عهباس شوان
شۆڕش و راپەڕین و ناڕەزایەتییەکان لەهەر وڵاتە کە زیاتر مەدەنیانە بەڕێوەچو بێت، ناوی جۆراجۆری لێنراوە، وەک شۆڕشی پرتەقاڵی و ئەرخەوانی و... کە دواهەمینیان یاسەمین لەتونس بو.
یاسەمین گوڵیکی بۆنی خۆش لەئەسڵدا ناوێکی فارسییە، ناوی گوڵ لەبەر ناسکی و بۆنخۆشی و جوانی هەمیشە بۆ ناوی ژنان و کچان بەکار هاتوە.
وڵاتی تونس بۆیە ناوی راپەڕینەکەیان بەیاسمەین ناوزەد کرد، چونکە بەیەکێک لە وڵاتانە دادەنرێت کە گوڵە یاسەمینی بە زۆری هەیە و تیا دەڕوێت.
رۆبێرت فیسک ١٩٤٦رۆژنامەنوسی بەناوبانگی بەریتانی لەنوێترین وتاریدا بەم شێوەیە لەبارەی ئەو روداوەی تونسەوە، هەڵوێستی رۆژئاواو لەبەرانبەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی دیکتاتۆریدا دادگایی دەکات و دەڵێت: ئەوان ئارامی و نەزمونزامی جیهانی عەرەبیان گەرەکە، بۆیە پشتیوانی لە گەندەڵترینیان دەکەن، تا چیان دەیەوێت بەدەستی بهێنن... بۆیە دیموکراسییەکی تەواو ناخوازن بۆ ئەو وڵاتانە...
هاوکات لێکۆڵەرەوەیەکی ئەڵەمانی دیدێکی نزیک لەوەی رۆبێرت فیسک، بەڵام وردتر دەردەبڕێت: ئەوروپییەکان، چاوغافڵ دەکەن لەبەرانبەر ئەو هەمو پێشێلکاریانەی کە رۆژانە دەرهەق بە مافی مرۆڤ لەوڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان دەکرێت، لەبەر خاتری ئەوەی ئیستقرارێکی خەڵەتێنەر، کە هیچ گرێنتییەکی نییە، هەبێت.
ئەوەی لەتونس رویدا پێمان دەڵێت: دەکرێت خەڵک خودبەخود بەبێ پشتیوانی کودەتای سەربازی و هاندانی دەوڵەتانی دەروجیران و رۆژئاوایی و تەنانەت بەبێ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای سڤیلی دەتوانرێت گۆڕانکاری بخولقێنن و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان لەسەرکار لاببرێت.
منیش بۆ خۆم، خاوەنی ئەم چەند دێڕە لەگەڵ سەروساخت دەرکەوتنی ئەمەریکا لە کوردستانی باشور و عێراق، پێشوازیەکی بەگومانم لەو هاتنە کردوە و دەربڕیوە و پێم وابوە: مەمنون دەبین گەر ئەمەریکا لەم وڵاتە، لەسەدا ٢٥ی کەلتوری رۆژئاوایی پراتیک بکات.
لەشونیکی تردا لەبارەی روداوە گەرمەکانی تونسەوە بەجۆرێکی تر دیدی خۆم دەربڕیبو: هەر باس لە راکردن و قوچاندنی (زەین ئەلعابدین بن عەلی)دەکرێت، بەڵام باس لەوە ناکرێت ئەو بەخواهشتی خۆی وڵاتی بەجێهێشت، بەنیاز نەبو جارێکی تر خۆی هەڵبژێرێتەوە، دیارە لەژێر فشاردا بو، ئەمە وەک خاڵێکی پۆزەتیف دەبێت چاوی لێبکرێت و عاقڵییەکی گەورەی کرد.
کارێکی وا چاوەڕوان ناکرێت لە سەرۆکی وڵاتە ئیسلامی و عەرەبییەکانی رۆژهەڵاتی موستەبد بوەشێتەوە و روبدات.
هەروەها دەبێت ئەو خاڵەش لەبەرچاو بگیرێت کە روداوەکان و قەیرانی تونس و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بەکەمترین تەلەفاتی گیانی و مادی کۆتایی هات.
دوای تەجروبەی راپەڕینی خەڵکی ئێران لەدژی شا ئەمە دوهەم راپەڕینی خەڵکە کە لەوڵاتە دواکەوتوە نادیموکراتییەکاندا دوبارە دەبێتەوە، هەرچەندە راپەڕین لەدژی شا درێژخایەن و خوێناوی تر بو، بەرئەنجامەکەیشی حکومەتێکی وا هاتەکار کە شا لەچاویدا بەحەوت ئاو شۆراوەتەوە.
گەر ورد لە دەستور و یاسا و رێساکانی تونس بڕوانرێت، لەسەردەمی حەبیب بورقێبەوە ١٩٠٣ - ٢٠٠٠ ئەم وڵاتە نەیویستوە وەک وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان بێت، ریفۆرمی لەبوارەکانی پەروەردە و یەکسانی ژن و پیاو کە دەچێتە خانەی یاساکانی باری کەسێتییەوە کردوە، بۆ نمونە هیچ پیاوێک بۆی نییە و نەبوە دو ژنی هەبێت، جا قسە لەوەیە بەهاتنەوەی ئیسلامە سیاسییەکان بۆ ناوخۆی وڵات و بەهاوکاری راگەیاندنی سێبەری فڵان و فیسار وڵات چ چارەنوسێت چاوەڕوانی شۆڕشی یاسەمین و گۆڕانکاریەکانی داهاتوی وڵات دەکات و دەبێتەوە؟
سودم لە کەناڵەکانی راگەیاندنی بەریتانی و ئەڵەمانی و... بۆ نوسینی ئەم وتارە بینیوە...