك به رێكه‌وتنی سیاسیی نه‌بێت، ئه‌گه‌ر بیر له‌وه نه‌كه‌یته‌وه، گۆڕان دروستنابێت، به‌ڵام شتێك له خه‌یاڵماندا نه‌بوه، ئه‌گه‌ر هێزێك دروستببێت ئێمه پشتگیریی بكه‌ین، یان بچینه پاڵی، ئێمه ئیشمان ئه‌وه نه‌بوه‌و ئیشیشمان ئه‌وه نییه له راستیدا.
ئه‌وه یاسای ژیانه هه‌مو قه‌یرانێك ئۆپۆزسیۆنی خۆی دروستده‌كات، جا له‌سه‌ر بنچینه‌ی تاك یان گروپ بێت، خۆ پێِش (25/7) ئۆپۆزسیۆن هه‌بون، به‌ڵام له‌وانه‌یه ئۆپۆزسیۆنێكی شه‌رمن بوبن، كه‌متر ویستبێتیان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن، به‌ڵام هه‌ركه‌سێك ئه‌زمونی وڵاتانی له‌به‌رچاوبێت، شتێكی چاوه‌ڕێكراوه ئۆپۆزسیۆن دروستبێت.
رۆژنامه: پێشتر ئێوه توشی مه‌ترسیی بونه‌ته‌وه له‌سه‌ر بۆچونه‌كانتان، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام بون، ئه‌وه كاریگه‌ریی هه‌بوه له‌سه‌رتان؟
ئاسۆس هه‌ردی: مه‌سه‌له‌ی مه‌ترسیی له سه‌ره‌تاوه هه‌ر هه‌بوه، به‌ڵام له راستیدا ئێستا مه‌ترسییه‌كه زۆر زیادیكردوه‌و گه‌یشتوه‌ته ئاستێكی ترسناك.
رۆژنامه‌ی ئه‌هلیی رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه كه رۆژانه گوێمان له‌وه ده‌بێت، كه ده‌ڵێن ئازادیی له سنور ده‌رچوه، ئه‌م قسانه زۆر بێمانان، له راستیدا ئێمه ده‌سه‌ڵاتمان هه‌ر نه‌بو، له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه تا كوژاندنه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بوه، به‌ڵام له‌دوای ئه‌وه‌وه ورده ورده ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و جێگیربون رۆیشتوه، ئێستا كه ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و جێگیریی ده‌ڕوات، مه‌ترسییه‌كه لێره‌دایه، ئێمه له‌م قۆناغه‌دا سیمای ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاته‌كه‌مان ده‌ستنیشانده‌كه‌ین، ئینجا یان ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵات به‌لای كرانه‌وه‌و دیموكراسیدا دهڕواتو ده‌عمی ئه‌و په‌راوێزه ئازادییه ده‌كه‌ین، كه به دڵی ئه‌وانه ده‌بێت كه ده‌یانه‌وێت كرانه‌وه روبدات، كه خه‌ڵكی ئازادیخواز‌و هه‌ندێك له‌وانه‌ش كه ره‌نگه له حیزبه‌كاندا هه‌بن، یان ئه‌وه‌تا به‌لای سیستمێكی خراپی وه‌ك وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ده‌ڕوات، كه له‌سه‌ره‌وه ده‌ڵێن دیموكراسی هه‌یه‌و له ناویشه‌وه هیچ له گۆڕێ‌دا نییه.
به بۆچونی من ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی داهاتو ململانێی دو به‌ره ده‌بێت، به‌ره‌یه‌ك به‌رگریی له كۆنهپارێزییو كه‌مبونه‌وه‌ی مه‌ودای بیروڕای ئازاد ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌رده‌وام بێت، به‌ره‌یه‌كیش ده‌یه‌وێت ئازادیی زیاترمان ههبێتو به‌رگریی له‌و په‌راوێزی ئازادییه بكات.
رۆژنامه: ده‌توانن بڵێن ئه‌و گروپه‌ی ناوی ئۆپۆزسیۆنیان له‌خۆیان ناوه منه‌تبار یان قه‌رزداری رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌هلیین؟
ئاسۆس هه‌ردی: ناڵێین منه‌تبار یان قه‌رزدار، به‌ڵكو رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌هلیی رێخۆشكه‌ر بوه، هه‌ر گروپێك له كۆمه‌ڵگه‌شدا رۆڵی خۆی دهبینێتو كه‌س منه‌تباری كه‌س نییه، هه‌مو كایه‌كان كارگهرییان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌نده‌ی له‌توانادا بوه میدیای ئه‌هلیی به‌و ده‌رفه‌ته كه‌مه‌وه ئاسانكاریی بۆ له‌دایكبونی ئۆپۆزسیۆن بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن خۆی شت نهبێتو قورسایی نه‌بێت، كاریگه‌ریی نابێت‌و ئه‌نجامی نابێت.
رۆژنامه: ئێوه له دوا وتاری پێش هه‌ڵبژاردنی ته‌مموزی (2007) هانی هاوڵاتییان ده‌ده‌ن بچن ده‌نگبده‌ن، ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه تۆ پێتوایه به هاتنی هێزی ئۆپۆزسیۆن قۆناغێكی دیكه ده‌ستپێده‌كات، كه له‌وه به‌دواوه ئه‌ركی سه‌رشانی ئێوه سوكتر دهبێتو ئۆپۆزسیۆن ئه‌ركی خۆی ده‌بینێت؟
ئاسۆس هه‌ردی: ئێمه یه‌كێك له گرفته‌كانمان دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه، به‌ڵام كاتێك له‌دوای (2005)ه‌وه هه‌ڵبژاردن دوباره‌ده‌بێته‌وه، كه یه‌كێكه له بنچینه‌كانی دیموكراسی، مه‌نتیقی ئه‌و وتاره ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات ئێستا كاری به خه‌ڵكه، ئه‌وكاته‌ش باسی ئه‌وه‌م كردوه كه ئێمه چوارساڵ به قسه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین، به‌ڵام له چوارساڵ جارێكدا ئه‌و دێته‌وه به‌رده‌ستی ئێمه، ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك رۆڵی خۆی ببینێت، ئه‌وه هه‌وڵێكه بۆئه‌وه‌ی كه خه‌ڵك تێبگات كه له سیستمی دیموكراتیدا مه‌حاڵ وجودی نییه.
ئاسۆس هه‌ردی:
ساڵی (1963) له سلێمانی له‌دایكبوه.
ده‌رچوی كۆلێژی ئه‌ندازیاریی میكانیكه.
ساڵی (1987) بوه به پێشمه‌رگه‌و له راپه‌ڕینه‌كه‌ی به‌هاری ساڵی (1991)وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
خاوه‌نی وه‌رگێڕانی سێ كتێبه، كه دوانیان هی نوسه‌ری ناسراو ئیسماعیل بێشكچییهو ئه‌وی دیكه‌شیان تایبه‌ته به مێژوی ئه‌رده‌ڵانییه‌كان.
یه‌كه‌مین سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی "هاوڵاتی" بوه.
خه‌ڵاتی ساڵی (2009)ی "جوبران توینی بۆ رۆژنامه‌نوسی ئازاد"ی وه‌رگرتوه.
ئێستا به‌ڕێوه‌ری "كۆمپانیای ئاوێنه بۆ راگه‌یاندن"ه.