خالیدی حاجی ئه‌حمه‌د
زۆركه‌س راپه‌رینه جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی تونس به ده‌روازه‌ی ئاڵوگۆڕێكی سه‌رتاسه‌ری ده‌بینن و ته‌نانه‌ت كه‌سانێك هه‌ن كه باس له (یاری دۆمینۆ) ده‌كه‌ن، به‌جۆریك كه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌و رژێمه دیكتاتۆریانه‌ی بۆ چه‌ندین ساڵه ده‌سه‌ڵاتیان قۆرغكردوه بهلادابێن.
زۆرینه‌ی ئه‌م حكومدارانهی ئه‌مڕۆ له دنیای عه‌ره‌بدا له‌سه‌ركارن ده‌كرێت له 2 كاتیگۆڕیدا كۆبكرێنه‌وه:
1- ده‌وڵه‌ته پاشایی و عه‌شایه‌ریه‌كان كه ده‌سه‌ڵات له باوكه‌وه ده‌مێنێته‌وه بۆ كوڕ یان ئه‌درێت به كه‌سێكی نزیكی ناو خێزانی ده‌سه‌ڵاتدار، له‌مانه شانشینه‌كانی كه‌نداو و شانشینی ئه‌رده‌ن و مه‌غریب.
2- سه‌راپای ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌كانی تر (جگه له عێراقی دوای سه‌دام) سه‌رجه‌م به‌كوده‌تا هاتونه‌ته سه‌ركار، شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم واته شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی، به‌ڵام دواتر به‌چه‌شنێك ئاوێزانی ده‌سه‌ڵات بون و حیزبیان كردۆته دارده‌ستێك بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ خێزان و وه‌چه و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان له پرۆسه‌ی دیموكراسیدا.
سوریا كه به‌لوتكه‌ی به‌ره‌نگاریی دائه‌نرا له جیهانی عه‌ره‌بدا، دوای مردنی سه‌رۆكه‌كه‌ی له رێگه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه كوڕه‌كه‌ی جێگه‌ی گرته‌وه، ئه‌مڕۆش قه‌زافی سه‌رۆكی لیبیا له په‌روه‌رده‌كردنی سه‌یفولئیسلامی كوڕیدایه تا له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نه شۆڕشگێڕیهكانهوه_ كه شێوازێكه له شێوازه‌كانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار_ جێگه‌ی باوكی بگرێته‌وه. حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكی میسریش له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه جه‌مال موباره‌كی كوڕی به‌هه‌مان شێوه ببێته فه‌رمانڕه‌وای میسر. بێگومان ئه‌م شۆڕشگێرانه‌ی دوێنێ، كه‌م تازۆریك هه‌وڵیان داوه خۆیان له‌گه‌ڵ ره‌وتی رٍوداوهكاندا بگونجێنن، به‌ڵام له كۆتایدا بڕوانهبونیان به ئاڵوگۆڕ و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، زیاتر به‌ره‌و گۆشه‌گیری و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و دیكتاتۆری و سه‌ركوتكردنی ئه‌و گه‌له‌ی بردون كه رۆژێك له رۆژان ته‌پڵی رزگاركردنیان بۆ لێئه‌دان.
له‌كۆتایی سه‌ده‌ی رابوردودا، هه‌ره‌سهێنانی سیسته‌می دو جه‌مسه‌ری و كۆتایی هاتن به‌جه‌نگی سارد و پرۆسه‌یه‌كی به‌رفراوانتری به‌جیهانی بونی سه‌رمایه و عه‌وله‌مه و پێشكه‌وتنی ئامڕازه‌كانی په‌یوه‌ندی جوڵه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌و رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراسی خولقاند، به‌ڵام سه‌ركرده عه‌ره‌به‌كان وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان ئه‌و گۆڕانكاریانه‌یان به ده‌ستی ئیمپیالیزم لێكدایه‌وه، كه ده‌یه‌وێت له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆناو دنیای عه‌ره‌ب له‌كاتێكدا ئه‌م سه‌ركردانه به قسه‌ی خۆیان له ده‌رگاوه ده‌ریان كردوه.
هه‌رچی پاشا و سوڵتانه‌كانه له قۆناغی پێشودا بۆ به‌رقه‌راریی سیاسی و رۆشتنی بێگرێوگۆڵی نه‌وت له‌لایه‌ن رۆژئاواوه پشتیوانیه‌كانی زۆریان لێده‌كرا، له هه‌مانكاتیشدا لایه‌نگری له‌م دیكتاتۆرانه ده‌كرا تا وڵاته‌كه‌یان نه‌كه‌وێته ده‌ست ورچه سوره‌كه (یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێش‌و) و چه‌پ و رادیكاله‌كان ده‌سه‌ڵات نه‌گرنه ده‌ست، كۆتایی هاتن به‌و قۆناغه، به‌ناچاریی پێویستی هاتنه كایه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی تر ده‌خوازێت كه له‌گه‌ڵ پێداوستیه هه‌نوكه‌یی و ناوخۆیه‌كانی دنیای عه‌ره‌بدا بێته‌وه. وڵاتانی دراوسێی عه‌ره‌ب، بۆ نمونه توركیا كه ده‌وڵه‌مه‌ندی سروشتیانه‌ی وه‌ك دنیای عه‌ره‌بی نیه و به ده‌ست كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناوخۆییه‌وه كه كێشه‌ی كورده ده‌ناڵێنێ، به‌ڵام له كۆتایدا ته‌نها و ته‌نها به بڕوابون به ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و ئازادیی ناوخۆیی و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له یه‌كتر و بیرنه‌كردنه‌وه له نوسان بهكورسیهوه گوڕوتینێكی دا به‌و وڵاته كه به دروستی خۆی له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كاندا بگونجێنێ و بچێته ریزی وڵاته پێشكهوتوهكانهوه.
پابه‌ندبون به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر و نه‌بونی هیچ كه‌ناڵێك بۆ ئاڵوگۆڕێكی هێمنانه، كه‌سان و گروپگه‌لێكی له دنیای عه‌ره‌بدا به‌ره‌و توندڕه‌وی بردوه كه ره‌نگه ئه‌لقاعیده باشترین نمونه‌یه‌ك بێت، كۆمه‌ڵناسان ئه‌وه به سروشتی ده‌زانن له كاتێكدا بواری ئازادیه‌كان به‌رته‌سك بكرێنه‌وه، كاردانه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌رۆك بهكۆمهڵگاكان ده‌گرێت.
زۆربونی ژماره‌ی دانیشتوان و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی داوای هاوڵاتیان و له به‌رانبه‌ریشدا به‌رزبونه‌وه‌ی ژماره‌ی بیكاران و زیادبونی نرخه‌كان و هه‌ڵئاوسانی رۆژانه له دنیای عه‌ره‌بدا و به‌ربڵاوی گه‌نده‌ڵی و لێنه‌پرسینه‌وه و كۆنترۆڵ كردنی سوپا و ئاسایش و دادگاكان و پێگه ئابوریه‌كان له‌لایه‌ن حیزب و بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه، ئه‌و دیاردانه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌دا نایه‌نه‌وه، مل نه‌دان به ئاڵوگۆری ده‌سه‌ڵات، فه‌رمانڕه‌واكانی ناچاركردوه په‌نا بۆ پاساوه كۆنه‌كان ببه‌نه‌وه، كه پێشتر له‌ناو جه‌ماوه‌ردا كڕیاریان هه‌بو، به‌ڵام چیتر دژایه‌تیكردنی رۆژئاوا و زایۆنیزم و شه‌ڕی تایفی، ئه‌و دراوانه نین له جیهانی ئه‌مڕۆدا ئهشههدوبیلای ناحه‌قی پێ بكڕدرێ، بۆیه به‌ناچاریی ده‌سه‌ڵاته‌كان په‌نا ده‌به‌نه‌وه به‌ر تیرۆر و تۆقاندن و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی زیاتری ئازادیه‌كان، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش تا مه‌ودایه‌ك به‌رگه‌ی ده‌گیرێت و له كۆتایدا وه‌ك ئیمامی عه‌لی وتویه‌تی: هه‌مو شتێك له باریكیدا ده‌پچڕێت ته‌نها زۆرداری له ئه‌ستوریدا، به‌ناچاریی گه‌لانی عه‌ره‌بیش جێی خۆیان له جیهانی نوێ‌دا ده‌گرن.