ئازاد چالاك
رۆشنبیران راست ده‌كه‌ن كه ده‌ڵێن هه‌مو دیكتاتۆره‌كانی دنیا، هه‌رچۆنێك بن، ره‌نگ و شكڵ و ره‌گه‌زیان زۆر لێكده‌چن و چاره‌نوسیان وه‌ك یه‌ك دهبێتو دهرسو په‌ندیش له یهكترو هی پێش خۆشیان وه‌رناگرن.
هه‌مویان پێیانوایه كه ئه‌وان دیكتاتۆر نین و خه‌ڵك خۆشی ده‌وێن و ئاماده‌ن به گیان و خوێنی خۆیان بیانپارێزن و پێیانوایه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن، هاوڵاتییانیان له‌ناوده‌چن و ئه‌گه‌ر زیره‌كی و میهره‌بانی ئه‌وانیش نه‌بێت، ئه‌وا خه‌ڵكه‌كه‌یان بهگورگانخوارد و ده‌چن و ده‌سه‌ڵاتیش بۆ ئه‌وان فه‌رزه و ویستێكی ئیلاهی هه‌یه.
رۆژی هه‌ینی (14/1)، سه‌رۆكی تونس خۆی و كه‌سه هه‌ره نزیكه‌كانی وڵاتیان به‌جێهێشت و له شاهه‌نشایه‌تی عه‌ره‌بنشینی سعودیه، گیرسایه‌وه و ئه‌م راكردن و هه‌ڵاتنه‌ی بن عه‌لی، به‌پێی پرۆتوكول و بۆ حه‌ج و عه‌مره، یاخود بۆ زیاره‌ت نه‌بو.
سه‌رۆكی تونس، ته‌نیا (23) ساڵ حوكمی تونسی كرد و ئه‌گه‌ر به رژێمه عوروبییهكانی تر به‌راوردبكرێت، ده‌بینین كه حاكمی (42) ساڵیمان هه‌یه و ئه‌گه‌ر به رژێمه‌كانی باوك و كوڕ، یاخود به‌حیزبی سه‌ركرده و بنه‌ماڵه‌كان به‌راورد بكه‌ین، ئه‌وا نمونه‌كان ئێجگار زۆر ده‌بن و ئه‌وكات، ده‌بێت به چاوی به‌زه‌ییه‌وه سه‌یری بن عه‌لی بكه‌ین!
پێش چوار رۆژ له ئیعدامكردنی شاوشیكۆ و خێزانه‌كه‌ی كه تا ئه‌مڕۆ ئێسك‌و پروسكیشیان دیار نییه، له ته‌مه‌نی (24) ساڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی خۆیدا وه‌ك سه‌رۆكی رۆمانیا، سه‌ردانی ئێرانی كرد و له‌وێ لێیان پرسی كه ئایا روداوه‌كان و گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات، به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن، به‌تایبه‌ت دوای روخاندنی دیواری به‌رلین و گۆڕینی چه‌ندین وڵاتی هاوشێوه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئه‌و، له وه‌ڵامدا به پێكه‌نینه‌وه وتی، ئێوه خه‌ڵكی رۆمانیا ناناسن كه چه‌ند دڵسۆزی سه‌رۆكی خۆیانن و چه‌ندیان خۆشده‌وێت، ده‌بێت له‌وه دڵنیابن كه ئه‌گه‌ر بێت و شۆڕه‌بی هه‌رمێ بگرێت، گۆڕإان له رۆمانیا رو نادات.
ساڵی (1987)، سه‌رۆكی تونس دو سندوقی بۆ بێكاران و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی (ضمان اجتماعي) دروستكرد و دوای چه‌ند ساڵێكیش به‌ڵێنی به تونسییه‌كان دا كه نزیكه‌ی نیو ملیۆن وه‌زیفه و هه‌لی كار بۆ هاوڵاتییانی بدۆزێته‌وه، به‌ڵام هیچی به‌جێنه‌هێنا.
ئابوری تونس له‌چاو وڵاتانی عه‌ره‌بی خاوه‌ن نه‌وت، لاوازه و جگه له گه‌شتوگوزار و هه‌ندێك پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و كارگه‌ی بچوك، داهاتێكی ئه‌وتۆی نییه و به‌رامبه‌ر نه‌بونی هه‌لی كار و دامه‌زراندنی ده‌رچوی كۆلێژه‌كان، ده‌سته‌وه‌ستان بو، هاوڵاتییانی تونس به چاوی خۆیان ده‌یانبینی كه خانمی یه‌كه‌م و كوڕ و زاواكانیان، چۆن یاری به داهات و سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و چۆن ئه‌و سه‌روه‌ته بۆ ده‌زگا ئه‌منییه تایبه‌ته‌كانیان سه‌رف ده‌كه‌ن و چۆنیش رۆژ له‌دوای رۆژ هه‌وڵی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كانی هاوڵاتییان و به سه‌ربازكردنی كۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن بۆ پارێزگاریكردن له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان.
سه‌ركرده‌كانی تونس، ئه‌وه‌یان لهبیرچوبو كه گه‌له‌كه‌یان خاوه‌نی شاعیری وه‌ك (ابوقاسم الشابیه) كه خاوه‌نی شیعره به‌ناوبانگه‌كه‌ی (اذا الشعب يوما اراد الحياة فلا بد ان يستجب القدر)ه، ئه‌گه‌ر رۆژێك گه‌ل ئیراده‌ی ژیانی هه‌ڵبژارد، ئه‌وا قه‌ده‌ریش ناتوانێت به ده‌نگییه‌وه نه‌یه‌ت و هه‌روه‌ها خاوه‌نی شاعیری وه‌ك به‌یره‌م ئهلتونسیه، كه شــیــعرهكانی بونه هه‌وێنی به‌ره‌نگارییه‌كانی ساڵی (1919)ی هاوڵاتییانی میسر.
كاتێك ئه‌جه‌ل و نیهایه‌تی دیكتاتۆره‌كان نزیك ده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر روبه‌ڕو ده‌بنه‌وه، لایه‌نگران و دۆسته‌كانیان پشتیان تێده‌كه‌ن و خۆیان ناكه‌نه خاوه‌نیان، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی توشی نه‌خۆشی گڕوێیی، یاخود ئیفلاسبون بوبن كه‌سیان به‌ده‌وره‌وه نامێنێت.
له وڵاته دیموكراسییه‌كانی دنیا، سه‌رۆكه‌كانیان له سه‌رۆكه عه‌ره‌به‌كان و رۆژهه‌ڵاتییه‌كان ژیرتر و به‌تواناتر و پێشكه‌وتوترن، به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وام پشت به كاری زانستی و موئه‌سه‌ساتی ده‌به‌ستن، بۆ خۆیان و ده‌ستوره‌كه‌یان به ره‌وا نابینن كه له هه‌شت ساڵ زیاتر حوكم بكه‌ن و ده‌بنه‌وه هاوڵاتی ئاسایی، كه‌چی لای ئێمه حیزب و كورسی حوكم هه‌تا هه‌تاییه و پاش سه‌رۆكه‌كانمان ده‌سه‌ڵات بۆ بنه‌ماڵه‌كانیان ده‌گوێزرێته‌وه و پاوان ده‌كرێت.
ته‌نیا فه‌قیری و نه‌بونی نان، شۆڕش و راپه‌ڕین به‌رهه‌م ناهێنێت، به‌ڵكو به‌رده‌وامبونی ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌سه‌ندنی بیری نوێ و رۆشنبیری و سوربون له‌سه‌ر خواسته دیموكراسی و ئازادییه هه‌مه‌لایه‌نه‌كان، ده‌بنه فاكته‌ری ئه‌ستوربونی رقی په‌نگخواردوی چین و توێژه‌كانی خه‌ڵك و ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و رقه جه‌ماوه‌رییه‌ش، ده‌بێته هۆی گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی مێژویی و سهروبنكردنی وێنه و هاوكێشه چهقبهستوهكان، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم، كه‌سیان په‌ند و عیبره‌ت وه‌رناگرن.