كریستیان ساینس مۆنیته‌ر
له ئینگلیزییه‌وه: كاروان حه‌یده‌ری
جیهانی عه‌ره‌ب به په‌شۆكاوییه‌وه ته‌ماشای ناڕه‌زاییه‌كانی تونس ده‌كه‌ن كه بوه هۆی هه‌ڵاتنی سه‌رۆكه زۆرداره‌كه‌ی. ئایا شۆڕش له ناو هه‌وادایه؟
ئێستا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له به‌رده‌می سه‌ركرده ئۆتۆكراته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقادایه له كاتێكدا ئه‌وان به شپرزه‌ییه‌وه ته‌ماشای خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كانی تونس، بچوكترین و سه‌قامگیرترین وڵاتی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن بۆ وه‌ده‌رنانی سه‌رۆكه زۆرداره‌كه‌یان.
دوای سه‌رۆكایه‌تی كردنی ئه‌و وڵاته گه‌شتوگوزاییه‌ی كه‌ناری ده‌ریای ناوه‌ڕاست بۆ ماوه‌ی 23 ساڵ، ئه‌مڕۆ زه‌ینلعابدین بن عه‌لی ده‌ستی له سه‌رۆكایه‌تی كردنی تونس كێشایه‌وه. ئه‌و به هۆی ئه‌و ناڕه‌زایی و توندوتیژیانه‌وه وه‌ده‌رنرا كه له مانگی رابردو سه‌ریان هه‌ڵداو ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش تونسی پایته‌ختی گرته‌وه.
خۆپیشاندانه‌كان له مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی رابردو گڕیان سه‌ند كاتێك گه‌نجێكی رۆشنبیر و بێ ئیش خۆی كوشت له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاَتداران رێگه‌یان پێنه‌دابو سه‌وزه و میوه بفرۆشێت به بێ روخسه‌ت، هه‌روه‌كو شایه‌تحاڵێك به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند "كیشه‌كه چیتر ته‌نها بێكاری نییه، به‌ڵكو ئه‌مه ده‌رباره‌ی ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین و كۆبونه‌وه و هه‌مو ئازادییه‌كانی تره."
تا ئێستا ئازادی ته‌واو له جیهانی عه‌ره‌بدا بونی نییه سه‌ره‌ڕای سه‌ركه‌وتنه لاوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش له به‌رقه‌راركردنی دیموكراسی له عێراقی دوای سه‌دام.
ئه‌م هه‌فته‌یه، گروپی ناسودمه‌ندی ماڵی ئازادی (Freedom House) رایگه‌یاند كه خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا به‌رده‌وامن له "پاشه‌كشه كردن و دابه‌زینی پله‌كانیان له لیستی دیموكراسیدا." له نێوانیشیاندا میسر به پله‌ی یه‌كه‌م دێت كه زۆرترین دانیشتوانی هه‌یه له ناو وڵاته عه‌ره‌بیه‌كاندا و له پایزی رابردودا هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌رێوه‌چو.
هه‌رچه‌نده تونسییه‌كان به ته‌نها نین له ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌كانیاندا. خه‌ڵك له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانی وه‌كو جه‌زائیر و ئوردن و میسریش رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان. چوارچێوه‌ی هۆكاره‌كان له‌م پرۆتێستۆیانه‌دا جیاوازن، به‌ڵاَم حاڵه‌تی هاوبه‌شیش له نێوانیاندا هه‌یه وه‌كو به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی خواردن و سوته‌مه‌نی و هه‌بونی بێكاری. ناوچه‌كه ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نجی هه‌یه كه توانای به‌ده‌ست هێنانی هه‌لی كاریان سنورداره و خه‌ڵكیش بێزاره له سیاسه‌ته داخراوه گه‌نده‌ڵه‌كانی وڵاَته‌كانیان.
مه‌ته‌ڵه‌كه روی له ئۆتۆكراته‌كان و پاڵپشته رۆژئاواییه‌كانیانه كه چۆن وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه. یه‌كه‌م جار سه‌رۆكی تونس هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا به كوشتی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خۆپیشانده‌ره‌كان و داوتریش سه‌رزه‌نشتكردنی تیرۆرسته ده‌ره‌كییه‌كان به‌رپه‌رچی خۆپیشانده‌رانی دایه‌وه.
ئینجا دوای ئه‌وه بن عه‌لی په‌شیمانی دایگرت كاتێك به بینه‌رانی ته‌له‌فزیۆنێكی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند "من له ئێوه تێده‌گه‌م." و سنورداركردنی میدیا‌و ئه‌نته‌رنێتیشی ئاشكرا كرد و وتیشی جارێكی تر خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵنابژێرێته‌وه. په‌یمانی دابین كردنی كار و دابه‌زاندنی نرخی خواردنیشیدا له تونس.
له رۆژی هه‌ینیدا، زه‌ینلعابدین وازی له سه‌رۆكایه‌تی هێنا و حكومه‌ته‌كه‌شی به شێوه‌یه‌كی كاتی سپارد به سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای تونس. حاڵه‌تی نائاسایی له‌و وڵاته راگه‌یه‌ندراوه و كۆبونه‌وه‌كانی خه‌ڵكیش قه‌ده‌غه كراوه.
ئه‌ندامانی نادی ئۆتۆكراتی عه‌ره‌ب (Arab Autocrat Club) به‌رده‌وام بون له مانه‌وه‌یان له ئیشه‌كانیاندا چونكه ئه‌م ئه‌ندامێتییه چالاكی و سامان و كاریگه‌ری و هێزی خۆی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وانیش ترسیان له راپه‌ڕینه ئیسلامیه‌كان هه‌یه یان كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی دیموكراسی، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌ماس و كه‌رتی غه‌ززه‌دا كرا.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانیش دركیان به‌م ترسه كردوه و هه‌وڵی زۆر زۆرتر ده‌ده‌ن بو به‌ره‌و پێشبردنی باری ئابوری و گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی له پێناو كرانه‌وه‌ی سیاسی‌دا له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقادا. به‌ڵام هه‌روه‌كو له كێشه‌ی تونسه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، ئابوری ته‌نها كیشه نییه كه رۆژئاوا پێویسته بیری لێبكاته‌وه.
هیلاری كلینتۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به راشكاوانه باسی له پێویستی گۆڕانكاری زیاتر كرد له ناوچه‌كه‌دا و گوتی "ناڕه‌زایی خه‌ڵك له گه‌نده‌ڵی و خراپی سیاسه‌ت له گه‌شه‌سه‌ندندایه." ئه‌مه قسه‌یه‌كی توند و نامۆ بو له لایه‌ن به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكاوه.
له‌وانه‌یه ئه‌مه ئاگادار كردنه‌وه‌یه‌ك بێت بۆ سه‌ركرده‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه ئه‌گه‌ر چیتر له‌سه‌ر زۆرداری به‌رده‌وام بن، ئه‌وا ئه‌مه به روی خۆیاندا ده‌ته‌قێته‌وه. ناتوانرێ تا هه‌تایه ده‌نگ و رای خه‌ڵك كپ بكرێت به تایبه‌تی له كاتێكدا ئه‌و خه‌ڵكه به‌هۆی ئه‌نته‌رنێت و ته‌له‌فزیۆنه‌وه ده‌بینن چی رو ده‌دات له وڵاته‌كانی تر به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاته‌كانی خۆیاندا.
له وڵاتێكی ئیسلامی دینی وه‌كو ئێرانیش هه‌مان شت رو ده‌ده‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بن عه‌لی تونس.
سه‌رچاوه: كریستیان ساینس مۆنیتیه‌ر