(سبه‌ی):
گرژی و ئاڵۆزییه‌كان و خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی تونس به‌رده‌وامی هه‌یه و به‌پێی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵیش ژماره‌ی كوژراوه‌كان بوه 14 هاوڵاتی.
ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكرده‌وه ئه‌مڕۆش خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی تونس به‌رده‌وامی هه‌بوه، ژماره‌ی كوژراوه‌كانیش له‌مڕۆدا زیادی كردوه و بوه به 14 كوژراو له هه‌رێمی قه‌سرینی باكوری رۆژئاوای ئه‌و وڵاته، هاوكات چه‌ندین هاوڵاتی تری حۆپیشانده‌ریش برینداربون و ژماره‌یه‌كی تریش له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراون.
به‌پێی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ حكومه‌تی تونسی به‌شێوه‌یه‌كی توند وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران ده‌داته‌وه و سه‌رجه‌م كوژراوه‌كانیش به گوله‌ی پۆلیسی تونسی كوژراون، سه‌دان هاوڵاتیش ده‌ستگیركراون و ئێستا له زینداندان.
له‌لایه‌كی تره‌وه حكومه‌تی تونس رایگه‌یاندوه، كه دوێنێ شه‌و چه‌ندین كه‌س له هێزه ئه‌منییه‌كانی تونس له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه برینداركراون و برینی سیانیشیان مه‌ترسیداره.
شایه‌نی باسه دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی بارودۆخی ژیانیه‌وه گه‌نجێك ئاگری به‌ردایه جه‌سته‌ی خۆی و پاش ئه‌و روداوه‌ش له‌سه‌رانسه‌ری تونس‌دا خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیانپێكرد و تێیادا ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕدرێت له به‌رامبه‌ر قه‌یرانی بێ كاری، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی خۆیان له ئاست كوشتن و برینداركردنی سه‌ده‌ها كه‌س له‌و وڵاته ده‌ربڕیوه.
دوێنێ له واشنتن، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باڵیۆزی تونسی بانگهێشتكردوه و داوای لێكردوه: ئازادی راده‌ربڕین له وڵاته‌كه‌ی فه‌راهه‌م بكرێت.
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیش، داوایكردوه: رێگه به تونسیه‌كان بدرێت راوبۆچونی خۆیان ده‌رببڕن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سته‌مانه‌ی لێیانده‌كرێت.
له سه‌ره‌تاكانی كانونی یه‌كه‌م، دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ی میوه‌فرۆشی گه‌نجێك به ناوی (محه‌مه‌د بوعه‌زیزی) له تونس، كه ده‌رچوی زانكۆ بوه، ناوبراو ئاگری به‌ردایه جه‌سته‌ی خۆی و دوای مانگێك له روداوه‌كه گیانی له‌ده‌ستدا.
له ئێستاشدا له سه‌رانسه‌ری تونس‌دا خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان به‌رده‌وامن و جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر، داوای باشكردنی بارودۆخی ژیانیان ده‌كه‌ن.