كه‌ركوك له‌نێوان ته‌سلیمبوون بهواقع و خۆگورجكردنهوهدا
Monday, August 20, 2007 |
|
|
به‌پێی برگه‌كانی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عێراق، ده‌بوو ئێستا له‌قۆناغی سێیهموكۆتایی جێبه‌جێ كردنی به‌نده‌كانیدا بوینایه، كه‌ئه‌ویش خۆ ئاماده‌كردن بوو بۆ ریفراندۆم واته ده‌نگدانی ئه‌وانه‌ی بهكهركوكیی ده‌ژمێررێن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پارێزگای كه‌ركوك بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، یان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌بێت.
هه‌موو ده‌زانین كێشه‌ی گه‌رانه‌وه‌ی كه‌ركوك‌و خستنه‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جاران ناوده‌برا به ناوچه‌ی حوكمی زاتی و ئێستاش به‌هه‌رێمی فیدرالی كوردستان، ساڵه‌های ساڵه جێگای دانوستان‌و مشتومرو شه‌ری خوێناویش بووه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه سه‌ركردایه‌تیی كورد رازی ببوایه به‌پێشنیازه‌كانی حكومه‌ت كه ده‌یان وت كه‌ركوك ببێتهشارێكی هاوبه‌ش و پێكه‌وه ژیانی هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراقی‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه بێت ره‌نگ بوو مێژووی چل ساڵه‌ی خهباتو شۆرشی كورد به‌ئاقارێكی جیاوازتردا برۆشتایه ره‌نگیش بوودهیان هه‌زار شه‌هیدی كورد و ده‌یان ههزاركوژراوی عێراقیش نه‌بوونایه‌ته قوربانیی له‌و خه‌باته سیاسیی وچهكدارییهدا ، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر له دانوستانی 1964 دا بهوپێشنیازهی حكومه‌تی ئه‌وسا رازی بووایه كه كه‌ركوكی له‌ناوچه كوردییه‌كان ده‌رهێنابوو ئه‌وا مێژوو به‌ئاقارێكی تردا ده‌رۆی جیاواز له‌وه‌ی ئێستا ده‌بو خۆ ئه‌گه‌ر له11ئازاری 970 یان له‌دانوستانی 984 یان له991دا به‌م ناوچه‌یه‌ی ئێستای حكومه‌تی كوردستان رازی بونایه ئه‌وا ره‌نگ بوو ته‌واو بارودۆخه‌كه جیاوازبووایه، كهدهشڵێین مێژوو ده‌گۆرا مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه كه‌ئیتر شۆرش نهدهكرایهوهو خه‌ڵكیش نهدهكوژراو چونكه هه‌موومان شاره‌زای سروشتی دوژمنكاریانهو هه‌ڵسوكه‌وتی فاشیانه‌و توندره‌وی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی به‌عس بوین كهگهیشتبووه راده‌ی به‌كارهێنانی هه‌موو تواناكانی بۆ سرینه‌وه‌ی سیمای نهتهوهییو جینۆسایدكردنی كورد بهلاَم به‌دڵنیاییه‌وه ره‌وتی روداوه‌كان جیاوازتر ده‌بوو له‌وه‌ی پێیدا تێپه‌رین، له‌هه‌موو بارێكدا كه‌ركوك میحوه‌ری خه‌باتی ئێمه‌و دوژمنكارییه‌كانی ئه‌وان بووه.
وتاره‌كه‌م گهرانهوهنییه بۆ ئه‌و هه‌موو راوبۆچوون‌و نوسینانه‌ی كه‌ماوه‌یه‌كه رۆشنبیران‌و سیاسهتمهدارانو رۆژنامه‌نوسان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، كهههرههموویان به‌بێ شك له‌سه‌ره‌نجامی پهرۆشیو ترسیانهوهیه بۆ گه‌رانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ باوه‌شی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ كه‌مێك له‌سه‌ر واقیعی حاڵ قسه‌بكه‌م ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیش له‌واقیعه‌كه تاڵ ودڵتهنگكهر بێت بهلاَم ده‌بێ بیڵێین چونكه سیاسه‌ت نهبهعاتیفهو نهبهراكردن له‌واقع به‌رنامه‌ی راست و به‌رهه‌می دروستی نابێ. له‌سه‌ره‌تادا وتمان ده‌بوو ئێستا له‌قۆناغی سێیهمو كۆتایی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوكدا بوینایه كهبهمادهیهكی ده‌ستوریی رێكخراوه، به‌داخه‌وه زۆربه‌ی كاته‌كه تێپه‌ری و تا ئه‌مرۆ لهسهرهتاداینو تروسكاییه‌كی زۆركه‌م هه‌یه كه‌ئاسۆی رونی لێوه به‌دی ناكرێ ، گومانێكی گه‌وره دروستبووه هیچ نه‌بێ لای به‌نده كهساڵهكه تێده‌په‌رێ و ماده‌ی 140 جێبه‌جێ نابێ ، روداو‌و بهسهرهاتهكانیش ورده ورده گومانهكهمان لا زیاترده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ناكرێ خۆمان بێ‌ئومێد بكه‌ین بهلاَم ده‌شبێ باشتر له‌واقیعه‌كه تێبگه‌ین و پلان وهه‌نگاوی شیاوتری بۆ دابرێژین كهبگونجی له‌گه‌ڵ هێزو توانای سیاسی‌و عه‌سكه‌ری‌و جه‌ماوه‌ری خۆمان به‌ره‌چاوكردنی سیاسه‌تی سه‌پاوی رۆژ له‌لایه‌ن عیراقیه‌كان وئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی و دراوسێكانه‌وه ،كهلهراستی دا خاڵی پۆزه‌تیف و نێگه‌تیفیشی بۆ كورد تیایه كهدێینهسهر باسیان .
بریاری إێكهوتن له‌سه‌ر دانانی مادده‌ی 140 ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ره‌شنوسی ده‌ستور تۆمار ده‌كرا و گێرمه‌وكێشه له‌سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌وبه‌ندانه‌ی دهستوربوو كه‌وه‌ك ده‌ستكه‌وتێك بۆ كورد حساب ده‌كران، له‌وانه دامه‌زراندنی هه‌رێمێك بۆ كورد كهشاری كه‌ركوكیش له‌خۆ بگرێ ، نهسونهی عه‌ره‌ب نهقهومییهكانی تری شیعه نهدهوڵهته عه‌ره‌به‌كان نهتوركیاو ده‌وڵه‌تانی تری دراوسێ ئه‌وه‌یان پێ قبوڵ نه‌بوو كه‌كه‌ركوك به‌وشێوه‌یه بچێته ناو سنوری فیدرالییه‌وه به‌ڵكو ئه‌گه‌ر شه‌ق و شری بارودۆخی عێراق و ترس له‌ئه‌مریكا نه‌بوایه هه‌رگیز فیدرالیان بۆ ئه‌و ناوچهیهبهبێ كه‌ركوكیش قبوڵ نه‌ده‌كرد، ناشكرێ یه‌كگرتویی هه‌ڵوێستی كوردیش له‌وكاته‌دا وه‌ك فاكته‌رێكی گرنگ حساب نه‌كرێ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش دا پاداشتی كورد بۆیان به‌شداری كردن بوو لهدامهزراندنهوهی حكومه‌تدا كه به‌بێ به‌شداری كورد دروستكردنه‌وه‌ی مه‌حاڵ بوو، به‌پێچه‌وانه‌وه كورد بووه فاكته‌ری جێگیركردنی حوكم، له‌لایه‌كه‌وه ئارامی ناوچه‌كه‌ی خۆی پاراست وه‌كوتریش ده‌رده‌سه‌ری بۆ هاوپه‌یمانان دروست نهكردو به‌شداری له‌پاراستنی ئارامی هه‌ندێ ناوچه‌ی تریش دا كرد، كه‌واته یه‌كه‌مین فرسه‌ت ویه‌كه‌مین كارتێك كه‌كورد به‌ده‌ستیه‌وه بو ئه‌وه‌بو به‌شداری نه‌كات تا زامنی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تریشی نه‌كردایه. ئه‌گه‌ر چی زیادبونی ئه‌و جموجۆڵ و چالاكی چه‌كداره‌كانی قاعیده‌و به‌عس و صهدرو ئه‌وانی تریش مه‌وقعی ئه‌مریكاییه‌كان و شیعه دهسهلاَتدارهكانی لاوازكرد بهلاَم لایه‌نی دژ به داواكانی كوردی پێ هه‌ستانه‌وه‌و رۆژله‌دوای رۆژیش توندتردهبون له‌سه‌ر به‌رهه‌ڵستكاری داواكانمان بۆیه زیانی گه‌وره‌ی ئێمه له‌خه‌م ساردی و پهلهنهكردنی دهسهلاَتدارانی خۆمانه‌وه‌بوو كهكێشهكه به‌ره‌و دواوه هات و رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه. كاتێك جه‌عفه‌ری سه‌رۆكی وه‌زیران بوو هیچ هه‌نگاوی نه‌ده‌نا بۆ جێبه‌جی كردنی هه‌رچی داواكاریه‌ك كه‌له‌لایه‌ن كورد‌و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یه‌وه پێشكه‌ش بكرایه هه‌ڵویستی سه‌ركردایه‌تی كوردیش لهگلهییو گازنده‌و هه‌ندێك هه‌ڵوێست كه‌له‌ئاستی پێویست دا نه‌بوو تێنهدهپهری بهلاَم كاتێك ویسترا بۆ سه‌ره‌ك وه‌زیران دابنرێته‌وه هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌ی بۆ وه‌رگیرا كه‌پێویست بوو ئه‌مه بكرێته ده‌رسێك و ببێته نه‌هج لهپێداگرتن له‌سه‌ر داواكانی تر به‌كه‌ركوكه‌وه بهلاَم به‌داخه‌وه كهنهبوو .
خۆئه‌گه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردوستان رۆژیك بۆ ناره‌زایی له ته‌گه‌ره‌دانان له‌به‌رده‌م جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی 140 دا كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانیان به‌جێبهێشتایه ئه‌وا مه‌ترسی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر چاره‌نوسی په‌رله‌مان و حكومهتهكهشیان دروست ده‌كرد كه‌به‌داخه‌وه ئه‌مه‌ش فرسه‌تێكی تربوو كهنهكرا بقۆزرێته‌وه ، ئه‌گه‌ر جارێ وه‌زیره كورده‌كان له‌سه‌ر یه‌كێ لهموخالهفهكانی جه‌عفه‌ری ده‌ستیان له‌حكومه‌ت بكشانایهوه ئه‌وا ئه‌و سه‌ره‌ك وه‌زیرانه حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شایه‌وه به‌لام نه‌ك نه‌كرا به‌ڵكو ته‌نانه‌ت رۆژێك تههدیدیش نه‌كرا به‌كشانه‌وه .
كاتێك مالكی كاندید كرا بۆ سه‌ره‌ك وه‌زیران ، شیعه‌كان له‌بارودۆخێكدا نه‌بون كه‌كه‌س به‌غیلیان پێ ببات، ته‌نها دۆست و رزگاركهریشیان كورده‌كان بوو ، ده‌بوو هه‌رگیز كۆمه‌ك و پاڵپشتی كوردیان لهیادنهچوایه كه‌به‌شداریان كردن وبه‌و هۆیه‌وه توانیان حكومه‌ت دابمه‌زرێنن ، مه‌رجیش ئه‌وه بوو كه‌حكومه‌ته‌كه‌ی مالكی له‌و ماوه‌یه‌ی دانراوه بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌كه كه ساڵی( 2007 ) ه كاره‌كانی ته‌واو بكات و كوردیش له‌ناو حكومه‌ته‌كه‌ی دا بمێنێته‌وه‌و چالاك بێت تا نه‌روخێ به‌داخه‌وه نهمالكی كردی ونهئێمهش هاتینه ده‌ره‌وه به‌پێچه‌وانه‌وه تائه‌مرۆش ته‌هدیدێكی جدیمان نه‌دی به‌كشانه‌وه هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ی كهئامادهنیه داواكانمان جێبه‌جێ بكات ، هه‌رچه‌نده ئه‌و ته‌هدیده تا ئه‌مرۆش ده‌توانێ كاریگه‌ر بێت .
ئه‌م خه‌مساردی وده‌نگ نوسانه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد وای كرد كهلایهنهكانی وه‌ك ئهمهریكاو به‌ریتانیاو هاوپه‌یمانان ونوێنه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانیش به‌و شێوه‌یه له‌هه‌ڵوێستی كورد تێبگه‌ن كهداواكانی به‌و شێوه‌یه جدی نیه، هه‌ربۆیه هه‌ست بهخاوبونهوهلهههڵوێستهكانی پێشوتریان ده‌كرێ تا راده‌ی ئه‌وه‌ی داوا له‌سه‌ركرده كورده‌كان بكه‌ن كه‌مادده‌ی 140 دوابخرێ و بدرێته ده‌ست نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی وئیقلیمی وئینجا ناوخۆیی پێ بدرێ بۆئه‌وه‌ی هه‌مووان به‌ده‌وڵه‌ته دراوسێ وموشكیلاویهكانیشهوه بۆیان هه‌بێ ده‌ستی تێوه‌رده‌ن . ئه‌وسا كورد له‌بری ئه‌وه‌ی كه‌وه‌ك ئێستا ره‌قیبه‌كه‌ی عێراقیه‌كان و هاوپه‌یمانان بێت ده‌بێ چه‌ندین ته‌وه‌ری تری گفتوگۆ‌و دانوستان بكاته‌وه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌وروپاو ده‌ورو دراوسێ و هه‌رچی ئههێنێوناهێنێ بۆی هه‌بێ به‌ره‌ی بۆ بهاوێژێته مزگه‌وته‌وه به‌كوردییه‌كه‌ی حیكایه‌تی شیردابۆ داپیر ..هتد.
كه‌واته : ئه‌و فرسه‌تانه‌ی ماون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌ده‌ست نه‌چێ كامانه‌ن ؟ ئه‌و كارتانه‌ی یاری له‌سه‌رپێ ده‌كرێ كامانه‌ن ؟ ئه‌و هه‌ڵوێسته پێویستانهش كه‌ده‌بێ بگیرێنه به‌ر كامانه‌ن ؟
ئه‌گه‌ر به‌گشتی له ئێستای كێشه‌كه بروانین ده‌بینین درز‌و ده‌لاقه‌ی زۆری تێكه‌وتووه هه‌ربۆیه له‌سه‌ره‌تادا وتم ده‌بێ یه‌كجار واقعبینانه تێی بإوانین وئه‌وه‌ی قابیلی جێبه‌جێكردنه هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌بده‌ین و كه‌موكورییه‌كان راست بكه‌ینه‌وه ، ئێستاش فرسه‌ت ماوه ته‌نها پێویستمان به‌جورئه‌تی قه‌راره چونكه هیچ یه‌كێ یان لایه‌نی لهنهیارهكانمان نه‌گه‌شتونه‌ته ئهوئاستی ئاسوده‌یی سیاسی و ئاسایشه‌ی كهمنهتیان بهئێمهنهبێ و هه‌ڵوێستێكی ناره‌زایی ئێمه كاریان تێ نهكاو نهیانلهرزێنێ.
كه‌واته بالهپێش دا باس له واقعی لای خۆمان بكه‌ین هه‌ندێ دیارده‌و ئه‌نجام هه‌یه سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی خۆمانی لێ ئاگاداربكه‌ینه‌وه به‌ڵكو خوابكات سوودی هه‌بێ بۆ دارشتنی به‌رنامه‌ی داهاتوو .
یه‌كه‌م .. ئاشكرایه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ردوو حیزبی دهسهلاَتداری كوردوستان خه‌می ده‌ستكه‌وته حیزبیه‌كانیان بون له‌كه‌ركوك دا هێنده به‌دوای ده‌ستكه‌وتی سیاسی ونهیهوایهتییدا نه‌چون، ده‌كرا هه‌ردوولا توانای گه‌وره‌تر بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌ركوك به‌كاربهێنن، ده‌كرا كادری زۆرتر‌و به‌تواناتر ته‌رخان بكه‌ن، ده‌كرا شهر له‌سه‌ر پۆست‌و وه‌زیفه بۆ كادره‌كانیان نه‌كه‌ن، ده‌كرا توانای ماڵی زیاتری بۆته‌رخان بكه‌ن چونكه له‌سه‌ره‌تای ده‌ستدانه چاره‌سه‌ریه‌وه كێشه‌كه به‌دڵنیاییه‌وه به‌ته‌رخانكردنی چه‌ند سهدملێۆن دۆلارێ (كهلهوباوهرهدام بۆئه‌و دووحیزبه كارێكی گران نه‌بوو) بۆگه‌رانه‌وه‌ی عهرهبههاوردهكان ورازی كردنیان به به‌جێهێشتنی كه‌ركوك رێژه‌یه‌كی زۆری كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بوو، ده‌كرا سیاسه‌تێكی ژیرانه‌تر له‌گه‌ڵ توركمان وئاسوری و عه‌ره‌به ره‌سه‌نه‌كاندا پیادهبكرایه، ده‌كرا ههردوودهزگاكانی زانیاری و پاراستن هاوكاری یه‌كتر بونایهوبهتوندی پشتیوانی هێزه‌كانی حكومه‌ت بونایه بۆ جێگیركردنی ئاسایشی شاره‌كه. پێم وابێ پارتی دیموكراتی كوردوستان كه‌وتبوه ژێر كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی كه تێروانینێكی وایان هه‌بوو گوایه به‌هۆی ژماره‌ی زۆری رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیه‌وه له ناو دانیشتوانی كه‌ركوك دا ده‌بێته هۆی تێكچونی هاوسه‌نگی ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بگه‌رێته‌وه سه‌رهه‌رێمی كوردوستان بۆیه خه‌مساردیه‌ك هه‌تا ئه‌م دواییه له‌هه‌ڵوێستی پارتیدا به‌دی ده‌كرا ، له‌كاتێكدا ئه‌م بۆچونه زۆرههڵهبوو چونكه وه‌ك تێبینیمان كرد له‌هه‌موو ناوچه‌كانی كوردوستاندا ژماره‌ی هه‌وادارانی هه‌ردوو حیزب لهههڵچون وداچوندا بوو بۆیه هیچ كام له‌و دووانه ناتوانێ بڵێ رێكخستنه‌كان له‌ناوچه‌یه‌كدا موڵكی خۆیه‌تی، ئێستا كه هه‌موو لایه‌ك هه‌ست به ترس به له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن وده‌زانن دۆراندنی ده‌بێته لێپرسراوێتیه‌كی گرنگی مێژویی بۆیه سه‌ركردایه‌تی هه‌ردولا هه‌ڵوێستی توندتر وه‌رده‌گرن كه‌به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یكه‌ن ده‌بوایه زووتر بكرایه . كه‌باس له‌هه‌ڵوێستی پارتی ده‌كه‌م مه‌به‌ستم نیه كێشه‌كه بخه‌مه ئه‌ستۆی پارتی چونكه هه‌ردوولا به‌رپرسیارێتیان له‌سه‌رشانه یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزوتوانا مادی ومرۆییهی كهههیبو نه‌یتوانی سیاسه‌تێكی ژیرانه‌و گونجاو پیاده‌بكات ئه‌وه‌نده‌ی تواناكانیان بۆ ململانێی تهكهتولهكانی ناوخۆیان بهكاربرد وئه‌وه‌نده‌ی پاره‌یان بۆئه‌و مه‌به‌سته خه‌رج كرد له‌ململانێی ساغ كردنه‌وه‌ی كه‌ركوك دا بیانكردایه مه‌سه‌له‌كه زۆر به‌ره‌وپێش ده‌چوو كه‌واته باههردوو حیزب ئه‌وه بزانن كه‌به‌و ململانێیه چه‌ند كوردیان توشی زهرهركردوه كه به‌داخه‌وه ئه‌و ململانێیه تائه‌مرۆ عاملێكی زۆر ترسناكه له‌كه‌ركوكدا .
دووه‌م .. ته‌جروبه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردوستان (كهبهداخهوهئهمیشیان سه‌ركردایه‌تی ئهودووحیزبهدهگرێتهوه) ته‌جروبه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو ، به‌تایبه‌ت یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ی ساڵی پار كه زۆر بێسه‌روبه‌ری و شێواندنی پێوه‌دیاره كاریگه‌ریه‌كی یه‌كجار زۆری له‌سه‌ر سه‌ركرده‌و كادره‌كانی ناو كه‌ركوك دانا ، ده‌وترێ سلێمانی خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو سه‌ركردایه‌تی وكه‌سایه‌تی و پیاوهبهدهسهلاَتانهیه ومه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانیشه كه‌چی له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌كه زۆربهرهو دوا رۆیشتوه كه‌واته كه‌ركوكێك كه‌خۆی وێرانه‌یه ئیعتیباریش ناكرێ به‌مه‌ڵبه‌ندی هیچ حیزبێك و به‌هۆی بارودۆخی تایبه‌تی خۆشیه‌وه خاوه‌نی ئه‌وه‌نده سه‌ركرده‌ی ناسراوو به‌هێز نین كهمشوریان بخوات چی لێ دێ ؟
ده‌بێ بۆ سه‌ركردایه‌تی جێگای گرنگی پێدان بێت وزۆر به هه‌ندیش وه‌ریبگرێ كه كوردی كه‌ركوك خه‌ریكه بێ‌ئومێد ده‌بێ له‌پشتیوانی كردنیان ، له‌راستیشدا پاش چه‌ندین ساڵ ئاواره‌یی وهه‌ژاری تازه‌به‌تازه لهمهلعهب وشوێنه گشتیه‌كانی كه‌ركوك دا له‌ژێر خێمه‌ی شرو پاتاڵدا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن سه‌رباری نه‌بونی ئاسایش وخراپی گوزه‌رانیشیان ، هه‌ربۆیه بۆچونێك له‌ناو كادروخوێندهوارانی كه‌ركوكدا خه‌ریكه زاڵ ده‌بێ كهدهوترێ كه‌ركوكیه‌كان ده‌بێ خۆیان فریای خۆیان بكه‌ون چیتر قه‌ده‌ری خۆیان ته‌سلیمی سه‌ركردایه‌تیه‌ك نه‌كه‌ن كه‌توانایه‌كی باشی نیشان نه‌داوه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان ، مه‌به‌ستیش ئه‌وه‌یه كه‌ده‌ڵێن بۆ كه‌ركوك نه‌بێته فیدرالیهك و بۆ بۆخۆمان ده‌ردی خۆمان چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین؟ ئه‌و كاته ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی وویستی به‌هه‌ستی كوردایه‌تی پشتیوانیمان بكات بابیكات . ده‌شوترێ بۆ دهسهلاَتی لێپرسراوانی كه‌ركوك له‌هی ئه‌وانه‌ی به‌سره‌و شاره‌كانی تری خوارو كه‌متر بێ بۆ ئه‌و میزانیه‌ی بۆ شاره‌كه داده‌نرێ نه‌درێته ده‌ست خه‌ڵكی شارهكهخۆی و خۆی بۆ شاره‌كه‌ی خۆی خه‌رج نه‌كاته‌وه؟ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه ره‌نگه نوێ بێت ره‌نگه لای ئه‌وانه‌ی ته‌نها بهشیعارات موزایه‌ده‌ی كوردایه‌تی به‌سه‌ر كهركوكیهكاندا ده‌كه‌ن عه‌جیب وغه‌ریب بێت، بهلاَم ئه‌مه بیركردنه‌وه‌یه‌كه له‌سه‌ره‌نجامی بێئومێدی بهسهركردهكان ولهسهرهنجامی رۆژ به‌رۆژ بهرهودواوهچونی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك دروست بوه‌و گه‌شه‌ده‌كات.
سێهه‌م .. مه‌ترسیه‌كی تر كه‌شایه‌نی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ری بوه‌ستین ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به لایه‌نه یاساییه‌كه‌یه‌وه هه‌یه، به‌پێی خشته‌ی دانراو ساڵی 2007 ئه‌و ماوه زه‌مه‌نییه‌یه كه‌ده‌بێ مادده‌ی 140 ی تیا جێبه‌جێ بكرێ ، گریمان (كه ئه‌م ئه‌گه‌ره نزیكترینیانه) جێبه‌جێ نه‌بوو ، له‌م حاڵه‌ته‌دا كورد مافی خۆیه‌تی به‌پێی یاسا ئهولێپرسراوانهی بونه‌ته‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و مادده‌یه بداته دادگای فیدرالی، مافی خۆشێتی كه‌داوای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ی بكات .
راسته ئه‌م دوو مافه‌مان ههیهبهلاَم ئاشكرایهكهئهوهی رۆڵی سه‌ره‌كی ویهكلاكهرهوهی هه‌یه هێزه‌و جورئه‌تی به‌كارهێنانێتی واته وه‌رگرتنی هه‌ڵوێسته كه‌به‌داخه‌وه سه‌ركردایه‌تی پێشینه‌یه‌كی باشیان نیه له‌م بواره‌دا .
لایه‌نه‌كه‌ی تر مافی یاساییان ئه‌وه‌یه كه‌به‌رگری له خۆیان بكه‌ن له‌دادگای فیدرالی ، چیتر مافی سرینه‌وه‌ی مادده‌كه‌یان نیه به‌لام مه‌ودایه‌كی زۆری مناوه‌ره‌و ته‌گه‌ره دروست كردنیان هه‌یه به‌تایبه‌ت هه‌رله‌ئێستاوه هه‌ندێك ده‌ڵین ئه‌و مادده‌یه ههرلهبنچینهدا نه‌ده‌بوو بخرێته ناودهستورهوه كه‌واته بالهئێستاوه چاوه‌رێی ئه‌وه بكه‌ین كه‌ره‌نگه به‌پشتیوانی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌به سونیه‌كان وتوركیا داواكاریه‌كی وه‌ها بكه‌ن كهچیترئهوماددهیه(كه‌به‌پێی ووته‌ی ئه‌وان ماوه‌كه‌ی ته‌واوبووه) كاری پێ نه‌كرێت .بۆیه له‌سایه‌ی هه‌ڵوێستی ده‌ڵه‌مه‌یی ئه‌مریكاش دا ده‌بێ كورد خۆی بۆ ئه‌م شه‌ره ئاماده بكات .
چواره‌م .. به‌هۆی باش مامه‌ڵه نه‌كردن و درێژه‌كێشانی كێشه‌ی كه‌ركوك و بروز كردنی هێزه‌كانی صهدرو گیرسانه‌وه‌ی قاعیده پاش راونانیان له‌ناوچه‌كانی تره‌وه بۆ ئه‌وشاره، ئه‌مرۆ كه‌ركوك بۆته یه‌كێك له‌شوێنه هه‌ره نائهمینهكانی عێراق ، تێبینیش ده‌كرێ لایه‌نه‌كانی قاعیدهوصهدرو به‌عسیه‌كان بیكه‌نه ئامانجی كاره تیرۆرسته‌كانیان ، ئایا ئه‌مه مه‌ترسی ئه‌وه دروست ناكات كه ئیتر كاری ئیمه له‌بری جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌ی گه‌رانه‌وه‌ی كه‌ركوك كارمان ببێته به‌رگری كردن له‌و خه‌ڵكه‌ی كهگهراوهتهوه و به‌ناچاری له‌وێ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و چیتر كه‌سی ترمان پێ نه‌چێته‌وه ؟
پێنجه‌م .. زۆربریاری گرنگی خۆمان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌مریكا دامهزراندو زۆریشمان له‌به‌ر ئه‌وان تێكدا ، حه‌قه ئیتر سه‌ركردایه‌تی كورد سیاسه‌تێكی رون دیاری بكات وئه‌و هێڵهسورانهی كه‌پێویسته له‌ملاولای هاوكێشه‌كاندا بیكێشێ ، بیكێشێ، بهلاَم چیتر له‌ژووره داخراوه‌كان دا ئه‌و سیاسه‌ته ره‌سم نه‌كات به‌ڵكو گوێ بگیرێ له‌وخه‌ڵكه كه خاوه‌نی رهئین وئه‌ولایه‌نانه‌ی بۆچونی سیاسیان هه‌یه هه‌تا لهوخهڵكانهی كه‌ده‌كرێ وه‌ك پسپۆر له ده‌ره‌وه بهێنرێن، ئه‌مه‌ریكا به‌هه‌موو گه‌وره‌یی خۆیه‌وه له‌به‌رچاوی ئێمه راپۆرتی بیكه‌ر _هامڵتۆنی كرده بنچینه‌ی كاری خۆی ئه‌ی ناكرێ سه‌ركردایه‌تی ئێمه‌ش ئه‌گه‌ر لێره‌ش په‌یدانه‌بێ له ده‌ره‌وه چه‌ند بیكه‌ر_ هاملتۆنێك بكاته راوێژكاری خۆی؟ ئه‌مرۆ كرۆكه‌ر ی سه‌فیری ئه‌مریكا له‌عێراق داوا له‌سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌كات رازی بن مادده‌ی 140 دوابخرێ وكیشهكهی كه‌ركوكیش بدرێته نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان وشه‌رعیه‌تی دهولیو ئیقلیمی پێ بدرێ، ئه‌مه‌له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌كانی سالاَنی پێش‌و زۆری جیاوازه بهلاَم له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه نوێكانی ئه‌مریكادا ده‌گونجێ، ئایا ترس له‌وه نیه كه هه‌ر هه‌مان حیسابكردن بۆبهرژهوهندییه بالاَكانی ئه‌مریكا هه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ لایه‌كه‌ی تردا بگونجێنێ و پشتگیری له بۆچونه‌كانی ئه‌وان بكات؟ ده‌بی ئه‌مه وه‌ك یه‌كێك لهئهگهرهكان له‌به‌رچاو بگیرێ وخۆشی بۆ ئاماده‌بكرێ .
كه‌واته ئهوفرسهتانهی له‌به‌رده‌م دا ماون كامانه‌ن ؟ به‌بیركردنه‌وه‌ی شه‌رمنانه‌ی خۆم ئه‌وه‌نده‌ی په‌ی پێئهبهم واتێده‌گه‌م ئه‌م فرسه‌تانه ماون :
1- فرسه‌تی یه‌كه‌م له‌وه‌دایه كه‌سه‌ركردایه‌تی هه‌ردووحیزب بریارێكی جیدی بده‌ن كه‌كێشه‌ی سه‌ره‌كی وخه‌باتی سه‌ره‌كیمان بۆ كه‌ركوكه وده‌ست له‌به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌كانی حیزبه‌كانیان، ئه‌گه‌ر بۆ كاتیش بێ، هه‌ڵبگرن ، په‌یمان بده‌ن به كورده كه‌ركوكیه‌كان كه‌پێكه‌وه ته‌حه‌مولی لێپرسراویه‌تی ئه‌م ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه ده‌كه‌ن ، ده‌نا رێگا چۆڵ بكه‌ن بۆ خۆیان تاداوای فیدرالی پارێزگاكه‌ی خۆیان بكه‌ن كێ ده‌ڵێ باشتر له‌ئێوه خزمه‌تی خۆیان ونهتهوهكهشیان ناكه‌ن ؟
2- سه‌ركردایه‌تی سیاسی وبریارده‌ری كورد پێویستی به‌هه‌ڵوێستی ئازایانه‌تر هه‌یه. یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی هاوپه‌یمانی كوردوستان بۆ به‌شداری له‌حكومه‌ته‌كه‌ی مالكی و رزگاركردنی له‌وقه‌یرانه‌ی كه‌توشی هاتبوو ئه‌وه‌بو كهكیشه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی كورد لهوانهههموی گرنگتر كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ربكه‌ن واته مادده‌ی 140ی ده‌ستور جێبه‌جێ بكه‌ن ، كه‌واته بۆ رۆژێك لهوحكومهته نهكشانهوهو حكومه‌ته‌كه بكه‌نه قوربانی ئه‌و مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه مه‌زنه یان هه‌ر هیچ نه‌بی بۆ ئینزاریان نه‌دایه به‌ده‌رچون له‌و حكومه‌ته‌و روخاندنی ، دیاره كشانه‌وه‌ی ئێمه جیاوازی زۆره له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی فه‌زڵ وصهدرو ته‌وافوق و حیوار له‌حكومه‌ت وپه‌رله‌مان چونكه كاریگه‌ریان ئه‌وه‌نده نیه كه‌حكومه‌تی پێ بروخێ بهلاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا هه‌ڵوێستی خۆیان وه‌رگرت وگوێیان بهوهزیفهو ئیمتیازه‌كان نه‌دا.
3- په‌رله‌مانی عێراق خۆی له‌خۆی دا به‌ده‌ست كه‌می نیصاب و ئاماده‌نه‌بونی ئهندامیهكانیهوه ده‌ناڵێنێ ، ئهگهرنوێنهرهكوردهكانی لێ بێته‌ده‌ره‌وه شه‌رعیه‌ته یاساییه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌داو به‌ته‌واوی كاره‌كانی ده‌وه‌ستێ ، له‌بری ئه‌وه‌ی بۆ مه‌سه‌له بچوكه‌كان لههۆلهكه بێنه‌ده‌رێ با جارێك بۆ گه‌رانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆكوردستان هه‌ڵوێستێكی ئازایانه وه‌ربگرن وبه‌جێی بهێڵین كه‌ئه‌مه‌شیان كارتێكی به‌هێزو كاریگه‌ر ده‌بێ، پیم وابێ ده‌بێته فشارێكی به‌هێز ،خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان حكومه‌ت وپهرلهمانهكهیان كرده قوربانی خزمه‌تی نیازه نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانیان بائێمه‌ش لای خۆمانه‌وه هه‌زار به‌رد بده‌ین به‌پشتی ئهوپهرلهمان وحكومهتهدا كه‌هه‌ست به غه‌ریبی ده‌كه‌ین تێیدا.
4- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كهباوهر ناكه‌م كوردێك هه‌بێـت پێی خۆش بێت كێشه‌ی كه‌ركوك وجێبه‌جێكردنی مادده‌كه‌ی له‌مساڵ تێپه‌رێ بهلاَم مه‌سئولیه‌تی ئه‌م كاره ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی سه‌ركردایه‌تی سیاسی بۆیه له‌گه‌ڵ ته‌حه‌مول كردنی ئه‌و مهسئولیهتهش دا ده‌بێ هه‌رله‌ئێستاوه سه‌ركردایه‌تی بیرله‌وه بكاته‌وه ئه‌گه‌ر توانای نه‌بو یان جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بوو ئهوخالاَنهی سه‌ره‌وه به‌جێ بگه‌یه‌نێ ، ئهواچۆن واده‌كات ئه‌و مادده‌یه به‌زیندویی بمێنێته‌وه‌و لهإوی یاساییه‌وه شوێن ورێگای وابگرێتهبهر كهكپ نه‌كرێ به‌ڵكو ئالیه‌تێكی نوێ بدۆزرێته‌وه بۆجێبه‌جێ كردنی.
5- له‌گه‌ڵ خودی رۆشنبیران و سیاسی ویاساییه‌كانی كه‌ركوك دا زیاتر قسه بكری چونكهههندێ كێشهههیه ئه‌وان زیاتر دركی پێ ده‌كه‌ن وئازارهكانیش ئه‌وان زیاتری ده‌چێژن بۆیه به‌ته‌بیعه‌تی حاڵ چاره‌سه‌ری باشتریش لای ئه‌وان ده‌ست ده‌كه‌وێ عه‌ره‌ب ووته‌نی ( اهل الدار اولى بلحم ذبيحتهم) یان كێ ده‌ڵێ چیتر په‌یره‌وی ئه‌وسیاسه‌ته ده‌كه‌ن كه‌سه‌ركردایه‌تی په‌یره‌وی ده‌كات وقبوڵیهتی ؟ .
6- بۆ ئه‌وه‌ی كۆچی پێچه‌وانه كه‌ماوه‌یه‌كه ده‌ستی پێ كردوه نه‌بێته دیارده‌یه‌كی گشتی ده‌بێ بیرله‌وه بكرێته‌وه كه‌هه‌رێم به‌شێكی گه‌وره له‌ئه‌ركی پاراستنی گیانی كورده‌كان بگرێته ئهستۆبهتایبهتی پاش ئه‌وه‌ی كاری تیرۆریستی زیادی كردوه لهناوچهكوردنشینهكان ئه‌مه هۆكارێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی داوابكرێ هێزی چه‌كداری كورد له‌كه‌ركوك زیاد بكرێ .
هیوادارم توانیبێتم راو بۆچونه‌كان به‌رونی وسانایی بگه‌یه‌نمه خوینه‌ران وئه‌گه‌ر تێبینیش هه‌بێ ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه پێخۆشحاڵ ده‌بم كهبنوسرێ چونكه ئه‌م كێشه‌یه ئێستاكه كێشه‌ی سه‌ره‌كیه‌و پێویستی به‌زیاتر لێدوان و تاووتوێكردن هه‌یه.
|
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|